بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕیوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێشخەرییەکی بۆ داهاتووی سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پاراستنی یەکپارچەیی و مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایەگەیەندراوێکی دەربارەی چۆنێتی بەڕێوەبردنی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا بڵاوکردەوە.
ئەمەی خوارەوە ئەو 10 خاڵەیە کە خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان داوایان دەکات:
1- پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سووریا و پاراستنی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپەکانی.
2- ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرتاسەری سووریا بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر و بنیادنەرانە.
3- پەیڕەوکردنی لێبوردەیی و دوورکەوتنەوە لە گوتاری ڕق و بەناپاک دانان لە نێو سوورییەکاندا، سووریا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتە و مەزهەبەکانی و پێویستە ئەم دەوڵەمەندی و فرەڕەنگییە لەسەر بنەمای دیموکراسیەتێکی دادگەرانە بپارێزرێت.
4- ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە بەشداریی هێزە سیاسییەکانی سووریا لە دیمەشق بۆ یەکخستنی دیدگاکان سەبارەت بە قۆناغی ڕاگوزەر.
5- بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا.
6- جەخت دەکەینەوە کە دەبێت سامان و سەرچاوە ئابوورییەکان بە دادپەروەرانە لە نێوان هەموو ناوچەکانی سووریادا دابەش بکرێن، چونکە موڵکی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی سووریان.
7- زامنکردنی گەڕانەوەی خەڵکی ڕەسەن و ئاوارەکراوەکان بۆ ناوچەکانیان و پاراستنی میراتی کلتووریان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی.
8- لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە سووریا ڕوویانداوە، جەخت لە بەردەوامبوونی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەینەوە. ئەویش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش نەگەڕێتەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
9- کۆتاییهێنان بە دۆخی داگیرکاری، و جێهێشتنی بڕیاردان بۆ گەلی سووریا بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان ڕەنگڕێژ بکەن و پرەنسیپی دراوسێیەتی باش جێبەجێ بکرێت.
10- پێشوازی لە ڕۆڵی بنیاتنەری وڵاتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتووەکان، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە دەکەین کە لە کاروباری سووریادا کاران. هانی هەمووشیان دەدەین ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەر بگێڕن لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و پشتیوانی بە گەلی سووریا و نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان مەزهەب و پێکهاتەکانی بە جۆرێک کە سەقامگیری و ئاسایش مسۆگەر بکات و دەستوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری سووریادا ڕابگیرێن.