سەرۆکی سوریا باس لە “ئامانجی دوورمەوداکان” دەکات و گرژییەکانی باکووری وڵاتەکەی بە هەوڵێک بۆ “دابەشکردنی ناوچەکە و دووبارە کێشانەوەی نەخشەکانی” ناو دەبات.
بەشار ئەسەد، سەرۆک كۆماری سوریا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆك كۆماری ئێران، ئەمڕۆ دوو شەمە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند: “ئەو پەرەسەندنە تیرۆریستییەی، کە ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەی ئامانجێکی دوورمەودایە لە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە و پارچە پارچەکردنی وڵاتەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشهاتەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئەمانە هەوڵدانە بۆ پارچە پارچەکردنی وڵاتانی ناوچەکە و دووبارە کێشانەوەی نەخشەکان بەپێی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا.
هاوکات، مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی هەموو هەوڵەکان بۆ تێکدانی یەکڕیزی و سەقامگیری سوریا بەهەموو شێوەیەك ڕەتدەكاتەوە.
پزیشكیان پێیوابوو، کە “زیانگەیاندن بە یەکگرتوویی سوریا گورزێکە لە ناوچەکە و سەقامگیریی سوریا و یەکگرتوویی” ، جەختی لە ئامادەیی ئێران بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ سوریا کردەوە.