تا دێت دۆخی ناوچەکانی سووریا بەهۆی هێرشی گروپە تووندڕەوەکانەوە ئاڵۆزتر دەبێت و مامۆستایەکی زانکۆش باس لەوە دەکات کە باشترە کورد خۆی لە شەڕی گروپە تووندڕەوەکانی سەر بە تورکیا بپارێزێت تا ڕوون دەبێتەوە ئاخۆ حکومەتی ئەسەد دەڕووخێت یان نا.
شێرکۆ کرمانج، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی لە بارە گۆڕانکارییەکانی سووریاوە دەڵێت، “ھەر لاوازبوونێکی ناوەند لە قازانجی کوردە، بەشار ئەسەد و ھاوکارەکانی، ئێرانییەکان و حیزبوڵا، لاواز کراون، لە ئاکامی گورزەکانی ئیسرائیل، ئەوەی ڕوودەدات بەشێکی دەرکەوتەی ئەم لاوازبوونەیە. بۆیە ئێستا کورد لە ڕۆژاڤا بەھێز دەبێت”.
باسی لەوەشکردووە: “سەرکەوتنی تیرۆریستە بەکرێگیراوەکانی تورکیا ھەڕەشەن لەسەر کورد، بەڵام بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانانی کورد، ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاسانترە کە دژی تیرۆریستەکان ھاوکاریان بکەن نەک دەوڵەت”.
“بەواتایەکی دیکە، ئەمریکا و ئیسرائیل یارمەتی بکەرێکی نادەوڵەتی لە دژی بکەری نادەوڵەتی دەدەن، وەک ھەیئەی تەحریر شام یان داعش، بەڵام خۆدەپارێزن لە پشتیوانی کورد ئەگەر دژی بکەرێکی دەوڵەتی بێت، وەک تورکیا و سووریا”، شێرکۆ کرمانج وای وتووە.
دەشڵێت: “ئەزموونی ڕابردوو ھەم لە باشوور ھەم لە ڕۆژاڤا ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە. بەکورتی لە ھێرش نا بەڵام ھەڕەشە لە ناوچەکانی ژێردەستی ھەسەدە بکرێت، پێموایە بێ سێ و دوو ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکوتی جەبھەی تەحریر شام و چەتەکانی تورکیا و تیرۆریستەکانی دیکە دەکەن”.