19 هەزار ناڕازی لە ئێران دەستگیركراون



 

بە پێی دواین ئاماری ئاژانسی هرانا، هەتا ئێستا نزیكەی 19 هەزار كەس لە سەرانسەری ئێراندا دەستگیركراون، كە نزیكەی % 40 ی ئەو كەسانەی دەستگیركراون كوردن.

شلێر باپیری چالاكوان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت “بە پێی ئەو ئامارانەی بە ڕێكخراوەكەیان گەیشتووە زیاتر لە 7 هەزار كەس لە شارە كوردییەكاندا دەستگیركراون كە 209 كەسیان ژنن و 180ش منداڵن و 90 كەس لەوانە خوێندكارن.”

هەروەها دەشڵێت “لە شارە كوردییەكاندا 70 كەس سزای لەسێدارەدان، لێدانی بە قامچی، زیندانیكردن و سزای داراییان بەسەردا سەپێندراوە. ”

شەپۆلێكی سەرتاسەری ناڕەزایی دەربڕین لە ئێراندا لە 16 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو دەستیپێكرد پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە.

باپیری دەڵێت” كۆماری ئیسلامی هەمیشە كوردستانی وەكو مەترسییەك بۆسەر یەكپارچەیی ئێران پێناسە كردووە، بۆیە هەمیشە كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە كوردستان پەراوێز بخات كە سەركوتی زیاتری لەسەربێت و بتوانێت دەنگیان كپ بكات. كۆماری ئیسلامی دەزانێت كە ئەو مەشخەڵەی لە كوردستانەوە سەرهەڵدەدات، ئەو یەكدەنگی و خۆپیشاندانانەی لەوێ دەكرێن بۆی هەیە وا بكات ناوچەكانی دیكەی ئێرانیش یەكدەنگ بن لەگەڵ كوردستان و ببێتە ڕاپەڕینێك كە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بڕوخێنرێن. بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە كورد وەكو یەكێك لە نەتەوە گەورەكانی ئێران سەركوتبكات بۆ ئەوەی نەتوانێت ببێت بە سیمبول بۆ ناوچەكانی دیكەی ئێران.”

بە پێی ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ یەكێك لەو شارانەی بەشێوەیەكی زۆر توند هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندانەكانیان تیادا سەركوت كردووە، شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای كرماشانە.

باپیری لەسەر ڕەوشی ئەو شارە دەڵێت ” بە داخەوە دۆخی جوانڕۆ لە بارێكی زۆر خراپدایە. هەم لە ڕووی ئەوەی برینداری زۆرە و هەم لە ڕووی ئەوەش كە گەمارۆیەكی زۆری لەسەرە و ناتوانرێت داو دەرمان بگاتە ئەوێ. هاوكاتیش تەنها لە ماوەی دە دوازدە ڕۆژی ڕابردوو تا ئێستا 39 كەس دەستگیراون كە 12 كەس لەوانە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە. تا ئێستاش دەستگیركردنی خەڵكی لەوێ بەردەوامە. دۆخی ئینتەرنێتیش زۆر خراپە و شارەكە بە تەواوەتی گەمارۆدراوە تا نەهێڵن دەنگیان زیاتر بە دەرەوەی ئێران بگات. ”

باپیری دەڵێت “بەداخەوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا بڵێی دۆخێكی ملیتاریزە هەیە ئەوەش وایكردووە كە دەرفەت بۆ خۆپیشاندانی بەرین كەم بكاتەوە. لە زۆربەی شارەكانی كوردستان تەنانەت بۆ چوونە ژوورەوە و هاتنەو دەرەوەش لە نێو شارەكاندا خاڵی پشكنین دانراوە. ئەمەش ئەوەندەی تر دۆخی شارەكانی كوردستانی زەحمەتتر كردووە. ”

تەیمور ئەلیاسی ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان بنكە لە ژنێڤ لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند لەسەر ئەم كردەوانەی ئێران لە ئێستادا هەوڵێكی زۆر هەیە لەلایەن ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤەوە تا “فشار بخەنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا تا تەنها ئیدانەی ئەم شتانە نەكەن بەڵكو هەنگاوی مانادار بنێن بۆ ڕێگریكردن لەم كردارانە بۆ نمونە باڵیۆزخانەكانی ئێران دابخەن یان باڵیۆزەكانیان دەربكەن، بە شێوەیەكی كاریگەر سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی وەكو ڕێكخراوێك بخەنە لیستی ڕەشەوە نەك تەنها كەسایەتییەكانی نێوی.”

بە پێی ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لەوەتای خۆپیشاندانەكان دەستیانپێكردووە بەلایەنی كەم 481 كەس كوژراون، تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژی چوارشەممەیدا ڕایگەیاند بەلایەنی كەم 121 كورد لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ئێرانەوە لە میانەی خۆپیشاندانەكاندا كوژراون.

ڕێكخراوەكە دەڵێت “بەشێكی زۆری ئەوانەی كە كوژراون خۆپیشاندەربوون و هەندێكیش ئەو خەڵكە سیڤیلە بوون كە هیچ پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەكانەوە نەبووە. 11 قوربانیش منداڵ بوون و 8 كەسیش لە ژێر ئەشكەنجەی هێزە ئەمنییەكاندا كوژراون”.

500 سەربازی ئۆكراینی كوژران
پێشت 500 سەربازی ئۆكراینی كوژران
فەرماندەی نوێی سووپای ڕووسیا لە ئۆكراین دیاریكرا
دواتر فەرماندەی نوێی سووپای ڕووسیا لە ئۆكراین دیاریكرا
ەیوەندیدار