متمانە بەخۆبوون بەواتای بڕوابوون بە توانا و لێهاتووییەکانمان دێت، ئەوەی کە کەسێک بزانێت دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکان بکات و ڕێگا نەدات هیچ شتێک بەسەریدا زاڵ بێت، گەشبینە بە دەرئەنجامی کارەکانی و دەتوانێت بەڕێوەیان ببات.
ئەو هۆکارەنە چین کاریگەرییان لەسەر متمانە بەخۆبوون هەیە:
١- ڕۆڵی بۆماوە: توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە بۆماوە کاریگەری لەسەر ڕێژەی متمانە بەخۆبوونی کەسەکان هەیە، کەسەکان بە ڕێژەی جیاوازی متمانە بەخۆبوونەوە لەدایک دەبن.
٢- ئەزموونی منداڵی: ئەزموونی منداڵی و ڕەفتاری دایک و باوک لەگەڵ منداڵ، منداڵ چەند سوکایەتی پێ بکرێت و سەرزەنشت بکرێت، کەمتر متمانەی بەخۆی دەبێت.
٣- ڕۆڵی کۆمەڵگا: کۆمەڵگا و کولتوور کاریگەری تەواو لەسەر متمانە بەخۆبوونی کەسەکان هەیە، لە کۆمەڵگایەکدا کە بەردەوام تاکەکان بشکێننەوە و بەهرەکانیان پشتگوێ بخرێت، ناتوانن پەرە بە متمانە بەخۆبوونیان بدەن.
٤- ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان: ئەوەی کە ڕاگەیاندنەکان بە خەڵکی دەگەیەنن، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر متمانە بەخۆبوونی تاکەکان هەیە.
متمانە بەخۆبوون بۆچی گرنگە؟
ئەگەر متمانە بەخۆبوون نەبێت، هیچکات بەباشی دەست ناکەیت بە ئەنجامدانی کارێک و هیچ ڕێگایەک نابڕیت و هەمێشە ڕادەکەیت لە ئەنجامدانیان.
ئەمەش وادەکات زۆرکات کارەکە بە هەڵە و بە ترس دڵە ڕاوکێیەکی زۆرەوە ئەنجام بدەیت.
چۆن دەری بخەیت کە متمانەت بە خۆتە؟
١- بە چاو پەیوەندی ببەستن، کاتێک لەگەڵ کەسێک قسە دەکەیت سەیری چاوەکانی بکە، چونکە ئەمە خووی ئەو کەسانەیە کە متمانە بەخۆبوونیان بەرزە.
٢- بە ڕێکی بوەستە بۆ ئەوەی متمانە بەخۆبوونت دەربکەوێت پێویستە ڕاهێنانی بەڕێکی وەستان بکەیت، ئەوەش بە ڕێککردنی پشت، شانەکان بەڕێکی و دانەچەمێن و سینە بەرز و ڕێک بگریت.
چۆن متمانە بەخۆبوونمان بەهێز بکەین؟
- تەنیا بیر لە یادگارییە خۆشەکان بکەرەوە: پێش ئەنجامدانی هەر کارێک، لەبری بیرکردنەوە لە یادگاری و ئەزموونە ناخۆشەکان، هەوڵ بدەن یادگارییە ئەرێنی و خۆشەکانت بیر بهێنیتەوە، هەڵبژاردنی خۆتە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بەخۆبوونت یان کەمبوونەوەی.
- هۆکارەکانی کەمی متمانە بەخۆبوونت بناسە: پێش ئەوەی بتەوێت متمانە بەخۆبوونت باش بکەیت دەبێت بزانیت کە چی دەبێتە هۆی کەمی متمانە بەخۆبوون و تواناکانت، دەکرێت هۆکارەکە هەرچییەک بێت، دەبێت سەرەتا ئەو شتەی ڕێگری لە متمانە بەخۆبوونت دەکات بیناسیت، دواتر بڕۆیتە لای بەهێزکردنی.
- هەوڵ بدە بۆ ناسینی خۆت: بۆ هەبوونی متمانە بەخۆبوون، دەبێت سەرەتا بەباشی خۆت بناسیت، تایبەتمەندییەکانت بەباشی بناسیت و پەرەیان پێ بدەیت، هەروەها خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆت بزانیت، پشت بە خاڵە بەهێزەکانت ببەستیت و تاکوو دەتوانیت خاڵە لاوازەکانت باشتر بکەیت.
- ڕووبەڕووی ترسەکانت ببەوە: ترسەکان کاریگەری لەسەر متمانە بەخۆبوون دادەنێن، نەمانی ترسەکان دەبنە هۆی بەهێزبوونی متمانە بەخۆبوون چونکە بیرت دەخەنەوە کە کۆنتڕۆڵی ژیانت لە دەستدایە و توانای پێویستت هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری. لەبەر ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ترسەکان پێشنیارێکی زۆر باشە بۆ بەهێزبوونی متمانە بەخۆبوون.
- یارمەتی لە دەروونناس و ڕاوێژکار وەبگرە: دەروونناسەکان و ڕاوێژکارەکان وەکوو ئەو کەسانەی کە ئاشنان بە کارکردنی هزر و دەروونی مرۆڤ، دەتوانن بەشیکردنەوەی ڕووداوەکانی ژیانت، ڕەگی متمانە بەخۆبوونت بدۆزنەوە و بە دووبارەکردنەوە و ڕاهێنان یارمەتیت دەدەن متمانە بەخۆبوونت بەهێز بکەیت.