
تا ئێستا مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ دابەش نەكراوە و سێ هۆكاریش بوونەتە هۆی دواخستنی مووچە، كە بریتین لە نەبوونی تەوتین و خەرجكردنی مووچەی مانگی 11 بۆ 12 و جیانەكردنەوەی لیستی مووچەی خانەشینانی ئەو سێ مولیدەی خانەنشین دەبن.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەیاننامەیەكی سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوكردەوە و باسی لە دوو هۆكاركرد، كە بریتین لە تەوتین نەكردنی مووچە و ڕادەست نەكردنی مووچەی خانەنشینی ئەو سێ مولیدەی لە هەرێم بەهۆیی بەركاركردنی یاسای خانەنشینی فیدڕاڵییەوە خانەنشین دەبن.
لای خۆشیەوە، عومەر گوڵپی، كاندیدی دەرچووی كۆمەڵ بۆ پەرلەمانی كوردستان، كە بەهۆی ناڕەزایی حزبەكەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن تا ئێستا ئامادەنین بچنە پەرلەمان و سوێند بخۆن ڕایگەیاند، بەغدا بڕی (٤٤١) ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی (١٢) ناردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ مووچەی مانگی (١١)ی خەرج کردووە، ئەمە بووەتە هۆکاری دواکەوتنی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە) و دواجار دواکەوتنی مووچەی مانگی (یەک)ی (٢٠٢٥)یش.
گوڵپی بۆ (خەڵك) وتی، “وەزارەتی دارایی بەغدا دەڵێت: چۆن دەبێت پارەیەک بۆ مووچەی مانگی (١٢) نێردرابێت، ئێوە لە خەرجی مووچەی مانگی (١١) بینوسن؟ وەزارەتی دارایی هەرێمیش نازانێت چۆن چاسەری ئەم کێشەیە بکات لە (میزان مراجعە)دا! ئەمە یەکێک لە کێشەکانە لەپاڵ دوو کێشەی تر، کە بەیاننامەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی داریی عێراقیش ئاماژەی پێکردووە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زانیارییەکانی حکومەتی هەرێم؛ وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: بۆ مووچەی ساڵی (٢٠٢٤) لە بەغداوە بڕی (١٠ ترلیۆن و ٧٥٢ ملیار) دینارمان بۆ هاتووە، خۆشمان بڕی (٩٦٠ ملیار) دینارمان خستووەتە سەر، ئەم دوو ژمارەیەش پێکەوە دەکاتە مووچەی 12 مانگ، بۆیە دەپرسین: کوا مووچەی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٤)؟
دەشڵێت: بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران لەم ستەمە ڕزگاری ببێت، پێویستە هەرێمی کوردستان پابەبدی ئەمانە بێت:
١- جێگیرکردنی مووچەی مووچەخۆران لە بانک بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی (بەغدا دەڵێت: بانکەکانی رەشید و ڕافیدەین و بازرگانی ئامادەن، بەڵام هەرێم نایەت بۆ جێبەجێکردنی).
٢- پابەندی بە یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان لە بواری ژمێریاریی و دارایی بەتایبەت یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.
٣- ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بە پێی یاسای بودجە.
٤- ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ تا هەموو بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە بێت بە (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان و پەرەپێدانەوە).
هەر بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، “زیاتر لە ساڵێکە دەمانەوێت بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ داتایەکی لەبارەی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی وەزارەتمان نەکردووە”.
باسی لەوەشکردووە: “هۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا ئێستا حکومەتی هەرێم ناوی ئەو فەرمانبەرانەی لە لیستی مووچە جیا نەکردووەتەوە کە خانەنشین دەبن و بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی ئەو کێشەیەش وەزارەتمان تیمێکی لە فەرمانبەرانی بەشی بودجە و ژمێریایی نارد بۆ هەرێمی کوردستان و 10 ڕۆژ زیاترە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کار لەسەر جیاکردنەوەی ناوی ئەو کەسانە دەکەن کە خانەنشین دەکرێن”.
لە بەرامبەردا میدیاكانی پارتی ئاماژە بەوە دەكەن، “بەغدا بەربەستی دیکەی بۆ مووچە دروستکردووە، داوا دەکات هەژماری من ڕادەست بکرێ و خۆی مووچە بخاتە سەر ژمارە بانکی مووچەخۆران”.
لای خۆشیەوە، سۆران عومەر بۆ (خەڵك) وتی: “داوام لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد کاتێک لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی 2025 کێشەی تیادا نامێنێت لیستەکان ڕەوانەی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین بکات بۆ تەوتین.
وتیشی، “وەزارەتی دارایی لە 20ی ئەم مانگە بەنووسراوی ژمارە 268 وەڵامی هەردوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین هاوپێچ كردووە و بانکی ڕەشید بەنووسراوی ژمارە (373 لە 19-1- 2025) دەڵێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چاوەڕێین گرێبەستی نێوان بانکەکەمان و فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بکرێت و بانکی ڕافیدەین بەنوسراوی ژمارە (3/1/128 لە 19/1/2025) ئاماژە بەوە دەکات ئامادەن بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەرکردنی ماستەرکارتی جیهانی و کارتی ناوخۆیی و وەرگرتنی مووچە لەڕێی بانکە ئەهلیە ڕێپێدراوەکان”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ماوەی دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و حكومەتی هەرێم سوورە لەسەرە “هەژماری من” و دارایی عێراقیش جەخت لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ تەوتین دەكاتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق و خانەنشین كردن لە تەمەنی 60 ساڵی، كە موالیدەكانی (1962 و 1963 و 1964) دەگرێتەوە تا ئێستا لیستی مووچەیان جیانەكراوەتەوە، كە دەبێت لیستی مووچەی ئەو خانەنشینانە بخرێتە سەر لیستی خانەنشینی و لە لیستی مووچەی فەرمانبەران جیابكرێتەوە.