
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دوو بازرگانی بە حەوت کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان شکست بە پیلانێکی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بهێنن کە بازرگانان بە نیازبوون ماددەکە لە دەوروبەری سلێمانیەوە بۆ شاری کەرکووک بگوازنەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە لەم چالاکییەدا، دەستگیرا بەسەر بڕی حەوت کیلۆگرام ماریجوانە و ئێستا تۆمەتباران بەماددەی ٢٥ لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراوان و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەیان بەردەوامە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاشیگەیاند، لەپێناو کۆمەڵگەیەکی تەندروست لەهەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەکان بەردەوامە، بە هاوکاری و زانیاری هاووڵاتییان و بەلێهاتوویی ئەفسەران و کارمەندانی ئاسایش ڕێگری دەکەین لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن و گواستنەوەی ئەو ماددانە.