ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

بە وێنە.. مێژووی سەرڕێژبوونی دەریاچەی دووكان دوای 31 ساڵ دووبارە دەبێتەوە

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا

ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان نزیكەی 10 مەتر لە ساڵی ڕابردوو بەرزترە و دەتوانێت ملیارێك و 500 ملیۆن مەتر سێجای دیكە ئاو كۆبكاتەوە و پاشان دەبێت ئاوە زیادەكە بەربدرێتەوە، بەوەش لە ماوەی 31 ساڵی ڕابردوودا پێوانەیەكی مێژووییتر تۆمار دەكات و دوو جۆر مەترسى دروست دەكات.

بەنداوی دووكان تەمەنی 65 ساڵە و دەتوانێت 7 ملیار مەتر سێجا ئاو كۆبكاتەوە و یەكەم بەنداوی كۆنكرێتی گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ڕووبەری 250 كلیۆمەتری دووجا دروستكراوە بۆ چەند مەبەستێكی سەرەكی كە گرنگترینیان كۆكردنەوەی ئاوی پێویست بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵ، ڕێگری لە مەترسییەكانی لافاوی ساڵانە و سامانی ماسی، گەشتیاری و بۆ یەكجاریش لە مێژوودا بەنداوەكە پڕبووە و سەرڕێژی كردووە لە ساڵی 1988 دا و ئەگەری زۆرە ئەمساڵیش هەمان سیناریۆی پێش 31 ساڵی ڕابردوو دووبارە بێتەوە.

محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) باسی لەوەكرد، هیچ مەترسییەك لەسەر ڕووخانی بەنداوەكە نییە، چونكە بەپێی خشتەیەك ئیدارەی ئاو لە دەریاچەكەدا دەكرێت و بەردەوامیش پشكنین بۆ ئامێرە هەستیارەكانی دەكرێت “لەكاتی پڕبووندا دوو جۆر مەترسی دروست دەكات لەلایەك بۆ سەر كەرەستەكانی پڕۆژەی بەنداوی دووكان، بەهۆی دروستبوونی فشار و لۆدێكی زۆرەوە لەسەر بەنداوەكە، لەلایەكی تر بۆ سەر ئەو موڵكانەی لە خوارووی دەریاچەكەوەن و لەسەر ڕۆخی ڕووبارەكە دروستكراون، لەوانەیە زیانی بۆ هاووڵاتیان هەبێت، هەرچەندە نازانرێت لە دوو مانگی داهاتوودا هەمان بڕی ئاومان بۆ دێت، ساڵی 1988 ناچاربووین لە چركەیەكدا دوو هەزار و 250 مەتر سێجا ئاو بەربدەینەوە، لەو كاتەدا یاسا جێبەجێ‌ دەكرا و بەپێی یاسای ژمارە 59 ئاستی بەرزترین لافاو دیاری دەكرێت و پاشان 20 مەتری دیكەش دیاری دەكرێت، بەڵام ئێستا حساب بۆ ئەو یاسایە ناكرێت و هەندێك فەرمانگە ئەو شوێنانەشیان تاپۆ كردووە و بەوەش دەوڵەت دەكەوێتەژێر بەرپرسیارەتی قەرەبووكردنەوەش”.

محەمەد تاهیر، بەرێوەبەری بەنداوی دووكان

بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕوونیكردەوە، بەهۆی تەسكبوونەوەی ڕێڕەوی ئاوی زێی دووكانەوە، ئەگەر ڕێژەیەكی كەمتر لە ساڵی 1988 یش بەربدەنەوە، هاووڵاتیان زیانی زیاتر دەكەن.

بەنداوی دووكان “ڕێڕەوی دەمەجەڕە Spill way”ی هەیە كە لە حاڵەتی پڕبوونی بەنداوەكەدا ئاوە زیادەكە دەچێتە دەرەوە و ساڵی 1988 یش بۆ یەكەمجار بەكارهاتووە، مەبەستی دروستكردنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییەش بۆ كەمكردنەوەی لۆدی ئاوەكە و دورخستنەوەی مەترسییە لەسەر بەنداوەكە و بەڕێوەبەری بەنداوەكەش دەڵێت”لە ڕێگەی قائیمقامیەتی دووكانەوە ئەو هاووڵاتیانەمان ئاگادار كردووەتەوە كە پڕۆژەیان هەیە لە خوار بەنداوەكە هەموو كاتێك لە ئامادەباشیدابن، ئەگەر لافاویش بێت لەدەسەڵاتی ئێمەدا نامێنێت و ئاوەكە لە ڕێگەی ڕێرەوەكە خۆی پێدا دەكات و دەردەچێت”.

ئاوی زێی بچوك لە نێو قەزای دووكاندا

بەنداوی دووكان لەسەر زێی بچوك دروستكراوە و سەرچاوەی سەرەكی زێیەكەش لە سنووری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەڕژێتە نێو خاكی هەرێمەوە، ئێران لەسەر زێیەكە 16 بەنداوی دروستكردووە، كە دیارترینیان بەنداوی كۆڵەسێی سەردەشتە كە توانای گلدانەوەی 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی داهاتی ئاوی بەنداوی دووكان، بۆیە بە بڕوای چاودێرانی بوارەكە حكومەتی هەرێم دەبوو پێشتر بیرى لە دروستكردنی بەنداوی یاریدەدەر بكردایەوە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی قەڵادزێ‌ و شارباژێڕ بۆ كەمكردنەوەی لۆد لەسەر بەنداوی دووكان، بەتایبەت كە لقێكی دیكەی زێی بچووك سەرچاوەكەی لە شارباژێڕەوەیە.


محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان پێیوایە، دروستكردنی بەنداوی دیكە لە نێو هەرێمدا لەسەر زێی بچوك پێویستە، بەڵام دەبێت پێشتر بە وردی خوێندنەوەی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەكە”دروستكردنی بەنداو ئەگەر بۆ كەمكردنەوەی داهاتی ئێمە بێت وەك ئێران زیانی زۆری دەبێت، چونكە پێویستە بە وردی خوێندنەوەی بۆ بكرێت و ئیدارە بكرێت و فەرمانگە و ئەندازیاری پسپۆڕی بۆ دابنرێت، بەڵام پێویستە ئەگەر بەپێی بەرنامەیەكی زانستی دروست بكرێن، چونكە ئەو بەنداوانەش پڕ دەبن و ئێمەیش دەتوانین سودیان لێوەربگرێن”.

حكومەتی هەرێم بە پلانێك بەنیازە چەند بەنداوێك لەسەر زێی بچوك دروستبكات لە ناوچەكانی شارباژێڕ “بەنداوی زەلان، خێوەتە”، هەروەها بەنداوی “دەڵگە” لە قەڵادزێ‌ كە دەتوانێت نزیكەی 120 ملیۆن مەتری سێجا ئاو كۆبكاتەوە.

بەهۆی ڕێژەی زۆری باران بارینی ئەمساڵەوە كە لە هەندێك ناوچەكەدا گەیشتووەتە نزیكەی 900 ملیم، ئاستی بەنداوە ستراتیژییەكانی هەرێم كوردستان زۆری زیادییان كردووە و بەوەش ڕێژەیەكی زۆر لە قوڕ و لیتەی لە ناوچە شاخاوییەكانەوە هێناوەتە ناو بەنداوی دووكانەوە كە بەوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكە ساڵانە دەگاتە نزیكەی 8 ملیۆن تەن و ئەوەش كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی تەمەنی بەنداوەكە، بەڵام ئێران بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی بەنداوەكانی لەم وەرزەدا ئاو كۆناكاتەوە و لە كۆتایی بەهاردا دەست دەكات بە گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەكان و بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان لەوبارەوە دەڵێت”ئێران لە هاویندا دەست دەكات بۆ گرتنەوەی ئاوەكە و داهاتی ئاوی ئێمە كەمدەكاتەوە، بەڵام لەم وەرزەدا ئاو كۆناكاتەوە، بۆ ئەوە دوربێت لە قوڕ و لیتەی لافاو، نەك گرتنەوەی ئاو پلانی گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەكەشیان داناوە و دەیانەوێت بە تەواوەتی ئاوی ڕووبارەكان وشكبكەن و بیگەڕێننەوە بۆ نێوخۆی ئێران، بۆ نمونە ئاوی زێی بچوك بگەڕێنێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ‌”.

گفتووگۆی بەرێوەبەری بەنداوی دووكان و ڕۆژنامەنوس ئەحمەد عەبدوڵڵا، ئامادەكاری ڕاپۆرتەكە

ماوەی دوو ساڵە ئێران لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا ئاوی زێی بچوك دەگرێتەوە، ئەوەش مەترسییەكی جدی لەسەر شادەماری ئاوی بەنداوەكە دروستكردووە”40%ی داهاتی ئاوی دووكان لە ئێرانەوە دێت، 60%ی ئاوی ناوخۆییە و وەرزییە، بەڵام ئاوی زێی بچوك هەمیشەییە و ماوەی دوو ساڵە ئێران دەیگرێتەوە”، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان وای وت.

ئێستا بەنداوی دووكان نزیكەی 5 ملیار و 500 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی تێدا كۆكراوەتەوە و پێشبینی ئەوەی لێدەكرێت بۆ جاری دووەم لە تەمەنیدا پڕ بێت و ئاو لە ڕێڕەوی دەروازەدارەوە بچێتەدەرەوە و زیانی لێبكەوێتەوە، مێژوو جارێكی تر دووبارە بێتەوە و هاوشێوەی ساڵی 1988، بەنداوەكە پڕ بێت.

راپۆرت

هونەری حەسەن زیرەك لە لوتكەدا دەمێنێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

حەسەن زیرەك گۆرانیبێژی ناوداری كورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سرووشتی لە29ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە مەڵبەندی موكریان لە گوندی هەرمێلەی نێوان شارەكانی بۆكان و سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە 26ی حوزەیرانی١٩٧٢ لە بۆكان كۆچی دوایی كردووە، هەر لەوێ لە شاخی ناڵەشكێنە بەخاك سپێردراوە.

ئەو یەكێكە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی كورد، بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینەیەك لە ھونەری ئاواز و گۆرانی كوردییە، كە بە دەنگی ئەو خوێندراون.

زیرەك باوكی ناوی عەبدوڵڵایە و دایكی ئامینی ناو بووە، باوكی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە كاریكردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەك ناوی دەركردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو كوڕی دیكەی بە ناوەكانی حسێن و مینە ھەبوون. لە تەمەنی خوار دە ساڵاندا لەگەڵ چەند كەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆكان لە شاییەكانی ناو شار و گوندەكانی بۆكان گۆرانی خوێندووە.

لە حەوت و ھەشت ساڵاندا بەردەستی مسگەری و قاوەچێتی دەكات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەكانی بۆكانیشی كردووە.

زیرەك منداڵ دەبێت، كە باوكی دەمرێت (تەمەنی یازدە ساڵان دەبێت، كە بابی كۆچی دوایی دەكات)، بە دوای مردنی باوكیدا بنەماڵەكەیان لە دێ بار دەكات و دەچنە شاری سەقز، پاشان دایكی زیرەك شوو دەكاتەوە، ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لە ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ زیرەك و خوشك و براكانی.

لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە بە كاركەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەستدەكات بە قاوەچێتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات.

ساڵانی ھەرمێلە و سەقز
ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەكەی سەرنجی خەڵكی ئەو دێیە بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێت زیرەك لە دەنگە خۆشەكەی بێ بەشیان نەكات، كە خانان دەبینێ زیرەك دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەك بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەكانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە.

لەو لاشەوە زیرەك مێرد منداڵ و دەنگ خۆش، شەوە داوەت و ڕەشبەڵەكی كوڕان و كچانی دێ، بەزمی شەوانەیان خۆش دەكات.

دوای ساڵێك ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەكاتە شار، بە شاگردی كەبابچی و وردە كاری دیكە ژیان دەباتە سەرێ.

جارێكی دیكە دێتەوە بۆ ھەرمێلە و وەك تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان نێوانی لە گەڵ ئاغا تێكدەچێ و واز لە تفەنگچێتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵك لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شاگرد شۆفێری “مینە خانی ئەردەڵان” و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە كار دەكات.

ئاوارەیی و بەغدا
ڕۆژێك لە ڕۆژان كوڕە جەحێڵەیەكی گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج، دەكەوێتە بەر ماشێنەكەی و گیان لەدەستدەدات، لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت تا لە كوردستانی عیراق دەگیرسێتەوە، دواتر زیرەك دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند كەسێك لە میوانخانەی “شومال ئەلكەبیر” دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەكات بە گۆرانی خوێندن.

چەند كەس لە ناودارانی مۆسیقای كوردی وەك عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەك لەوێ دەبینن و هاوكار دەبن لە چوونی بۆ بەشی كوردی “ڕادیۆ بەغدا” بۆ یەكەم جار دەنگی لە ڕادیۆی كوردی بەغدا دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێكی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەك پەیدا دەبێ.

زیرەك و مام جەلال
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق لە بارەی زیرەكەوە، باسی لە ناسینی زیرەك كردووە لە بەغدا، باسیشی لەوە كردووە، كە لە ڕێگەی دۆستێكی خۆیەوە، زیرەكی بردووەتە ڕادیۆی كوردی بەغدا.

مام جەلال ئاماژە بەوە دەكات، بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (1954-1955) لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی، كە تازە لە ئەمریكا هاتبووەوە، پێكەوە لە ژورێك دەژیاین لە هۆتێل (الشمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە، لەو هۆتێلەشدا حەسەن زیرەك وەكو كرێكار كاری دەكرد، منیش ئەوسا لاوێكی چەپی خۆ بەماركسیست زانی عەوداڵی هۆشیاركردنەوە و ڕێكخستنی ڕەنجدەران و كرێكاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد، كە زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی ڕەوییەوە، كە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لەگەڵیدا چوومە ناو باسەكەوە.

جەلال تاڵەبانی لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت :”لە ڕێی كوردایەتییەوە رامكێشا بەلای خۆماندا، تا وایلێهات ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی، چ هی خۆمان و چ هی حزبەكانی تر، لای ئەوم دام دەناو ئەویش لە ژوورەكەی سەرەوەی هۆتێلەكەو لە سەربانەكە، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا، بۆی دەشاردمەوە”.

دەشڵێت :”ئەویش ناوبەناو، كە ئیشی كەم دەبوو، دەهاتە ژوورەكەم، تا ڕۆژێكیان بەسەردا چووم، كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێر گوڵان)ی دەگوت، منیش تاوێك هەستم لێی ڕاگرت و زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئیتر پیرۆزباییم لێ كردو تەشویقم كرد، شەویش هاتە ژوورەكەمان داوام لێكرد، گۆرانییەكەم بۆ بڵێتەوە، بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئەویش هەندێك گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین، كە لەناویاندا (دەسماڵ هەریر سوورە)شم زۆر بەلاوە خۆشبوو”.

هەروەها مام جەلال دەڵێت :” لەگەڵ حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆشدا تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ، كە كارەكانی لەسەر سوك دەبوون، دەهاتە لام لە ژوورەكەمان گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە و شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا، بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە ڕادیۆ كەوتەسەر، بۆیە هەستام چوومە لای كاك (عارف تاڵەبانی) خزممان، كە ئەوسا (مفتش اداری) بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی كوردی بەغدا بوو، لەلای كاك عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانییەكانیم بۆ كرد، ئەویش بەلایەوە باشبوو، كە بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا، هەر بۆیەش لەبەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی كوردی كردو ئەویش ڕازی بوو، داوایكرد من حەسەن زیرەك بەرمە لای و ئەوانیش تاقیبكەنەوە، ئەوە بوو منیش چوومە هۆتێلەكەم و موژدەكەم دا بە حەسەن زیرەك، ئەویش لە خۆشیاندا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ رۆژی دووەم كە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی كوردی زۆر لەسەرخۆ لە تاقیكردنەوە بەشداری كردو سەركەوتوو بوو، لەو رۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانیبێژ، بەو مەرجەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەرجارەی 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەویش ئەوی رۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە هۆتێلەكە جگە لە خواردن و نوستن تەنها 3 دیناری وەردەگرت”.

حەسەن زیرەك لە ماوەی مانەوەی لە بەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەكات، ئەم گۆرانییانە ناو و ئاوازەی زیرەك بە كوردستاندا بڵاو دەكەنەوە.

زیرەكی گۆرانیبێژ لە ماوەی نزیك بە دەساڵ مانەوە لە عیراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی كورد، لە ئەزموون و ڕێنوێنییەكانیان كەڵك وەردەگرێ و سەرنجیان بۆ لای مایە بەھرە ھونەرییە كەم وێنەكەی خۆی ڕادەكێشێ.

گەڕانەوە بۆ ئێران
لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی خوێندوە.
ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێكەوە ژیانی ھاوبەش پێك دێنن، كە ئاكامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بە ناوەكانی “مەهتاب” و “ئارەزوو” دەبێ.

حەسەن زیرەك ماڵەكەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە “كانی مەلا ئەحمەد” چایخانەیەك دادەمەزرێنێ، دیارە شان بە شانی ئەو كارەش لە گۆرانی گوتن و كاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵكدا بەشداری دەكات و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەكات.

پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواكاتەكانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لە شاری شنۆ بە كار و كاسبی ژیان تێپەڕ دەكات.

لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی “شانۆی ھونەرەجوانەكان” لەگەڵ “سێوەخان” و “رەشۆڵ عەبدوڵڵا” لە شانۆكای «بووكی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری كردووە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە، كە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

گۆرانییەكان
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك، پشت بەستنی ئەو بە گۆرانی فۆلكلۆرییە، ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی كوردستان كەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لە خەڵكەكەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵس و كەتیان ئاشنا بووە.

ئەو گۆرانییانەی لە خەڵكەوە بیستوویەتی، فێر بووە، هەرچەند زیرەك زۆر گۆرانیشی هەیە كە ھەم ھەڵبەستەكەی و ھەم ئاھەنگەكەی ھی خۆیەتی، زیرەك لە شێعری كوردیش كەڵكی وەرگرتووە، لە ئەو شاعێرانە: نالی، وەفایی، سەید كامیل ئیمامی، كوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن، زیرەك بۆ وێنە شیعری “شەو”ی سەید كامیل ئیمامی كردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەك گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەك ھەڵبەستی كوردی تێكەڵاو كردوون.
“گویلدر” یەكێكە لەو گۆرانییانە، كە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی.

بەشێك لەگۆرانییەكانی
دیسان شەو هات، وەك قومری، لۆركێ، كەتانە، هەی نار، كابوكێ، لەیلا، كرماشان شاری شیرین، ئەمان دۆكتۆر، بۆ چ منت ناوێت، هۆ لەیلی، ماڵی بابم نەسرین، كەویار، ئەسمەر.
زیرەك زیاتر لە هەزار گۆرانی تۆماركراوی هەیە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان گۆرانییەكانی زیرەك خۆی لە زیاتر هەزار و 500 گۆرانی دەدات، بەڵام بەشێكیان تۆمار نەكراون، یان بەشێكیان هێشتا بڵاونەكراونەتەوە و لە ماڵاندا ماونەتەوە.

حەسەن زیرەك لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی كورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە “محەممەد ماملێ” ، “مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە”، “عوسمان بۆكانی” و “ئەحمەد شەماڵ”.

گۆرانی “ماڵی بابم بێ وەفا” یەكێك لەو گۆرانییانەیە، كە حەسەن زیرەك، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە، پێكەوە بە یارمەتی تیپی موسیقای كرماشان تۆماریان كردووە. “بەرھەڵبێنە” و “ھەوارە، گوڵم ھەوارە” دوو گۆرانی دیكەن، زیرەك و محەممەدی ماملێ پێكەوەیان گوتوویانن.

