بەپێی بڕیارێک بڕیارە سبەینی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ وەک تێست لە ڕێگەی رێگەی تاسڵوجە – چەمچەماڵ بکەونە کار و دوای سێ ڕۆۆژ سەرپێچی تۆمار دەکات.
عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی میدیای نزیک لە یەکێتی ڕاگەیاند، لەپلانیاندایە سبەی یەکشەممە کاتژمێر 12ـی پاشنیوەڕۆ کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، لە تاسڵوجەوە بۆ بانی مەقان، وەک تێست بۆ ماوەی سێ رۆژ بخەنەکار.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم کارکردنە بەشێوەی تێست تەنها بۆ ئەوەیە کە بزانین شۆفێرەکان تاچەند پابەندن و خێرایی کامێراکان چەندێک گونجاوە و شوێنی ڕاستی کامێراکان بزانرێت، هاوکات دوای تەواوبوونی ماوەی تێست بەفەرمی کامێراکان دەکەونە کار و تیژڕەوی شۆفێران تۆمار دەکەن.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی، ژمارەی کامێرا جێگیرکراوەکان لە هەردوو سایدی رۆیشتن و هاتن 28 کامێران و خێرایی بەگوێرەی شوێن دەگۆڕێت، ئەوپەڕی خێرایی رێگەپێدراو 100 کیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا و کەمترین خێرایی لەناو تەکیە و شوێنە ئاوەدانییەکان بە 60 کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دیاریكراوە.
ئەمە دووەم هەنگاوی جێبەجیکردنی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ-ە لە سنووری سلێمانی، پێشتر لەسەر رێگەی سلێمانی – دوکان، 24 کامێرا جێگیر کران و دوای ماوەی تێست ئێستا بەشێوەی فەرمی کاردەکەن، بەرپرسانی هاتووچۆش دەڵێن ئەو کامیرایانە ڕووداوەکانی هاتووچۆیان بەشێوەیەکی بەرجاو کەمکردۆتەوە.