كۆمەڵ: ئەو حزبانەی هەرێمەكەیان گەیاندە دۆخێكی ناهەموار، دەنگەكانیان زیادیكرد



ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سوورین لەسەر بڕیاری بایكۆتكردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لە “هەڵبژاردنێكی ساختە و دیزاینكراودا” بەرهەم هاتووە، هەروەها دەشڵێت: ئەو حزبانەی هەرێمەكەیان گەیاندە دۆخێكی ناهەموار، دەنگەكانیان زیادیكرد.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر كۆبونەوەی ئاسایی لەشاری هەولێر خۆی ئەنجامدا و لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دووبارە جەخت لە بڕیاری بایكۆتكردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی دیزاینكراوی كوردستان دەكەینەوە، كە لە هەڵبژاردنێكی ساختە و دیزاینكراو بەرهەم هاتووە و كۆمەڵی دادگەری تێدا بەئامانج گیراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەڵبژاردنی دیزاینكراوی پەرلەمانی كوردستان بەجۆرێك بووە، تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە كوردستان لەكەداركرد و ئیرادەی خەڵكی خستە سەودا و مامەڵەوە، لە ئەنجامیشدا ئەو حزبانەی زیاتر لە 30 ساڵە حكومڕانن و هەرێمەكەیان گەیاندوەتە دۆخێكی ناهەموارەوە، دەنگەكانیان زیادی كرد، بەڵام هێزێكی وەكو كۆمەڵی دادگەری كە بەردەوام لە خەمی خەڵكدا بووە و بە هەڵوێستەكانی پشتیوانیی خەڵكی كردوە دەنگەكانی كەمی كرد”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی گفتوگۆی چڕی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی كۆمەڵ و هەڵسەنگاندنی بۆ ئاستی ئۆرگانەكان و خۆڕێكخستنەوە بۆ قۆناغی داهاتووی كاری سیاسیی تاوتوێ كرد، بڕیاریشیدا بە شێوەیەكی توندوتۆڵ خۆی بۆ قۆناغی ئایندە و ئاڵنگارییەكانی داهاتو ئامادە بكات.

سەبارەت بە كۆنگرەی پێنجەمی كۆمەڵیش، ئەنجوومەنی سەركردایەتی جەختیكردەوە كۆنگرەی كۆمەڵ لە وادەی یاسایی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێكاری پێویستی گرتە بەر و چەند بڕیارێكی دەركرد.

 

كۆمەڵ: ئەو حزبانەی هەرێمەكەیان گەیاندە دۆخێكی ناهەموار، دەنگەكانیان زیادیكرد
پت كۆمەڵ: ئەو حزبانەی هەرێمەكەیان گەیاندە دۆخێكی ناهەموار، دەنگەكانیان زیادیكرد
كەشی زستانە و سەرما دەستپێدەكات
دوات كەشی زستانە و سەرما دەستپێدەكات
پەیوەنیدر