
عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا
دەتوانم بڵێم لە وەتەی پڕۆگرامەکانی خوێندن گۆڕانکاریان بەرسەردا هاتووە، بە دیاریکراوی لە ٢٠٠٧-٢٠٠٨ەوە، بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، دەبێت کاتی تەواو بۆ ساڵی خوێندن بڕەخسێت، تاوەکو لەلایەک مامۆستا بتوانێت ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکان بگەیێنێتە خوێندکاران، لەلایەکیترخوێندکارانیش بە کاموڕۆوە لە بابەتەکان بگەن و ئامادەبن بۆ هەنگاوەکانی دواتر.
چونکە ئەو پڕۆگرامانە ئەوەندەی تیۆرین بە قەد ئەوەندە پراکتیکین، واتە دەبێت مامۆستا و خوێندکار ئەوەندە کاتیان بە دەستەوە بێت، بۆ ئەوەی هەردوو بوار بەیەکەوە گرێبدەن و بە تەواوی ناوەرۆکی پڕۆگرامەکان هەرس بکەن و ئامادەیی تەواویان تێدا بێت بۆ ئەزموونەکان و پەڕینەوە بۆ ساڵەکانی دواتر.
مخابن هەرگیز و لە هیچ ساڵێکی خوێندندا، ئەو کاتەی پێویستە کە خۆی لە ٣٠ هەفتەی خوێندن، بە ڕۆژ دەکاتە ٢٠٠ ڕۆژ، بە کاتژمێریش دەکاتە نزیکە ٩٠٠ کاتژمێر نەڕەخساوە، بەردەوام کەموکوڕی زۆری هەبووە، بۆ گەواهی ئەو ڕاستیە، لەو ماوەیەدا باشترین و بێ کێشەترین ساڵی خوێندن(٢٠١٢-٢٠١٣) بووە، ئەویش تەنها ١٣٣ ڕۆژ وانە خوێندراوە، بێجگە لە ئەزموونەکانی وەرزی یەکەم و دووەم، لە سەردەمی دکتۆر عیسمەت کە وەزیری پەروەردە بووهەوڵدرا ١٠٠ کاتژمێری خوێندن زیاد بکرێت، بەڵام بە چەند هۆکارێکەوە سەری نەگرت، کاتەکە هەر وەکو خۆی مایەوە، دیارە هۆکاری هەرە سەرەکی بۆ ئەو ناکامڵیەی ساڵی خوێندن، زۆری و بۆری پشوەکانە، هەر چەندە هەموو لایەنەکان ئەو ڕاستیە دەزانن، ئەوە زۆری پشووەکانە هەناوی پەروەردە کۆڵیوە، کەچی هەرگیز دەستیان بۆ چارەسەرکردن و ڕێکخستنەوەی نەبردووە، وەک نمونەش بۆ ئەو داکەوتە (واقیع)ه بەندە لەسەردەمی کابینەی شەشەمدا، ئامادەی کۆبوونەوەیەکی فراوان بووین کە بە سەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر بەرهەم سەرۆک وەزیرانی ئەوسا و بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەرپرس و پسپۆڕی پەروەردەیی، لە وتەیەکدا تیشکم خستەسەر کێشە و پێویستیەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە بەشێکی ئاماژەم بە زۆری پشووەکاندا، جەختم لەسەر ئەوە کردەوە، دەبێت کالندەرێکی تایبەت بۆ خوێندن دابنرێت، کۆتاییش بەو نەریتە ناشیرینە بهێنرێت کە پشوو لە خۆڕا ببەخشرێت، بۆ هەر پشووەکیش پاشگر و پێشگر زیاد بکرێت، لەو کاتەدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتی مامۆستا هەندێک جار ناوەخنیش زیاد دەکرێت واتە ئەگەر پشوەکە چوارشەم بێت، لە نێوان چوارشەم و هەینی، پێنجشەم دەکرێتە ناوەخن.
لە گێڕانەوەی ئەو گفتوگۆیەی لەو کۆبوونەوەیە لەسەر پشووەکان کرا، بۆ ئەوە بوو بڵێم هەموو بەرپرسەکان دەزانن ئەو هەموو پشووە بەڵایەکی گەورەیە بۆ پەروەردە و خوێندن، بەڵام چارەسەریان نەکردووە و ناشی کەن، بە بەڵگەی ئەوەی لە کابینەی نۆیەمدا، لە بری درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن و ڕێکخستنەوەی پشووەکان هاتن شەممەکانیشیان کردە پشوو، بەوشێوەیە لە هەفتەیەکدا خوێندن کرایە پێنج ڕۆژ لە جیاتی شەش ڕۆژ، واتە خراپتر لە پاشتریان کرد، ئەو کاتە زۆربەی مامۆستایان لە پشوودانی شەممە نیگەران بوون، نیگەرانیەکەش لەوە سەرچاوەی گرتبوو ئەوان لایەن ئاشکرا بوو، پڕۆسەی پەروەردە لە بنەڕەتدا ماوەی خوێندنی کەمبوو، ئەو پشووەشی بێتە پاڵ کێشەی کەمی کاتی خوێندن قوڵتر دەکاتەوە.
لێکەوتەکانیشی زۆر نەرێنی دەبێت، لەسەر تەواونەبوونی پڕۆگرامەکان و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران، جێگەی ئاماژە پێکردنە، لە وڵاتە خواپێداوەکان پڕۆسەی پەروەردە زۆرترین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لە ڕێگەی ڕاپرسیەوە لە بارەیەوە دەکرێت، بۆ ئەوەی دەستنیشانی کون و کەلەبەر و پێویستیەکانی بکرێت، بێگومان لە بەرژەوەندی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندکارانەوە، بۆ ئەوە دەبوو لە هەرێمیش زۆرترین دراسەت لەسەر پشووەکان و کارگەریان لەسەر پرۆسەکە بکردبا، هەروەها فۆرمەلەکردنی چارەسەرەکانیش، ئەوەی مامۆستایانی زیاتر نیگەران کردووە ساڵ بە ساڵ پشووەکان زیاتر دەبن.
ئەوەتا ئەمساڵ لە بری چەند ڕۆژێک، تەنها لە وەرزی یەکەم نزیکەی ٣٠ ڕۆژ کرایە پشوو، ئەکید وەرزی دووەمیش سەلامەت نابیت، بینیمان جارێک ٧ ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕەنگە بۆ ئەوە لایەنی پەیوەندیداربڵێن، ئەوە بۆ هەڵبژاردن بوو، هەر چەندە من بۆ ئەوەش قسەی خۆم هەیە ، بەڵام با جارێ وابێت، دوای ئەوە سەرژمێری هاتەبەر، ئەویش زیاتر لە ١٠ ڕۆژی برد، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیەی مامۆستایان پڕۆسەکەیان بەڕێوەبرد کە دەکاتە دابڕانیان لە پەروەردە و فێرکردن.
واتە ئەگەرچی بە فەرمیش هەموو ئەو ڕۆژانە پشوو نەبوو، بەڵام بە کردار بووە پشوو، ڕەنگە بۆ ئەوەش بڵێن ئەوە سەرژمێریە لە ١٠ ساڵان جارێک دەکرێت، ڕاستە وایە ترسی من لەوەیە بە دەرزەن بۆنە لەم وڵاتەی ئێمە هەیە، پشوو بەخشینەوەش بۆتە ریسا، ئەو نییە کۆتایی ئەمساڵ بە فەرمی و پاشگر و پێشگر و ناوەخنەوە زیاتر لە ١٥ ڕۆژ دەوام وەستێنرا.
لێرە پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە دیارە لە بەرپرسەکانە، ئەرێ ئەو سێ وەستانەی پڕۆسەی پەروەردە بەو هەموو ڕۆژەوە چی بە خوێندکاران هێشتووەتەوە؟
بێگومان کەمترین زانست و مەعریفەت، کێشەکەش لەوەدایە ئەو کەموکوڕیە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن بۆ ساڵانی ئاییندەش دەیگوازنەوە، پرسیارەکیتریش دێتە پێشەوە، تۆ لە یەک وەرزدا زیاتر لە ٣٠ ڕۆژ بکەیتە پشوو، ئەوە ساڵی خوێندنی پێ دەڵێن یان ساڵی گەشت و ڕابواردن؟
لێرە وەزارەت بەرپرسە و هەموو لێکەوتەکانیشی دەکەوێتە ئەستۆ، باشە پشووەکەی هەڵبژاردن با خاتری لایەنە سیاسیەکان بێت، بۆ خۆیان کورسیان پێ وەرگرت، بەڵکو ئەوە خوایە ئیشی باش بکەن کە من وای نابینم، پشووەکانی سەرژمێریەکەش با خاتری گەلانی عێراق بێت، ئەدی ئەو هەموو ڕۆژەی پێش ئەزموونەکان کرایە پشوو خاتری کێ بێت؟ ئەوە بەغداد تەنها ڕۆژانی ٢٥/١٢ و ١/١کردە پشوو، ڕۆژەکانیتر دراسەت هەبوو تەنانەت لەناو هەولێریش، لێرە مامۆستایەکی دێرین وتی ئەوەش با لەبەر خاتری بەرپرسەکان بێت، بۆ ئەوەی خۆیان و منداڵەکانیان سەفەر و گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن، سندانیش لە خەڵکی بەشخوراو بدات.
ئەوەی ڕاستی بێت خستنەڕووی ئەو ڕاستیانە هەمووی بۆ ئەوەیە پەروەردەیەکی تەندروست لەم هەرێمە بەڕێوەبچێت، چونکە دەردی ئێمە تەنها پەروەردە و فێربوون تیماری دەکات، بە پێچەوانە بە دیلێکیتر نیە، بۆیە دەخوازم:
یەکەم، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، خشتەیەکی جێگیر و ڕاوەستاو بۆ ساڵی خوێندن دابنێن، بە شێوەیەک نەکەوێتە بەرمەنگەنەی هێچ بۆنەیەک جگە لە بۆنە ئاینیەکان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز.
دووەم، حسابێکی ورد بۆ پڕۆگرامەکانی خوێندن بکەن و ئەو کاتەی پێویستە بۆی بڕەخسێنن کە بەلای کەم لە ٢٠٠ ڕۆژی دراسی کەمتر نەبێت.
سێیەم، مووچەی مامۆستایان بە تەواوی فەراهەم بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر ناچار نەکرێن پشووی ناچاری بە خۆیان و خوێندکاران بدەن.