ژیانی ھونەری
لە ماوەی ژیانی ھونەری، زیرەك دەربەدەری زۆری چێشت، ماوەیەك لە شارەكانی ئێران و ماوەیەك لە عیراق، لە ڕۆژانی دەسپێكی ژیانی لە باشووری كوردستان لە شاری سلێمانی كاری دەكرد، ڕۆژێك بەدەم كارەوە لە ژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانیبە و دەنگی زیرەك ھەستی ڕێبوارێك دەبزوێنێ و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانكاری لە ژیانی زیرەك‌دا. بۆ ماوەیەك لە ڕادیۆ بەغدا كار دەكات و كاتێ لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی كوردی ڕادیۆ تاران دەست بەكار دەكات حەسەن زیرەك بۆ تاران بار دەكات و لەوێ درێژە بە كار دەدات. زۆربەی بەرھەماكانی حەسەن زیرەك لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەكانی مووسیقای ئێرانی وەك: حسەین یاحەقی، حەسەن كەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەك و ئەحمەد عیبادی بووە.

حەسەن زیرەك ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ‌بەش مابوو، بەڵام توانای بێ‌ وێنەی لە ھۆنینی شێعری كوردی و دانانی مۆسیقای كوردی ھەبوو، ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێ ‌وێنەی بووە ھۆی ئەوەی كە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك لە سەرانسەری كوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵك، ئێستاش لە شار و گوندەكانی كوردستان و لە ماڵی كوردەكان گوێ لە گۆرانییەكانی دەگیرێت.

حسەن زیرەك نە لە ئێران و نە لە عیراق ڕووی خۆشیی نەدی، ھەڵسووكەوتی حكوومەتی ئێران كێشەی زۆری بۆ درووست‌ كرد، بۆ نموونە دوای ماوەیەك ڕێگەیان نەدا بە ڕادیۆ تاران، ئەوە دڵی ناسكی زیرەكی ڕەنجاند و بڕیاری ‌دا نەگەڕێتەوە تاران، باری كرد بۆ عیراق بەڵام لە بەغدا دەست‌بەسەر كرا و لە بەندیخانە ئەشكەنجە درا.

خۆی دەگێڕێتەوە، كە لە بن‌ میچ ھەڵواسراوە و لێی‌دراوە، بۆیە دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی، لە ئێرانیش ساواك دەیگرێ و ئەشكەنجەی زۆری دەدەن، زیرەك لە شوێنێك چۆنییەتی ئەشكەنجەكان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەك یادگاری ماوەتەوە لێی.

حەسەن زیرەك لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ كرماشان كاری كردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەك موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەكبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەكی كاری كردووە و ئەو ھاوكارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا، كە وەك شاكارەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.

كۆچی دوایی
قەبری حەسەن زیرەك (چەپ) و قەبری قالەمەڕە (ڕاست) لە بۆكان، دوای ئەوەی نەخۆشییەك كە لە مێژ بوو حەسەن زیرەكی ئازار دەدا، لێی تووند كرد، چەند جار لە نەخۆشخانەكانی ورمێ و بۆكان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەكەی كە شێرپەنجە بوو، دەست بەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەك واز لە گۆرانی گوتن نەھێنا :
لە پڕدا پیریم لێ وەدەركەوتبەختیش وەكوو خۆم ھات و لێی خەوت
فتیلەی عومرم ھاتووەتە گزیھەر بینا ئەویش لە سووتان كەوت
ئەسپی تەبیعەت ھەروا خۆش ڕۆیەبەبێ ئاوزەنگی لە ڕەوت نەكەوت

سەرئەنجام نەخۆشی ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپەنجەی جەرگ لە زەوی دەدا و دوای ماوەیەكی زۆر لە جێگادا كەوتن لە ١٩٧٢ی زایینی دا لە نەخۆشخانەی شاری بۆكان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەكەی دەكات و چرای تەمەنی لە سووتان دەكەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لە ماتەمی بەجێ ھێشت.

لە سەر ویستی خۆی لە داوێنی كێوی ناڵەشكێنە، كە دەڕوانێتە بۆكان ئەسپاردەی دایكی نیشتمان دەكرێت.

مەرگی حەسەن زیرەك وەك بۆمبێك لە نێو كوردستاندا تەقییەوەو شەپۆلەكانی خەم و ماتەمی لە دەستچوونی لە سنوورەكانی كوردستان تێپەڕی، گۆڕەكەی بوو بە زیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی.

ساڵانەش لەم ڕۆژەدا یادی كۆچی دوایی حەسەن زیرەك لە كوردستان و دەرەوەی وڵات بە شێوازی جیاجیا دەكرێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە 26ی حوزەیرانی 2019 لەشاری سلێمانی و ناوچەكانی دیكە ڕێوڕەسمەكانی ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك دەستپێبكات.

