ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

چیرۆکی (کارلۆس کایزەر) ئەو یاریزانە فێڵبازەی (٢٤) ساڵی بەبێ گۆڵ و ئەسیست تێپەڕاند !

نوسینی: عیماد نوح

کارلۆس هینریکی “کایزەر” یاریزانێکی بەڕازیلی بووە، هەر لە منداڵیەوە کەسێکی زیرەک و فێڵباز بووە و لە ژیانی وەرزشییدا یاری بۆ ١٠ یانە کردووە، پەیوەندی بە هەندێک یانەوە کردووە تەنانەت یارییشی بۆ نەکردووە و بەهەر شێویەک بێت ماڵئاوایی لێکردون، بەپێی زانیارییەکانی ویکپیدیا ئەم یاریزانە نە یاری کردووە نە گۆڵ، بەڵام لە چەند ماڵپەڕێکی گەورەی ئینگلیزی ئاماژە بەوە کراوە کە تەنها بەشداری ٣٠ یاری کردووە و بەگشتی چیرۆکی ئەم یاریزانە جیاوازە…

کارلۆس کە دەبینێت وڵاتی بەڕازیل لەبواری تۆپی پێ و هونەری یاریکردندا هێندە دەوڵەمەندە، بڕیار دەدات حەزەکانی لە خەونێکی بەتاڵەوە بکاتە ڕاستی و وەک هەموو گەنجێک ببێت بە یاریزانێکی پرۆفیشناڵ و ناودار.

سەرەتا نازانێت بە چ شێوەیەک خۆی بکات بە یاریزان و بناسرێ بۆیە یەکەمین پلانی خەڵەتێنەر دەست پێدەکات، بۆ ئەم مەبەستە دەچێتە شاری ڕیۆ دی جانێرۆ و بەبێ ئەوەی لە یاریکردن بزانێت ستایشی خۆی دەکات و دەڵێت: یاریزانێکی باشم و دەتوانم مێژووی بەڕازیل بگۆرم.

سەرەتا خۆی دەکات بە هاوڕێی دوو ئەستێرەی ناودار

وەک سەرەتایەک دەیەوێت ڕەگی خۆی لەنێو یانەکان دابکوتێت و خۆی دەکات بە هاوڕێی نزیکی بیبیتۆ و رۆماریۆ، پەیوەندیە تایبەتیەکانی لەگەڵ ئەم دوو ئەستێرە ناودارە بەهێز دەکات و هەر لەڕێگەی ئەمانەوە پەیوەندی بە یانەی بوتافوگۆی بەرازیلیەوە دەکات، لە ڕۆژی ناساندنیدا و لەبەردەم هاندەراندا کاتێک دەچێتە نێو لاکێشەی سەوز پێویستە یاریی بە تۆپ بکات، بەڵام بەوپێیەی ئەزمونێکی وەهای نییە تەنها ڕادەکات و تەواوی کاتی ناساندنەکەی بەو فێڵە تەواو دەکات.

لە یەکەمین راهێنانیشدا دا بەئەنقەست خۆی بەردەداتەوە و دوو مانگ بە بیانوی پێکان دووردەکەوێتەوە، لەڕاستیدا هیچ پێکانێکی نییە، بەڵکو بە پارە ئەو پزیشکەی تایبەت بوو بە پشکنینەکان ڕێکەوتنی لەگەڵدا دەکات و داوای لێدەکات هەموو کات گوێڕایەڵی بێت و ئەوە بڵێت و بنوسێت کە بۆی دیاری دەکات، بەهۆی نەبوونی سوود لە بوتافوگۆ ئەم یاریزانە تەڵەکەبازە دەردەکرێت و پاشان پەیوەندی بە یانەی فلامینگۆوە دەکات، لە فلامینگۆدا هەر بە فێڵی پێکان بەشداری هیچ چالاکیەک ناکات و لەو یانەیەش دەردەکرێت.

کارلۆس هەموو ژیانی وەرزشی بەم فێلانە بەسەر دەبات، پەیوەندی بەهێز دەکرد لەگەڵ یاریزانەکان تاوەکو بەرگری لێبکەن بۆ ئەم مەبەستەش ئاهەنگی سازدەکرد و یاریزان و کارگێڕێ یانەکانی بانگێشت دەکرد، لە ئاهەنگەکاندا کچانی بە کرێ دەگرت و لەبەردەم یاریزانان نمایشی پێدەکردن تا تاوەکو دواتر بەرگری لێبکەن و بیپارێزن.

سێ ساڵ لە یەک یانە دەمێنێتەوە و هیچیش ناکات !

یەکێک لە سەیرو سەمەرەکانی ژیانی ئەم کەسایەتیە ئەوەیە کە سێ ساڵ لە یانەی پویبێلا دەمێنێتەوە و موچە وەردەگرێت و لە تەنها یەک یاریشدا بەشداری ناکات، بەڵام لە سێهەمین ساڵدا دەردەکرێ و وا هەست دەکات کە ئیدی کەس بە هانایەوە نایەت بۆیە پلانی دووەم دەست پێدەکات.

کارزەر دووبارە لەگەڵ بوتافوگۆ بۆند واژوو دەکاتەوە و هەڵدەستێ مۆبایلێک دەهێنێ کە لەو کاتەدا شتێکی ناوازەیە و لە رێگەی ئەم مۆبایلەوە بەشداری یاریەکان ناکات، هەرکاتێک یاری هەبێت بە فێڵی تەلەفۆنکردن خۆی دەدزێتەوە دەڵێت: نایەم کارم هەیە (هەندێک پێیان وایە ئەوەی پێیبووە مۆبایل نەبووە و بەڵکو تەنها دەستەی هونەری و کارگێڕی یانەی پێخەڵەتاندووە).

لەگەڵ یانەکان ئەم بیرۆکەیە زۆر ناخایەنێت و نزیکە ڕیسوا ببێت، بۆیە لەڕێگەی ناسینی کەسایەتیە وەرزشیە ناودارەکانی بەرازیل داوا دەکات یانەیەکی نوێی بۆ بدۆزنەوە، بەم شێوەیەش لەگەڵ یانەی یانەی فلامینگۆ بۆند واژوو دەکات، لە یەکەمین رۆژی راهێناندا راهێنان دەکات بەبێ تۆپ گوایە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە پاش رۆژێک لەم ڕاهێنانە ئەمجارە ڕاهێنان بە تۆپ دەکات، لەوێشدا فێڵێکیان دروست کردبوو لەگەڵ پزیشکەکەیدا و ئەمجارە دەڵێن پێکانەکەی ساڵێک دەخایەنێت، هۆکاری پێکانەکەشی ئەوەیە کە دەچێتە بەردەم گۆڵپارێزی یانە و خۆی بەردەداتەوە و دەست بەگریان دەکات و دەست لەسەر دەمارەکانی دادەنێ و هاوار دەکات: دووچاری پێکان بووم، دووچاری پێکانی قورس بووم.

یاریزانان و دەستەی ڕاهێنان و کارمەندانی یانە کە دەبینن هێندە پەرێشانە ڕاستەوخۆ دەیبەن بۆ لای پزیشک (ئەو پزیشکەی لەگەڵیدا ڕێککەوتووە) و پزیشکیش داوا دەکات بۆ ساڵێک حەوانەوەی پێبدرێت، لێرەدا پێویستە ئەوە بزانین کە ئەوکات لە بەرازیل ئامێری پێشکەوتوی هاوشێوەی سەردەمی ئێستا بونی نەبوو تا پشکنینی پزیشکی وردی بۆ بکەن، بۆیە بەردەوام فێڵ و تەڵەکەکانی سەر دەگرن و زۆرینەی کاتەکانی ژیانی بەوشێوەیە بەسەر دەبات.

ڕاهێنەر دەخەڵەتێنێت و دەڵێت: تۆ باوکمی !

لە یاریەکدا ئەوکات لە یانەی بانگۆ دەبێت بانگێشتی یارییەکان دەکرێ و ناوی لە لیستی یاریزانە بەشدارەکاندا دەبێت، کارلۆس لە ڕووبەڕوبونەوەکەدا یەدەگە و لە خولەکەکانی کۆتاییدا ڕاهێنەر داوای ئامادەبونی لێدەکات و کاتێک دەچێت مەشقەکانی خۆگەرم کردنەوە دەکات دەبینێت هاندەران وتەی ناشرین ئاڕاستەی راهێنەر دەکەن و هاوار دەکەن: پارە پەرست نازانێت بۆند بکات.

کارلۆس نایەوێت یاریی بکات و دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت لەبەردەم هەزاران هاندەردا فێڵ و تەڵەکەکانی ئاشکرا نەبێت، بۆیە دەچێتە پشت سیمی یاریگا و لەگەڵ هاندەرێکدا دەستەو یەخە شەڕ دروست دەکات و ناوبژیوان ناچار دەبێت کاردی سوری پێبدات.

پاش یارییەکە ڕاهێنەر پێی دەڵێت: بۆ وات کرد؟ کارلۆسیش لێزانانە دەڵێت: خودا باوکمی لێسەندم ئەوەتا باوکێکی تری پێداوم، لەبەر خاتری تۆ خۆڕاگریم لەدەستدا و نەمتوانی بێدەنگ بم لە کاتێکدا وتەی ناشرین ئاڕاستەی باوکم دەکەن، لێرەشدا بە زۆرزانی خۆی ڕاهێنەر فریو دەدات و کارێک دەکات هەمان ئەو ڕاهێنەرە بەپەرۆشەوە بۆندەکەی بۆ نوێ بکاتەوە.

کارلۆس کایزەر گەورەترین فێڵبازە لە مێژووی تۆپی پێدا، بۆندی گەورەی لەگەڵ (١٠) یانەی وڵاتی بەرازیل واژۆ کردووە و ملیۆنان دۆلاری قازانج کردووە بەبێ ئەوەی لێدانێک ئاڕاستەی گۆڵ بکات و بگرە لە یاریی کردندا هاوشێوەی کەسێکی زۆر ئاسایی نەیتوانیوە لە مەشقەکانیشدا گۆڵ تۆمار بکات، لە کاتێکدا ڕۆژنامەوانان و ڕاهێنەرانی ئەو سەردەمەی بەوە خەڵەتاندووە کە هیچی لە ڕۆماریۆ کەمتر نییە.

لەبواری وەرزشدا چەندین وەرزشوانی ساختەچی هاوشێوەی کایزەر لە نمونەی زاریلی، بوغدوغ، علی زیای بونیان هەبووە، بەڵام هیچیان هیندەی ئەم یاریزانە بەرازیلیە نەیانتوانیوە یانە گەورەکان و کارگێڕی و ڕاهێنەران فریو بدەن.

ڕاپۆرت و شیکاری

چاڤی ئه‌و ته‌ڵاقه‌ی چاره‌نووسی گۆڕی

هه‌وراز كاوه‌

دوای وازهێنانی ناوه‌ڕاستكار و داهێنه‌ری ڕۆژانی پێشووی یاریگا سه‌وزه‌كانی ئه‌وروپا چاڤی هێرناندێز، ئه‌وه‌ پێم خۆشبوو باس و خواسێكی ئه‌و یاریزانه‌ بخه‌مه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌رانی كوردی زمان.

دایكی چاڤی هێرناندێزی ئیسپانی و یاریزانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ چه‌ند نهێنییه‌كی ژیانی چاڤی بۆ ڕۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی ئاشكرا كرد.

دایكی چاڤی وتی: له‌كاتی به‌شداریكردنی كوڕه‌كه‌ی له‌ مۆندیالی خوار ته‌مه‌ن (17) ساڵان كه‌ له‌ نه‌یجیریا رێكخرابوو، چاڤی بۆندێكی له‌لایه‌ن یانه‌ی ئه‌ی سی میلانه‌وه‌ پێگه‌یشت و زۆر نزیكبوو له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌و یانه‌یه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌دریانۆ گالیانی خۆی گفتوگۆی گواستنه‌وه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌برد.

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ئه‌و بۆنده‌ له‌لایه‌ن گالیانییه‌وه‌ ئاشكراكرابوو، به‌ڵام دایكی چاڤی هه‌ندێ نهێنی تایبه‌تی به‌و بۆنده‌ ئاشكراكرد، كه‌ رێگربوون له‌ نه‌چوونی ئه‌و یاریزانه‌ بۆ رۆسۆنێری و وتی: گالیانی له‌گه‌ڵ باوكی كوڕه‌كه‌م رێككه‌وتن كه‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ به‌ بڕی ملیۆنێك دۆلار له‌گه‌ڵدا ئیمزا بكه‌ن و ئیشێكی باشیشی له‌ شاری میلانۆ بۆ بدۆزنه‌وه‌، له‌وكاته‌دا هه‌مووان به‌و بۆنده‌ رازیبوون به‌ تایبه‌تی ئه‌وكات پیپ گواردیۆلا له‌ شوێنی چاڤی یاریی ده‌كرد و ئه‌سته‌م بوو ئه‌و یاریزانه‌ پێگه‌یه‌ك بۆخۆی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌دا دابین بكات. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا من سووربووم له‌ نه‌چوونی چاڤی بۆ میلان و دژی هه‌موویان وه‌ستامه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌م له‌ مێرده‌كه‌م كرد، كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و بهێڵێت چاڤی بچێته‌ میلان ئه‌وه‌ ده‌بێت ته‌ڵاقم بدات، كه‌ ئه‌مه‌ وایكرد به‌ بۆنده‌كه‌ی میلان رازی نه‌بێت.

ئه‌و یاریزانه‌ كۆنه‌ی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ خۆی چه‌ند یاده‌وه‌رییه‌كی جوانی یانه‌كه‌ی دوای وازهێنانی ده‌گێڕێته‌وه‌ و باس له‌ هه‌ردوو ڕاهێنه‌ری پێشوو لویس ڤانگالی هۆڵندی و خۆزسیه‌ مۆرینیۆی پورتوگالی ده‌كات.

چاڤی له‌ باسی رۆژانی پێشووی یانه‌ی بلوگرانه‌، به‌ تایبه‌ت سه‌رده‌می لویس ڤانگال و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی مۆرینهۆ. ده‌گێڕێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ی ڤانگال له‌ ساڵی (1997 تا 2000) له‌ به‌رشه‌لۆنه‌بوو هه‌میشه‌ سه‌ركۆنه‌ی ده‌كردم و قسه‌ی ناشرینی پێ ده‌وتم. چاڤی پێی وایه‌ ئه‌مانه‌ شتێكی خراپ نه‌بوون بۆ ئاینده‌ی، به‌ڵام هه‌رگیز قسه‌ ناخۆشه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ هۆڵندییه‌ له‌یاد ناكات. ئیكزافی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: جارێكیان له‌ به‌رده‌م هاوڕێكانم قسه‌ی ڕه‌قی له‌سه‌ر تۆپ پێوتم، به‌ڵام ڕۆژی دواتر كه‌ هاتینه‌ سه‌ر مه‌شقگاكه‌ بانگی كردم و به‌ به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ وتی:  تۆ شێوه‌ی یاریكردنت له‌ زێدان ده‌چێت، له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ بۆ من شتێكی جوان و پاڵپشتێكی مه‌عنه‌وی گه‌وره‌بوو.

