ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەچنە قۆناغی دابەشكردنی پۆستەكانەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێبكەنەوە و جۆرێك لە نزیكبوونەوەش بۆ دابەشكردنی پۆستەكان هەیە.

فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی راگەیاند، گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەكەنەوە و قسە لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دەكرێت.

وتیشی”گفتوگۆ كراوە لە گەڕەكانی پێشوودا و ئەمجارەش بەردەوام دەبین لەسەر هەمان بابەتەكانی پێشوو بۆ رێككەوتن”.

تائێستا سێ‌ گەڕی گفتوگۆ لە نێوان هەریەك لە پارتی و یەكێتی، پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا رێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا نەكراوە.

بەپێی زانیارییەكان یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ گەیشتونەتە لێكتێگەیشتن و پۆستەكانیش دابەشكراون، بەشێوەیەك پارتی رازی بووە پرسی كەركوك و بەغدا لەگەڵ یەكێتی تاوتوێ‌ بكات، بەرامبەر بە پشتیوانی تەواوەتی یەكێـتی لە كابینەی نوێی حكومەت و تەگەرە دروستنەكردن لە ناوچەكانی سنوری سەوز.

کوردستان

سۆران.. ڕووداوی هاتوچۆ قوربانی لێكەوتەوە

خەڵك –بەشی هەواڵ

بەیانی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ڕێگای هامڵتۆن لە نێوان چۆمان و سۆران تانكەرێكی سوتەمەنی وەرگەڕا.

بەپێی زانیارییەكان تانكەرێك كە نەوتی ڕەشی باركردبوو لەسەر ڕێگای هامڵتۆن وەرگەڕاوە و خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتاكرۆلادا.

بەهۆی ڕووداوەكەوە دوو سەرنشینی نێو ئۆتۆمبێلە تۆیۆتاكە كە هەردووكیان ژنن بریندار بوون.

هاوكات بەهۆی ڕژانی نەوتە ڕەشەكەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە سەر ڕێگای چۆمان- سۆران دروستبووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوایە

خەڵك –بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ 19ی تەموزی 2019 ساڵوەگەڕی حەوتهەمینی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستانە.

لە ڕۆژی 19ی تەموزی 2012 لەگەڵ بەردەوامی ئاڵوزییەكانی سووریادا شۆڕشی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لە شاری كۆبانێوە سەریهەڵدا.

سەرهەڵدانی گەلی كورد لە كۆبانێوە پەرەیسەند بۆ جزیرێ و عەفرین و قامیشلۆ و دێرك و گرێسپی و حەسەكە و شار و شارۆچكەكانی دیكە ئازادكران.

لە قۆناغێكی دیكەی شۆڕش و دوای بەرپابوونی شەڕی داعش هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا شار و شارۆچكەكانی منبج و تەبقە و ڕەقە و ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی پارێزگای دێرزوریان كۆنترۆڵكرد.

پارتی یەكێتی دیموكراتیك یەپەدەی نزیك لە پەكەكە توانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا دابمەزرێنێت و ئیدارەی ناوچەكە بكەن، بەڵام هەرزوو هێزە كوردییەكانی دیكەی وەك ئەنەكەسە و نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی هەڵكشانی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ پەیەدە لەدەسەڵاتی ڕۆژئاوا دوورخرانەوە.

دواتر هێزەكانی سوریای دیموكراتیك بە هاوبەشی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی باكوری سوریا دامەزرێندرا و بووە هاوپەیمانی ئەمریكا و خۆرئاواییەكان بۆ شەڕی داعش و لەسەر دەستی ئەو هێزە داعش لە سوریادا كۆتایی پێهێندرا.

ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان ئێستا پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی سوریا و ڕوسیا و ئێران و ئەمریكا و هێندێك وڵاتانی ئەوروپایشدا باشە، بەڵام توركیا بەهۆی نزیكایەتییان لەپەكەكەوە زۆر بەتوندی دژایەتییان دەكات.

لە 2018 سوپای توركیا بە هاوكاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشیكردە سەر كانتۆنی عەفرین و شارەكە و چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكەی داگیركرد.

توركیا زۆرتر لە جارێك لەزاری گەورە كاربەدەستانیەوە هەڕەشەی لەنێوبردنی دەسەڵاتی كوردی باكوری سوریا و ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە، بەڵام تا ئێستا جگە لە عەفرین هیچ كردەیەكی دیكەی لەشكری ئەنجامنەداوە.

خاڵێكی ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان ئەمریكا و توركیاش كوردی سوریایە، چونكە ئەنقەرە دژی هاوكارییەكانی واشنتنە بۆ هێزە كوردییەكانی سووریا.

ئەنقەرە فراوانبوونی دەسەڵاتێكی كوردی لە ڕۆژئاوادا كە لایەنگرانی پەكەكە سەرووكاری بكەن، بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت، بۆیە دژایەتی دەكات.

دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوا پەیوەندییەكانی لەگەڵ باشوری كوردستانیش لە حاڵێكی باشدا نین، بەهۆی كاریگەری ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پەكەكەوە كە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی ڕۆژئاواش هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كرماشان.. قوربانییەكانی مادەی هۆشبەر زیاددەكەن

خەڵك –بەشی هەواڵ

لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ٨٢ هاووڵاتی بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی سڕكەر لە شاری كرماشاندا، گیانیان لەدەست داوە كە لەو ٨٢ كەسە، ١٢ كەسیان ژن بوون.

بەپێی ئاژانسی كوردپا، بەڕێوەبەری پزیشكی یاسایی پارێزگای كرماشان لەو بارەیەوە سەبارەت بە دیاردە كۆمەڵایەتییەكان لەو شارە، باسی لە گیانلەدەستدانی ٨٢ كەس كرد كە بەهۆی بەكاربردنی ماددەی سڕكەر، گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی سەلیم خانی، لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ٧٠ پیاو و ١٢ ژن لە پارێزگای كرماشان، بەهۆی ماددەی سڕكەرەوە گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژە بە زۆربوونی دیاردە كۆمەڵایەتییەكان كرد و ڕایگەیاند: “لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ، ١١هەزار و ٢٠٩ كەس، سەردانی پزیشكی یاسایی كردووە و لەو ڕێژەیەش ٧ هەزار و ٧٣٤ كەسیان پیاو و ٣ هەزار و ٤٧٥ كەسیان لە ژنان بوون”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان