كاتی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی بەفر و كڕێوە ڕاگەیەنرا



 

شارەزایەكی كەشناسی وادەی دەستپێكردنی شەپۆلێكی بەفر و كڕێوە لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، پلەكانی گەرما هێندە دێنەخوارەوە لە هەندێك ناوچەی شاخاوی دەگاتە 10 پلە خوار سفری سەدی.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی ھەینی 13/12/2024 پێشبینی دەکرێت ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی ساردی جەمسەری باکورەوە، کە سەرەتای شەپۆلەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینیەوە دەستپێدەکات و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و بارانێکی پچڕ پچڕی ڕێژە کەم بۆ مامناوەندی لەگەڵدا ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکان لەبەرزی 1400 مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی 5 تا 6 پلە.

ڕاشیگەیاند، شەپۆلی بەفر و بارانەکە ئێوارەی ڕۆژی ھەینی لەزۆربەی ناوچەکان کاریگەری نامێنێت و بۆ ڕۆژی شەممە 14/12/2024 پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژی ھەینی 3 تا 4 پلەی دیکە نزمدەبێتەوە و ئاسمان بە زۆری پەڵە ھەور بۆ نیمچە ھەور ئەبێت لەکاتەکانی پاش نیوەڕۆ بەشێوەیەکی کاتی و کورتخایان بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی ئەبارێتەوە بەگشتی لە ڕۆژی شەمە لەبەرزی 1000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت، بەڵام رێژەکەی کەمە و ئێوارەی ھەمان ڕۆژ کۆتایی پێدێت .

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری بارستە ھەوا ساردە جەمسەریەکە لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە 14/12/2024 بای باکوری ڕۆژھەڵات بە بەھێزی چالاک ئەبێت لەسەر زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بەخێرایی 20کم تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 60کم لە کاتژمێرێکدا کە بایەکی بەستوو و زۆر سارد ئەبێت پلەکانی گەرما لەشەوی شەممە لەسەر بەیانی ڕۆژی یەک شەمە نزمدەکاتەوە بۆ سفر و چەند پلەیەک بۆ خوار سفری سەدی.

وتیشی، “کاریگەری ئەم با بەھێزە تا نیوەڕۆی ڕۆژی یەک شەممە 15/12/2024 بەردەوامی ئەبێت و دواتر خێرایەکەی کەم دەبێتەوە بۆ بایەکی مامناوەند ، لەماوەی ڕۆژانی یەک شەممە و دوو شەممە کەش سەقامگیر ئەبێت و بەڵام شەپۆلی وشکە سەرماکە بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی لەو دوو ڕۆژەدا زیاتر نزمەبێتەوە و لەشەواندا لە زۆرینەی ناوچەکان سفر پلە تۆماردەکرێت لەناوچە شاخاویەکانیش تا زیاتر لە 10 پلە لەژێر سفر تۆمار دەکرێت .

 

لە بەغدا 11 کەس بە تۆمەتی لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکران
پێت لە بەغدا 11 کەس بە تۆمەتی لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکران
ئێستا و ئاینده‌ی سوریا له‌نێوان ئومێد و ئاڵنگاریدا
دوات ئێستا و ئاینده‌ی سوریا له‌نێوان ئومێد و ئاڵنگاریدا
پەیوەنیدر