ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

ئۆپیك باسی نرخی نەوت دەكات لە بازاڕدا

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی ئۆپیك دەڵێت، ڕێكخراوەكە یاری بە نرخی نەوتەوە ناكات، لەكاتێكدا ئۆپیك سەركردایەتی كەمكردنەوەی بەرهەم دەكات بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان خستنەڕوو و داواكاری لە بازاڕەكاندا.

ئەمڕۆ دوو شەممە، محەمەد باركیندۆ، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی ئۆپیك بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، “كاری ئێمە یاری كردن نییە بە نرخەكان، بۆیە ستەمە گەر بەوە تۆمەتبار بكرێین”

لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە پێنج شەممەی ڕابردوودا ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژە یاسایەك دەربڕی، كە ڕێكخراوی ئۆپیك ڕووبەڕووی سكاڵای دادوەری دەكاتەوە بە تۆمەتی دەستگرتن بەسەر بازاڕەكاندا، بەڵام پێناچێت ئەنجوومەنەكە بەشێوەیەكی تەواوەتی چاو بەو پڕۆژە یاسایەدا بخشێنێت.

سەبارەت بە نرخی نەوتیش باركیندۆ ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ نرخەكان لە بازاڕەكاندا جێگیربوون، وێڕای زیادبوونی چالاكی هەڵكەندنی بیرە نەوتەكانی ئەمریكا و مەترسی زیادبوونی داواكارییەكان لەسەر نەوتی خاو بەهۆی خاوبوونەوەی وتوێژە بازرگانییەكان لەنێوان ئەمریكا و چین.

بەپێی دوایین نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهان، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 62.13 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تەكساس-یش بە 52.45 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

ئابوری

بەشیر حەداد هۆشداری دەدات
هەولێر نەوت ڕادەست نەكات، بەغدا لە بودجەی هەرێم دەبڕێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق جەخت دەكاتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوت ڕادەستی بەغدا نەكات، ئەوا حكومەتی عیراقیش بودجە بە تەواوی نانێرێت.

بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، بەپێی یاسای بودجەی گشتی 2019، بودجەی هەرێم مانگانە زیاتر لە 800 ملیار دینارە و دەبێت هەولێر ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات.

بەشیر حەداد ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو بە ڕادەستكردنی نەوتەكە، ئەوا بەغدا داهاتی 250 هەزار بەرمیلەكە لە بودجە دەبڕێت و ئەوەی كە دەمێنێتەوە كە بڕەكەی 522 ملیار دینارە، بۆ هەرێم ڕەوانە دەكات.

جێی ئاماژەیە، دوای ڕێككەوتنی هەرێم و ناوەند تائێستا هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بەوەی نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق “سۆمۆ”وە هەناردە بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ھەرێم لە هەوڵدایە بەغدا بڕی سووتەمەنی بۆ زیاد بكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

حكومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغداد لەھەوڵدایە بۆ زیادكردنی بەشە سووتەمەنی و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: بەغدا بڕی پێویست سووتەمەنی ڕەوانەی پارێزگاكانی ھەرێم ناكات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ گرفتی گرانبوونی نرخی بەنزین، حكومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدایە، بۆ ئەوەی بەشە بەنزینی زیاتر بە بەنزینخانە حكومییەكانی ھەرێم بدرێت و بە زیادكردنی بڕی سووتەمەنیش بۆ ھەرێم لەلایەن بەغداوە، نرخی لیترێك بەنزین لە پارێزگاكانی ھەرێم 450 بۆ 500 دینار دادەبەزێت.

هاوكات، شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە: ئەو بڕە سووتەمەنییەی لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی پارێزگاركانی ھەرێم دەكرێت پێویستییەكان پڕ ناكاتەوە، ئەگەر زیادیش بكرێت، نرخی سووتەمەنیی لە ھەرێم دادەبەزێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

عیراق دەبێتە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە جیهاندا

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، پێشبینی دەكات عیراق لە ساڵی 2030 ببێتە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە جیهاندا.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕایگەیاندووە”عیراق جێگەی خۆی لەنێوان گەورە بەرهەمهێنەكانی نەوتدا دەبینێتەوە و دەبێتە سێیەم گەورەترین سەرچاوەی هەناردەكردنی نەوت بۆ جیهان و لەنێو ڕێكخراوی (ئۆپیك)یشدا گەشەسەندن دروست دەكات”.

ئاژانسەكە پێشبینی كردووە، عیراق لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵی 2030، بەرهەمەكانی بە ڕێژەی 30% زیادبكات و پێش كەنەدا بكەوێت كە لەئێستادا چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنانی نەوتە لە جیهاندا، ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بەرهەمی رۆژانەی عیراقیش كردووە لە ساڵی 2030 بۆ نزیكەی 6 ملیۆن بەرمیل.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێیوایە”زیادبوونی بەرهەمی عیراق، دەبێتە مایەی قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە گەورانەی بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلاوە دروستبوون، وێڕای ڕەوشی لیبیا كە تائێستاش فشەڵە”.

عیراق لە دوای سعودیە، بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە ڕێكخراوی ئۆپیكدا دادەنرێت، خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی خاویشە لە جیهاندا كە بە 153 ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان