ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

ماڵکۆم: پێش کلاسیکۆ مێسی پێی وتم لەسەرخۆبە و کەس باسی نایماری نەکردووە

خەڵک سپۆرت

ماڵکۆم دی ئۆلیڤێرای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە پاش پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە کلاسیکۆ، چاوپێکەوتنێکی خێرا لەگەڵ ئێزگەی “کادینا سێر”ی ئیسپانی ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە:

کاردانەوەت چی بوو کاتێک زانیت لە یاریی کلاسیکۆدا سەرەکی دەبیت؟

باوەڕم نەکرد ڤاڵڤێردی منی لە پێکهاتەی سەرەکی کلاسیکۆ دانابێت، کاتێک ناوی خۆمم خوێندەوە هاوارم کرد: چ سوپرایزێکە!

بەشداریت کرد و گۆڵێکیشت تۆمار کرد، بە ئاهەنگێڕانەکەتدا دیاربوو پەشۆکاویت و باوەڕ بەخۆت ناکەیت؟

لەڕاستیدا ١٠٠ جار ئەو گۆڵەم تەماشا کردۆتەوە، زۆر خۆشحاڵم و دەتوانم زیاتر پێشکەشی بەرشلۆنە بکەم.

 

“پێش کلاسیکۆ مێسی پێی وتم: لەسەرخۆبە، تۆ شایستەی ئەو چانسەیت کە پێتدراوە”

 

پێش کلاسیکۆ لەگەڵ مێسی قسەت کرد؟

بەڵێ، مێسی پێی وتم: لەسەرخۆبە، تۆ شایستەی ئەو چانسەیت کە پێتدراوە و پێویستە هەرچی لەتواناتدا هەیە پێشکەشی بکەیت.

دەربارەی گەڕانەوەی نایمار هیچ دەزانیت؟ لە ژووری خۆگۆڕینەکان باسی ئەم بابەتە دەکەن؟

لە ژووری خۆگۆڕینەکانی بارسا باسی گەڕانەوەی نایمار ناکرێت، نازانم ڕۆژێک لەڕۆژان دەگەڕێتەوە بۆ بەرشلۆنە یان نا، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان.

 

“حەزم بە یاریکردنە لە باڵی ڕاست، حەز دەکەم بچمە ناوچەی پڕۆسەکان و شوت بکەم”

 

تۆ باشترین یان ڤینیسیۆز جونیۆر؟

ئێمە لە دوو باشترین یانەی جیهان یاریی دەکەین، هەست دەکەم هەردووکمان باش بین و لەتواناماندایە زیاتر پێشکەش بکەین.

چاوەڕێی هەلی گەورەی تری هاوشێوەی کلاسیکۆ دەکەیت؟

دەزانم کە لەتوانامدایە سود بە بارسا بگەیەنم، ڕۆژانە بەرەوپێش دەچم و لەگەڵ مێسی مەشق دەکەم ئەوەش شتێکی ناوازە و باوەڕ پێنەکراوە، کە گەورەبووم بە نەوەکانم دەڵێم لەگەڵ مێسی یارییم کردووە.

حەز دەکەیت لە چ پێگەیەکدا یاریی بکەیت؟

حەزم بە یاریکردنە لە باڵی ڕاست، حەز دەکەم بچمە ناوچەی پڕۆسەکان و شوت بکەم، لە کلاسیکۆشدا هەر بەو شێوەیەم کرد، پێموابوو بەشداری ئەو یارییە ناکەم، بەڵام بێگومان ئامادەبووم بۆی.

چاوپێکەوتن

بارتومیۆ: وازهێنانی مێسی زۆری ماوە و دوای وازهێنانیش لە بەرشلۆنە بەردەوام دەبێت  

خەڵک سپۆرت – گاردیان

جوسێپ ماریا بارتومیۆی سەرۆکی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی چاوپێکەوتنێکی خێرا لەگەڵ ڕۆژنامەی “زە گاردیان”ی بەریتانی ئەنجام دەدات و تەواوی وەڵامەکانی تایبەت بە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی زیندوی یانەکەی دەکات، لەبارەی ئەفسانە زیندووەکەوە چەندین وەڵام و زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

چۆن ئاستی مێسی هەڵدەسەنگێنیت؟

ئێمە لەگەڵ مێسی-دا سەردەمێکی جیاواز دەژین، چونکە یاریزانێکی عەبقەری و ناوازەیە، سەرباری هەموو ئەم خەسڵەتانە وەک کەسێکی ئاسایی ژیانێکی ئاسایی دەژی، لەتەمەنی ١٢ ساڵیەوە پەیوەندی بە یانەکەمانەوە کردووە و لەگەڵماندا کار دەکات، بەشێکە لە مێژووی یانەکەمان و بەشدارە لەو ناوە مەزنەی بارسا بۆخۆی دەنوسێتەوە، تاموچێژ لەیاریکردنی دەبینم و هەمیشە پرسیار لەخۆم دەکەم: لەدوای وازهێنانی مێسی تۆپی پێ چێ بەسەر دێت؟ دەکرێت تا تەمەنی ٤٥ ساڵی بەردەوام بێت، کەس نازانێت چی ڕوودەدات.

داهاتوی لەگەڵ بەرشلۆنە بەکوێ دەگات ؟

دەزانین کە سێ وەرزی تر بێت، چوار یان پێنجی تر لەگەڵماندا بەردەوام دەبێت، نازانم ئەو ماوەیەی لەنێوانماندا ماوە چەندە، لەبەرئەوەیە لەئێستادا چەندین یاریزانمان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و سەردەمی دوای مێسی ئامادە کردووە، لەنمونەی دیمبیلی و لانگلێت و ئارسەر، سەرەڕای ئەوەش هێشتا پێموایە وادەی وازهێنانی لیۆ زۆر دوورە.

مێسی دەتوانێت چی پێشکەشی ئەو یاریزانانە و نەوەی داهاتوی یانەکە بکات؟

هەمیشە بە لاوانی یانە و هەموو ئەو یاریزانانەی یاریی و مەشق دەکەن لە یانەکەمان دەڵێین: تاموچێژ لەو ساتانە وەربگرن کە لەپاڵ مێسی یاریی دەکەن.

بیر لەوە دەکەنەوە لەدوای وازهێنان دەستی پێوەبگرن و ئەرکی کارگێڕی پێببەخشن؟

مێسی هەرگیز لە یانەکەمان ناڕوات، دوای ئەوەی بڕیاری وازهێنانی دا لەگەڵماندا لە یانەکە بەردەوام دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

سوارێز: له‌نێو یاریگا له‌گه‌ڵ مێسی له‌یه‌ک تێده‌گه‌ین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگاش په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تیمان زۆر به‌هێزه‌

خه‌ڵک سپۆرت – ده‌یلی مه‌یڵ

ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ لویس سوارێزی ئۆرۆگوایی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ ئه‌نجام ده‌دات و ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ و لیڤه‌رپوڵ ده‌کات، ئه‌مه‌ش کورته‌یه‌که‌ له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

یادگاریه‌ کۆنه‌کانت به‌بیر دێته‌وه‌ کاتێک بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی لیڤه‌رپوڵ ڕووده‌که‌یته‌ “ئه‌نفێڵد ڕۆدز”، هه‌ستت چۆن ده‌بێت؟

سوپاسگوزاری هه‌موو شتێکم که‌ یانه‌ی لیڤه‌رپوڵ پێی به‌خشیم، به‌ڵام کاتێک پێیه‌کانم ده‌خه‌مه‌ نێو یاریگا هیچ هاوڕێیه‌تی و یادگارییه‌کی جوان بونی نامێنێت که‌ له‌و یانه‌یه‌ به‌سه‌رم بردووه‌، به‌ڵکو به‌رگری له‌ ڕه‌نگه‌کانی بارسا ده‌که‌م.

له‌ لیڤه‌رپوڵه‌وه‌ ڕووتکرده‌ به‌رشلۆنه‌، له‌و یانه‌یه‌ش وه‌ک یه‌کیک له‌ باشترینه‌کانی جیهان پارێزگاریت له‌ پێگه‌ی خۆی کرد، بۆ ئه‌مه‌یان چی ده‌ڵێیت؟

ده‌زانم که‌ من تاکه‌ یاریزانم له‌ ئه‌وروپا توانیومه‌ خۆم له‌ مێسی و کریستیانۆ نزیک بکه‌مه‌وه‌ و له‌ماوه‌ی پێنج وه‌رزدا دووجار خه‌ڵاتی پێڵاوی ئاڵتونیم به‌ده‌ست هێنا.

له‌ ڕێره‌وی ژیان و ژیانی وه‌رزشیت ڕازیت؟

شانسداربووم له‌هه‌ر یانه‌یه‌ک یاریم کردووه‌ یادگاری خۆش و سه‌رکه‌وتنم تۆمار کردووه‌‌، له‌ڕیزه‌کانی ناسیوناڵ له‌ ئۆرۆگوایی، خرۆنیگن، ئه‌یاکس و لیڤه‌رپوڵ، سه‌رجه‌میان هه‌نگاوی گرنگ بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا پی گه‌یشتوم.

به‌ڕاستی پێمان بڵێ، ئایا له‌و باوه‌ره‌دا بویت ئه‌و هه‌موو نازناوه‌ به‌کۆمه‌ڵ وتاکه‌ که‌سیه‌ به‌ده‌ست بهێنیت؟

زۆرێک نازناو و خه‌ڵاتم به‌ده‌ستهێنا زیاد له‌وه‌ی بیرم لێده‌کرده‌وه‌، پێموابێت شایسته‌ی پۆشینی درێسی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بووم.

یاریکردنت بۆ یانه‌یه‌کی وه‌ک به‌رشلۆنه‌ یاریده‌ده‌ر بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی نازناوه‌کان، ڕاسته‌؟

کاتێک په‌یوه‌ندیم به‌ به‌رشلۆنه‌وه‌ کرد ده‌مزانی له‌ جه‌مسه‌رێکه‌وه‌ مێسی و له‌ جه‌مسه‌رێکی تره‌وه‌ له‌پاڵ نایمار یاریی ده‌که‌م، ئه‌وه‌ش ئه‌رکم بۆ به‌ده‌ستهێنانی نازناوه‌کان و بردنه‌وه‌ مسۆگه‌ر ده‌کات.

پێتوایه‌ تۆ و مێسی دوو باشترین و دووانه‌ی مێژوویی به‌رشلۆنه‌ بن؟

نازانم ئایا ئێمه‌ باشترین دووانه‌ی به‌رشلۆنه‌ین یان نا، ئه‌وه‌ی ده‌یزانم ئه‌وه‌یه‌ له‌نێو یاریگا لێکتێگه‌یشتنمان زۆر به‌هێزه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگاش دوو هاوڕێی نزیکی یه‌کترین، په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی نێوانمان به‌ تێپه‌ڕینی کات زۆر به‌هێز بووه‌.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ئۆلیڤەر کان: ئەڵمانیا مێسی و کریستیانۆی نییە و مۆدریچ شایستەی “بالۆن دۆر” بوو

خەڵک سپۆرت – ڕۆژنامەی لیبوتێ

ئۆلیڤەر کان ئەفسانەی گۆڵپارێزانی ئەڵمانیا و جیهان لە چاوپێکەوتنێکدا بۆچونی خۆی سەبارەت بە چەندین بابەتی گرنگ ئاشکرا دەکات، ئەمەش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

پێتوایە تۆ باشترین گۆڵپارێزی مێژوویت؟

پیاهەڵدانێکی زۆر گەورەیە، من لەنەوەدەکان دەستم پێکرد، لەو کاتەدا چەندین گۆڵپارێزی ناوازەی وەک بوفۆن و چێک و شمایکڵ بونیان هەبوو، پێموابێت منیش وەک ئەوان نایاب بووم.

بۆچی ئەستێرەکانی ئەڵمان چەندین ساڵە نەیانتوانیوە خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەست بهێنن، لەکاتێکدا نازناوی مۆندیالیان بردووە و خاوەنی نەوەیەکی زێڕینن؟

سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا چەندین یاریزانی بەتوانا و ناوازەی هەیە، بەڵام خاوەنی مێسی و کریستیانۆ نییە، لەبەرئەوەیە لە خەڵاتە فەردیەکاندا هەمیشە دووچاری ئاستەنگی دەبن، نامەوێت بەهەڵە لێمتێبگەن، بەڵکو زیاتر مەبەستم ئەوەیە ئەڵمانیا سەرکەوتو بووە لە بونیادنانی پێکهاتەیەکی ئاگرین نەک بەتەنها یاریزانێک.

نهێنی لێدوانەکانت دەربارەی ڕیاڵ مەدرید چییە، ئایا تۆ لەپێشوودا ئەو یانە گەورەیەت ڕەت کردۆتەوە؟

بیرم دێت ڕۆژنامەنوسێکی ئیسپانی لەپێشوودا پرسیاری لێکردم: حەز دەکەیت بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید یاریی بکەیت؟ منیش پێموت: نەخێر، چونکە لەباشترین یانەی جیهان یاریی دەکەم، وەڵامەکەشم گونجاوە و بایرن یانەیەکی گەورەیە بە نازناو و دەستکەوتەکانیەوە.