سه‌باره‌ت به‌ مۆرینهۆ كه‌ له‌گه‌ڵ ڤانگال كاری وه‌رگێران و جار جار مه‌شقكردنی ده‌كرد ڕایگه‌یاند: ڕێز له‌ مۆرینهۆ ده‌گرم و سه‌رده‌مێك پێكه‌وه‌ له‌ یانه‌یه‌ك بووین، به‌ڵام به‌شێوازی یاریكردنی خۆشحاڵ نیم، هه‌روه‌ها ئه‌و سێ‌ ساڵه‌ی له‌ كه‌ته‌لۆنیابوو زۆر یارمه‌تیدام، به‌یه‌ك زمان و ئیسپانی قسه‌مان ده‌كرد، هه‌ردووكمان بیروڕامان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكبوو، یان باوه‌ڕمان هه‌مان شتبوو له‌سه‌ر پلانه‌كان. ئه‌و دواتر له‌ به‌رشه‌ی (ب)ـی و ڕۆژانه‌ ڕاهێنانی پێده‌كردین، شێوه‌ی مه‌شقه‌كانی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی كه‌ته‌لۆنی و یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌بوو، به‌ڵام دوای ڕۆشتنی رێچكه‌یه‌كی دیكه‌ی گرت و ته‌نیا بردنه‌وه‌ بووه‌ته‌ ئامانجی یه‌كه‌می، دواجاریش له‌ ئاهه‌نگی دابه‌شكردنی تۆپی زێڕین سڵاومان له‌یه‌ك كرد، تا ئه‌مڕۆش په‌یوه‌ندی دوورمان هه‌ر ماوه‌.

چاڤی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا نه‌بووه‌ به‌ ڕاهێنه‌ر پێشنیازی كردووه‌ له‌كاتی یارییه‌كاندا هه‌ر تیپێك له‌ ده‌ یاریزان پێكبێت، ئه‌ویش له‌ پێناوی به‌خشینی چێژی زیاتر به‌ یارییه‌كان، چونكه‌ یاریكردنی یانزه‌ یاریزان تۆپی پێی ئه‌سته‌م و قورس كردووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌نی جه‌سته‌یی و ته‌كتیك و ده‌ركه‌وتنی ئاستی ڕكابه‌ره‌كان، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له‌به‌ر داخستنی ڕووبه‌ر و گه‌له‌كۆمه‌ی به‌رگریی له‌پێش گۆڵدا نایه‌ڵێت جوانی تیپ و پلانه‌كانیان ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ پێی وایه‌ باشتره‌ به‌ یاریزانێك كه‌متر یاریی بكرێت، یان هه‌ر تیپَیك له‌ ده‌ كه‌س پێكبێت، هانی تیپه‌كانیش ده‌دات هێرش ببه‌ن و سوود له‌ ڕووبه‌ره‌كان ببینن، چونكه‌ تۆپی پێ بۆ جه‌ماوه‌ر و هانده‌ران ده‌كرێت، بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی چێژی لێوه‌ربگرن. ئه‌و ئه‌مانه‌ باشترین شێوازه‌ به‌لایه‌وه‌، كه‌ پێچه‌وانه‌ی شێوازی پلانه‌كانی دیگۆ سیمیۆنییه‌، ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ كۆنترۆڵكردنی تۆپ له‌به‌رچاو ناگرێت، چاڤیش پێی  باشه‌ هه‌ژموونی زاڵ بكات به‌سه‌ر تۆپدا و له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ گۆشكراوه‌، وه‌ك ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ پیاده‌ ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ببمه‌ راهێنه‌ر. له‌ كۆتایدا چاڤی ڕوونیكرده‌وه‌ پلانی هه‌بووه‌ دوای یۆرۆی (2012) به‌ یه‌كجاری واز له‌ یاریكردنی نێوده‌وڵه‌تی بێنێت، به‌ڵام ڤیسێنتی دێل بۆسكی ڕاهێنه‌ری ئه‌وكاتی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا په‌شیمانی كردۆته‌وه‌، تا دوای مۆندیالی (2014)ـی به‌ڕازیل یاریی بكات.

سه‌رچاوه‌
ڕۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی و ماركا
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

ڤان پێرسی ئیسلام رزگاریكردم

هه‌وراز كاوه‌

ڕۆژانی پێشوو یاریزان و كۆڵكاری خوله‌كانی ئه‌وروپا و مۆندیال، ڕۆبن ڤان پێرسی هۆڵندی به‌ یه‌كجاری وازی له‌ یاریكردن هێنا، ئه‌و ئه‌ستێره‌ گه‌شاوه‌ی ڕۆژانی پێشووی گۆڕه‌پانه‌ سه‌وزه‌كان، كه‌ نازناوی ڕۆبن هۆد و بكوژی به‌رامبه‌ره‌كانی هه‌بوو، به‌ته‌واوی دوای هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و تێستكردنی چه‌ندین وێستگه‌ی جیا جیای ژیانی یاریكردنی به‌ تایبه‌تی ئه‌رسیناڵ و مانچسته‌ر یوونایتد ده‌ستبه‌رداری یاریكردن بوو، پاش ئه‌وه‌ پێم باشبوو هه‌ندێك قسه‌ و بیره‌وه‌ری ناوبراو له‌سه‌ر ئیسلام و ژیانی ئه‌وتان له‌م چه‌ند دێڕه‌دا بۆ باس بكه‌م.

له‌ ساڵی (2005)ه‌وه‌ ڤان پێرسی موسڵمانبوونی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا ئه‌و بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن چه‌ند گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌كی ئه‌وروپییه‌وه‌ باسكراو و پرسیار له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ كرا ئایا رۆبن ڤان پێرسی بووه‌ به‌ موسڵمان؟.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ڤان پێرسی به‌ كورتی باسی سه‌ره‌تای موسڵمانبوونی خۆیكرد و روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ره‌و ئاینی ئیسلام ڕێنوێنی كردووه‌، تاوه‌كو ئێستاش نزیكترین هاوڕێیه‌تی. هۆكاری باوه‌ڕهێنانی به‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام بریتی بوو له‌و كه‌سه‌ی تا ئه‌مكاته‌ به‌ باوكی خۆی داده‌نێت. دیاره‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ پاككه‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌بوو، كه‌ یاریزانه‌كه‌ له‌وێ قوتابی بوو، هه‌روه‌ها هۆڵندییه‌كه‌ ده‌ڵێت: من له‌و قوتابخانه‌یه‌دا كه‌سێكی شه‌ڕانگێز و لاسار بووم زۆربه‌ی كات ده‌بوومه‌ مایه‌یه‌ی بێزاری بۆ هاوڕێكانم، ڕه‌نگه‌ هۆكار هه‌بووبێ من كه‌سێكی ئاوا خراپ و لاسار بم، چونكه‌ دایك و باوكم دوای نه‌گونجانیان جیابوونه‌وه‌ و هێنده‌ی ئه‌م ژیانه‌ قورسه‌ گرفتی ده‌رونییان بۆ دروستكردم، له‌وكاته‌دا به‌ تایبه‌تی له‌ قوتابخانه‌كه‌مان پاككه‌ره‌وه‌یه‌كی مه‌غریبیمان هه‌بوو به‌ ناوی (سیدی ماوشه‌) ئه‌و پیاوه‌ هه‌میشه‌ قسه‌ی بۆ ده‌كردم و هێوری ده‌كردمه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ی له‌ پۆل مامۆستاكانم ده‌ریانده‌كردمه ‌ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ سیدی رێنوێنی ده‌كردم به‌وه‌ی كه‌سێكی دامه‌زراو و هاوسه‌نگ و به‌هێزبم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا له‌سه‌ر پێی خۆم ڕاوه‌ستم، جگه‌ له‌مانه‌ سیدی فێری زۆر شتی كردووم و له‌ زۆر بڕیاردا به‌رچاوڕوونی پێده‌دام، دوای ئه‌وه‌ی بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ هاوسه‌رگیری بكه‌م توانیم به‌ ئامۆژگاری مامۆستاكه‌م له‌گه‌ڵ (بوشرا ئه‌لبالی) ژیانی هاوبه‌ش پێكبهێنین و تا ئه‌مكاته‌ له‌گه‌ڵیدا ئاسووده‌م، هه‌روه‌ها له‌ژێر كاریگه‌ر و ئامۆژگاری ئه‌و چوومه‌ ڕیزه‌كانی یانه‌ی ئارسناڵ، بۆیه‌ وامیلێهاتووه‌ سیدی تاكه‌ كه‌سه‌ متمانه‌یه‌كی كوێرانه‌ی پێده‌كه‌م و نامه‌وێت لێم دووربێت. ده‌رباره‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ڕۆبن هوده‌كه‌ی هۆڵندا دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی ئیسلامه‌وه‌ ژیانێكی هاوسه‌نگی هه‌یه‌ و له‌رووی ده‌روونییشه‌وه‌ كه‌سێكی دامه‌زراوه و ئاسووده‌یه‌، كه‌ ناوبراو پێشتر ژیانی پڕبووه‌ له‌ گرفت، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا پێنج  ساڵبوو دایك و باوكی له‌ یه‌كدی جیابوونه‌وه‌.

