ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

مالكی هەوڵدەدات لەگەڵ سەدر ئاشتببێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

مالكی ئامادەیە لەگەڵ سەدر ناكۆكییەكانی نێوانیان چارەسەر بكات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بڵاویكردەوە: نوری مالكی ئامادەیی نیشانداوە لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر كۆببێتەوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان.
هیشام ڕكابی بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالكی ئاماژەی بەوەكردووە” نوری مالكی هەر لەدوای كۆتاییهاتنی ویلایەتەكەی لە پۆستی سەرۆك وەزیرییەكەیەوە چەندجارێك دووپاتیكردووەتەوە كە هیچ كێشەیەكی تایبەتی لەگەڵ كەس نییە، بەڵكو ناكۆكییەكانی لەسەر دەستور و پێشێل نەكردنی یاسا بووە.
ڕكابی ڕاشیگەیاند، مالكی سیاسەتی دەرگا كراوەیی و سفركردنەوەی ناكۆكییەكان پەیڕەودەكات بە ئامانجی كۆكردنەوەی هەمووان و دروستكردنی هەماهەنگییەكی سیاسی.
هیشام ڕكابی جەختیشیكردووەتەوە، نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئامادەیی نیشانداوە لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆببێتەوە و ئەوەش پەیامێك دەبێت بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان كە پێشتر هەڵوێستیان بەرامبەر مالكی هەبووە، وتیشی ئەو دەستپێشخەرییە پەیڕەوێكی نوێیە بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە و هەنگاونانە بە ئاراستەی ڕووبەڕوبوونەوەی تەنگژە و سەركێشییەكان.
جێی ئاماژەیە، سادق موسەوی یەكێك لە ئەندامانی پێشووی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و كەسایەتی دیاری شیعەكانی عیراق ئێوارەی ڕۆژی شەممە 23/2/2019 لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی بەیروتی پایتەختی لوبنان موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر نەشتەرگەری بڕینی پەنكریاسی بۆكراوە. (بێ‌ ئەوەی ئاماژە بە جۆری نەخۆشییەكەیی و نەخۆشخانەكە بكات).

عێراق

مەبەست ڤایرۆسی كۆرۆنایە
لەسەر داخستنی سنور لەگەڵ ئیران ڕاگەیەندراوێك بڵاودەكرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵ، ڕەتیدەكاتەوە داوای داخستنی مەرزە سنورییەكانی كردبێت لەگەڵ ئێران.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”ئەو هەواڵانەی باسیان لە داواكاریی وەزارەتی تەندروستی كردووە سەبارەت بە داخستنی مەرزە سنورییەكان لەگەڵ ئێران بەهۆی دەركەوتنی حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوورن لە ڕاستییەوە”.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵ داوای كردووە، میدیاكان لەكاتی گواستنەوەی هەواڵەكاندا بەدیقەت بن و زانیارییەكان لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە وەربگرن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، غەیدا كبمش، پەرلەمانتاری عیراقی، داوای لە حكومەت كردبوو، دەستبەجێ‌ سنورەكان لەگەڵ ئێراندا دابخرێن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی ئێران حاڵەتەكانی توشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەدا ڕاگەیاندبوو كە بەو هۆیەوە، تائێستا دوو كەس گیانیان لەدەستداوە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەئێستادا ڕێوشوێنی خێرایان بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە گرتۆتەبەر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

وەزیری كشتوكاڵی عیراق بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی گەنمی جوتیارانی هەرێمیدا

سلێمانی – نزار جەزا
لیژنەیەكی حكومەتی هەرێم لەبارەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەبەغدادە و وەزیری پلاندانانی هەرێمیش ئاشكرای دەكات، وەزیری كشتوكاڵی عیراق بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی داوە.

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لەوەڵامی پرسیارێكی (خەڵك)دا ڕایگەیاند، پێشتر وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبەشداری وەزیری كشتوكاڵ و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد سەردانی بەغدادیان كرد، و بڕیاریاندا لیژنەیەك بەبەشداری نوێنەری سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دروستبكرێت.

زیاتر ڕوونیكردەوە، ئەو لیژنەیە ئێستا لەبەغدادن و وەزیری كشتوكاڵی عیراق بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی داوە، بەڵام تاكو ئێستا لیژنەكە لەبەغداد نەگەڕاونەتەوە، تاكو وردەكاری بەڵێن و دەستكەوتەكانی ئەو لیژنەیە بزانن و باسی بكەن.

جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەساڵانی 2014 و 2015 و 2016 گەنمیان بە حكومەتی عیراق داوە، بەڵام حكومەتی عیراق بەشێك لەو پارەیەی پێ نەداون، پێشتریش لەڕێگەی دادگاوە ئەو مافە بۆ جوتیارانی هەرێم گەڕێنرایەوە، بەڵام حكومەتی عیراق ئامادەنەبوو پارەكە دابین بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

دەرمانخانەیەك لە بەغدا ماددەی هۆشبەری فرۆشتووە

خەڵك- بەشی هەواڵ

دادگای باڵای عیراق ئاشكرای كرد، كە یاریدەدەرێكی پزیشك دەستگیركراوە كە ماددەی هۆشبەری فرۆشتووە بە گەنجان.

میدیاكانی عیراق ئەمڕۆ ئاماژەیان بە ڕاگەیەندراوێكی دادگای باڵای عیراق كرد، كە ئەو دەرمانخانەیە بەناوی فرۆشتنی دەرمانەوە كراوەتەوە، بەڵام بەنهێنی ماددەی هۆشبەری فرۆشتووە بە گەنجان.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو یاریدەدەری پزیشكە كراوە و سزادراوە.

دوای داگیركردنی عیراق لە ساڵی 2003دا، فرۆشتن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر زۆر زیادی كردووە، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی باشوری عیراق.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان