ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

هاوسەرۆكی عەفرین: رۆژئاوا بۆ بەرگری لەخۆكردن پشت بەهیچ هێزێكی دەرەكی نابەستێت


خەڵك- ئامەد حەسەن

هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان لە یەكەمین ساڵوەگەڕی دەستپێكردنی هێرشەكانی سەر عەفرین رایدەگەیەنێت لە رۆژئاوای كوردستان بەرخۆدان و تێكۆشان بەردەوامی هەیە و هەمووان لەسەر پێیانن.

هێڤی مستەفا هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) رایگەیاند “لە رۆژئاوای كوردستان بەرگری لە خاك و گەل هەیە، لە بەرگریكردنیشدا پشت بە هیچ هێزێكی نێونەتەوەیی یان هەرێمی نابەسترێت، پشت بە گەل و هێزی خۆ دەبەسترێت”.

ناوبراو هەروەها لەبارەی رەوشی عەفرینیشەوە، باس لەوە دەكات، رەوشی عەفرین زۆر خراپە، بەڵام ئەوان لە هەوڵەكانیان و لە بەرخۆدان بۆ رزگاركردنی عەفرین بەردەوام دەبن.

“ئامانجی توركیا لە داگیركردنی عەفرین تێكشكاندنی ئیرادەی كورد بوو”

خەڵك: لە ساڵوەگەڕی دەستپێكردنی هێرشەكانی سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا بۆ سەر عەفرین رەوشی شارەكە چۆن دەبینن؟
هێڤی مستەفا: لە هەرێمی عەفرین بە ئارامی و ئازادی ژیان دەكرا لەوێ، بە ناسنامەی خۆیان ژیانیان دەكرد، عەفرین سنوری خۆی پاراستبوو، نەچوو بووە سنووری توركیا، دەوڵەتی توركیا و گرێدراوەكانی لە 20ی چلەی 2018 هێرشیانكرد بۆ سەر عەفرین بە كۆمەڵێك بەهانە.
ئامانجی توركیا لە هێرشكردنە سەر عەفرین بریتی بوو لە تێكشكاندنی ئیرادەی كورد، ئاستەنگكردنی پرۆسەی دیموكراسی و داگیركردنی خاكی سوریا و قوڵكردنەوەی قەیرانی سوریا.
لە عەفرین 58 رۆژ بەرخۆدان كرا، ئێمە كشاینەوە لە عەفرین بۆ پاراستنی گەلی خۆمان بوو لەوێ لە كۆمەڵكوژی، نەك راگرتنی بەرخۆدان، هێزمان لەوێ مایەوە، بۆیە بەرخۆدانی عەفرین چووە قۆناغی دووهەم. ئێمە لە قۆناغی دووهەمی بەرخۆدانی عەفریندا لە باری لەشكری، لە باری سیاسی، لە باری كۆمەڵایەتی، لە باری دیپلۆماسی خەریكی خۆڕێكخستنین، لە بارەی لەشكری هێزمان لەوێ هەیە، لە باری سیاسی و دپلۆماسییەوە پەیوەندیمان هەیە، هێڵی یەكەمی ئێمە لەو پەیوەندییانەدا رزگاركردنی عەفرینە، لە باری كۆمەڵایەتی ئێمە لە ناوچەكانی هەرێمی شەهبا خەریكی رێكخستنی جەماوەرین بۆ پشتیوانی لە رزگاركردنی عەفرین و بەشداریكردن.
ساڵێكە عەفرین داگیركراوە، لەساڵی رابردوودا لە عەفرین دزیكردن، تاڵانیكردن، دەركردن، كوشتن، راوەدوونان هەبوون، بەرهەمی زەیتوونی عەفرین دزراوە و براوە بۆ توركیا.

“هێزەكانی رزگاری عەفرین رێگانادەن سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی لە عەفرین بە ئارامی دابنشین”
خەڵك: زانیاریتان لەسەر چالاكییەكانی هێزەكانی رزگاری عەفرین هەیە، ئەوان چۆن چالاكی لەشكری دەكەن، چالاكییەكانیان لە چ ئاستێكدان؟
هێڤی مستەفا: هێزەكانی رزگاری عەفرین دەبێت خۆیان لێدوانی ورد بدەن دەربارەی چالاكییەكانیان، بەڵام ئەوان بەپێی پێویست و رەوشی ناوچەكان چالاكی لەشكری لە عەفرین دەكەن.
هێزەكانی رزگاری عەفرین ئامانجیان ئەوەیە كە نەهێڵن هێزەكانی سوپای تورك و هاوپەیمانەكانیان بە ئارامی لە ناوچەكانی عەفریندا بن، ئەوان لەوبارەیەوە بەڵێنیان داوە لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن، بەپێی پێویست و رەوشی ناوچەكە بەردەوام چالاكی لەشكری خۆیان دەكەن.

“رۆژئاوا بەرگری لە خۆی دەكات، بۆ ئەوەش پشت بە هیچ هێزێكی دەرەكی نابەستێت، پشت بە گەلی خۆی دەبەستێت”
خەڵك: ئێستا رەوشی گشتی رۆژئاوای كوردستان چۆنە لە دوای هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریادا؟
هێڤی مستەفا: رەوشی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا بریتییە لە بەردەوامی بەرخۆدان و تێكۆشان، بەرگری لە خاك و گەلی خۆیان دەكەن، هەموو لەسەر پێیانن، ئەوان لە بەرگریكردن لە خۆ پشت بە هیچ هێزێكی نێونەتەوەیی یان هەرێمی نابەستن، ئەوان پشت بە هێز و گەلی خۆیان دەبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ چارەسەری سیاسین بۆ رەوشەكە، ئێمە ئامادەی گفتووگۆین لەگەڵ هەر لایەنێكدا كە بیهەوێت گفتووگۆ بكەین، چ لایەنێك پرسیاری لە ئێمە هەیە، ئێمە ئامادەین وەڵامی بدەینەوە.

“مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە هەرێمەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان هەیە”
خەڵك: ئایا مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە هەرێمەكانی دیكەی كۆبانێ و جزیرێ و شار و شارۆچكەكانی دیكەی رۆژئاوا هەیە؟
هێڤی مستەفا: بەڵێ مەترسی هەیە، لە رۆژئاوا و باكوری سوریا مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە شار و هەرێمەكانی دیكە هەیە، چونكە ئەردۆغان بە ئاشكرا هەڕەشە دەكات، دەڵێت هێرش دەكەم خاكی ئێوە داگیردەكەم، ئەم هەڕەشانەی ئەردۆغان بە بەرچاوی بێدەنگی نێودەوڵەتییەوەیە، ئەردۆغان هێرشیكردە سەر عەفرین و داگیریكرد لەبەرچاوی بێدەنگی نێونەتەوەیی، ئێستاش ئەو بێدەنگییە هەیە، ئێمە مەترسی گەورەمان لەو بێدەنگییە هەیە، لە حاڵی بەردەوامبوونی ئەو بێدەنگییەدا نەك هەڕەشەكانی ئەردۆغان مەترسی بۆ سەر رۆژئاواو باكوری سوریا دروستدەكات، بەڵكو هەڕەشە بۆ سەرانسەری كوردستان و ناوچەكە و جیهان بەگشتیش دروست دەكات.

خەڵك: پێتوانوایە پێویستە گەلی كورد چ بكات بۆ بەرەوڕوبوونەوەی مەترسییەكانی ئێستا؟
هێڤی مستەفا: دەبێت كوردان یەكێتی نەتەوەیی پێكبهێنن، پەیوەندیی نێوانیان توندوتۆڵ بكەن، ئەوە لە ئێستادا پێویستە، چونكە كورد یەكگرتوویی و یەكێتی هەبووایە، ئەردۆغان نەیدەتوانی هێرش بكات.

ریکلام

چاوپێکەوتن

محەمەد عوسمان: ڕادەستكردنی تۆمەتبارەكان بە بەغدا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئەنجام دراوە


خەڵك – بەشی هەواڵ
لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك ڕایدەگەیەنێت كە ڕادەستیكردنەوەی تۆمەتبارەكان بە حكومەتی ناوەنی كارێكی حزبی نەبووە و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دراوە، جەختیش دەكاتەوە كە لە پێناو كەركوك و ناوچە كوردستانییەكاندا هەر دەستپێشخەرییەك پێویست بێت دەیكەن.

محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كه‌ركوك سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 170 دیلی تۆمه‌تبارانی تیرۆر به ‌حكومه‌تی عیراقی ڕایگەیاند “دیاره‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له ‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ هه‌میشه‌ ڕاهاتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێمان وایه‌ و بڕوای ته‌واویشمان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت كۆی پێكهاته‌كان پێكه‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا به‌تایبه‌تی له‌ كه‌ركوك پێكه‌وه‌ بژین وه پێكه‌وه‌ خزمه‌ت بكه‌ین و‌ پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بنێین و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆین، ناكرێت ئێمه‌ پێكهاته‌كان له‌ نێوان خۆماندا بكه‌وینه‌ گومان له‌ یه‌كتر وبڕوامان به‌ یه‌كتر نه‌مێنێت و هیچ خۆشه‌ویستی و ڕێزێك له‌نێوانماندا نه‌مێنێت، بۆیه‌ ده‌كرێت ئێمه‌ له‌م گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ به‌ ڕێنمایی هاوسه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسی ئێمه‌ ده‌ستمان كرد به‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵده‌ین هه‌م حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ك نزیك بكه‌ینه‌وه”.

محه‌مه‌د عوسمان ڕوونیكرده‌وه‌ “ئێستاش ئه‌م ڕێكه‌وتنه ‌به‌ده‌ستپێشخه‌ری ئێمه‌ له‌نێوان داموده‌زگای ئه‌منی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگای ئه‌منی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌مانه‌ ئازاد ناكرێن بڵێن خواحافیزتان بێت و بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆتان، ئه‌مانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێن به‌ میكانزمێك و حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌مانه‌ ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ پێویسته‌ دادگایی بكرێن یان حكوم بدرێن یان ئه‌وه‌ی كه‌ دادگا به‌سه‌ریاندا ده‌یسه‌پێنێت به‌و شێوه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، ئێمه‌ هه‌وڵماندا نێوه‌ندگیرێكی باش بین له‌نێوان هه‌ردوولادا”.

سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی ڕاده‌ستكراونه‌ته‌وه‌، لێپرسراوەكەی یەكێتی ده‌ڵێت: “ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ من تا ئێستا زانیبێتم ژماره‌یان نزكه‌ی 160 بۆ 170 كه‌س ده‌بن و ئه‌مانه‌ كاتی خۆی له‌كاتی شه‌ڕی داعش دا كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌م ناوچانه‌ بوونی نه‌بووه‌، هه‌ندێكیان به‌شداربوون له‌ كۆمه‌ڵێك كرده‌ی تیرۆریستی جۆراوجۆر، دیاره‌ زانیاری هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستگیركراون و به‌شێكی زۆریشیان دانیان ناوه‌ به‌تاوانه‌كانیاندا، ئه‌م تیرۆرستانه‌ یان ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی كه‌ گیراون، تۆمه‌تبار كراون یان تۆمه‌تبارن یان هه‌ریه‌ك له‌و شتانه‌ وا ڕێكه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مانه‌یان گرتووه‌، له‌و كاته‌ به‌ره‌و سلێمانی كشاونه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ له‌وێوه‌ بووه‌ یان ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه‌ پێویست بوو ڕووبه‌ڕووی ئه‌وان ببێته‌وه‌، مه‌فره‌زه‌كانی ئه‌وان گرتوویانه‌ كه‌ ناوه‌ندی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سلێمانی بووه”.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د عوسمان وتی: “من زۆر ئاگام له‌ ورده‌كاری نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو كادیرانی مه‌ڵبه‌ند، وه‌كو حیزبێكی سیاسی به‌ ڕێپێدانی به‌غداد ئێمه‌ هه‌وڵماندا ئه‌م نێوه‌ندگیریه‌مان كرد، و به‌ڕاستی لێره‌وه‌ پێشم خۆشه‌ ئه‌و سوپاس بۆ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ ئه‌وان بڕیاریاندا كه‌ به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی تازه‌ پیاده‌ بكه‌ن و یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌ و سیاسه‌ته‌ تازه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانیین خزمه‌ت بكه‌ین و خه‌بات بكه‌ین و و ژیان بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و یارمه‌تی ژیان و هۆكارێك بین بۆ به‌ره‌وپێش چوونی ژیانی خه‌ڵك له‌م ناوچه‌یه”.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر چیدا بۆ كورد كراوه‌؟ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یەكێتی له‌ كه‌ركوك ڕایگه‌یاند “هیچ به‌رامبه‌رێكی تیا نیه‌، به‌بێ به‌رامبه‌ر ئه‌م نێوه‌ندگیرییه‌ كراوه‌، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مه‌ بزانێت كه‌ یه‌ك به‌رامبه‌ری تیایه‌، ئه‌ویش خاكه‌ ئێمه‌ تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ له‌پێناو خاكه‌كه‌مان و میلله‌ته‌كه‌مان، نه‌ك ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، چه‌ند ده‌ستپێشخه‌ری تریش هه‌بێت ده‌یكه‌ین، چونكه‌ له‌م وڵاته‌ به‌م ته‌شه‌نوج ‌و به‌م یه‌ك نه‌خوێندنه‌وه‌یه‌ خه‌ریكه‌ ئێمه‌ خاك زیاتر له‌ده‌ست ده‌ده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی خاك له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و مێژوو له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لتوری ئه‌م میلله‌ته‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، ئێمه‌ ده‌بێت بچین له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كان برایه‌تی بنوێنین”.

محه‌مه‌د عوسمان جه‌ختیكرده‌وه‌ ” ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت میلله‌ته‌كه‌مان له‌م ته‌شه‌نوجه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌ و ئه‌م كوشتن و بڕینه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی ناوچه‌كانمان بۆته‌وه‌، خانوو ته‌قاندنه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ناوچه‌كانمان بۆته‌وه‌، ڕۆژانه‌ گه‌نمی جوتیاران ده‌سوتێت و ڕۆژانه‌ خه‌ڵكمان لێ ده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه‌ بتوانیین به‌رامبه‌ر خاو بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ له‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان كه‌م ببێته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بمانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بڕوا و سیقه‌ له‌لای به‌رامبه‌ره‌كه‌مان دروست ببێت، ده‌بێت كارێكی له‌م بابه‌تانه‌ بكرێت، كه‌ ئه‌مانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مانه‌ ئازاد ناكرێن ته‌نها زیندانه‌كه‌یان ده‌گۆڕدرێت زیندانه‌كه‌یان له‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌گۆردرێت بۆ كه‌ركوك و بۆ به‌غدا و شوێنه‌كانی تر ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌پێی به‌نده‌كانی یاسای سزادانی عیراقی و یاسای سزادانی سه‌ربازی ئه‌مانه‌ هه‌ركه‌سه‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت”.

محه‌مه‌د عوسمان ئه‌وه‌شی وت “قه‌زیه‌ێكی سیاسی یه‌ نه‌ك یاسایی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ دۆسیه‌ یاساییه‌كه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنی ڕووداوەكە كه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌یه‌تی ده‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ بێت ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شه‌نوج زیاتر دروست نه‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ژن و منداڵی خه‌ڵك نه‌كوژرێت، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك جارێكی تر ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر نه‌بێت، زۆر زۆر ئاساییه‌ ئێمه‌ ئه‌م زیندانیانه‌ له‌وێوه‌ بگوازینه‌وه‌ و بیده‌ینه‌ ده‌ست حكومه‌تی ناوه‌ندی چونكه‌ ئه‌وان زیاتر پەیوەندیدارن به‌شێكی زۆری زیندانییەكانی حكومه‌تی عیراقی، به‌شێكیان له‌ سوسێ و به‌شێكیان له‌ شوێنی تردایه‌ چونكه‌ زیندانی فیدڕاڵی ده‌توانێت له‌ هه‌موو شوێنێك بوونی هه‌بێت، و ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌شه‌نوجێكی دروست كردبوو، بێ متمانه‌یی دروستكردبوو له‌نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بۆیه‌ هه‌وڵماندا ئه‌مانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌م هه‌مه‌یه‌ له‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان نه‌بێت چونكه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ هیچ شتێك نیه‌ ته‌نها برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیان نه‌بێت له‌و شاره‌دا”.

لێپرسراوەكەی یەكێتی ڕاشیگەیاند كە ئەوان حیزبێكی سۆشیال- دیموكراتن و “مه‌بده‌ئی ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ژیان و پێكه‌وه‌ كاركردن و پێكه‌وه‌ خزمه‌تكردنه‌ له‌گه‌ڵ كۆی ئاین و ته‌ته‌وه‌ و لایه‌ن و زمانه‌كان، و زۆر ده‌مێكه‌ ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام دۆخ و سه‌رده‌م جاری وا هه‌یه‌ ده‌رفه‌تت بۆ ناڕه‌خسێنێت، و ئه‌مجاره‌ كه‌ وتمان له‌گه‌ڵ كۆی سیاسه‌تی تازه‌ی یه‌كێتی، به‌رنامه‌ و پلانی تازه‌ی یه‌كێتی بڕیاری ئه‌وه‌ماندا كه‌ ئاشته‌وایی ڕابگه‌یه‌نیین له‌ نێوان كۆی پێكهاته‌كانی عیراق و به‌ كوردستانیشه‌وه‌، و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م ئاشته‌واییه‌ ڕابگه‌یه‌نین، ده‌بێت هه‌ندێك هه‌نگاوی كرداری بنێین و ئه‌و هه‌نگاوه‌ كرداریانه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بێت ئه‌و باوه‌ڕ و متمانه‌یه‌ دروست نابێت و ئه‌و متمانه‌یه‌ ناگه‌ڕێته‌وه”.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كورد له‌ناو ئه‌و تۆمه‌تباره‌ ڕاده‌ستكراوانه‌دا هه‌ن؟ محه‌مه‌د عوسمان ده‌ڵێت” من ورده‌كاریه‌كه‌ نازانم، هه‌موو پێكهاته‌كانی تیایه‌ یان نا؟ به‌ڵام ئێمه‌ له‌ڕابردوودا ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك كراوه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌ڵكیان كوشتووه‌، به‌ڵێ كوردی تێدا بووه‌، كورد و عه‌ره‌ب و توركمانیشمان گرتووه‌. به‌ڵام من ئێستا نازانم ئه‌مانه‌ كێن و چ قه‌ومیه‌تێكن به‌ڵام ده‌زانم ئه‌مانه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوكیان تێدایه‌ و خه‌ڵكی موسل و دیاله‌ و هه‌تا ئه‌نبار و تكریت و شوێنی تریشیان تێدایه‌.”

له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا گه‌ره‌نتییان هه‌یه‌ دوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ كێشه‌ی هاوڵاتیانی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت سوتاندنی ده‌غڵ و دان و كوشتن و ئاواره‌كردنیان كۆتایی پێبێت كه‌ وه‌ك خۆت له‌وه‌ڵامه‌كان وتت له‌و پێناوه‌دا كردومانه‌؟

محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی” ئێمه‌ هیچ گه‌ره‌نتییه‌كمان نیه‌ چونكه‌ ده‌ست له‌ ناوچه‌كه‌دا گه‌لێك زۆره‌، ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ستی توركیا و ئێران و داعش هه‌یه‌، ده‌ستی ئه‌حزابی سیاسی عیراقی و كوردستانی هه‌یه‌، ده‌ستی لایه‌ن و مخابه‌راتی وڵاتانی تری تێدایه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ر بۆ ئاژاوه‌ هه‌وڵ بده‌ن گه‌نمی خه‌ڵكی تر بسوتێنن”.

محه‌مه‌د عوسمان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت” كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت كرد كه‌ عه‌ره‌به‌، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كه‌ركوك و ڕاوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عیراق و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی عه‌ره‌بی و كوردی و توركمانی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌وا هه‌بوون، هه‌موو ڕێكه‌وتین له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ نێوه‌نگیریه‌كه‌ی خۆمان به‌رده‌وام بین و ئێستا ساز و ئاماده‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ڕاده‌ست بكرێن و بنێرنه‌ زیندانه‌كانی فیدڕاڵی، به‌ڵام ئیتر كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌مشه‌و یان به‌یانی یان دووبه‌یانی ئیتر ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ولیژنه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێواندا دروستكراوه”.

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌ه‌تی نیشتمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌شی وت “لیژنه‌كه‌ دوولایه‌نه‌، لایه‌نی حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نی حكومه‌تی ناوه‌ندی، لایه‌نه‌كان هیچ كه‌سی تێدا نیه‌ به‌ یه‌كێتیشه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ تیایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌كو مه‌ڵبه‌ندی ڕێكخستنی كه‌ركوك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ نێوه‌ندگیریه‌كه‌مان كردووه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی هاوسه‌رۆكه‌كان كه‌ به‌ڕێزیان فه‌رمانیان به‌ ئێمه‌ كرد كه‌ ئێمه‌ به‌و كاره‌ هه‌ڵسین ئێمه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی كرداریی جێبه‌جێمان كرد”.

VOA

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

“نانمان نه‌بوایه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بیخۆین، بەڵام ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بووینایه، دواتر‌ هه‌ر هه‌ڵده‌ستاینه‌وه‌”


خەڵك – بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە دەبوو هەرێمی كوردستان زووتر پابەندبووایە بە پرسی ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا و لەگەڵ ئەوەشدا هیوادەخوازێت كە هەرێم دەوڵەتێكی سەربەخۆ بووایە “نانمان نه‌بوایه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بیخۆین، كێشه‌مان نه‌بوو دوای ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌ڵده‌ستاینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌ستكه‌وتێكی وا مێژوویی بۆ كورد، شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوربانی بۆ بده‌ین”.

موسه‌نا ئه‌مین ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی عیراق سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەكەی شاندنی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە لێدوانێكی بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ ته‌واوی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ كه‌ ڕێكه‌وتنێكی كۆنكرێتی و مه‌حكه‌م و ڕوون ڕووینه‌داوه.

دەربارەی بڕینی مووچەش لە دوایین ڕۆژەكانی تەمەنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی وتی: “بڕوام وایه‌ ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕی زیاتر له‌وه‌ی كه‌ عادل عەبدلمه‌هدی بیبڕێت وه‌ كێشه‌كه‌ش فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ كه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ ئیلتزام نه‌كردنی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ته‌سلیم كردنی به‌شێك له‌ داهات، به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به‌ ڕووخانی نرخی نه‌وت و خۆ ئاماده‌كردنی عیراق بۆ چه‌ند مانگێكی سه‌خت له‌ تێپه‌ڕاندنی نرخی شكاوی نه‌وت و مه‌ترسی كه‌وتنه‌ سه‌ر كۆی داهاتی عیراق دەگەڕێتەوە”.

ئاماژەشیدا بەوەی ئومێد هەیە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

ڕەتیشیكردەوە كە چوونی شاندی هەرێمی بۆ بەغدا و ڕازی بوونی بە ڕادەستكردنی نەوت بە سازش دابنرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: “بۆچی سازش بێت كاتێك كه‌ ئیلتزاماتی ده‌ستوری بێت، ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ی كه‌ ملی جه‌ڕاندبوو پێشتر، ئه‌مه‌ شكسته‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم به‌س له‌ بنه‌مادا سازش نیه‌. شكسته‌ بۆ حكومه‌تێك كه‌ بانگه‌شه‌ی كردووه‌ كه‌ خۆی ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی ئابوری هه‌بێت و مووچه‌ی خۆی دابین بكات و منه‌تیشی به‌ به‌غداد نه‌بێت ، ئێستا كه‌ جارێكی تر ملی كه‌چ ده‌كات و ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غداد بۆ ئه‌و شكسته‌ و عه‌یبه‌یه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر حكومه‌تێكی تر كه‌ بێته‌ سه‌ر كارله‌ هه‌رێمی كوردستان یان به‌ده‌ر له‌و لێدوان و لاف و گه‌زافه‌ی هه‌رێم لێی داوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌بتوانێت ئێستا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات به‌ده‌ر له‌وه‌ نه‌خێر حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ عیراق به‌ ئه‌مری واقیع یا بڵێین به‌داخه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نیه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت به‌شداری له‌ داهاتی گشتی عیراقدا بكات و ئیلتزاماتی خۆی جێ به‌جێ بكات له‌ ڕووی ده‌ستورییه‌وه‌، عیراقیش ده‌بێت ئیلتزاماتی ده‌ستوری خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات و قوت و مووچه‌ی هاوڵاتیان بپارێزێت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیكات”.

لەو بڕوایەشدا بوو كە “ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌رێم ئاماده‌یی ده‌ربڕیووه‌ بۆ به‌غدای بكات ئه‌گه‌ر پێشتر بیكردایه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ باشتر ده‌بوو، ئه‌و كاته‌ متمانه‌یه‌كی باشتر ئه‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی و داهاتی هه‌رێمیش باشتر ده‌بوو، وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌وتیان ده‌رنه‌هێنایه‌ ، زۆر باشتر ده‌بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ به‌ ته‌سلیم كردنی داهاتێكی كه‌م، نه‌وته‌كه‌شمان بۆ ئه‌مایه‌وه‌ و مووچه‌كه‌شمان له‌ به‌غداد مسۆگه‌ر ده‌كرد بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده‌شمان زۆر باشتر ده‌بوو”.

موسەننا ئەمین پەڕلەمانتاری یەكگرتوو یەكێك بوو لەو كەسانەی داكۆكی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكرد و سەبارەت بە هەڵوێستەكانی ئێستا و ئەوكاتیشی دەڵێت: “یه‌كه‌م من به‌سه‌رسه‌ختی به‌رگریم له‌ ئیراده‌ی میله‌ته‌كه‌م كردووه‌ نه‌ك له‌ هه‌نگاوی ڕیفراندۆم وه‌كو هه‌نگاوێك كه‌ من سێ رۆژ پێش ڕیفراندۆم وتم خراپترین ساته‌ وه‌خته‌ بۆ هه‌ركارێك له‌م جۆره‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ میلله‌تی ئێمه‌ ده‌یه‌وێت ڕیفراندۆم بكات یان زۆرینه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌كانی یا هه‌ركه‌سێ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی به‌ده‌سته‌ و ده‌یه‌وێت كارێكی وا بكات له‌م موقابیله‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێت به‌ هه‌ڵسوكه‌تی ده‌ستوری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات نه‌ك جه‌یش و جاش بنێرێته‌ سه‌ر هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ بكوژێ و ده‌ هه‌زار كه‌س له‌ دوز و ده‌وروبه‌ری ئاواره‌ بكات و ماڵی كورد بسوتێنن، من له‌دژی ئه‌مانه‌ وه‌ستامه‌وه‌، قه‌ناعه‌تیشم وابوو ئێستاش قه‌ناعه‌تم وایه‌ ڕیفراندۆم مافێكی ده‌ستورییه‌و قانوونی میلله‌تی ئێمه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی ناوه‌ندیش ڕێگای ده‌ستوری هه‌یه‌ ده‌یتوانی په‌نا به‌رێت بۆ دادگای فیدراڵی و په‌رله‌مان.”

وتیشی: “خۆزگه‌ ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بووینایه‌ نانمان نه‌بوایه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بیخۆین، كێشه‌مان نه‌بوو دوای ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌ڵده‌ستاینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌ستكه‌وتێكی وا مێژووی بۆ كورد، شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوربانی بۆ بده‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ گریمانه‌یه‌كه‌ بوونی نیه‌، بێگومان ته‌نها خه‌ڵك به‌ده‌وڵه‌تیش ناژی، به‌ڵام ده‌ستكه‌وتێكی وا سه‌دان ساڵه‌ كورد خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت و ‌ده‌یان ساڵه‌ خوێنی بۆ ده‌به‌خشێت، ئه‌گه‌ر كورد ده‌ستكه‌وتێكی وه‌های ده‌ست بكه‌وتایه‌ له‌ ڕیفراندۆم و بیتوانیایه‌ به‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و مادده‌ی 140 ببوایه‌ به‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، من دڵنیا بووم ئێستا حاڵمان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ده‌بوو كه‌ ئێستا هه‌یه‌، به‌هه‌رحاڵ واش بووایه‌ ده‌مانتوانی ساڵێك و دوو ساڵ و پێنجی تر بكه‌وتینایه‌ سه‌رپێی خۆمان وه‌كو هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دنیا بتوانیین كه‌م كه‌م ئابوری خۆمان بنیاد بنێین پاشان ئه‌وه‌ ئه‌ركی هه‌موومانه‌ كه‌ دیموكراسیه‌ت و شه‌فافیه‌ت و نه‌زاهه‌ت له‌م وڵاته‌ جێبه‌جێ بكه‌ین. بوونمان له‌گه‌ڵ عیراقدا، ته‌نها گه‌ره‌نتی هه‌ندێك پاره‌مان هه‌یه‌، خۆ زه‌مانه‌تی ترمان چیه‌ له‌ عیراقه‌وه”.

سەبارەت بە ئامانجی هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا كە ئایا پۆستیان دەوێت یان مووچە، پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو ڕایگەیاند “ئه‌و دوو مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه‌ كورد چه‌نده‌ پۆستی له‌ناو به‌غداد زۆر بێت، ئه‌وه‌نده‌ پێگه‌ی له‌ناو حكومڕانی عیراقدا به‌هێزتر ده‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانێت زیاتر مووچه‌و ئیستحقاقات دابین بكه‌ن ئه‌گه‌ر بابه‌تی سه‌یری بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێت وابێت ئه‌وان وه‌ختیك پۆست وه‌رده‌گرن ، مووچه‌و بودجه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن، نه‌خێر چونكه‌ مووچه‌و بودجه‌ ده‌چێته‌ گیرفانی ئه‌وان پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌ گیرفانی خه‌ڵك”.

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەش كە دەوترێت شیعەكان كاندیدەكانی كورد بۆ حكومەت ڕەتدەكەنەوە موسەننا ئەمین ده‌ڵێت” شیعه‌ كاندیدی كورد ڕه‌ت ناكه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام هه‌ندێك كاندید ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدیان ده‌كات، پارتی دیموكراتی كوردستانیش هاوپه‌یمانی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ هێزه‌كان، هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانیش كه‌ هاوپه‌یماننین له‌گه‌ڵی حه‌زیان پێی نیه‌ و دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ پێیان وایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێكی باش نیه‌ بۆ ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ دابه‌ش بوونێك له‌ناو هێزه‌ شیعه‌كاندا هه‌یه‌، هه‌ندێكیان ته‌بان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌ندێكیشیان دژن. ئه‌وانه‌ی كه‌ دژن هه‌ر كاندیدێك له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بێت مه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وتنێكی زۆر كۆنكرێتی كرا بێت ئه‌گینا ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه”.

ڕاشیگه‌یاند” هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌ی فوئاد حسێن له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق بێت هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بوو كه‌ ده‌نگۆیه‌كی به‌هێز هه‌بوو له‌ناو شیعه‌كاندا كه‌ كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان قبوڵ نه‌كرێت و ده‌رئه‌نجام ده‌ریش نه‌چوو، به‌رهه‌م ساڵح ده‌رچوو، ئێستاش ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ فوئاد حسێن بهێنرێت بۆ ده‌نگدان ، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هێزه‌ شیعه‌كان ده‌نگی نه‌ده‌نێ و تێنه‌په‌ڕێت له‌ په‌رله‌مان”.

لەبارەی هۆكاری ڕەتكردنەوەی عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فاش بۆ پۆستی وەزیری داد، پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو ڕایگەیاند “به‌شێك له‌ شیعه‌كان كه‌ زانیان‌ كاندیدی هیچ حیزبێكی تر نیه‌و دیاره‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕه‌تیان كردووه‌، ئێمه‌ش ده‌نگمان پێنه‌داوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت سێ كاندید بهێنێت بۆ هه‌ر سێ پۆسته‌كه‌ی كورد هیچ لۆژیكێك له‌م بابه‌ته‌دا نیه‌ و ئێمه‌ پەیوەندیمان نییە به‌و ململانێیه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی، كاتێك پارتی زۆری بۆ بێت هه‌میشه‌ باسی یه‌كڕیزی كورد ده‌كات، ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێك چووبووین له‌گه‌ڵ (محەمەد)عه‌لاوی قسه‌مان كردبوو ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مووچه‌و بودجه‌ی خه‌ڵك ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنێكی لێ وه‌ربگرین، براده‌رانی پارتی كردیانه‌ هه‌ڵا له‌سه‌ر ئێمه‌ و له‌ڕێی حیزبه‌كانمانه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ فشار كردن گوایه‌ با یه‌كڕیزی كورد تێك نه‌چێت، له‌كاتێكدا ئێمه‌ هیچ كاتێك یه‌كڕیزی كوردمان له‌به‌غدا تێك نه‌داوه‌، پێشمان وانیه‌ تێكدانی به‌رژه‌وه‌ندی بێت، وه‌ پێمان وانیه‌ له‌ پشت سه‌ری یه‌كێتی وپارتی ڕیز بینه‌وه‌ ئیتر ئه‌وه‌ یه‌كڕیزی كورده”.

جگە لەوەش وتی: “یه‌كێتی وتیان عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا كاندیدی ئێمه‌ نیه‌ و براده‌رانی پارتی كاندیدیان كردووه‌”.

پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو لەو بڕوایەدایە كە نەدەبوو پشكە وەزارییەكانی كورد بەو شێوەیەی ئێستا دووانیان بۆ پارتی بوونایە، بەڵكو دەبوو یەكێكیان “بدرایه‌ به‌و 15‌ كورسیه‌ی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی كه‌ ناشی ده‌ن لانی كه‌م بێن پرسێكمان پێ بكه‌ن كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان پێ بكه‌ن و بڵین كه‌ ئێمه‌ سێ كه‌سمان هێناوه‌ و ئێوه‌ بۆچونتان له‌سه‌ر كامیانه‌؟ یا ئه‌م پۆستانه‌ با ئاوا دابه‌ش بكه‌ین و پێمان بڵین لانی كه‌م له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بۆ ئێوه‌، و‌ ئایا كاندیدێكی باشتر نیه‌ كه‌ ئێمه‌ش ڕه‌نگه‌ سه‌رنجێكمان له‌سه‌ری هه‌بێت، وه‌ختێ ئه‌وان (پارتی دیموكراتی كوردستان) پرس به‌ ئێمه‌ ناكه‌ن ، ئێمه‌ هیچ وه‌ختێ پەیوەست نین بەوەی ده‌نگ به‌و كاندیده‌ بده‌ین كه‌ ئه‌وان هێناویانه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك ڕێزیان له‌ ئێمه‌ گرت و پرسیان پێ كردین له‌ جۆری كاندیده‌كاندا، ئێمه‌ش ئه‌و كاته‌ ئیلتزامێكی ئه‌خلاقی و سیاسیمان ده‌بێت له‌گه‌ڵیان، ئێمه‌ش ئه‌و كاندیده‌ی كه‌ ده‌یهێنن عه‌قڵمان بڕی ده‌نگی پێ ده‌ده‌ین و عه‌قڵمان نه‌یبڕی ده‌نگی پێ ناده‌ین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: هه‌ستده‌كه‌ین له‌ناو پارتیدا ڕه‌نگه‌ گروپێك-باڵێك هه‌بێت مه‌به‌ستی بێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌ره‌و گرژی بڕوات


خەڵک – بەشی هەواڵ

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت” تێڕوانینی ئێمه‌ وایه‌ ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆته‌ دوو باڵ هه‌موو جارێك كه‌ باسیشیان ده‌كه‌ین ده‌ڵێین ئه‌وان وه‌كو ئێمه‌یان لێهاتووه‌ پێش كۆنگره‌ی چواره‌م ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ناو ئه‌واندا هه‌یه‌ ئێمه‌ توانیمان له‌ كۆنگره‌ی چواره‌مدا چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێشتری ئێمه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو پارتی هیوادارین ئێمه‌ چۆن توانیمان چاره‌سه‌ری بكه‌ین ئه‌وانیش به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ به‌گونجاوی ده‌زانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا كێشه‌یه‌كی ترمان وه‌ك یه‌كێتی بۆ دروست بووه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نێكدا ده‌كه‌ین كه‌هه‌مان نه‌خۆشی پێشتری ئێمه‌ی هه‌یه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستایاندا، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی پێمان باشه‌ وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی پارتی باش ببێت، ده‌شڵێت” بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان ڕوویدا وه‌ ئه‌وه‌ی قسه‌كانی كرد له‌سه‌ر گروپێكی ناو پارتی حساب ده‌كرێت نه‌ك هه‌موو ناو پارتی وه‌ ئه‌وانه‌ی زۆرجار قسه‌ له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كه‌ن گروپێكی ناو پارتیه‌ نه‌ك هه‌موو پارتی. ”

” پڕۆسه‌كه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی پارتی ده‌یویست له‌په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو “

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ دەنگی ئەمریکا سه‌باره‌ت به‌هۆكاری كۆنه‌بونه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان وتی” هۆكاره‌كان جیاوازن، جاری یه‌كه‌م هۆكارێكی ته‌كنیكی ڕوویدا به‌ ئاسایی وه‌رگیرا كه‌ كۆبونه‌وه‌ نه‌كرا، به‌ڵام هۆكاری دووه‌م، زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ لێدوانه‌كانی “هێمن هه‌ورامی”یه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ پاش كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له‌(سۆران عومه‌ر) چه‌ند لێدوانێكی دا، ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ كرد كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڵام سه‌رۆكی په‌رله‌مان مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ نه‌چێت بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌ك كه‌ خۆی نه‌یه‌وێت وه‌ په‌رلەمانتاره‌كانیشمان مافی خۆیان بوو نه‌چنه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، پڕۆسه‌كه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی پارتی ده‌یویست به‌ڕێوه‌چوو، كێشه‌ك له‌وه‌دا هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ پاش كۆبونه‌وه‌كه‌ لێدوانی زۆر خراپ هاته‌ ئاراوه‌ وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ تێكدانی نێوانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كه‌ باسی له‌قۆناغێكی پێشووی ده‌كرد وه‌ زۆر قسه‌ی تر كه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو له‌و شوێنه‌دا بكرێت ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و نه‌چێت بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی.”

 

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تا كه‌ی یه‌كێتی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت وه‌ك خۆت ده‌ڵێی؟

له‌وه‌ڵامدا فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ڕایگه‌یاند” به‌ڕاستی دیار نیه‌ نازانین ئاڕاسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و چی ده‌چێت به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی پێرێی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی تاوتوێمان كرد به‌و جۆره‌ سه‌یری بابه‌ته‌كه‌مان كرد كه‌ چاره‌نوسی كوردستان به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌وه‌ به‌نده‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ده‌توانن ئاشتی بۆ كوردستان دیاری بكه‌ن وه‌ ده‌توانن دۆخێكی خراپیش بهێنن خۆشگوزه‌رانی و ڕزگاری كوردستانیش له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌ه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كێشانه‌ به‌م دواییانه‌ په‌ره‌یان سه‌ندووه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ساردییه‌ك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا بێته‌ ئاراوه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوین كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان ئاسایی بێت به‌تایبه‌تی كه‌ یه‌ك حكومه‌ت كۆمان ده‌كاته‌وه‌ وه‌ هاوهه‌ڵوێست بوین له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق، له‌ناوچه‌كه‌ش تاڕاده‌یه‌ك بۆچونه‌كانمان نزیكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ردولامان پێویستیمان به‌په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ و هه‌ست كردن به‌به‌رپرسیارێتی زیاتر هه‌یه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌شماندا به‌وجۆره‌ هاتووه‌ به‌ڵام به‌دڵنیایی ئێمه‌ ناتوانین به‌ته‌نها هیچ بكه‌ین ده‌بێت لایه‌نی به‌رامبه‌ریش تێگه‌یشتنی هه‌بێت ئنجا ده‌توانین په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان بده‌ین.”

 

” ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندی به‌پارتییەوە‌ نه‌كه‌ین “

بڕیارتان داوه‌ بۆ كاتی كۆبونه‌وه‌ خۆتان په‌یوه‌ندی به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بكه‌ن؟

ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت” تا ئێستا كه‌س په‌یوه‌ندی پێوه‌نه‌كردوین، جاری دووه‌میش كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ هه‌ر پارتی خۆیان په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردبووین، پێم وایه‌ ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ نه‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین ئه‌گه‌ر به‌گونجاومان زانی وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌ و كۆده‌بینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌گونجاویشمان نه‌زانی به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامیان ناده‌ینه‌وه‌.”

سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی وت” دوو كۆبونه‌وه‌ی ڕابردوو هیچ لایه‌كمان مه‌رجمان نه‌بوو، بۆ كۆبونه‌وه‌ی داهاتووش باسمان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ به‌ڵام ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌م په‌یوه‌ندییه‌ی خۆماندا بكه‌ین ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌م چه‌قبه‌ستووییه‌ ڕزگاری بێت پێویستمان به‌ پێداچونه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وام بین.”

“سه‌رسووڕمانی خۆمان له‌و لێدوانانه‌ ده‌ربڕیووه‌ “

ئایا داوای ڕونكردنه‌وه‌ یان داواى داوایلێبوردنتان كردووه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر وته‌كانی (هێمن هه‌ورامی) وه‌ك خۆت ده‌ڵێی نیگه‌رانی كردین؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێث” داوامان نه‌كردووه‌ به‌ڵام سه‌رسووڕمانی خۆمان له‌و لێدوانانه‌ ده‌ربڕیووه‌ ئه‌گه‌ر بمانزانیایه‌ بنه‌مایه‌ك یا پێویستیه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بوترێت ڕه‌نگه‌ ڕه‌خنه‌مان نه‌گرتایه‌ به‌ڵام به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌ك ئه‌و لێدوانانه‌ دران وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌مه‌به‌ست بێت وه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین ڕه‌نگه‌ گروپێك-باڵێك هه‌بێت مه‌به‌ستی بێت كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌ره‌و گرژی بڕوات له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویستمان به‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا هه‌یه‌.”

“هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌و گروپه‌ی ناو پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ نوێیه‌ی ناو یه‌كێتی ناگونجێت “

باشه‌ ئه‌و گروپه‌ له‌كوێدایه‌ كه‌ خۆت ده‌ڵێییت مه‌به‌ستیانه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌ره‌و گرژی ببات؟

له‌وه‌ڵامدا ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت” ئه‌و گروپه‌ له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندایه‌ به‌ڕوونی باسمان له‌وه‌كردووه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌و گروپه‌ی ناو پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ نوێیه‌ی ناو یه‌كێتی ناگونجێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ مافی ئه‌ندامان و كادیرانی خۆمانه‌ سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێرن ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ی ئێستاش هه‌ڵبژێردراوی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆمانن بۆیه‌ هه‌ر لایه‌نێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات یا نا هیچ له‌ بابه‌ته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ ناگۆڕێت، وه‌ كاتێك كۆبونه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌وان ئازادن له‌كام گروپ ئه‌ندامه‌كانیان دیاری ده‌كه‌ن و كێ سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌یان ده‌كات وه‌ نوێنه‌رایه‌تی كام گروپیان ده‌كات وه‌ ئێمه‌ش ئازادین له‌دیاریكردنی ئه‌ندامانی شانده‌كه‌مان و سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ ته‌نها یه‌كتر له‌ شانده‌كه‌ و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.”

” ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان ڕوویدا وه‌ ئه‌وه‌ی قسه‌كانی كرد له‌سه‌ر گروپێكی ناو پارتی حساب ده‌كرێت نه‌ك هه‌موو ناو پارتی”

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت؟

ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت” من نامه‌وێت زۆر باس له‌و بابه‌ته‌ بكه‌م چونكه‌ ئه‌مه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ خۆیان (پارتی دیموكراتی كوردستان-ه‌وه‌) هه‌یه‌ وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی وامان نیه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و هه‌سته‌مان هه‌یه‌ ئه‌و هه‌سته‌ش زیاتر له‌كرده‌وه‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌وێت بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان ڕوویدا وه‌ ئه‌وه‌ی قسه‌كانی كرد له‌سه‌ر گروپێكی ناو پارتی حساب ده‌كرێت نه‌ك هه‌موو ناو پارتی وه‌ ئه‌وانه‌ی زۆرجار قسه‌ له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كه‌ن گروپێكی ناو پارتیه‌ نه‌ك هه‌موو پارتی بۆیه‌ به‌وجۆره‌ سه‌یری مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌كه‌ین له‌ناو پارتی دوو گروپ هه‌یه‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین وه‌ پێمان باشه‌ دۆستایه‌تی هه‌ردوو گروپه‌كه‌ی ناو پارتی بكه‌ین ئه‌وان خۆیان په‌یوه‌ندییان به‌ چ ئاقارێكدا ده‌ڕوات په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌.”

“هه‌موو جارێك كه‌ باسی پارتی ده‌كه‌ین ده‌ڵێین وه‌ك پێشتری ئێمه‌ی لێهاتووه‌ ئێستا بوونه‌ته‌ دوو باڵ، بۆیه‌ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نێكدا ده‌كه‌ین كه‌هه‌مان نه‌خۆشی پێشتری ئێمه‌ی هه‌یه‌”

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌شی وت” تێڕوانینی ئێمه‌ وایه‌ ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆته‌ دوو باڵ هه‌موو جارێك كه‌ باسیشیان ده‌كه‌ین ده‌ڵێین ئه‌وان وه‌كو ئێمه‌یان لێهاتووه‌ پێش كۆنگره‌ی چواره‌م ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ناو ئه‌واندا هه‌یه‌ ئێمه‌ توانیمان له‌ كۆنگره‌ی چواره‌مدا چاره‌سه‌رییان بكه‌ین وه‌ هیچ كات به‌ ئه‌ندازه‌ی ئێستا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ته‌با نه‌بووه‌ ئه‌مه‌ له‌ماوه‌ی ده‌ ساڵدا ئاستی ته‌بایی له‌ناو یه‌كێتیدا زۆر هه‌ڵكشاوه‌، به‌ڵام نه‌خۆشیه‌كه‌ی پێشتری ئێمه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو پارتی هیوادارین ئێمه‌ چۆن توانیمان چاره‌سه‌ری بكه‌ین ئه‌وانیش به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ به‌گونجاوی ده‌زانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن.”

ئه‌سه‌سه‌رد ڕونیكرده‌وه‌” پێشتر یه‌كێتی له‌دۆخێكی زۆر خراپدابوو، پڕۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار كێشه‌ی هه‌بوو، بۆچونی جیاواز و لێدوانی جیاواز و بڕیاری جیاواز هه‌بوو ئێستا ئێمه‌ ئه‌و كێشانه‌ی خۆمان چاره‌سه‌ر كردووه‌ به‌ڵام كێشه‌یه‌كی ترمان بۆ دروست بووه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نێكدا ده‌كه‌ین كه‌هه‌مان نه‌خۆشی پێشتری ئێمه‌ی هه‌یه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستایاندا.”

سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت” ئاگاداری سه‌ردانه‌كه‌ نیم له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بیستوومه‌.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان