سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچە و هەناردەی نەوت زانیاری ئاشکراکرد و دەڵێت” پێویستە ڕێگەی جیاواز هەبن بۆ چارەسەری قەیرانەکان”.
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی تشرینی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیدارێکی تایبەتدا لە دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە شاری دهۆک، ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک بۆ ئاشتی پێویستە پشتگیری بکرێت و پێویستە ڕێگەی جیاواز هەبن بۆ چارەسەری قەیرانەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، نامانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە، هەر هەنگاوێکیش بۆ ئاشتی هەبێت پێویستە پشتگیری بکرێت.
باسی لەوە شکرد، هانی هەموو وەبەرهێنەرانی بیانی دەدەین لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، لە ماوەی ڕابردووشدا چەندان وڵات ڕێژەی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان زیاد کردووە.
لەبارەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت مەسرور بارزانی دەڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان “کاریگەریی لەسەر هەموو عێراق هەبووە، بەڵام بێگومان گەورەترین زەرەرمەند بریتییە لە کوردستان.
دەشڵێت، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، بەڵام کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە بەرهەمدەهێنرێت.
ڕاشیگەیاند، بە نیگەرانییەوە دەڵێم کە ئەو لەدەستچوونەی رووبەڕوومان بووەتەوە، قەرەبوو نەکراوینەتەوە. دەبینین کە پارە بۆ مووچە درەنگ دەنێردرێت، داهات بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دا نییە.