هەولێر و بەغداد لەسەر گواستنەوەى 430 ملیار دینار بۆ سەر پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان رێککەوتوون و بەوەش کورتهێنانى مووچەى سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی و گۆڕان، “شاندێکى وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەى چەند رۆژێکە لە بەغدایە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو کورتهێنانەى لە مووچەى خانەنشینان و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دا دروست بووە”.
بەپێی هەواڵەکە، شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەى گواستنەوەى پارە بۆ سەر ئەو بەشەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە، کە تایبەتە بە مووچە.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ هەریەک لە مانگەکانى 10 ،11 و 12ـی ئەمساڵ، نزیکەى 760 ملیار دیناری دیاریکردووە و یەک گوژمەى لێ ناردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچە کورتهێنانى دەبێت، بەو پێیەى مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە بۆ مووچە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانیشەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، رێککەوتنى نێوان هەردوو وەزارەتى دارایی لەسەر گواستنەوەى بڕى 430 ملیار دینارە بۆ سەر مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى.