
زانای ناوداری هۆڵەندی بواری بوومەلەرزەزانی دوای ماوەیەك لە دیارنەمانی، جارێكی دیكە دەركەوتەوە و هۆشداری ڕوودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز و مەترسیدار دەدات، كە ڕەنگە كارەساتی لێبكەوێتەوە.
فڕانک هوگەربیتس، زانای هۆڵەندی و شارەزای ئەندازەی هەسارەکان و بوومەلەرزەزانی لە ڤیدیۆیەكی شیكاریدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەندازەی هەسارە و مانگە تایبەتەکان لە کۆمەڵەی خۆردا پێدەچێت ببێتە هۆی زیادبوونی چالاکییە بوومەلەرزەییەکان لە نیوەی دووەمی مانگی یەکدا.
ڕوونیشی كردۆتەوە، هەسارەکانی زەوی، مەریخ و عەتارد دەکەونە سەر یەک هێڵ و ئەگەری هەیە بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهەژێنێت.
دەشڵێت: ئەگەری هەیە هێزی بوومەلەرزەكە بگاتە 7 یان زیاتر لە پێوەری ڕێختەر.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە فڕانك بە پێشبینی و شیكارییەكانی بۆ هەسارەكان و كاریگەرییان لەسەر زەوی و ڕوودانی بوومەلەرزە ناسراوە و دوای پێشبینییەكەی بۆ بوومەلەرزە بەهێزەكەی مانگی 2ی 2023ی باكووری كوردستان ناوبانگی زیاتر بڵاوبووەوە، كە بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەكەوە نزكەی 50 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 هەزار كەس بریندار بوون و زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی ئاوارەبوون.