ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

نرخی مریشك هەرزان بوو
هەرزان بوونی نرخی مریشك لە هەرێم سێ‌ هۆكاری هەیە

خەڵك – بەشی هەواڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، بوونی ژمارەیەكی زۆر كێڵگەی پەلەوەری لە سنورەكە لەگەڵ پێگەیشتنی مریشك لە خواروو و ناوەڕاستی عیراق بەهۆكاری هەرزان بوونی مریشك دادەنێت و دەشڵێـت: “كێڵگەكانی پەلەوەری لە یەك كاتدا جوجكیان داخڵی هۆڵەكان كردووە”.

ڕزگار حەمە خدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا لە سنوری سلێمانی ژمارەیەكی زۆر كێڵگەی پەلەوەری دروست كراون، كە نزیكەی 560 كێڵگە دەبن، كە 760 هۆڵی بەخێوكردن لە خۆدەگرن، بۆیە ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكانی هەرزان بوونی مریشك.

وتیشی، “لە ناوەڕاست و باشوری عیراق ئێستا كاتی پێگەیشتنی مریشكی كێڵگەكانی ئەو ناوچانەیە، بۆیە خواست لەسەر مریشكی هەرێم نیە تاڕەوانە بكرێت، ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ هەرزان بوونی نرخی مریشك لەئێستادا”.

ڕاشیگەیاند، لە سنوری سلێمانی بەشێكی زۆر لە كێڵگە پەلەوەرییەكان لەیەك كاتدا جوجكیان داخڵی هۆڵەكانی گەورەكردن كردووە، بۆیە لە ئێستا هەموو پێكەوە كاتی پێگەیشتنی هاتووە وبەهۆی بوونی بەرهەمی زۆرەوە خواست كەمی كردووە و نرخەكەشی هەرزان كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لەدوكانەكانی فرۆشتنی مریشك دەستی كەوتووە، لەئێستادا نرخی كیلۆیەك مریشك 1500 بۆ 1600 دینارە لەگەڵ وەرگرتنی بڕی هەزار دینار بۆ چاككردنی یەك مریشك، لە هەمان كاتدا كیلۆیەك مریشكی پیر، كە بە “ئومەهات” ناسراوە بە 3 هەزار و 250 تا 500 دینارە.

ئابوری

بەستنی لیستی مووچەی مانگەكانی ئەمساڵ بە پاشەكەوتەوە مامۆستایان نیگەران دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، لە ئەگەری هاتنی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن عیراقەوە پاشەكەوتی مووچەی مامۆستایان لا نەبرێت هەڵوێستمان دەبێت و خۆپیشاندان و بایكۆت ڕێكارێكی مەدەنیە بۆ داواكردنی مافەكانمان، دەشڵێت،”ئەوەی باس دەكرێت كە گوایە لیستی مووچەی مانگی 1و 2ی ئەمساڵ بە پاشەكەوتەوەیە ڕاست بێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت”.

دڵشاد تالیب بابان، مامۆستای ناڕازی لە سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، پێشتر ئەوەمان بەیان كرد، كە لە ئەگەری هاتنی بەشە بودجەی حكومەتی هەرێم لە لایەن عیراقەوە ، دەبێت پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت، لە ئێستاشدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە.

وتیشی،”بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان لەكاتی هاتنی بەشە بودجە و لانەبردنی پاشەكەوتی مووچە، بە ڕێكاری مەدەنی داوای مافی ڕەوای خۆمان دەكەین، كە خۆپیشادان و بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن بژاردەیەكن، كە مامۆستایانی ناڕازی دەیگرنەبەر”.

ڕاشیگەیاند، لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتە گوایە لیستی مووچەی مانگەكانی 1 و 2ی ئەمساڵ لە پەروەردەكان بەستراوە بە پاشەكەوتەوە، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت بۆ ئەوش هەڵوێستی جیدیمان دەبێت .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بانكی ناوەندی عیراق بڕێكی زیاتری دۆلار دەخاتە بازاڕەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بانكی ناوەندی عیراق لەڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە بڕێكی زۆری دراوی ئەمریكی (دۆلار)ی خستە بازاڕەكان، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی ئەو دراوە هەیە لە بازاڕەكانی ناوخۆ.

بەپێی بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندی عیراق، كە ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاوكرایەوە، بە زیادكردنی ئاشكرا بڕی 176.81ملیۆن دۆلاری بە بانك و كۆمپانیاكانی حەواڵە فرۆشراوە و بەراورد بە ڕۆژی پێشوو، كە 174.349ملیۆن دۆلار بوو، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بنیوە.

بانكی ناوەندی دەڵێت: “بڕی ئەو پارەیەی بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكانی دەرەوە فرۆشراوە گەیشتۆتە 156.211ملیۆن دۆلار، بڕی 19.870 ملیۆن دۆلاریش بەشێوەی كاش فرۆشراوە”.

هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، یەك دۆلار بە 1190 دینار فرۆشراوە و لەو زیادكردنەشدا 28 بانك بەشدارییان كردووە.

ڕۆژانە بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەكاندا، بەهای دۆلاری ئەمریكی دادەبەزێت، خاوەن نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراویش لە سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاندبوو “ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 120 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكراوە”.

بە بۆچوونی شارەزایانی بواری دراو”ئەگەر بڕی خستنەڕووی دۆلار بەشێوەیەكی زیاتر لە بازاڕەكاندا بەردەوام بێت نرخەكەی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا زیاتر دادەبەزێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 ئاشكرا كرا

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم ئامادەكارییەكانی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردووی تەواو كردووە و بڕیارە پێش نەورۆز تەواوی مووچەی موچەخۆران دابەش بكرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگاداری لە ئەنجومەنی وەزیران بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكان تەواو بوون و لە وادەی دیاریكراوی مانگانەدا “5ی هەموو مانگێگ” دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچە، بەڵام پێش نەورۆز تەواوی مووچە دابەش دەكرێت.

لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مانگەكانی پێشووە و بە پاشەكەوتەوە دابەش دەكرێت و بە دابەشكردنی مووچەی ئەو مانگەش كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی ساڵی ڕابردوو دێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان