
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەرەو واشنتۆن بەڕێکەوت و ڕایگەیاند کۆمەڵێک پرسی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەسەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتۆن بەڕێکەوت و بڕیارە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
ناتانیاھو پێش ئەوەی لە فڕۆکەخانەی دەیڤید بن گۆریۆن لە تەل ئەبیب بەرەو واشنتۆن بەڕێبکەوێت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، بەرەو واشنتۆن بەڕێدەکەوم”.
ڕاشیگەیاند “لە کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەین لەنێویاندا، شکستپێھێنانی حەماس، گەڕاندنەوەی سەرجەم دەستبەسەرکراوە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، ھەروەھا ڕووبەڕووبوونەوەی میحوەری ئێرانی”.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی: “ئەو بڕیارانەی کە لە میانی شەڕدا دەرمان کرد، تاڕادەیەک ڕووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕیوە”.
ڕاشیگەیاند “بە پێکەوەکارکردنمان بەشێوەیەکی جیددی لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، دەتوانین باشترین گۆڕانکاریی ئەنجام بدەین. ئاسایشی ئیسرائیل پتەوتر بکەین. پڕۆسەی ئاشتی فراوانتر بکەین، ھەروەھا سەردەمێکی نایاب لە خۆشگوزەرانی و ئاشتی بەدەست بھێنین”.