بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان سبەینێ شەممە شاندێکى پارتى لە سلێمانى لەگەڵ یەکێتى کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان سبەینێ لە دەباشان، هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبنەوە.
کۆبوونەوەکەی سبەینێی دەباشان کەلە نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەدەچێت دوای ئەوە دێت کە هەردوو حزب بە جیا پێشر سەردانی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
پێشتر هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە، لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بەبێ بوونی ڤیتۆ پارتی دەرگای کراوەیە و سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات.
وتیشی: “قۆناغێکی نوێیە خەڵکی کوردستان بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردنێکی کارای کردووە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی کابینەی 10یەمی کوردستانە لە برەودان بە بەردەوامیدان بە ڕێفۆرمیکی سەرانسەری، بە باشتر کردنی بارودۆخی خەڵکی کوردستان، بە ئیدارەدان بەو مەلەفانەی لەگەڵ بەغدا هەن و لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەرزکراونەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت جێبەجێیان کات”.