
هاتووچۆی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، هەر شۆفێرێكی پاس بۆ هاتووچۆپێكردنی خوێندكاران نەفەری زیاد هەڵبگرێت سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەك تێبینی دەکرێت بەشێك لە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی، کە هاتووچۆ بە خوێندکاران دەکەن، نەفەری زیادهەڵدەگرن واتە (سەرخستنی نەفەری زیاد لە پێویست) لە ناو ئۆتۆمبێل، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆیە.
ڕاشیگەیاندووە، بوونی ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی گلەیی و تێبینی لای مامۆستایان و بەخێوکارانی خوێندکاران و گرفتی بۆ ئەوانیش دروستکردووە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئاگاداری ئەو شۆفێرانە دەکەینەوە، کە لە ماوەی “یەك هەفتە” پێویستە کار بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بکەن و نەفەری زیادە سەر نەخەن، بە پێچەوانەوە ناچار دەبین لێپێچینەوەی توندی یاسایی ئەنجام بدەین.