گفتۆگۆی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە دەستپێدەکات



بڕیارە گفتوگۆ دەربارەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەستیپێبکات و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆن کۆدەبنەوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاھو و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئەنجامدانی گفتوگۆکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، قسەیان کردووە.

ڕاشیگەیاند، ناتانیاھو و ویتکۆف ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ڕۆژی دووشەممە، گفتوگۆکان لەبارەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ئەنجام بدرێن و بڕیارە کۆبوونەوەکەش لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

پێشتر زۆربەی گفتوگۆکان لەبارەی غەززە بە بەشداری و نێوەندگیری میسر و قەتەر لە دۆحە و قاھیرە، ئەنجام دەدرێن.

ئەمە یەکەمجارە یەکێک لە لایەنەکان، ئەنجامدانی گفتوگۆکان لەبارەی غەززە لە شوێنێکی دیکە جگە لە شوێنی خۆیان ڕادەگەیەنێت، ئەوەش بەبێ ئەوەی بزووتنەوەی حەماس کە لایەنێکی سەرەکی بەشداربووی گفتوگۆکانە، تیایدا ئامادە بێت.

بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە کە ڕۆژی ١٩ی مانگی ڕابردوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت گفتوگۆکانی ناڕاستەخۆی نێوان ھەردوولا لەبارەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە دوای ١٦ ڕۆژ لە یەکەم ڕۆژی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، ئەنجام بدرێن.

ھاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە میانی ئەم ھەفتەیەدا لەبارەی ئەنجامدانی گفتوگۆکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی قەتەر و میسر قسە دەکات.

ڕۆژی ١٩ی مانگی ڕابردوو، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕێککەوتنەکە، بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت کە ھەر قۆناغێکی ٤٢ ڕۆژ دەخایەنێت.

عەلی ڕەئوف نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر ئازاد کرا
پێت عەلی ڕەئوف نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر ئازاد کرا
شەرع لە یەکەم سەردانی دەرەکیدا دەچێتە سعوودیە
دوات شەرع لە یەکەم سەردانی دەرەکیدا دەچێتە سعوودیە
پەیوەنیدر