هەدەپە شەڕی بردنەوەی ئیستەنبوڵ دەستپێدەكات



 

پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە و هاوپەیمانەكانی كە بە هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی ناسراوە لە شاری ئیستەنبوڵ دەستپێكردنی هەڵمەتی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی توركیا ڕاگەیاند.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ڕێوڕەسمەكەدا رایگەیاند، ئەوان بە شەڕ، هەژاری، نەداری و سیاسەتی شەڕ دەڵێن نا، بەسە.

بوڵدان ئاماژەی بە ئەوەشكرد ” بۆ ئەوەی بڵێین ژن، ژیان، ئازادی لەم گۆڕەپانەین، بۆ ئەوەی رێگری لە تاڵانی سروشت، ژیان و یاسا بكرێت هاتووینەتە ئێرە، بۆ ئەوەی لەدژی ئاكەپە و مەهەپە لێرەین، ئەمە سەرەتایە، ٨٢ ملیۆن كەس بەم شێوەیە بیر دەكەنەوە”.

ڕاشیگەیاند “ئیستەنبوڵ جارێكی دیكە خۆی سەلماند، پێویستە كەس گومانی نەبێت، ئێمە خاوەنی بەسەرهاتی سەركەوتنی ٧ی حوزەیرانین، بە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ دۆستەكانمان مۆری خۆمان لە هەڵبژاردنەكان دەدەین”.

دەشڵێت “ئەگەر ئێمە لە هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبوڵدا سەربكەوتن، ئەمە بە واتای ئەوە دێت كە لە هەموو توركیا سەردەكەوین، ئیستەنبوڵ، ئامەد، جزیری بۆتان، دەریای ڕەش، ئیجەیە، ئیستەنبوڵ، هەدەپەیە”.

باسی لەوەشكرد “ئەم گۆڕەپانە، گۆڕەپانی ماهیر، كەمال، ئیبۆ، مەزلۆم، ئۆرهان دۆغان، بەركین ئەلڤان و موسا ئانتەرە، لەم گۆڕەپانە دەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەین، ئامانجمان ئەوەیە گەورەتر ببین، ئەم هاوپەیمانێتیە گەورەتر دەبێت و بە تەئكیدی دەسەڵات دەگۆڕێت، بۆیەش ئەم هەڵبژاردنە مێژووییە، لەم هەڵبژاردنەدا ڕوناكی یان تاریكی هەڵدەبژێردرێت، دیموكراسی یان فاشیزم هەڵدەبژیردرێت، لە هەمان كاتدا ئەم هەڵبژاردنە پەیمانە، ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە هەڵبژاردنێك كە كاندیدەكەمان خۆمان هەڵیدەبژێرین، لەگەڵ براكوردەكانمان، عەلەویەكانمان، سوننی و ئەرمەنەكانمان بە شەو ڕۆژ كار دەكەین و سەردەكەین.”

هاوكات میدحەت سانجار هاوسەرۆكی هەدەپە، رایگەیاند، “سوپاس بۆ ئەم گەلەی كە لە دەوری هاوپەیمانی رەنج و ئازادییەكان كۆدەبنەوە، كۆتایی بە یارییەكانی شەڕی دەسەڵات دەهێنین، ئاشتی مسۆگەر دەكەین، بەهێزترین هاوپەیمانی ئاشتی لە دژی شەڕ دروستدەكەین، هەموو شەڕ و ئۆپەراسیۆنێك پارچەیەك لە نانمان دەدزێت، خەڵكی هەژار هێشتا هەژارتر دەبن، دەیانەوێت ئایندەی ئەم وڵاتە وێران بكەن، ئێمە دەڵێین ئێدی بەسە، ئێمە بۆ گۆڕانكاری هاتووین، لەگەڵ هەڵبژاردن خەباتمان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا زیاتر دەكەین، هاوپەیمانێتیمان فراوانتر دەكەین و دەیكەینە ناوەندی دیموكراسی”.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد “ئەم هاوپەیمانییە بۆ كۆماری دیموكراسییە، ئێمە دەیگۆڕین، ئێمە دژی شەڕ دێین، بۆ ئاشتی دێین، دژی درۆ بۆ بنیاتنانی راستییەكان دێین، ئێمە سەردەكەوین، بە دڵنیاییەوە سەردەكەوین، هاوپەیمانێتییەكەمان ئەم وڵاتە بەرەو دیموكراسی و ئاشتی، رەنج و ئازادی دەبات”.

431 پێشێلكاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون
پێشت 431 پێشێلكاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون
مەسرور بارزانی لە كۆڕبەندی داڤۆسدا بەشداری دەكات
دواتر مەسرور بارزانی لە كۆڕبەندی داڤۆسدا بەشداری دەكات
ەیوەندیدار