پەیامنێری (خەڵك) لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند “لەشاری سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لەباخچەی سەرای سلێمانی لەكاتژمێر 6:30ی ئێوارەدا یادی حەسەن زیرەك دەكاتەوە، كە تێیدا كتێبێكی هەزارو 200 لاپەڕەیی لەبارەی حەسەن زیرەكەوە بڵاودەكرێتەوە و دواتر چەند گوتارێك پێشكەش دەكرێن لەوانە گوتاری هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و كارێكی مۆسیقی نوێش لەبارەی زیرەكەوە نمایش دەكرێت، دواتریش گۆرانیبێژان (ئیحسان زیرەك، لوقمان سەلیم، جەلیل محمود) گۆرانی حەسەن زیرەك دەڵێنەوە.

لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵەی هونەرە میلییەكان لەسەنتەری ڕۆشنبیری سەرا كاتژمێر 5 یادی حەسەن زیرەك دەكاتەوە، كە تێیدا گۆرانیبێژان (سیروان زیرەك، حوسێن خاڵدار و سیروان زیرەك) گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك دەڵێنەوە.

جەزای ساز سەرۆكی كۆمەڵەی هونەرە میللییەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێك یادی حەسەن زیرەك دەكەنەوە و ئەمساڵیش بەهەمانشێوە یادی ئەو هونەرمەندە گەورەیە بەرز ڕادەگرن.

باسی لەئەوەشكرد، ساڵانە لەسەر ئەركی خۆیان یادی حەسەن زیرەك دەكەنەوە و هیچ لایەنێك هاوكاری نەكردوون.

هاوكات عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە موزیسیانی ناسراوی كورد كارێكی نوێی هونەری بۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی بەنێوبانگی كورد حەسەن زیرەك ئامادەكرد.

 

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

(خەڵك) وردەكاری ناكۆكییەكانی نێو ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئاشكرا دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

حیزبەكانی ناوەندی هاوكاری كوردستانی ئێران لەگەڵ هاتنەپێشەوەی گرژییەكانی ئەمریكا و ئێران ‌و زۆربوونی خواستەكان بۆ یەكگرتوویی زۆرتر كەوتنە ناكۆكی قوڵ و لێكترازان لەنێوانیاندا ڕوویدا.
حیزبی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لەگەڵ دوو حیزبی دیموكرات و دوو حیزبی كۆمەڵە لە ناوەندەكەدا تووشی كێشەهات و لەناوەندەكە كشایەوە، بەوەش كۆتایی نەهات، خەریكبوو شەڕ لەنێوان پێشمەرگەی سازمان و دیموكراتەكاندا لە هەڵگورد هەڵبگیرسێت.

لەوبارەیەوە كامیل نورانی فەڕ ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ناوەندی هاوكاری یەكێك لەو حزبانە بووین لەسەرەتای دامەزراندنەوە بۆ ماوەی یەك ساڵ توانیمان پێكەوە كار بكەین، بەڵام بەداخەوە دوای یەك ساڵ بەهۆی پێشێلكردنی ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێكەوتبووین هەڵوێستمان وەرگرت و تاكلایەنە هاتینە دەرەوە.

دەشڵێت پێشێلكردنی خاڵی ڕێككەوتنەكان و كاركردن بەپێی زۆرینە و كەمینە سەریهەڵدا، لەكاتێكدا پێشتر دەبوو بە ڕێككەوتن بڕیارەكان بدرانایە، هەروەها ئێمە داوای ئەوەمان كرد ئەو ناوەندە سەرەتایەك بێت بۆ چوونەنێو بازنەیەكی گەورەتر بۆ پێكهینانی بەرەی كوردستانی، بەڵام ئەوەش پێشێلكرا، هەروەها ئێمە هەمیشە لەسەر پڕەنسیپێك پێداگیریمان كردووە، كە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ئێران نەكەین، كە بەداخەوە لایەنەكانی دیكە هیچ حسابیان بۆ ئەو پڕەنسیپە نەكرد، ئەو هۆكارانەش ئێمەی ناچار كرد ناوەندی هاوكاری جێبهێڵین”.

ناوبراو لە بەشێكی دیكەی هۆكارەكانی هاتنەدەرەوەیان لە ناوەندەكەدا، ئاشكرایكرد، ئەو ناوەندەی دروست بووە، بانگەشەی ئەوە دەكەین، حكومەتی ئێران بڕوخێت، بۆیە پێویستە باس لە ڕەتكردنەوەی هەر جۆرە دانوستاندنێك بكرێت، بەڵام ئەوان ڕەتیان كردەوە.

دەبوو ئێستا لایەنە كوردییەكان یەكگرتوو بوونایە، لەكاتێكدا ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە هەڵكشاندایە، نورانی فەڕ لەوبارەوە ڕایگەیاند، یەكبوونی نێوان لایەنەكان یەكێكە لەو خەونانەی ئاواتی بۆ دەخوازین، ناوەندی هاوكاری ئەزمونێكی نوێ بوو، جێگای هیوای خەڵكی ڕۆژهەڵات بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو پڕەنسیپانەی حیزبەكانی دیموكرات سەپاندیان بەسەر ناوەندی هاوكاریدا مەجالێك بۆ ئەوە نەبوو درێژە بە خەباتی هاوبەشی خۆمان لەگەڵ ئەو لایەنانە بدەین.

دەشڵێت “لە كۆتا پلنیۆمی خۆماندا داوامان كردووە بە بەشداری هەموو لایەنەكان و ئەوانەی دەرەوەی ناوەندی هاوكاریش هەبێت، هەوڵ بدەین بتوانین بەرەیەكی كوردستانی واتادار دروست بكەین”.

ئەمە لەكاتێكدایە لە دوو هەفتەی ڕابردوو هێزێكی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان لە چیای هەڵگورد گەمارۆی هێزێكی پێشمەرگەی سازمانیانداو خەرێكبوو تێكهەڵچوونی چەكداری ڕووبدات.

لەوبارەیەوە بابە شێخ حوسێنی سكرتێری گشتی سازمان لە هۆشدارینامەیەكدا داوای لە ڕێبەڕانی دیموكرات كردبوو ڕێبگرن لە هێرشكردنەسەر پێشمەرگەكانیان و لە هەر ڕووداوێك بەرپرسن.

لای خۆیەوە حەسەن كاكیلی بەرپرسی ناوەندی وەرگرتنی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ناوەندی هاوكاری ماوە كە لە هەردوو حزبی دیموكرات و هەردوو حزبی كۆمەڵە پێكهاتووە و پێشتریش سازمانی خەباتیشمان لەگەڵ بوو، بەڵام ئێستا چونەتە دەرەوە و بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەو ناوەندە ناكەن.

ئاشكراشیكرد، هۆكاری چوونە دەرەوەیان ئەوەیە كە سازمانی خەبات هێندەی لە موجاهیدینی خەلقی ئێرانەوە نزیكن هێندە لە حزبە كوردییەكانە و نزیك نین و هەڵوێستیان لەوانەوە نزیكترە.

كاكیلی لەبارەی گرژییەكانی نێوان پێشمەرگەكانی دیموكرات و سازمان لە چیای هەڵگورد، ڕایگەیاند، پێكدادان نەبووە كە لە ڕاگەیاندنەكان بە هەڵە بڵاوكرابووەوە.

ڕوونیشیكردەوە، چوار پێشمەرگەی سازمانی خەبات چووبوونە شاخ و ویستبوویان بارەگا دابنێن و حزبەكانی دیموكراتیش وتبوویان لەگەڵ بەرپرسەكان دانیشن و ڕێكبكەون با زۆر تێكەڵ نەبین، بەڵام شتەكە خراپ بڵاوكرابووەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

مورسی چۆن مرد و دواین قسەی لەبەردەم دادگا چی بوو؟

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕۆژنامەیەكی عەرەبی دواین ڕووداوەكانی كاتی دادگایی كردن و گیانلەدەستدانی محەمەد مورسی، سەرۆكی پێشووی میسر ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، مورسی بەهۆی ئەوەی چەندین زانیاری نهێنی لابووە داوای دروستكردنی دادگایەكی باڵای كردووە و و هەفتەی پێشووش چەند جارێك بێهۆش بووە و چارەسەر نەكراوە.

محەمەد موسی، لە 8ی ئابی 1951 لەدایك بووە و سەرۆكی پێنجەمی كۆماری عەرەبی میسر بوو، یەكەم سەرۆكی دوای شۆڕشی 25ی كانوونی دووەم (كە بە بەهاری عەرەبی ناسراوە) بووە و بە یەكەم سەرۆكی مەدەنی وڵاتەكەش دادەنرێت.

لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2012 توانی ڕێژەی 51.73%ی دەنگی بەشداربووان بەدەستبهێنێت و ماوەی سەرۆكایەتییەكەشی لە 30ی حوزەیرانی 2012وە دەستیپێكرد، بەڵام لە ساڵی دواتردا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی حوزەیرانی 2013 لەڕێی كودەتایەكی سەربازییەوە لەسەركارلابرا و بە تۆمەتی هەواڵدان بە لایەنە بیانییەكان و بڵاوكردنەوەی نهێنییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی زیندانی كرا تا دوێنێ‌ دوو شەممە 17ی حوزەیران لەكاتی بەڕێوەچوونی دادگایی كردنیدا گیانی لەدەستدا.

ماڵپەڕی (العربی الجدید) لە زاری پارێزەرەكانی محەمەد مورسی و سەرچاوەی دادوەرییەوە زانیاری دەربارەی دوایین قسەكانی مورسی بڵاوكردەوە، كە لەكاتی بەڕێوەچوونی دادگایی كردنەكەیدا كردوونی.

وەك ماڵپەڕە عەرەبییەكە لە زاری سەرچاوە دادوەرییەكان و پارێزەرەكانیەوە بڵاویكردۆتەوە، مورسی نزیكەی 10 خولەك قسەی كردووە، بە دادوەرەكانی ڕاگەیاندووە، لەسەر ئەو دەقەی بنەمای دەستوور، كە تایبەتە بە دادگایی كردنی سەرۆك كۆمار، دادگاییەكی تایبەتی بۆ ڕێكبخرێت، كە لەلایەن سەرۆكی دادگای باڵای دەستوورییەوە سەرۆكایەتی بكرێت، چونكە زانیاری و نهێنی مەترسیداری لایە و گونجاو نییە لەبەردەم دادگایەكی ئاساییدا ئاشكرایان بكات.

وتوشیەتی، زانیارییەكانی “بانكی نهێنیی گرنگن”، بەڵام نایەوێت پشێوی لە میسردا دروست بێت، بۆیە لەبەردەم دادگایەكی ئاساییدا ئاشكرایان ناكات.

سەرچاوەكان ئاشكرایان كردووە، ڕێگری كراوە لە چارەسەركردنی و دەسەڵاتدارانی میسر بەئەنقەست دەیانەوێت ڕووبەڕووی مەرگی بكەنەوە، چونكە وەك پارێزەرەكانی ڕایانگەیاندووە، “هەفتەی ڕابردوو چەند جارێك مورسی بێهۆش بووە و ڕێگەش نەدراوە چارەسەر بكرێت”.

وەك ماڵپەڕەكە بڵاویكردۆتەوە، پارێزەرەكەی محەمەد مورسی داواشی لە دادگا كردووە دادگایەكی تایبەت بۆ گوێ‌ گرتن لە مورسی ڕێكبخرێت بۆ گوێ‌ گرتن لە زانیارییەكانی، لەوكاتەشدا دادوەر توڕە بووە و مایكرۆفۆنەكەی كوژاندەوە و وتویەتی، “تۆ پارێزەری ئەویت و رێگەت دراوە قسە بكەیت، نەك ئەو باسی سیاسەت بكات”، بۆیە مورسی لەناو قەفەسی دادگاوە هاتە دەنگ و وتی، “دادوەری بەڕێز تۆ دەڵێیت بەسە قسەكردن لەسەر سیاسەت و قسەر لەسەر دۆسیەكە بكەن، باشە من بەرگری لە خۆم ناكەم، بەڵام كاتێك دادوەر شەعبان شامی ئیدانەی منی كرد لە دۆسیەكەدا خۆی وتی، شۆڕشی 30ی حوزەیران شۆڕشە، ئایا ئەوەش سیاسەتە؟”.

مورسی وتوشیەتی، “من لەم قەفەسەدا وەك كوێر وام، نە دادگا و نە دەستەی پارێزەران و تەنانەت ڕاگەیاندنەكان نابینم” و قسەكانیشی بە دێڕێك هۆنراوە كۆتایی پێ‌ دەهێنێت، كە دەڵێت: “بلادي وإن جارت عليَّ عزيزةٌ .. وأهلي وإن ضنّوا عليَّ كرام”.

ماڵپەڕەكە ئاشكراشی كردووە، سەرۆكی دادگا بڕیاری كۆتایی هاتنی دانیشتنەكەی دا و كاتێكیش، كە تۆمەتبارەكان دەكەونە جوڵە بۆ چوونە دەرەوە لە قەفەسی دادگایی كردنەكە، مورسی هەوڵیداوە بگەڕێتەوە و دابنیشێت، بەڵام بێهۆش بووە و كەوتووە و تۆمەتبارەكانی دیكەش هاواریان كردووە كە “سەرۆك مورسی بێهۆش بووە”، لەو كاتەشدا مستەفا غونەیمی، كە پزیشك بووە و بەهەمان شێوە تۆمەتبار بووە لەناو قەفەسی دادگا بووە گەیشتۆتە لای مورسی و جەختیكردۆتەوە، كە دڵی بەیەكجاری لە لێدان كەوتووە.

وەك ماڵپەڕەكە ئاماژەی پێ‌ كردووە، دادگا كۆتایی بە دادگاییەكە هێناوە و دەستەی پارێزەران و هاووڵاتیانی لە هۆڵی دادگا كردۆتە دەرەوە و دوای ئەوەی پزیشكەكەی ناو دادگا نەیتوانیوە چارەسەری بۆ بكات بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بردویانە بۆ نەخۆشخانە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە خێزانی مورسی بۆ ماڵپەڕەكە وتویەتی، كاتژمێرەكانی دوای دادگایی كردنەكە زۆر قورس دەڕۆیشتن و چەندین پەیوەندیمان پێوەكرا بۆ بەخاكپساردن و كێ‌ ئامادەبێت، دەزگاكانی دەوڵەت تەنانەت ئامادەنەبوون تەرمەكەی بدەنەوە بە كەسوكاری بۆ ئەوەی لە گۆڕستانی خێزانەكەی لە گوندی (عدوە) لە پارێزگای شەرقیە بەخاكبسپێردرێت، بۆیە داوا لە خێزانەكەی كرا شوێنێكی دیكە دیاری بكەن و بەهۆیەوە پێشنیار كرا لە گۆڕستانی ڕێبەرانی پێشوو لە گۆڕستانی (وەفا و ئەمەل) لە شاری نەسر بەخاك بسپێردرێت.

وتوشیەتی، “ئەوانەی لە شۆردن و كفن و دفن و بەخاكسپاردنی مورسی بەشداربوون تەنها 13 كەس بوون”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان