
قائیمقامیه‌تی سلێمانی زیاتر له (500) ده‌رمانخانه و نۆرینگه و تاقیگه‌ی داخستووه و نوێنه‌ری ته‌ندروستی ئاماژه به‌وه ده‌كات به رێژه‌یه‌كی باش كۆنتڕۆڵی كوالێتی ده‌رمان كراوه و له‌ماوه‌ی 7 ساڵدا زیاتر له 5 هه‌زار سه‌ردانیان كردووه و (523) شوێنیشی داخستووه.
د.كاردۆ وه‌هبی، پزیشكی ده‌رمانساز و نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی له لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند، لیژنه‌ی ته‌ندروستی یه‌كێكه له لیژنه چالاكه‌كانی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌رمانخانه، تاقیگه، نۆرینگه و هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌كات كه هاوڵاتیان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر روی تێده‌كه‌ن.
ڕاشیگه‌یاند، لیژنه‌كه له ساڵی (2018)ـوه پێكهێنراوه كه له نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ته‌ندروستی، ئاسایش، پۆلیس و سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و سه‌ندیكای ده‌رمانسازان پێكهاتون، لیژنه‌كه تا (2024.12.31) زیاتر له پێنج هه‌زار و (50) سه‌ردانی بۆ ده‌رمانخانه و نۆرینگه و شوێنه‌كانی دیكه ئه‌نجام داوه، كه‌له‌و ژماره‌یه دو هه‌زار و (944) پسوڵه‌ی سه‌رپێچی تۆماركردوه و به‌پێی رێنماییه‌كان خاوه‌نه‌كانیانی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی كردوه‌ته‌وه.
وتیشی: له‌و ماوه‌یه‌دا لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی (455) شوێنی ئاگادار كردوه‌ته‌وه كه پابه‌ندی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی كاركردن بن، به‌پێچه‌وانه‌وه سزاده‌درێن، هه‌روه‌ها؛ به‌هۆی چه‌ند باره كردنه‌وه‌ی سه‌رپێچی لیژنه‌كه (523) ده‌رمانخانه، نۆرینگه، تاقیگه و دوكانی گیا ده‌رمانیان داخستووه.
له‌سه‌ر فرۆشتنی ده‌رمانی قاچاخ له ده‌رمانخانه و نۆرینگه‌كاندا وتی: پێشتر ده‌رمانی قاچاخ ده‌فرۆشرا، به‌ڵام دوای ده‌ستبه‌كاربونی لیژنه‌ی ته‌ندروستی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، هێنانی ده‌رمانی قاچاخ و فرۆشتنی به‌رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می كردوه كه ئه‌وه‌ش به‌هاوكاری هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاسایش، پۆلیس، ته‌ندروستی و فه‌رمانگه‌كانی دیكه بوه.
نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی جەختیشی كردەوە، به‌پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه (18) جۆر ده‌رمان بۆ نۆینگه‌كان دیاریكراوه، بۆیه ده‌بێت نۆرینگه‌كان پابه‌ندبن و ته‌نها ئه‌و جۆره ده‌رمانانه‌ی كه بۆیان دیاریكراوه بده‌ن به‌چاره‌خوازان.
له‌كاتی بوونی هه‌ر گله‌یی یان تێبینییه‌ك له‌سه‌ر نۆرینگه یان ده‌رمانخانه‌یه‌ك، هاوڵاتیان ده‌توانن له‌رێگه‌ی ژماره موبایلی 07708677777 په‌یوه‌ندی به لیژنه هاوبه‌شه‌كانه‌وه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی بۆ بكرێت.