لیستی زەرد لە یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند دژی بایکۆتکردنی دەوامن و داواش لە حکومەتی هەرێم دەکات مانگانە لیستی مووچە بە بێ کێشە بۆ بەغداد بنێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، لیستی زەردی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر نیگەرانی دەربارەی دواکەوتنی مووچە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پشتگیری داواکاری فەرمانبەر و مامۆستایان دەکەین.
لیستی زەردی یەکێتی مامۆستایان ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت بەوەی هەر جارەی بە بیانوویەک کێشە بۆ مووچە دروست دەکات و داواشی لە حکومەتی هەرێم کرد مانگانە لیستی مووچە بە پاکی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.
سەبارەت بە بایکۆتیش کە وردە وردە لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، لیستی زەردی یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند، بایکۆت بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و مامۆستا و فەرمانبەراندا نییە، چونکە ئەوە “بە مانای بایکۆتکردنی منداڵی خۆمان و قوتابی و خوێندکار و ئیشوکاری خۆمان دێت، کە ئەوەش زیانی ئابووری بە هەموو لایەک دەگەیەنێت”.