ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

لای خەڵكی وا باوە كە ئینگلیز خوێنساردن

عەبدولكەریم شێخانی

لای خەڵكی وا باوە كە ئینگلیز خوێنساردن ، یان وەكو دەڵێن كتێب بۆ ئاخیری دەگرنەوە

زۆر جار كە باسی خۆڕاگری و هەڵنەچوون دەكرێ ، خەڵك دەڵین فڵان كەس زۆر خوێنساردە دەڵێی ئینگلیزە، ئینگلیز زۆر سیفەتی دیكەیان هەیە كە بوونەتە مایەی قوڕبەسەری بۆ گەلێك میللەتی ئەم دنیایە و یەكێك لەوانە خوێنساردییەكەیانە . لێرەدا دوو رووداو بۆ ئازیزانم دەگێڕمەوە كە هەردووكیانم حوێندۆتەوە ئینجا تا چەند ڕاستن یان درۆن، ئەوە ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسەی گێڕاویەتیەوە وەكو دەڵێن ئەو كەسەی قسەی كوفر بگێڕێتەوە كافر نابێ، هەروەها ئەوەش دەڵێن كەفەڕەنسەیی وەك ئینگلیزان نین و تووڕە و كەللەڕەقن و قیسكە تەنگ و كەم جیكڵدانەن و وەكو ئینگلیز پشوو درێژ نین.

جارێكیان ئینگلیزێك و فەڕەنسەییەك ئۆتۆموبیلیان دەڕانی (لێ دەخوڕی) بە ئاڕاستەی پێچەوانەی یەكتر، لە ڕێگایەكی تەنگەبەردا ڕوو بەڕووی یەكتر بوونەوە كە دەرفەتی تێپەڕینیان نەبوو و دەبوایە یەكێكیان بكشێتەوە تا ئەوی دیكەیان تێپەڕێ، بەڵام شتاقیان نەكشانەوە و بەرانبەر یەك ڕاوەستان .
فەڕەنسەییەكە كتێبێكی دەرهێناو دەستی كرد بە خوێندنەوە.
ئینگلیزەكە ڕووی تێ كرد و گوتی : تكایە ئەگەر تەواوت كرد بیدە بە من با منیش بیخوێنمەوە .
ئەوەی دووەمیان دەڵێ :لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، كاتێك كە بەرداشی ئەو جەنگە نزیكەی هەموو ئەوروپای دەهاڕی و هیتلەر باڵادەست بوو و فەڕەنسای داگیر كردبوو و ئاغاو سەرۆكی ئەوروپا هەر خۆی بوو و مۆسۆلینیشی خستبووە بن هەنگڵی خۆی و نازی و فاشی پێكەوە لەگەڵ نیمچە هیتلەرەكانی دیكەی وەك فڕانكۆی ئیسپانیای لەخوێنوەرداو، دەیویست هەموو جیهان داگیر كات ببێتە گەورەی بێ ڕكابەر، بۆمبارانی شارەكانی بەریتانیا بە تایبەتی لەندەنی پایتەخت بەردەوام بوو .
هیتلەر و مۆسۆلینی هەردووكیان لە پاریس بوون، داوای لە چەرچلی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كرد كە بە نهێنی پێكەوە كۆبنەوە و باس لە كۆتایی پێ هێنانی جەنگ بكەن .
چەرچل داواكەی هیتلەری پەژراند و چوو بۆ پاریس و لە كۆشكی ( ڤۆنتیبنلو) لە سەر حەوزێكی گەورەی جوانی پڕ لە ماسی دانیشتبوون، لە كۆبوونەوەكەدا هیتلەر بە لە خۆبایی بوونەوە بە چەرچلی گوت : ئێوە هەر لە ئێستاوە دۆڕاون وشكستتان هێناوە و وا چاكە خۆتان بدەن بە دەستەوە، چونكە هەر چوار دەورتان گیراوە و هیچ ماوە و دەرفەتێكتان بۆ نەماوەتەوە و وا باشە چەكی خۆبەدەستەوەدان واژۆ بكەیت و لێرەدا هیتلەر كاغەزێكی دەرهێناو گوتی : ها ئەمە واژۆ بكەو خۆ بەدەستەوەدانی خۆتان ڕابگەینە، دەنا خراپترتان بەسەر دێنین .
چەرچل پێكەنی و گوتی : ئیمە نەدۆڕاوین و ناشدۆڕێین، لە ئەنجامدا هەر ئێمە سەردەكەوین .
هیتلەر گوتی : سەركەوتنی چی، ئیمە هیچمان بۆ نەهێشتوونەتەوە و كونە مشكمان لێ كردوون بە قەیسەری .
چەرچل گوتی : كۆتاییەكەی سەیر كە، كتێب بۆ ئاخیری گیراوەتەوە .
باشە مادامەكی تۆ ئەوەندە بە توانای دە ماسییەكم لەم حەوزە بۆ بگرە .
هیتلەر دەمانچەكەی هەڵكێشاو تەقەی لە ماسییەك كرد، بەڵام لێی نەداو بە مۆسۆلینی گوت : ئادەی مۆسۆ بڕۆ ماسییەك بگرە.
مۆسۆلینی خۆی فڕێ دایە ناو حەوزەكەو زۆری هەوڵ دا، بەڵام هیچ ماسییەكی بۆ نەگیرا .
ئینجا هیتلەر بە چەرچلی گوت : دە تۆ ماسییەك بگرە .
چەرچل دەستی دایە كەوچكی چای نێو پیاڵەكەی و لە قەراغی حەوزەكە لەسەر چینچكان دانیشت و بە كەوچكەكە دەستی كرد بە ئاو دەردان لە حەوزەكە.

هیتلەربە سەرسوڕمانەوە گوتی : ئەوە چی دەكەی ؟
چەرچل گوتی : ئەی نابینی؟ ئیمە پەلەمان نییە، بەم كەوچكە ئاوەكە دەردەدەم هەتا بە تەواوەتی حەوزەكە وشك دەكەم و ئەوسا هەموو ماسییەكان دەگرم .

وتار

یاسای وەبەرهێنان لە نێوان گرنگیدان بە وەبەرهێنی خۆماڵی و بیانیدا

پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح

نکووڵی لەوە ناکرێت هەرێمی کوردستان گەشەسەندنێکی ئابووری بەر چاوی بەخۆیەوە بینیوە،بە تایبەت لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە.هەرچەندە لەگەڵ دەست درێژی داعش بۆ سەرهەرێم و بوونی کێشەی سیاسی نێوخۆیی ولەلایەک و لەگەڵ عێراق لەلایەکیتر،کە لە ئەنجامدا قەیرانی دارایی بەرۆکی گرتین و کاری وەبەرهێنان بەرزی و نزمی بەخۆیەوەبینی.بەڵام هێشتا هەر لەکاتی بوونی ڕژێمی بەعس باشترە.هەرلەم ڕوانگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سودی لەو کرانەوە گەورەیە وەرگرتووە لە پەیوەند یەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئەو مەودا بەرفراوانە لە چالاکی ئابوری، کە بۆ خۆی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بەرەو کوردستان. بەڵام لە بەرامبەردا وەبەرهێنانی خۆماڵی لە چاو وەبەرهێنی بیانی کەمتر گرنگی پێدراوە و بەڵکوپشتگوێ خراوە.! کە لە درێژەی بابەتەکەماندا باسی لێوەدەکەین.

بۆ ئاسانترکردنی ئەم گەشەسەندنە زیاتر بەڕووی وەبەرهێنانی بیانیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە تێپەڕاندنی چەند یاسایەک، لە نێوانیاندا یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز، کە ئەمەش رێگا بۆ کەرتی تایبەت خۆش دەکات تا ببێتە بزوێنەری ئابووری بازاڕی ئازاد.

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2006 دا هەستا بە دەرکردنی یاسایەک کە ڕێگا بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان خۆش دەکات. یاساکە تەنانەت ڕێگا بە کەسی بیانی دەدات ببێت بە خاوەن موڵک، ماوەی 10 ساڵ بەبێ باج کاربکات، وە بە شێوەیەکی ئاسان کار بە دەستمایەو قانزانجەکانەوە بکات کە لە پرۆژەکان دەستی دەکەوێت.

وەبەرهێنەری بیانی مافی ئەوەی هەیە کە بە پێ ی ویستی خۆی شەریکی هەبێت یان نا. کەسی وەبەرهێنەری بیانی مافی ئەوەی هەیە کە کرێکاری بیانی بهێنێت و کرێکارەکانیش مافی ئەوەیان هەیە کە ئەو پارەیەی دەستیاندەکەوێت هەواڵەی ووڵاتەکانی خۆیانی بکەن. وەبەرهێنەری عێراقی و بیانی مافی ئەوەیان هەیە کە سودەکانیان هەواڵەی ووڵاتانی خۆیان یان ووڵاتانی دیکە بکەن.

بڕگەی کارئاسانیەکان لە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

لە پاش دەرچوونی یاساکە لە پەرلەمانەوە، حکومەت هەستا بە دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان بە مەبەستی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی وەبەرهێنان.

ئەم یاسایە بە بەراورد بە یاسای ووڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارئاسانیەکی زۆر بە وەبەرهێنەرانی بیانی پێشکەشدەکات، هەندێک لە تایبەتمەندیەکان بریتین لە:-

  • ڕەفتار لەگەڵ وەبەرهێن و سەرمایەی بیانی وەک وەبەرهێن و سەرمایەی نیشتمانی دەکرێت (مادەی سێیەم).
  • وەبەرهێنی بیانی بۆی هەیە هەموو سەرمایەی ئەو پرۆژەیەی بەناوەوە بێت کە لە کوردستان دایدەمەزرێنێت (مادەی سێیەم).
  • حکومەت بەبێ بەرامبەر، یان بەرامبەر پارەیەکی کەم زەوی بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان فەراهە دەکات کە بەپێ ی رێنماییەکان بێت (مادەی چوارەم).
  • وەبەرهێنەر بۆی هەیە سوود و قازانجی سەرمایەکەی بۆ دەرەوە بنێرێت (مادەی حەوتەم).
  • وەبەرهێنەری بیانی و نیشتمانی بۆیان هەیە بە شێوەیەکی یەکسان ببنە خاوەن زەوی یان زەوی بەمەبەستی پرۆژەی وەبەرهێنان بکڕن(مادەی چوارەم).
  • وەبەرهێنەر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باج و ڕەسمە ناگومرگیەکان دەبوردرێت لە رۆژی دەستپێکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان، یان بەرهەمهێنان. کەرەستەکانی پێویست بۆ پرۆژەکە لە ڕەسم و باجەکان دەبوردرێن (مادەی پێنجەم ).

دەبینین لە یاساکەدا گرنگیەکی زۆر دراوە بە وەبەرهێنانی بیانی کەله‌ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیای بیانی له‌هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كۆمپانیای خۆماڵی بوونیان هه‌یه‌و ئه‌وانیش كارده‌كه‌ن، به‌شێك له‌ ئابوریناسان پێیان وایه‌ كه‌ بوونی كۆمپانیای بیانی له‌هه‌رێم كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆسه‌ر ئابوری هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ڵام به‌شێكی تر پێیان وایه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆسه‌ر ئابوری هه‌رێم ده‌بێت له‌رووی ده‌سته‌به‌رنه‌كردنی ده‌ستی كاری ناوخۆو هێنانی ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتوو له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیا بیانییانه‌وه‌. وەک پێویست گرنگی بە وەبەرهێنانی خۆماڵی نەدراوە،کەهەردووک وەک یەک گرنگیان بۆ بوژانەوەی ئابووری هەرێم بە گرنگ و پێویست دادەنرێن.

بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی بەهێزکردنی ئابووری ووڵات گرنگیدانە بە ڕاگرتنی باڵانسی  هەردوو وەبەرهێنەکە واتە بیانی و خۆماڵی، بەڕەچاوکردنی پردی متمانە بەتایبەت بەرانبەر بە وەبەرهێنی خۆماڵی،بۆ ئەوەی بەبێ ترس سەرمایەکەیان بەگەر بخەن،یاخود پارە کەڵەکە بوەکانیان نەنێرنە دەرەوەی ووڵات بەڵکو بە پێچەوانەوە بتوانن لە نێو خۆی ووڵات وەگەڕیخەن وسودو قازانجەکەی بۆ گەشەسەندن و بوژاندنەوەی ئابووری ووڵات بەکار بهێنن،نمونەی زۆریشمان هەیە کە وەبەرهێنی خۆماڵی کاری زۆرباش و خزمەتێکی بەرچاوی نیشتیمانیان کردووە،کەهەم سوودوقازانجی بەرچاویان کردووە هەم بەرەو پێشچوونی بەرچاوو دیارە لە ئاوەدانکردنەوەی سەرخانی ئابووری ووڵات بە جوانی دەبینرێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئەگەر ڕێکنەکەوین چی بکەین؟

مەجید ساڵح

1
گومان لەوەدا نییە لەم هەلومەرجەدا چارەنووسی یەکێتی و پارتی هەر ڕێکەوتنە، سازشێک لەم یان ئەو هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێ، چونکە بەدیلی ڕێکنەکەوتنیان یان دوو ئیدارەییە، یاخود هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆیە.

پێم وا نییە ئاوەزای سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوریی و سیاسییەکانی زۆرێک لەسەرکردە و بنەماڵەکانیان ڕێگەیان پێ بدات یەکێک لەو دوو بژاردەیە هەڵبژێرن. جگەلەوە هەلومەرجی ناوچەکە و بەرژەوەندی وڵاتان دەرودراوسێ لە ئێستادا لە گەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی دیکەدا ناگونجێ..بۆیە ئەگەری ڕێکەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆرترە یان ڕێکنەکەوتن.

2
یەکێک لە دەردە دێرینەکانی کورد ئەوەیە کە دایم (دوودڵن پیسن لە گەڵ یەک شێت و شەیدای عانە)ن، ڕۆشنبیرەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم هەموویان ڕایان لە گەڵ ئەو بۆچوونەی فایەق بێکەس بووە، بۆیە لە شیعر و نووسینەکانیاندا هەوڵیان داوە ئەو کرمی دوو دڵی و پیسی و ناکۆکییە لە ناو کۆمەڵگای کوردی دەربهێنن بۆ ئەوەی پێکەوە داری ئازادی ئاو بدەن.

ئەوان خۆیان پشتیان لە عانە کرد و بەڕووتی و ڕەجاڵی ژیان تەنها بۆ ئەوەی قسەیەکیان هەبێ لە ناو کۆمەڵگادا کاریگەر بێ. بەداخەوە لەم سەردەمەدا هەندێ لە ڕۆشنبیران بە نووسین و قسەکانیان کۆمەڵگای کوردی کرمەژەن دەکەن و دوودڵی و ناکۆکی دروست دەکەن. زۆرێک لەوانە لەکاتی ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتیدا هیچیان نەوت و کاتێکیش یەکێتی عیبرەتی وەرنەگرت و ڕێکەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد، نوزەیان لێوە نەهات.. کەچی ئێستا زمانیان پژاوە و دژی ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتین، کە لەدژی هیچ لایەنێک نییە و بەنهینی نەکراوە و خاڵەکانی هەمووی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە.
ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا دەگەڕێ و خاڵەناکۆکەکان دەستنیشان دەکات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.. نەک زەقکردنەوەیان ..
3
کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگای کوردی ئەوەیە پارتی و یەکێتی عیبرەت لەمێژوو وەرناگرن و تا ئێستاش خۆیان بە حزبی قائید و پێشڕەو دەزانن. ئەم بیرکردنەوەیە بە تایبەتی پارتی زۆر زەقە، پارتی پێی وایە دەتوانێ لە دهۆکەوە ئیدارەی سەرەتاسەری کوردستان بکات. درێژەدان بەم بیرکردنەوەیە وای کردوە هیچ کات سەقامگیری لە کوردستاندا دروست نەبێ. پارتی دەبێ بزانێ لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردستان دەیان ڕەوت و بیرکردنەوەی جیاجیای تێدایە و بەشی زۆریشیان ناکوکی قووڵیان لە گەڵ عەقڵییەتی ئەواندا هەیە، ئەمەش وای کردوە بەگومانەوە تەماشای هەر رێکەوتنێک لە گەڵ ئەوپارتەدا بکرێ.. ئەگەر پارتی بەڕاستیەتی دەیەوێت کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیرمان هەبێ، پێوسیتە لەوە تێبگات بەتەنها کوردستانی بۆبەڕێوە نابرێ.. دەبێ لەگەڵ (گۆڕان)دا بەڵێنەکانی بباتە سەر و خاڵەکانی ڕێکەوتننامەکەیان جێبەجێ بکات، لەوەش گرنگتر دەبێ سازش بۆ (یەکێتی)یش بکات و لە پێناوی پوست و پلە و پایەی بۆ ئەم و ئەو، قەزیە گەورەکە کە کوردستانە نەدا بەفەتارەتدا..
بەدیلی ڕێکنەکەوتن چییە؟ مەرج نییە شەڕ بێ، بەڵام لەشەڕ خراپتر هێشتنەوەی دۆخەکەیە وەک خۆی. ئەزموونی چەندین ساڵەی کوردستان پێمان دەڵێ ڕێکەوتن لەگەڵ یەکتری لانی کەم خوێنی تێدا ناڕژێت و جۆرێک لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

چیتر دوای باغۆز؟

یاسین تەها

دوا هەواڵەكانی سوریا باس لەوە دەكەن كۆتا بنكەی دەسەڵاتی داعش لە شارەدێی “باغۆز” رادەستی هاوپەیمانان و هێزەكانی “سوریای دیموكرات” كراوە، بەم پێیەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ وادەی ئاهەنگی راگەیاندنی كۆتایی دەسەڵاتەكەی داعشدا لەچاوەڕوانیدایە.

جیاواز لەم چاوەڕوانییەش كە زیاتر دەسكەوتێكی تڕەمپییە، وێنەكە لە پشت پەردە جۆرێكیترەو دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل كە بە “ئەمان” ناسراوە دەڵێت: داعش نەك تێك نەشكاوە، بەڵكە ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ سروشتی بنەڕەتیی خۆی كە كاركردنە وەك گروپێكی شاراوەی تۆقێنەری خوێناوی. زۆر سەرچاوەیتریش ناوی ئەم قۆناغەیان ناوە “گورگە تاكەكان” كە ئاماژەیە بۆ قۆناغی پاش دەوڵەت.

سەرچاوە ئیسرائیلییەكان باسیان لەوە كردووە داعش لەجیهاندا 150_200 هەزار چالاك و كادری جۆراوجۆری هەیە، لەپاش كۆنترۆڵكردنی بنكەو بارەگاكانیشی لە عێراق و سوریا، ئێستا ناوچەی بیابانی نێوان هەردوو وڵات بەكاردەهێنێت، ئەم ناوچەیەش “بادیەی شام” لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی رژێمی سوریادایەو زیاتر لە نیمچە دوورگەی “سەینا”ی میسر دەچێت كە لەسەردەمی موبارەكیشدا هەر نەتوانرا كۆنتڕۆڵ بكرێت و بووەتە كەلەكەیەكی بریندارو فشەڵی میسر.

ئیدارەی ئۆباما 30 ساڵی دانابوو بۆ شەڕی داعش، ئەوروپییەكان دانیان بەوەدا نابوو كە پێنج هەزار هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتەكانیان بەرەو عێراق و سوریا هاتوون، بەڵام ئێستا جگە لە 800 دیلی لای قەسەدو كۆمەڵێك بارهەڵگری سەر داپۆشراو كە چەكدارانی داعشی تێدایە، ئاسەواری ئەو هەموو چەكدارە جیهادییە ناڕوونە كە وەگ موگناتیس لەهەموو لایەكی دنیاوە ڕوویان دەكردە “أرچ التمكین”.

داعش لەسوریا بەفەڕمی بەرەو شكان دەچێت، كەچی چەند رۆژێكە لە عێراق چالاكی نەوعی جۆراوجۆری هەیە لەپێناو ئەوەی بڵێت ئەوەتا ماوم، بۆ گەیاندنی ئەم پەیامەش كۆتا شت شەش لەو هاوڵاتییە سڤیلانەی ئەنباری كوشت كە بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە ڕوویان كردبووە بیابانی نخێب. راپۆرتە ئەمنییەكان باس لەوە دەكەن لە زنجیرە بەرزاییەكانی “مەكحول” لە نێوان كەركوك و سەلاحەدین شەوان كۆنترۆڵ لەدەستی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان وەردەگرن و ئەمانەش ئاماژەی خراپن.

خروقاتەكانی داعش ئەمنی و كتوپڕو پارتیزانین، بەڵام زۆرێك لەشارەزایان پێیانوایە ڕەهەندو ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ باڵا دەستیی “ئابوری شەڕ”. لەسایەی ئەم ئابوورییەدا كە لەپاش 2014 لەعێراقدا سەریهەڵداوە چ داعش و چ ئەو گروپ و میلیشیا چەكدارە شیعەو سوننانەی شەڕی ئەم رێكخراوە دەكەن داهاتیان كەوتووەتە سەر تاڵانكاریی، كوشتن، قاچاخچێتی نەوت، ڕفاندنی خەڵك و سەرانە وەرگرتن، ئەم دۆخەش لەسایەی دەوڵەتێكی ناوەندیی لاوازدا دەگوزەرێت كە بەتەواوی لەناو بەغدای پایتەختیشدا باڵادەست نییە.

داعشەكان لەسوریاو لە باغۆز كۆتاییان دێت، بەڵام وەك تارمایی و لانكەیەك بۆ توندڕەوی ماون و درێژەیان دەبێت، ئەگەر جارانیش جیهادییەكان بۆ گێڕانەوەی خەلافەتی عوسمانی “مناری ونبووەكە” گیانفیداییان كردبێت، ئەوە دوور نییە لە داهاتوودا لەئەدەبیاتی جیهادیدا ئەبوبەكری بەغدادی ببێتە سوڵتان عەبدولحەمیدو شاری ڕەققەو دەیرلزۆریش بەئاستانەكەی جاران “ئیسلامبوڵ”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان