
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد – نووسەر
ئەمریکا لە مێژووی ڕابردوویدا کە بەوە ناسراو بوو “بەکارهێنانی هێز وەک چارەسەر”، دوو هەڵەی تەواو ڕوونی کردووە کە ئێستا مەترسیین بۆ سەر خۆی:
یەکەمیان، لابردنی دەسەڵاتە شیوعییەکەی ئەفغانستانی دۆستی سۆڤیەت بوو، لە ١٩٧٩ – ١٩٨٩، ئەمریکا لەگەڵ ئەفغانستان ــ ڕووسیا، چووە جەنگێکی ١٠ ساڵەوە تا ئەو دەسەڵاتەی گۆڕی بۆ دەسەڵاتێکی ئیسلامیی توندڕەو و دواجار قوڕگی خۆیی گرتەوە و تائێستا ناتوانێت ئەو هەڵەیە چارەسەر بکات.
دووەم، لابردنی شای ئێران و هێنانەوەی خومەینی، واتە گۆڕینی دەسەڵاتی شای دۆستی جولەکە و ئیسرائیل لە١٩٧٩ بۆ سیستمێکی ئیسلامیی تەواو داخراو، کە ئێستا هەموو وێنەکەی لەپێشچاومانە ئەم دوو وڵاتە ‘ئەمریکا و ئێران’ لەدوا پۆینتی ناکۆکیدان.
واهەست دەکەم وێنەی سێیەم، زوومەکەی دەچێتەسەر ‘ئەحمەد شەرع ــ سەرۆکی کاتی سوریا’، گەلێک پرسیاری غەریب لە جوڵە و دەرکەوتنەکانی شەرعدا هەیە، ئایا ئەمریکا هەڵەکەی ئەفغانستان و ئێران دووبارە دەکاتەوە کە لەپێناو کەوتنی ‘بەشار ئەسەد’ی دۆستی ڕووسەکان، گوێ بەوە نادات کێ و چ دیدگا و سیستمێک لە سووریا دەسەڵات دەگرێتەدەست؟
یان نەخێر لە ڕێگەی پەیوەندیی جیاواز و فرە داواکاریی و فرە کراوەیی ناوخۆی سووریاوە، ‘محەمەد بن سەلمان’ی دووەم دروستدەکات و بەهیچ شێوەیەک لەقسەی دەرناچێت؟
هێشتا ڕوون نییە لە دواجاردا تابلۆکە چۆن دەردەچێت، بەڵام سیگناڵەکان وادەردەکەون شەرع نابێتە محەمەد بن سەلمان ئەگەر پاشەکشێ لە دژایەتی و هەڵوێستەکانی نەکات دژی ئیسرائیل و داگیرکردنی شاخی شێخ، یان هەرگیز سوریاش نابێتە سعودیە ئەگەر بە دەستلەپشتدانی تورکیا مەیلی دژایەتی بۆ ئیسرائیل و دڵسۆزیی دەربڕینی بۆ غەززە هەبێت، هەرچی سەردانەکەی شەرعیشە بۆ سعودیە پەیوەندی بە سیاسەت و ئابوورییەوە نییە، زیاتر وەک بابەتێکی نۆستالۆژیانە بۆ مێژوویەک لە ژیانکردن لە سعودیە دەگەڕێتەوە و هیچیتر، چونکە ئەگەر شەرع بیەوێت لە پەیژەی بن سەلمانەوە سەربکەوێت و دەستی بگاتە دەستی ترەمپ و ناتانیاهۆ، ئەوە زۆر ئاسانە و سعودیەی ناوێت.
بەمانایەکیتر، ئەمریکا نازانێت ئایندەی سووریا چۆن دەبێت، واهەست دەکەم وێنەکە تێکەڵەیەک لە وێنەی عێراقی سەدام و دواتریشی تێدایە، کە خراپێکی وەک سەدامی دیکتاتۆری لەناوبرد، نەیتوانی باشترینێک دابنێت کە بەتەواوی دۆستی ئەمریکا بێت، بۆیە لەساڵی ٢٠٠٥ و نووسینی دەستوورەوە تا ئێستا.
ئەمریکا دەیەوێت عیراق نەبێتە سەنتیراڵیزمی شیعیی ــ ئێرانی، بەڵام لە واقیعدا بووە، سووریاش ئەگەرچی خراپەکە لابراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە باشێک هاتبێت سووریا بکات بە وڵاتێکی ئیسلامی ــ دیموکراسیی! ڕاستەقینە، بۆیە ئەم دوو چەمکە دەڵێم: نە ئیسلامێکی ڕاستەقینە زوڵم لە پێکهاتە و مرۆڤەکانی دیکەی سووریا دەکات، نە دیموکراسیی ڕاستەقینەش دژی ماف و ئازادییەکانی پێکهاتەکانی دیکەی سوریا دەبێت.
خراپترین شتێک بۆ ئەمریکا ئەوەیە، نمونە ئێرانییە ــ خومەینییەکە دووبارە ببێتەوە، ئەوا هەم ئەگەری هێڵبەندیی ناوچەیی دەردەکەوێتەوە و هەم هەژموونداریی زلهێزەکان لە دەرەوەی ئەمریکا لەسەر خاکی سووریا دەبینینەوە.