له‌ كۆتایدا ڤان پێرسی ده‌ڵێت:

“دوای ماوه‌یه‌كی زۆر و ئاشنابوون به‌ دینی تازه‌، ئه‌وه‌ ئیسلام توانی له‌ كێشه‌ ده‌روونییه‌كان دوورم بخاته‌وه‌ و ژیانێكی رێكوپێكی پێ به‌خشیووم، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك سیدی ماوشه‌ ئاماده‌ نه‌بێت له‌ناو یاریگادا هه‌ست به‌ ته‌نیایی ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌وكاتانه‌ی دێته‌ ناو یاریگا، به‌ چاكترین شێوه‌ ئاستی خۆم پێشكه‌ش ده‌كه‌م و هه‌ست به‌هێزێكی ده‌روونی گه‌وره‌ ده‌كه‌م”.

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی دوای ڕۆشتنی فێرگسۆن له‌ مانچسته‌ر ئاستی دابه‌زی؟ ئه‌وه‌ ڕیۆ فێردیناندی كۆنه‌ هاوڕێی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و وتی:”ڤان پێرسی به‌ بڕیاری وازهێنانی راهێنه‌ر ئه‌لێكس فێرگسۆن زۆر كاریگه‌ربوو، بۆیه‌ ئاستی خراپبوو، فێرگسۆن هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو له‌ گواستنه‌وه‌ی ڤان پێرسی له‌ ئارسیناڵه‌وه‌ بۆ مانچسته‌ر، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌دا نازناوی پرێمه‌رلیگی له‌ وه‌رزی ( 2012،2013) به‌ده‌ستهێنا، ڤان پێرسی هه‌وڵیدا بگه‌رێته‌وه‌ ئاستی جارانی، كه‌چی نه‌یتوانی و یانه‌كه‌ی جێهێشت، هه‌روه‌ها ناوبراو له‌دوا وه‌رزی فێرگسۆندا توانی (27) گۆڵ تۆمار بكات، به‌ڵام وه‌رزی دوای ئه‌وه‌ ته‌نیا (12) گۆڵیكرد و پاشان ڕوویكرده‌ توركیا و دواتر له‌ هۆڵندا كۆتایی به‌ ژیانی یاریكردنی هێنا، كه‌واته‌ ئه‌و ئێستا ئیسلامه‌.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

چەند یانەی ئینگلیزی بەشداری “چامپیۆنز لیگ”ی وەرزی داهاتو دەکەن؟ ڕاستە شەش یانە دەتوانن؟

خەڵک سپۆرت

لەم وەرزەدا ململانێی یانەکانی خولی ئینگلیزی گەیشتۆتە ترۆپک و کۆنترۆڵی خولە گەورەکانی ئەوروپایان کردووە، بارودۆخەکەش لەهزری هاندەراندا پرسیارێکی دروست کردووە: ئایا چەند یانەی خولەکە بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکەن؟

ئەمڕۆ سەرجەم ڕووبەڕوبونەوەکانی هەفتەی (٣٨)ی خولی ئینگلیزی “پریمەرلیگ” ئەنجام دەدرێن و تیایاندا پاڵەوان و جێگرەکەی ئاشکرا دەبن، بەشێوەیەکی گشتی و پێشوەخت چوار یەکەمینەکە توانیویانە پێگەی خۆیان مسۆگەر بکەن و بەشداریکردنیان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ٢٠١٩/٢٠٢٠ بابەتێکی حەتمییە (مان سیتی، لیڤەرپوڵ، چێڵسی، تۆتنهام).

لەم وەرزەدا لەهەردوو خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا (چامپیۆنز لیگ)، خولی ئەوروپی (یوروپا لیگ) جەمسەرەکان ئینگلیزین، واتا چوار یانەی ئینگلیزی ململانێی دوو نازناوە گەورەکەی ئەوروپا دەکەن و هەر براوەیەکیان بەشدار دەبێت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی وەرزی داهاتوو.

لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: ئایا چەند یانەی ئینگلیزی لە وەرزی داهاتودا دەتوانن بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بکەن؟ لەکاتێکدا چوار یانەی ئینگلتەرا بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی (یوێفا) سەردەکەون و دوو یانەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی چامپیۆنز و یوروپا لیگ بەهەمان شێوە بلیستی خۆیان مسۆگەر دەکەن، واتا دەبێت شەش یانەی ئینگلیزی بەشداری بکات.

ئەوپەڕی پێنج یانە بەشداری دەکات

لەڕابردوودا کاتێک یانەیەک دەبووە پاڵەوانی خولێکی ئەوروپی، ئەگەر ئەو یانەیە لە چوارینەی پێشەنگی خولی ناوخۆدا بووایە ئەوا یانەیەکی پێگەکانی خوارتر جێگەی دەگرتەوە و بەشدار دەبوو لە چامپیۆنز لیگ، بەڵام ئەم ڕێسایە گۆڕانکاری بەسەردا هات و چیتر کاری پێناکرێت، واتا لەم وەرزەدا (مان سیتی، لیڤەرپوڵ، چێڵسی، تۆتنهام) سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کردووە، کاردی کۆتایی چامپیۆنزی ئەم وەرزە هیچ کاریگەریەک بۆ لیڤەرپوڵ و تۆتنهام دروست ناکات.

لە یوروپا لیگ ئەگەر چێڵسی پاڵەوان بێت بەهەمان شێوە کاریگەری دروست ناکات، چونکە ئەو یانەیە پێشوەخت بۆ خولی یانە پاڵەوانەکان سەرکەوتووە، بەڵکو ئەگەر ئارسیناڵ پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت ئەوا ڕێژەی یانە بەشدارەکانی “پریمەرلیگ” بۆ پێنج یانە بەرز دەبێتەوە (مان سیتی، لیڤەرپوڵ، چێڵسی، تۆتنهام، ئارسیناڵ)، لەوەش زیاتر بەپێی یاسا یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ڕێگە نادات لە پێنج یانەی یەک وڵات زیاتر بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکان بکەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە