سەرۆکی کەرتی ڕاگەیاندنی سەرژمێری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خولی ڕاهێنان بۆ سەرجەم بژمێرەکان کراوە و ڕاهێنانیان پێکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پڕۆسەکە پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
کارزان مەنتک، سەرۆکی کەرتی ڕاگەیاندنی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “خولی ڕاهێنان بۆ سەرجەم بژمێرەکان کراوە و ڕاهێنانیان پێکراوە لەبارەی کۆتا قۆناغی پڕۆسەکە و چۆنییەتی پڕکردنەوەی فۆڕمی 77 پرسیارەکە و پێدانی زانیاری بە هاووڵاتییان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆتا قۆناغی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی ئەمڕۆ شەممە 30ی تشرینی دووەمی 2024 دەستپێدەکات و پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، هەر کەسێکیش لە قۆناغەکانی پێشتردا ناوی تۆمار نەکرابێت لەم قۆناغەدا دەتوانرێت ناوی تۆمار بکرێت.
قۆناغی چەسپاندنی داتاکان لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراقدا، لە 20ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و بڕیار بوو تەنها دوو ڕۆژ بخایەنێت بەڵام لەبەر تەواونەبونی ڕێکارەکان ڕۆژێک درێژکرایەوە و تا ئێستاش هەندێک کەس ناویان تۆمار نەکراوە.