پێشبینی دەكرێت ئەم بەهارە، بەهاری كوردی بێت



سەرتیپ جەوهەر – چاودێری سیاسی

گۆڕانكاریی لە ناوچەكە بەڕێوەیە، پێشبینی دەكرێت ئەم بەهارە، بەهاری كوردی بێت.

لێدوانی جەعفەر مستەفا و وتەبێژی حكومەت، لەبری چارەسەر پشكۆی ناڕەزایەتی گەشاندەوە.

خۆپیشاندانەكان، خۆپیشاندانی خەڵكە نەك ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنیش بەشێكە لەم بارودۆخە.

‘چاوچیسكۆ’ خەڵكی كۆكردەوە تا هەڕەشەیان لێبكات، كەچی وتارەكەی تەواو نەكرد رایكرد.

ئەگەر دەسەڵاتداران نەیەنە ژێرباری گۆڕانكاریی، گۆڕانكارییەكان زەحمەتە ڕاوەستێت.

پێدەچێت خۆپیشاندانەكانی سلێمانی زیاتر تەشەنە بستێنێت، پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاریی لە ناوچەكە ڕووبدات و كوردستانیش بەدەرنەبێت لەوگۆڕانكارییانە، پێشبینی دەكرێت مانگی داهاتوو بەهاری كوردی بێت.

لێدوان و قسەی بەشێك لە بەرپرسانی كوردستان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەبارەی مانگرتووان و خۆپیشاندەرانی سلێمانی لەبری موساهەمەبكات لە دامركاندنەوەی ئەو توڕەییەی خەڵك، بووەهۆی گەشاندنەوەی پشكۆ و ئاگری دڵی خەڵك كە زوڵم و ستەمكاریی دەسەڵاتدارێتی كوردستان دایپۆشیوە، بەپێچەوانەوە توڕەیی و خەڵكی زیاتر كرد.

لێدوانی جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و وتەبێژی حكومەت لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانی ئەو دەربارانە دەچوو، كە بەر لە ڕووخانی ڕژێمەكانیان بێمنەتانە لەبری داننان بە ستەمكاریی و خراپی حوكمڕانی، تۆمەتی خراپیان خستەپاڵ مانگرتووان و خۆپێشاندەران.

لە مێژووی نوێی گەلان نمونەی زۆر لەوشێوەیە هەبووە، ئەنجامەكەی زۆر خراپ بووە.

ئەوەی جێی سەرنجە، هەموو ستەمكارەكان هەمان ڕێچكەی یەكتر دەگرن و لەبری چارەسەری كێشە و گرفتەكان و كەمكردنەوەی ستەمكارییەكانیان، غرور بەری چاویان بەرنادات و سود لە ڕابردووی خۆیان نابینن و سەرئەنجام لێكەوتەكانی زۆر خراپتر دەبێت لەوەی چاوەڕێی دەكەن.

لەوڵامی توڕەیی خەڵك، چاوچیسكۆ ‘نیكۆلای چاوچیسكۆ’ لە كۆتایی ١٩٨٩ دەیان هەزار هاووڵاتی بە زۆر هێنایە شەقام و لە بەردەم كۆشكە گەورەكەی ڕاگرت تا هەڕەشە لە خەڵكی مەزڵومی وڵاتەكەی بكات، بەڵام دوای تەنها ١٠ خولەك هەر ئەو خەڵكەی ئەو بە زۆر هێنابوونییە جادە لێی ڕاپەڕین و پەلاماریاندا، ئیدی وتارەكەی بۆ تەواونەكراو ڕایكرد.

دوای سێ‌ ڕۆژ دەستگیركراو لە دادگاییەكی چەند خولەكی بڕیاری گولەبارانكردنی درا، ئەو مانگرتن و خۆپیشاندانانەی سلێمانی خۆپیشاندانی هەموو خەڵكی كوردستانە نەك ناوچەیەكی دیاریكراو.

خۆپیشاندانی ئەو خەڵكەیە كە دەیان ساڵە لە چاوەڕوانی باشتربوونی حوكمڕانین، خۆپیشاندانی ئەو خەڵكەیە كە بە بەرچاویانەوە ڕۆژانە سەدان تەنكەر نەوت دەڕوات و ملیۆنەها دۆلاری داهاتی سنوورەكان نازانن بۆ كوێ دەچێت.

پەرلەمانەكەیان داخراوە و حكومەتەكەشیان بووە بە حكومەتی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتوو، لەبری ژیاندنی خەڵك، دەست بۆ گیرفانی خەڵك دەبات و لە هەموو كون و قوژبنێكەوە پارە لەخەڵك وەردەگرێت.

خۆپیشاندانەكەی سلێمانی، خۆپیشاندانی خەڵكە نەك هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن.

ئەگەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران بەردەوامبووبن لە ستەم و ستەمكارییان، بەداخەوە زۆربەی ئۆپۆزسیۆنیش هەوڵدان بووە بۆ لە خشتەبردن و خاپاندنی خەڵك بە دروشم و موزایەدەی بریقەدار، بگرە بەشێك بوون لە ئەجێندای بێئومیدكردنی خەڵك.

ئۆپۆزسیۆن تائێستا خاوەنی ئەجێندایەكی سیاسی و نەخشەڕێیەكی ڕوون نین، بۆیە خەڵك ئەگەر دەنگیشی پێدابن لەبەرخاتری ئەوان نەبووە، بەڵكو لە بێچارەیی بووە، تەنانەت حزبی ئۆپۆزسیۆن هەیە ئامادەنییە یەك هەواڵیش لە تەلفزیۆنەكەی لەسەر خۆپیشاندەران بڵاوبكاتەوە.

كورتیەكەی، فشاری بەرەو گۆڕانكاریی زۆر زیادیكردووە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیەنە ژێرباری گۆڕانكاریی دۆخەكە لەگرێژنە دەردەچێت.

هەمیشە پێشوەختە خەڵكانێك پێشبینی و ئامۆژگاریی دەسەڵاتدارانیان كردووە، بەڵام ئاسان نییە گوێگرتنیان، چونكە ئەوان لەناو چوار دیوارێكی قایم، یان لە بەرزاییەكان نازانن لە خوارەوە چی دەگوزەرێت، ئەوەندەیان دەربار و بەرژەوەندیخواز بەدەورەوەیە ڕێنادەن بەرچاویان ببینن، سەرئەنجام كار لە كار دەترازێت و ئەنجامی هەموو ستەمكارانیش ئەوەیە كە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

 

كاتی ناردنی مووچە ڕاگەیەنرا
پێت كاتی ناردنی مووچە ڕاگەیەنرا
“دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كۆتایی”
دوات “دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كۆتایی”
پەیوەنیدر