
بانکی ناوەندی سووریا نرخی دۆلاری بەرامبەر لیرەی سووری دیاریکرد، كە بۆ 100 دۆلار یەك ملیۆن و 256 هەزار لیرەیە.
ئەمڕۆ دوو شەممە 16-12-2024، بانكی ناوەندی سووریا بڕیاریدا بەهای دراوی وڵاتەكەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی دیاری بكات، كە 100 دۆلار بەرامبەر بێت بە (1,256,200) لیرە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی سووریا بۆ ڕووخاندنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد لە لێدوانێكیدا وتی، “هەرکات نرخی لیرە جێگربوو ئینجا دراوەکە دەگۆڕین، چونکە ئێستا وێنەی بەشار ئەسەدی لەسەرە”.
دوابەدوای ڕوووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد، ناجێگیری لە بەهای دراوی فەرمی ئەو وڵاتە ڕوویداوە و بە ڕێژەی نزیكەی 20% بەرزبوونەوەی تۆماركردووە، بەڵام لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زیاد لە قەبارەی ئاسایی بەهای دراوەكە بەرزبۆتەوە و شارەزایانی دراو هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدەن، كە خۆیان لە مامەڵەكردن بە لیرەی سووری بپارێزن، چونكە ئەگەری دابەزینی زۆری هەیە بۆ ئاست بەهای فەرمی دراوەكە.
دانا وەرتی، شارەزای بواری دراو و زێڕ بۆ (خەڵك) وتی، “ناکرێت لە وڵاتەکەی خۆیان، كە سووریایە بەهای 1 ملیۆن و 256 هەزار لیرە بەرامبەر 100 دۆلار بێت، بەڵام لە بازاڕەكانی هەرێم تەنها 1 ملیۆن لیرە بەرامبەر بێت بە 200 بۆ 500 دۆلار”.
ڕوونیشی كردەوە، من پێشتریش ئاگاداری هاووڵاتیانم كردۆتەوە، كە ئەو نرخەی کوردستان واقعی نیە و فووتێکردنە دواتر دێتەوە ئاستی نرخی دراوەكە لەناوخۆی سووریا.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهای لیرەی سووری ڕووی لە دابەزینە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهای یەك ملیۆن لیرەی سووری بە نزیكەی 450 هەزار دیناری عێراقی (300 دۆلار) بوو، بەڵام دابەزینی تۆماركردووە.
وتیشی، “لە ئێستادا بەهای یەك ملیۆن لیرەی سووری دابەزیوە بۆ 310 هەزار دینار (نزیكەی 200 دۆلار)”.