پەیوەندیی سوێد و توركیا ئاڵۆزتر دەبێت


چالاكییەكی كوردان لە ستۆكهۆڵم دژی ئەردۆغان توركیا تووڕە دەكات

تادێت پەیوەندییەكانی توركیا و سوێد ئاڵۆزتر دەبن، ئەنقەرە بانگێشتی باڵیۆزی سوێدی كرد بۆ پێدانی یاداشتێكی تووندی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر چالاكییەكانی پەكەكە لە سوێد، ئەوە یەكەم كاردانەوەی توركیایە بەرامبەر لێدوانی سەرۆك وەزیرانی سوێد كە ڕایگەیاندبوو چیدیكە داواكارییەكانی توركیا جێبەجێناكەن تایبەت بە ڕێككەوتنەكەی نێوانیان.

باڵیۆزی سوێد لە ئەنقەرە، ستافان هێرسترۆم بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كرا و ناڕەزایەتیی توركیای سەبارەت بە چالاكییەكی كوردانی سوێد لەستۆكهۆڵمی پایتەخت پێگەیەندرا كە توركیا دەڵێت دژی ئەردۆغان كراوە.

مێدیای توركیا بڵاویكردەوە، ئەنقەرە بە باڵیۆزی سوێدی ڕاگەیاندووە، رێگە بەو كردەوانە نەدەن كە پێشێلكارییەكی ئاشكرای پابەندبوونی سوێدە بە ڕێككەوتنی توركیا و سوێد تایبەت بە ڕازیبوونی توركیا بۆ چوونی سوێد بۆ ناتۆ.

هاوكات توركیا ڕایگەیاندووە چالاكییەكانی پەكەكە لە سوێد هەڕەشەبوون بۆ سەر توركیا و دەبێت تۆمەتبار سزا بدرێن.

لە شاری ستۆكهۆڵم پایتەختی سوێد كوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، گردبوونەوەیەكیان سازدابوو، لەوێ پەیكەری ڕەجەب ئەردۆغانیان دروستكردبوو و بە ستوونێكدا هەڵیانواسیبوو و تۆمارەكەیان لە سۆشیال مێدیا بڵاوكردبووەوە، ئەوەش ئەنقەرەی نیگەرانكردووە.

چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆلڤ كریستیرسۆن سەرۆكوەزیرانی سوێد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چیدیكە ئێمە پابەندی ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ توركیا بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ نابین، داواكارییەكانی توركیا جێبەجێناكەین و پێیانەوە پابەند نابین.

ڕاشیگەیاند، توركیا هەر ڕۆژە، داواكاریێكی نوێی هەیە، بۆیە ئێمە هیچ داواكارییەكی دیكەی توركیا جێبەجێناكەین، داواكارییەكانی پێشووشیان جێبەجێكراون، خۆ ناكرێت یاساكانی خۆمان پێشێلبكەین.

ئەم لێدوانە كاردانەوەیەكی گەورەی سوێدە لە دوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە 7ی 11ی 2022 كە یەكەم سەردانی كاربەدەستێكی باڵای سوێدی بوو بۆ ئەنقەرە لەسەر بانگێشتی ئەردۆغان لە ساڵی 2009وە.

هەردوو سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆك وەزیرانی سوێد لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا دووپاتیانكردەوە لە جێبەجێكرانی ڕێككەوتنی نێوانیان دەربارەی بوونە ئەندامی سوێد لە ناتۆ.

بەپێی زانیارییەكان، ئێستا خاڵی ناكۆكی ئەنقەرە و ستۆكهۆڵم لەسەر لیستی داواكراوانە كه ئەنقەرە داوای ڕادەستكردنەوەیان دەكات، بەڵام سوێد ڕەتیدەكاتەوە.

بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان توركیا و سوێددا كراوە چالاكوانێكی كوردی دانیشتووی سوێد ڕادەستی توركیا كرایەوە.

مەحمود تات چالاكوانی كورد لە ساڵی ٢٠١٥ لەشاری دێرسیمی باكووری كوردستان بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەكەكە، سزای شەش ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا‌و لە سۆید داوای پەنابەری كرد و لەوێ نیشتەجێبوو، لە ٢٢ی 11 2022 پۆلیسی سوێد دەستگیریكرد و لە 2ی 12ی 2022 بە فڕۆكەیەك بۆ توركیای ناردەوە و ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا و دوای لێكۆڵینەوە بۆ زیندان گوازرایەوە.

سوێد و فێنلاند ڕێككەوتنیان لەگەڵ توركیا كردووە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەنقەرە كە زۆرینەیان پێوەندییان بەكوردەوە هەیە، لەبەرامبەر قایلبوون بە چوونی ئەو دوو وڵاتە بۆ نێو ناتۆ.

ناتۆ هاوپەیمانییەكی سەربازییە كە لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی سۆڤێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم.

لە پەیمانی هاوپەیمانیدا هاتووە كە هەموو وڵاتانی ئەندام (لە ئێستادا ٣٠ وڵات) دەبێت بۆ هاتنی هەر ئەندامێكی نوێ ڕازیبن، بەڵام توركیا دژایەتی خۆی بۆ چوونی سوێد و فێنلاند بۆ نێو هاوپەیمانی ناتۆ ڕاگەیاند بە پاساوی پشتیوانی كورد بەتایبەت ڕۆژئاوای كوردستان.

ڕێككەوتنەكەی سوێد و توركیا كە لەناوخۆی سوێدیش ناڕەزایەتی لەدژی حكومەت دروستكرد، وەك مەترسییەك بۆ كورد لێكدرایەوە بەتایبەت ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەو پێشهاتانەی ئێستا بە دەستكەوتێك بۆ كورد هەژماردەكرێن.

فوئاد ئۆكتای جێگری سەرۆك كۆماری توركیا بۆ كەناڵی ئای هەبەری توركی ڕایگەیاند نابێت سوێد چاوەڕێی ڕەزامەندی توركیا بێت بوون بە ئەندامی ناتۆ.

ئۆكتای دەڵێت سوێد پابەندی رێككەوتنی سێقۆڵی توركیا و سوێد و فێنلاند نەبووە و داواكراوەكان ڕادەست ناكاتەوە، بەناوی دیموكراسیشەوە چالاكی لە دژی توركیا لە وڵاتی سوێددا ساز دەكرێن.

ز..ز

 

قۆناغێكی نوێ لە شەڕی ئۆكراین دەستپێدەكات
پێشت قۆناغێكی نوێ لە شەڕی ئۆكراین دەستپێدەكات
سەدرییەكا نوێژی ملیۆنییان ئەنجامدا
دواتر سەدرییەكا نوێژی ملیۆنییان ئەنجامدا
پەیوەندیدار