بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەکانی زانیاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان پارەدانی كاش ڕادەگیرێت و لە سبەینێوە كار بە پارەدان بە سیستمی كارت دەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەکانی زانیاری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ڕێنمایی گشتی ڕەگەنامەی ھەرێم داوا لە ھاووڵاتیانی دەکەین لە سبەینێ یەک شەممە بەرواری ٢٠٢٤/١٢/١ لەکاتی سەردان کردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ ئەوەی کارەکانیان بۆ ڕایی بکرێت و ببن بەخاوەنی کارتی زانیاری پێویستە ھەڵگری یەکێک لەکارتەکانی (Visa card—Master card ) بێت.
ڕاشیگەیاندووە، لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین بەھیچ جۆرێک کار بەپێدانی پارە بەدەستی ناکرێت، بەڵکو تەنھا بە پارەدانی ئەلکترۆنی لەڕێگەی ئامێری (POS) ەوە دەبێت.
بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراقی، سیستمی پارەدانی كاش نامێنێت و لە بەنزینخانە و فەرمانگەكان و ماركێت و كاروبارەكانی دیكەی ڕۆژانەدا دەبێت پارەدان بكرێتە سیستمی كارت و هاووڵاتیان هەژماری بانكی بۆخۆیان بكەنەوە.