وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەت دەڵێت، کورتهێنانمان هەیە و ناتوانین مووچە دابەش بکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە لقی هەولێر بانکى ناوەندى عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بڕى 763 ملیار دیناری خستەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان.
سەرباری ڕەوانەکردنی ئەو گوژمەیەش، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاساوی کورتهێنان، دابەشکردنی مووچە زیاتر دوا بخات.
دژوار فایەق، راوێژکارى باڵاى سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئەگەر بەغداد گوژمەى یەکەمى پارەکەش بنێرێت کورتهێنانمان دەبێت و ناتوانین مووچەى مانگى 10 دابەش بکەین.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە هەرێمى کوردستان داواى لە بەغداد کردوە سێ مووچە بەیەکەوە بنێرن بۆئەوەى بەپەلە بتوانن دوو موچەى مانگەکانى 10 و 11 دابەش بکەن.
سەبارەت بە مووچەى مانگى 12ش دژوار فایەق وتى: هەرێمى کوردستان داواى گواستنەوەی لە بەشە بودجەیدا کردووە بۆ ئەوەی بتوانن پێش کۆتاییهاتنى ساڵ هەرسێ مووچەکە دابەش بکەن.