
یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەم مۆدێلە لە ئیدارە و حوكمڕانی ھەرگیز پێی ناوترێت حكومەتی ھاووڵاتی.
د.هادی عەلی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە نووسینێكدا بەناونیشانی (ئایا ھەڵبژاردن بەتەنھا دەبێتە سەرچاوەی شەرعیەتی سیاسی ..؟) نووسیویەتی، “لایەنەکانی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان پێویستە لەو ڕاستیە تێبگەن کە شەرعیەتی سیاسی بەتەنھا لە ھەڵبژاردن و ژمارەی دەنگ و کورسی پەرلەمانەوە سەرچاوە وەرناگرێت، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدا پێویستە حکومەت و دەسەڵات بتوانن لەسەر بنەمای دادپەروەی، باری بژێوی و خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان و ھۆکارەکانی خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم ھاووڵاتیان بەبێ جیاوازی دەستەبەربکەن.. ئەگەرنا شەرعیەت و پاساوی بەردەوامبونی ئەو دەسەڵاتە، زۆر لاواز دەبێت و بە دەسەڵاتێکی شکستخواردوو حیساب دەکرێت”.
ڕاشیگەیاندووە، کاتێک لایەنەکانی دەسەڵات لەم ھەرێمەدا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، ھێشتا ناتوانن کابینەی نوێی حکومەت پێکبھێنن و ھاوکات ناتوانن مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆران مانگانە وەک پێویست لەکاتی خۆیدا دەستەبەر و دابەشبکەن، وێڕای ئەوەش باج و ڕسوماتێکی زۆر دەخەنە سەر ھاووڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەردەوام خەریکن کەرتەکانی خزمەتگوزاریش لە کەرتی گشتیەوە بگوازنەوە بۆ کەرتی تایبەت لە بەرژوەندی کۆمپانیاکانی نزیک لە خۆیان.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەم مۆدێلە لە ئیدارە و حوکمڕانی ھەرگیز سەرکەوتوو نابێت و پێی ناوترێت حکومەتی ھاووڵاتی و خزمەتگوزاری، بە دڵنیایی ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی پەرلەمانیش شەفاعەتی بۆ ناکەن.