 

“ڕاستیەکە ئەوەیە من قەناعەتم بە شێوازی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهان نییە، بەڵام باشترینەکان ڕاستەوخۆ وای لێهاتووە بە نازناوەکان پێوەر دەکرێن”

 

لەپێشوودا ڕەخنەی توندت لە نیکۆ کۆڤاچ گرتووە، هۆکارەکەی چییە؟

کۆڤاچ ڕاهێنەرێکی گەنجە، سەرکەوتنەکانی لە فرانکفۆرت ناوازە بوون، بەڵام لە بایرن تەنها شێوازی جوانی یاریکردن گرنگ نییە، بەڵکو ئەنجامەکانیش بەهەمان شێوە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، دەبێت بیرۆکەکانی بەباشی بگەیەنێتە یاریزانان، وەک چۆن لوسیان فاڤەر لە دۆرتمۆند توانی لەم کارەدا سەرکەوتو بێت.

ڕات چییە دەربارەی لیۆ مێسی، دەیخەیتە ڕیزی ئەفسانەکانەوە؟

گومانی تێدا نییە مێسی هاوشێوەی پیلێ و مارادۆنا عەبقەریە، لەبەرئەوەیە لە باشترین یانەی جیهان یاریی دەکات، سەرکەوتن و نازناوەکانی گوزارشت لەتواناکانی دەکەن، پێنج جار هەڵبژاردنی بەباشترین یاریزانی جیهان شتێکی مەنتقی بووە.

پێتوایە مۆدریچ شایستەی خەڵاتی باشترین بوو؟

مۆدریچ نازناوی چامپیۆنز لیگی بەدەست هێنا و لەڕووی جەستەییەوە ناوازە بوو، بەنسبەت منەوە بڕیارێکی دروست بوو، شایستە بوو بەپێی ئەو ئەنجامانەی بەدەستی هێنان، ناکرێت دەستکەوتەکانی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید و کرواتیا بچوک بکەینەوە.

 

“بەبێ دەرونێکی بەهێز هیچ شتێک ناکرێت، لەمەشقەکاندا هەرچییەک بکەیت ئەگەر خاوەنی ئەقڵ و بیرکردنەوەی بەهێز نەبیت و بیرۆکە خراپەکان فڕێ نەدەیت نابیت بە کەسێکی سەرکەوتوو”

 

مێسی لە چی کەم بوو؟ بۆ نەیتوانی “بالۆن دۆر” بەدەست بیهێنێت؟

مێسی لە نازناوە گەورەکانی کەم بوو، لە مۆندیال سەرکەوتوو نەبوو، لە خولی یانە پاڵەوانەکان مۆدریچ پێشیکەوت، ڕاستیەکە ئەوەیە من قەناعەتم بە شێوازی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهان نییە، بەڵام باشترینەکان ڕاستەوخۆ وای لێهاتووە بە نازناوەکان پێوەر دەکرێن.

دەڵێن تۆپی پێ بە یاریدەی ئەقڵ ئەنجام دەدرێت، ئەوە ڕاستە؟

بەبێ دەرونێکی بەهێز هیچ شتێک ناکرێت، لەمەشقەکاندا هەرچییەک بکەیت ئەگەر خاوەنی ئەقڵ و بیرکردنەوەی بەهێز نەبیت و بیرۆکە خراپەکان فڕێ نەدەیت نابیت بە کەسێکی سەرکەوتوو، بەکورتیەکەی بارودۆخە دەرونیەکان وەک هەر بوارێکی تر لە تۆپی پێدا دەبێت کۆنترۆڵ بکرێت.

سەرەتا ساتەکانت دوای وازهێنان چۆن بەسەر برد؟

سێ مانگی سەرەتا بەبێ تۆپی پێ نایاب بوو، هەستم بە حەوانەوە کرد و تاقیکاری نوێم ئەنجامدا، نەک ژیانێکی نوێ، بەڵکو ژیانێکی جیاواز، حەزم دەکرد سێ هەفتە لەسەر پشتی کەڵەکێکی گرانبەها بحەوێمەوە، بەڵام من وەک کەسێکی ئاسایی لە پێنج ڕۆژ زیاتر نەمتوانی ئەو کارە بکەم.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە