تڕەمپ، کۆتایی بەشەڕی ڕووسیا و ئۆکراین دەهێنێت؟



سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە؛ سەرۆکی ڕووسیا دەرگای کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ، پەیوەست بەئاگربەست، بەڵام سوورە لەسەر بەڵێن و بنەما نەگۆرەکانی بەرامبەر بە کیێڤ.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ڕووداوەکان لە ڕەوتی شەڕی ئۆکرایندا خێراتر دەبن، دوایین پێشهاتەکان، ئەو هەواڵ و زانیاریانەن سەبارەت بە ئامادەیی لایەنی ڕووسی بۆ دانوستان لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە شوباتی ٢٠٢٠ەوە بەردەوامە.

 

ئایا هەردوو لایەن دەگەنە ڕێککەوتن و ئاگربەست دێتە ئارا؟

 

پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە پشت پەردەی کرێملینەوە دەڵێن: ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئامادە نییە دەستبەرداری داواکانی ببێت بۆ ئاگربەست و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کیێڤ دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ بێت، بەڵام ئەو “ئامادەیە” بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە نێوانیاندا: ئاگربەست لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراین.

 

پێنج بەرپرسی ڕووسیا، بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان پشتڕاستکردەوە، کە ڕەنگە کرێملین بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕازی بێت لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی قورسی و چڕی شەڕ بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوە.

 

پوتین لەم مانگەدا ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێکی ئاگربەست دەبێت ڕەنگدانەوەی “راستییەکان” بێت لەسەر ئەرزی واقیع، بەڵام ترسی هەیە ئاگربەستێکی کورتخایەن ڕووبدات، کە لەو ماوەیەدا ئۆئۆکراین بەپشتیوانی ڕۆژئاوا خۆی ئامادە و پڕ چەک بکاتەوە.

 

دەشڵێت؛ ئۆکراین هەمیشە وەک ئامرازێک لە دەستێکی هەڵەدا بەکاردەهێنرێت، لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا.

 

بەرپرسانی ڕووسی بەهۆی هەستیاری ئەم پرسە ڕەتیانکردەوە ناوەکانیان ئاشکرا بکەن و ڕایانگەیاند؛ ڕەنگە بوار هەبێت بۆ دانوستان لەسەر دابەشکردنی چوار ناوچەی ڕۆژهەڵات – دۆنێتسک، لوگانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن -بە وردی، ئەمانە ئەو ناوچانەن کە مۆسکۆ دەڵێت؛ بەشێکن لە ڕووسیا.

 

ئەگەرچی هێزەکانی ڕووسیا لە سەدا حەفتا بۆ هەشتای ئەو خاکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە نزیکەی بیست و شەش هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە هەیە کە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرایندایە.

 

دوو سەرچاوە ڕایانگەیاندووە، بڕیاری جۆ بایدن، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی ئەمەریکا بۆ ڕێگەدان بە ئۆکراین بۆ هەڵدانی مووشەکی “ئاتاکماس”ی ئەمریکی بۆ قوڵایی ڕووسیا ڕەنگە هەرچەشنە دانوستان و یەکلاکردنەوەیەک ئاڵۆزتر بکات و پرۆسەی رووەستانی شەڕ دوابخات.

 

ئەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ڕێکنەکەوتن لەسەر ئاگربەست، ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن.

 

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کیێڤ ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، بۆ یەکەمجار مووشەکی دوورمەودای بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر قوڵایی خاکی ڕووسیا، مۆسکۆش ئەو هەنگاوەی بە هەڵکشانێکی گەورە ناوبرد لەشەڕی نێوانیان.

 

دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: پوتین پێشتر ڕایگەیاندووە؛ ڕاگرتنی پەرەسەندنەکان لەهیچ بارودۆخێکدا بەرچاو ناگیرێن دوای دابینکردنی مووشەکی دوور مەودا لەلایەن ئەمریکاوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشوو نادات تا دوا سەربازی ڕووسیا لە خاکەکەی دەرنەکرێت.

 

جێی باسە سەرۆکی ڕووسیا، مەرجە سەرەتاییەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، لە ١٤ی حوزەیراندا خستەڕوو، لەوانە ئۆکراین دەستبەرداری داواکانی ناتۆ بێت و هێزەکانی لە چوار ناوچەی ئۆکراین بکشێنێتەوە.

 

سەرەڕای ئەمەش، مۆسکۆ هیچ کێشەیەکی نییە لە گفتوگۆکردن لەسەر گەرەنتی ئاسایش بۆ کیێڤ، بە وتەی ئەو پێنج بەرپرسەی زانیارییەکان ئاشکرا کردووە.

 

کەشوهەوای هەینی ڕاگەیەندرا
پێت کەشوهەوای هەینی ڕاگەیەندرا
پارێزگاری کەرکووک بۆ هاووڵاتییان: لە ماڵەکانتان بمێننەوە
دوات پارێزگاری کەرکووک بۆ هاووڵاتییان: لە ماڵەکانتان بمێننەوە
پەیوەنیدر