سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوا لە هەموو لایەك دەکەین چارەسەری ئاشتییانە بگرنەبەر و دەشڵێت: دادپەروەری بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا لەوانە گەلی کورد دەستەبەر بکرێت.
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ده‌رباره‌ی پێشهاته‌كانی سوریا پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به بایه‌خێكی زۆره‌وه چاودێریی پێشهاتەکانی سوریا دەکه‌ین. داوا لە هەموو لایەك دەکەین زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە بگرنە بەر، به شێوه‌یه‌ك دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا، لەوانە گەلی کورد، دەستەبەر بکات، هه‌روه‌ها بەشداریی کارایان لە داڕشتنی داهاتووی وڵات‌دا، مسۆگەر بکات.
ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا پابەندیی خۆی بە پاراستنی پەیوەندیی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی سوریا دووپات دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هه‌موو ململانێیه‌ك كه دۆخی ناوچه‌كه ئاڵۆز بكات ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها جەخت له پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندیی هەموو گەلان و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ینه‌وه.
سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێت: له كاتێكدا پێشهاته‌كان خێران، جەخت له گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکەینەوە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سوریا. بۆیه داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ین ڕۆڵی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بگێڕن، هه‌روه‌ها پشتگیریمان بۆ خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.