ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

كۆمپانیاكانی پاككەرەوەی ئاو هاووڵاتیان لە پیسبوونی ئاوی سلێمانی دەترسێنن

خەڵك- بەشی هەواڵ

ژمارەیەك كۆمپانیای پاككەرەوەی ئاو رۆژانە لە رێگەی نوێنەرەكانیانەوە پشكنین بۆ ئاوی ماڵانی سلێمانی دەكەن و دوای پشكنین پێیان دەڵێن، ئاوی خواردنەوەیان شیاو نییە و دواتر پێشنیازی كڕینی فلتەرێكیان بۆ دەكەن، كە وەكخۆیان دەڵێن”ئاو پاكدەكاتەوە”، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانیش دەڵێت”ئاوی سلێمانی كێشەی نییە و ئەو كۆمپانیایانە پابەند نەبوون بە رێككەوتن لەگەڵ فەرمانگەی ئاو”.

ئەحمەد عەبدوڵڵا، یەكێكە لەو هاووڵاتیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیاكانی پاككەرەوەی ئاو سەردانی ماڵەكەی كردووە و دوای پشكنین پێیان وتوە، كە ئاوی خواردنەوەی شیاو نییە بۆ خواردنەوە، بۆیە پێویستە فلتەرێكیان لێبكڕێت، كە نرخەكەی 600 دۆلارە و ئەگەرنا توشی چەندین نەخۆشی دەبێت.

ئەو هاووڵاتییە بۆ (خەڵك) باسی لەوەكرد، گومانی لادروست بووە لەسەر ئاوی خواردنەوەیان، چونكە بەپێی پشكنینی ئەو كۆمپانیایە ئاوەكەیان شیاو نییە بۆ خواردنەوە و هۆكاری چەندین نەخۆشییە.

ئاو لە رووی پێكهاتەوە، پێویستە بەرێژەیەكی دیاریكراو هەریەك لە ماددەكانی، كالسیۆم، پۆتاسیۆن، سۆدیۆم و مەگنسیۆمی تێدا بێت بۆ ئەوەی سودی زۆری لێوەبگیرێت و خاڵی بێت لە ژەنگ و پێكهاتە قورسە مەترسیدارەكان.

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ساڵانە شاری سلێمانی پێویستی بە نزیكەی 109 ملیۆن مەتری سێجا ئاو دەبێت، سەرچاوەی دابینكردنی ئاوەكەش هەریەك لە بەنداوی دووكان، سەرچنار و چەند بیرێكە و بەپێی وەرزەكان پێكهاتەی ئاوەكە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەشێوەیەك لە بەهار و زستاندا ئاوەكە پاكتر دەبێتەوە بەهۆی باران و لە كۆتایی هاوین و پایزدا رەنگی ئاوەكە دەگۆڕێت.

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی قسەی كۆمپانیاكانی پاككەرەوەی ئاوی رەتكردەوە و رایگەیاند، ئاوی سلێمانی پێویستی بە فلتەر نییە و رۆژانە پشكنینی بۆ دەكرێت.

ناوبراو بە (خەڵك)ی وت”رۆژانە تەندروستی و ژینگە پشكنین بۆ ئاو دەكەن، ئەگەر شیاو نەبێت، بە خەڵك دەڵێن مەیخۆنەوە، بەڵام رۆژانە ئاوی سلێمانی لە پشكنین دەردەچێت، سەبارەت بە پیسبوونیش، زۆرجار لە تەنكیدا پیس دەبێت، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان تەنكییەكانیان پاكبكەنەوە”.

سەبارەت بە كۆمپانیاكانی پاككەرەوەی ئاو، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی وتی “ئەو كۆمپانیایانە سەرەتا مۆڵەتیان بۆ ئاوی دەرەوەی شار و هەندێك گوند و شوێن وەرگرت، كە لە كانی و كارێز ئاو وەردەگرن و پاشان ئیشەكەیان گواستەوە بۆ ناو شار و پابەند نەبوون بەرێككەوتنەكەوە لەگەڵ ئێمە، ئەگینا ئەوان دەبێت تەنها لە دەرەوەی شارەكاندا كاربكەن”.
رێكەوت سەڵاح، خاوەنی پێشانگای پاكژ لە سلێمانی بە (خەڵك)ی راگەیاند، ئەوان ئەو جۆرە ئامێرانە دەفرۆشن بە هاوڵاتیان لەسەر داوای هاوڵاتیان خۆیان بۆ پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوە.

وتیشی”ئێمە بە ماڵاندا ناگەڕێین و ریكلام بۆ ئامێرەكانمان ناكەین، وەك چەند كۆمپانیایەك كاردەكەین، هاوڵاتیان خۆیان سەردانمان دەكەن و كاری دانان و چاككردنەوەیان بۆ دەكەین و ئێمە ئامێرەكانمان ساغ ناكەینەوە بەسەر كەسدا”.

سەبارەت بەوەی ئایا ئاوی خواردنەوە شیاوە، ناوبراو وتی”لە هەندێك شوێنی دەرەوەی سلێمانی پشكنینمان كردووە، وەك ناوچەی سەنگاو ئاوەكەیان سوێر بووە و پێویستی بە فلتەر هەبووە، لە سلێمانیش ئاوی خواردنەوە لە هەندێك شوێن شیاو نییە، ئێمە كاری پشكنین بۆ ئاوی ماڵان ناكەین لە سلێمانی، هاوڵاتیان خۆیان ئاوەكە بە ناشیاو دەزانن و سەردان دەكەن، هەندێكجار دەڵێن پزیشك پێیاندەڵێت پێویستە ئاوی پاكبخۆنەوە و ئەوانیش داوای فلتەر دەكەن”.

د. كەمال حاجی كەریم، پسپۆڕی بواری ئاو و مامۆستای بەشی بایۆلۆجی زانكۆی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی بەگشتی پاكە و پێش ئەوەی ئاوەكەش بگاتە ناو شار پاكدەكرێتەوە.

وتیشی”ئەگەر لە كۆگاكانی ئاو و تەنكییەكاندا پیس نەبێت، ئاوی سلێمانی شیاوە بۆ خواردنەوە، من و زۆربەی مامۆستاكانی بەشی بایۆلۆجی ئاوی بەلوعە دەخۆینەوە و فلتەریشی بۆ بەكارناهێنین”.

ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی رونیكردەوە، لە ماوەی پێشوودا پشكنینیان بۆ ئاوی بەلوعە و ئاوی یەكێك لە دەبەكان كردووە، ئاوی بەلوعە باشتر بووە و بەكتریای نەشیاوی كەمتر تێدا بووە.

راپۆرت

(خەڵك) وردەكاری جووڵەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو سنوورەكانی ئێران بڵاودەكاتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ
هاوكات لەگەڵ زۆرتربوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و مۆڵدانێكی هێزێكی زۆری سوپای پاسداران بە چەكوچۆڵی قورسەوە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەست بەجووڵە دەكات بەرەو سنوورەكانی ئێران.

بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە (خەڵك) لەسەرچاوە هەرێمییەكانەوە، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان ئەوانەی سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، بە چەكی قوورسەوە بەرەو سنوورەكانی ئێران لە ناوچەكانی پشدەر و ڕانیە و قەڵادزێ  جووڵەیان پێكراوە.

هاوكات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزێكی زۆری سوپای پاسداران بە چەكی قوورسەوە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، مەریوان و سەرپێڵی زەهاو جێگیربوون و خەریكی خۆڕێكخستنەوە و نوێكردنەوەی پایەگا كۆنەكانن بەتایبەت لە ناوچەی جاسووسانی سەردەشت هاوسنوور لەگەڵ ناوچەكانی پشدەر و شاڕباژێڕ لە هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەیەكی لەشكری كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (خەڵك)ی ڕوونكردەوە ئەو جموجۆڵە لەشكرییانە پەیوەندییان بە زۆرتربوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە، بەتایبەت ئێران ئامادەكاری لەشكری خۆی دەكات بۆ پاراستنی سنوورەكانی و ڕێگری لە دەربازی هێزی چەكداری حیزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان كە هێزی چەكداریان لەسەر سنوورەكان هەیە.

هەروەها سەرچاوەكە، ڕوونیشیكردەوە، جووڵەی هێزەكانی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی ئامادەكاری پێشوەختە بۆ هەر پێشهاتێك بەتایبەت كە لە هەندێك ناوچە هێزی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران لە نێو خاكی هەرێمدا هەن و لەگەڵ دروستبوونی گرژیی یان تێكچوونی ڕەوشی نێوخۆی ئێران ڕەنگە دەربازی نێو ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببن و لەم حاڵەشدا ئەگەری تێكەهەڵچوونی لەشكری و تێكچوونی ڕەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم هەیە.

لەبارەی جووڵەكردن بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆك ئەركانی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (خەڵك) جووڵەكردنی بە هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو دەڤەری ڕاپەڕین پشتڕاستكردەوە و ئاشكرایكرد “ئەوە هەنگاوێكی نوێی هێزی پشتیوانی دووە كە لە ڕانیە بارەگایەكی نوێیان كردووەتەوە”.

هاوكات ناوبراو ڕاشیگەیاند، هەندێك چەك و هێز هەیە، گواستراونەتەوە بۆ سنووری ڕاپەڕین، بەڵام پەیوەندی بە ئێران و هیچ شوێنێكی دیكەوە نییە.

ئاشكراشیكرد، جوڵە بە یەكەكانی سەر بە هێزی پشتیوانی دوو لە سلێمانی كراوە و چووەتە بارەگایەكی نوێی هێزی پشتیوانی دوو لە ناوچەی پشدەر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمینە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ دووهەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین سیاسەتمەداری ناسراوی كوردە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین بە سیاسەتمەدار و نووسەرێكی نێوداری كوردستان ناسراوە ‌و كاریگەری گەورەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان هەبووە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە 22ی كانوونی دووهەمی 1944 لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی و كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە بەغدا خوێندووە.

ناوبراو لەسەرەتای ساڵانی شەستەكانەوە پەیوەندی بەكاری ڕێكخراوەیی و سیاسی لە نێو ڕیزەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان- پارتی دیموكراتی كوردستاندا كردووە و دواتر یەكێكبووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 1975 و دواتریش بووەتە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی.

لە ساڵی 2009دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراندووە و بووەتە ڕێكخەری گشتی ئەو حزبە.

ناوبراو خاوەنی چەندین كتێبە لە بوارەكانی مێژوو و ڕۆژنامەوانی و ئەدەبی كوردیدا و لەبەشێك لە كتێبەكانیدا تیشكی خستووەتەسەر مێژووی شۆڕشی كورد و ناكۆكییەكانی نێو شۆڕشەكان.

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە 19ی ئایاری 2017 دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد و لە گردی زەگەرتە بارەگای سەرەكی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی كوردستانە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە لە 19ی ئایاری 1992.

لە 19ی ئایاری 1992 دوای ڕاپەڕینەكەی ئاداری 1991 یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ئەنجامدرا كە تێیدا حەوت لیست و قەوارە بەشدارییان تێدا كرد.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان كە لەلایەن كۆمەڵێك یاساناسەوە ئامادەكرابوو و بەرەی كوردستانی پەسەندیكردبوو، پێویستبوو هەرلایەنێك 7%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بگاتە پەڕلەمان، بەمهۆیەوە تەنها پارتی و یەكێتی و زەحمەتكێشان گەیشتنە پەڕلەمان.

پارتی و یەكێتی لە كۆی 105 كورسی پەڕلەمان نیوەی كورسییەكانیان بەدەستهێنا و پێنج كورسیش بۆ مەسیحییەكان داندرا.

لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناكۆكی كەوتە نێوان پارتی و یەكێتی و ئەنجامەكەیان پەسەندنەكرد وەكخۆی كە بە پێی ئەنجامەكان پارتی بە ڕێژەیەكی كەم لەپێش یەكێتییەوە بوو، بەڵام دواتر بە ڕێككەوتن حكومەتی هەرێم لە نێوان پارتی و یەكێتیدا پێكهات.

دواتر بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆوە هەڵبژاردنی خوولی دووهەم دوای سێزدە ساڵ لە 30ی كانوونی دووهەمی 2005 سازكرا و تێیدا یەكێتی و پارتی لیستی هاوبەشیان هەبوو و زۆرینەی كورسییەكانیان بەدەستهێنا.

خولی سێهەمیش لە 25ی تەمووزی 2009 هەڵبژاردنی بۆ سازكراو یەكێتی و پارتی بە هەمانشێوە لیستی هاوبەشیان هەبوو، بۆیەكەمجار لیستێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بە ناوی گۆڕان پەیدابوو كە 25 كورسی هێنا و كورسییەكانی یەكێتی و پارتی بۆ 59 كورسی دابەزین.

هەڵبژاردنی خوولی چوارهەم لە 21ی ئەیلوولی 2013 سازكرا و یەكێتی و پارتی هەریەكەیان لیستی خۆیان هەبوو لەگەڵ لیستە ئۆپۆزسیۆنەكاندا پارتی 38 كورسی و یەكێتی 18 كورسییان بەدەستهێنا و گۆڕان 24 كورسی بەدەستهێنا.

خولی پێنجەمی پەڕلەمانیش دوای ساڵێك لە دواخستنی لە 30ی ئەیلوولی 2018 سازكرا و پارتی و یەكێتی و لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوون، پارتی 45 كورسی و یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسییان بەدەستهێنا.

بە ڕای چاودێرانی سیاسی لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردووی تەمەنی پەڕلەمانی كوردستان و لە هەر پێنج خولەكەیدا پەڕلەمان لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە دەستوپێی بەستراوە و ڕێی لێگیراوە كە كاروباریی ئاسایی و یاسایی خۆی لە یاسادانان و چاودێریكردن بكات، بگرە بۆ بەرژەوەندییەكانی حزب و دەسەڵاتدارەكان بەكارهێندراوە لە قۆناغەكاندا.

گرنگترین ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا بەسەر پەڕلەمانی كوردستاندا هاتوون یەكێكیان بریتییە لە ڕووداوەكانی 31ی ئابی 1996 كە لە گەرمەی چڕبوونەوەی شەڕی نێوخۆی پارتی و یەكێتیدا لەشكری عیراق بەتانك و زرێپۆشەوە هاتەوە نێو گۆڕەپانی پەڕلەمان.

یەكێكی دیكەشیان لە كاتی چڕبوونەوەی ناكۆكییەكانی پارتی و گۆڕان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە مانگی ئۆكتۆبەری 2015 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە ڕێ لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەڕلەمان گیرا و دەرگەی پەڕلەمان داخرا.

پەڕلەمانی كوردستان لە تەمەنی خۆیدا جگە لە خوولی چوارهەم، لە سەرجەم خولەكانی دیكەدا سەرۆكەكانی پارتی و یەكێتی بوون، لەخوولی چوارهەمدا یوسف محەمەد لە پشكی گۆڕان سەرۆكی پەڕلەمان بوو، بەڵام دوای كەمتر لە دووساڵ لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە پۆستەكەی دوورخراوە.

هاوكات لە هەمان ڕۆژدا لە 19ی ئایاری 1992دا هەڵبژاردن بۆ ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان سازكرا و تێیدا جەلال تاڵەبانی، مەحمود عوسمان، مەسعود بارزانی و عوسمان عەبدولعەزیز خۆیان كاندیدكرد، بەڵام بەهۆی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە هیچكام لە كاندیدەكان نەبوونە ڕێبەری كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان