چەكەكانی ڕۆژئاوا كارەساتی مرۆیی دروستدەكەن



هۆشداری لەمەترسیداری قۆناغیی نوێی جەنگی ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆكراین دەدرێت

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانكراوەكانی ڕووسیا لە ساڵی دووەمدا و لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەهار، ژمارەیەك لە هاوپەیمانەكانی ئۆكراین لەناتۆ بۆ یەكەمجار نیازی خۆیان بۆ دابینكردنی چەكی قورس و پێشكەوتوو لەوانە ئۆتۆمبێلی شەڕكەری نوێ و تانكی دروستكراوی ڕۆژئاوا بۆ كیێڤ ڕاگەیاند.

ئەم هەنگاوە تووڕەیی بەرفراوانی ڕووسیای لێكەوتەوە، دووپاتیكردەوە، ناردنی تانك و ئۆتۆمبێلی شەڕكەر بۆ ئۆكراین یارمەتی كیێڤ نادات بۆ گۆڕینی دۆخی بەرەكانی شەڕ، بەڵام ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنەكان.

بەڕای شارەزایان ئەم هەنگاوە دەبێتەهۆی زیادبوونی زیانە مرۆییەكان و كارەساتی جەنگ، بەتایبەتی لەنێو خەڵكی مەدەنیدا، ژمارەی دانیشتوان زیاتر دەبنە قوربانی، وێرانكاری زیاتر لەنێو شار و شارۆچكەكاندا ڕوو دەدات، ئاستی شەڕ و پێكدادانەكان چڕتر دەكاتەوە.

ڕیشی سوناك، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەریتانیا تانكی “Challenger 2” بۆ ئۆكراین دابیندەكات، ئەمەش لە پێشكەوتنێكی چۆنایەتیدایە، چونكە یەكەمجارە كیێڤ تانكی دروستكراوی ڕۆژئاوا وەربگرێت.

حكومەتی بەریتانیا بەڵێنیدا تانكی چالنجەر ٢ و هەروەها سیستەمی تۆپخانەی زیادە بۆ كیێڤ بنێرێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە لەندەن بڕیاریداوە پشتگیرییەكانی بۆ ئۆكراین چڕتر دەكاتەوە.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراین سوپاسی بەریتانیای كرد كە ئەم بڕیارەی داوە و دەڵێت: نەك تەنها لە بەرەكانی شەڕدا بەهێزمان دەكات، بەڵكو ئاماژەی دروستیش بۆ هاوبەشەكانی دیكە دەنێرێت.

ئەمریكا و ئەڵمانیا ناردنی ئۆتۆمبێلی شەڕكەری برادلی و ئۆتۆمبێلی پیادەی ماردەری ئەڵمانییان ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ئاماری سووپای ئەمریكا، ئەو ئۆتۆمبێلە شەڕكەرەی ئەمریكا، تۆپی ناوەند و دۆشكە و مووشەكی كونكەری زرێپۆشی لەسەر هەیە، هەروەها دەتوانێت وەك زرێپۆشێكی هەڵگری سەرنشینیش كاربكات.

ئەڵمانیا ڕایگەیاند، نزیكەی ١٠٠ زرێپۆشی ماردەر كە نۆژەنكراونەتەوە بۆ كیێڤ دەنێرێت.

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا ڕایگەیاند وڵاتەكەی “تانكی شەڕ”ی سووك MX-10RC ڕادەستی ئۆكراین دەكات.
لە كاردانەوەی پڕچەككردنی ئۆكراین لەلایەن ناتۆوە، ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، لە وەڵامی بڕیارەكەی لەندەن بۆ پڕچەككردنی كیێڤ، ڕووسیا جەیمس كلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و هەروەها پاتریك ساندەرز سەرۆكی ئەركانی گشتیی هێزەكانی بەریتانیای خستە لیستی سزای ڕووسیا كە ٣٦ كەسن.

زاخارۆڤا ڕایگەیاند “بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی ڕێبازی دژە ڕووسیا لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە، بڕیار دراوە بۆ زیادكردنی ژمارەیەك ئەندامی كابینەی حكومەتی بەریتانیا و نوێنەری دەزگا ئەمنییەكان و ڕۆژنامەنووسان بۆ لیستی ڕەشی ڕووسیا”.

لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەریتانیا ڕایگەیاند، دابینكردنی تانكی “چالنجەری 2″ بۆ ئۆكراین تەنها یارمەتی دەدات بۆ چڕكردنەوەی پێكدادانەكان لە بەرەكانی شەڕدا”.

ناردنی تانك بۆ كیێڤ یارمەتی ئۆكراین نادات كە بارودۆخی بەرەكانی شەڕ بگۆڕێت، بەڵام ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنەكان، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی زیانە مرۆییەكان، بەتایبەتی لەنێو دانیشتوانی مەدەنیدا.

لەبارەی كاریگەری ئۆتۆمبێل و تانكەكانی ڕۆژئاوا لە بەرەكانی جەنگدا، لیۆن ڕادسیۆسینی، شرۆڤەكاری سیاسی بە سكای نیوزی ڕاگەیاند؛ “ئەم هاوكارییە سەربازییە گوزراشت لە پەیامی بەهێزی پشتیوانی ڕۆژئاوایی و هەنگاوێكی بێ وێنە بۆ كیێڤ دەكات، لە كاتێكدا لە ڕابردوودا پڕچەككردنی ئۆكراینیان بە چەكی ڕۆژئاوایی لە ترسی تووڕەبوونی ڕووسیا دواخستبوو.

پشتیوانی ڕۆژئاوا لە ترسی هێرشی چاوەڕوانكراوی ڕووسیایە، كە چاوەڕێدەكرێت لە ساڵی دووهەمی شەڕ و لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهار دەستپێبكات، كە ئێستا لەناوچەی دۆنباس و شارۆچكەی سۆلیدا و شاری باخمووت كەمێك هاوكێشەی شەڕ لە بەرژەوەندی ڕووسیا گۆڕاوە.

ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت “ئۆتۆمبێلە شەڕكەرەكان ڕێگە بە هێزەكان دەدەن بە خێرایی بتوانن بەسەر بەرەكانی شەڕدا بجوڵێن و دابەشببن، ئەمەش وادەكات، بۆ هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێكی هێرشبەری ئۆكراین لە دژی هێزەكانی ڕووسیا ڕۆڵی گرنگ ببینن، هەروەها توانای كیێڤ بۆ مانۆڕكردن لە هەموو بارودۆخ و شوێنێك لە ڕووی مەیدانییەوە بەرز دەكاتەوە”.

دەشڵێت “گۆڕانكاریی ڕۆژئاوا لە جۆری ئەو چەكانەی دابین دەكرێن، زیادبوونی متمانەیە بە توانای ئۆكراین بۆ تێگەیشتن لە تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو و هەروەها پابەندبوونیان بە سنوورداركردنی بەكارهێنانی چەك دەردەخات، ئەمەش وایكرد ڕۆژئاوا سیستمی خاوەن توانای فراوانتر بنێرن”.

پاكێجی یارمەتییەكانی ڕۆژئاوا تواناكانی ئۆكراین زۆر بەرز دەكاتەوە و ئەگەر بە ژمارەیەكی پێویست پێشكەش بكرێت، دەتوانێت یەكلاكەرەوە بێت.

قائیمقامی پێنجوێن گەڕایەوە سەر كارەكەی
پێشت قائیمقامی پێنجوێن گەڕایەوە سەر كارەكەی
كوردێك بووە سەرۆكی كانتۆنێكی سویسڕا
دواتر كوردێك بووە سەرۆكی كانتۆنێكی سویسڕا
ەیوەندیدار