ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

بە كێ دەگوترێت فۆتۆگرافەری سەركەتوو؟

‎مەرج نیە هەركەسێك توانای كڕینی كامێرایەكی هەبێت و چەندی فۆتۆیەكی گرتبێت و پشتگیریی لایەنێكی هەبێت بۆ بڵاوكردنەوە و چاپكردنی وێنەكانی ، پێی بگوترێت وێنەگر یان فۆتۆگرافەر ، مەبەستمان فۆتۆگرافەری ڕاستەقینەی پڕۆفیشناڵە ، ئەگەر كڕینی كامێرایەك پێوانە بێت بۆ بوون بە فۆتۆگرافەر ، ئەوا دڵنیابن لەوەی كە پێوانەیەكی هەڵەیە ، چونكە ئێستا سمارت فۆنی دەستی هەمووان كامێرای تێدایە ، ئەگەر بەو پێوانەیە بێت ئەوا هەموومان فۆتۆگرافەرین

‎بیروبۆچوونی سیاسیانە و لایەنگیری حیزبێك یان لایەنێكی دیاریكراو كاریگەرییەكی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر هەست و بیركردنەوە و كاركردنی فۆتۆگرافەر ، واتلێدەكەن كە نەتوانیت ڕاستگۆبیت لەگەڵ كامێرا و ئەوەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر گرتە و وێنەكاندا ، چونكە پێموایە سیایەت دەست لەهەر بوارێك وەرئەدات ، ئەو بوارە نەخۆش و سەقەت دەكات ، بەڵام بواری هونەر نەخۆش ناكات ، بەڵكو هەر دەیمرێنێت . بەگشتی لە كۆمەڵگا و وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بەرپرسان و سیاسەتمەداران لە چاوی كامێرا و پێنوسی ڕۆژنامەنووسان دەترسن ، چونكە دەزانن كە كاریگەرییەكی بەهێزیان هەیە لەسەر ڕای گشتی ، بەڵام بەداخەوە لای خۆمان بە پێچەوانەوەیە ، بەڵكو زۆرێك لە وێنەگران و ڕۆژنامەنووسان كار بۆ جوانكردنی بەرپرسان دەكەن ، پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.

وتار

له‌ ئه‌سپایر aspire academy چی ده‌گوزه‌رێت

بۆ روومالكردنی یارییه‌كانی گۆره‌پان و مه‌یدانی ئاسیا و به‌شداریكردن له‌ خولی میدیایی یه‌كێتی گۆره‌پان و مه‌یدانی جیهان بۆ جارێكی تر دوای چوار ساڵ له‌ پاش پاڵه‌وانێتی تۆپی ده‌ستی جیهان له‌ ساڵی 2015 له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر نزیك به‌ هه‌فته‌یه‌ك مامه‌وه‌.
شه‌كه‌تی رومالی پاڵه‌وانێتییه‌ گه‌وره‌كان ره‌نگه‌ ته‌نیا له‌ لای ئه‌و كه‌سانه‌ بێت لێره‌ كه‌ به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست چوونه‌ته‌ نێو ئه‌و كه‌شه‌وه‌، چونكه‌ زۆر كات به‌یانی دێیته‌ ده‌ره‌وه‌ تاوه‌كو دره‌نگانێكی شه‌و له‌ ژێر فشارو بارگرانیه‌كی زۆریت، نسیبی ئه‌مجاره‌ی من هه‌ر به‌ده‌ر نه‌بوو له‌و دوو رووداوه‌ به‌ڵكو یه‌كێك له‌و خه‌ونانه‌ی هه‌مبوو له‌وێ هاته‌ دی، ئه‌ویش ته‌ماشاكردن و چوونه‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای ئه‌سپایر بوو كه‌ ئێسته‌ به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌كادیمیا وه‌رزشیه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی داده‌نرێت بۆ سه‌رخستن و پێشكه‌وتن و كاراكردنی زیاتری تواناكانی به‌هره‌مه‌ندانی وه‌زرش به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی به‌رز .

ئێواره‌یه‌كی دره‌نگی یه‌كێك له‌ رۆژه‌كانی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ به‌خێوكه‌رانی فێرخوازێك له‌ ئه‌كادیمیای ئه‌سپایه‌ر بانگهێشتكراین بۆ چوونه‌ نێو ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌وه‌، كه‌ بۆ من هه‌ستێكی ته‌واو جیاوازو نامۆ بوو چونكه‌ زۆر بۆ هاونیشتیمانی قه‌ته‌ریش ته‌نیا رووكاری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ خه‌ونه‌، ئه‌وه‌بوو له‌ كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ چووینه‌ نێو ئه‌كادیمیاكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ ساڵه‌كه‌ ته‌رخانكرابوو به‌ دیداری مامۆستایان و به‌خێوكران و گوێگرتن . ئه‌كادیمیای ئه‌سپایه‌ر ساڵی 2004 بونیاد نراوه‌و تایبه‌ته‌ به‌ گرنگیدان به‌ توانای ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ سه‌رجه‌م بواره‌ جیاوازه‌كانی وه‌رزش به‌هره‌مه‌ندن و له‌ رێگه‌ی ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ سود له‌ تواناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستیان وه‌رده‌گیرێت ، له‌وێ تاوه‌كو ئێسته‌ نزیكه‌ی 300 فێرخواز هه‌یه‌ له‌ پۆله‌ جیاوازه‌كان ئه‌وان به‌ده‌ر له‌ وه‌رزشه‌كه‌یان قاڵبوونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی خوێندن و چه‌ندین وانه‌ی پێویست ده‌خوێنن.

له‌وێ چه‌ن نهۆمێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر نهۆمه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌كی له‌ خۆگرتووه‌ ، كوالیتی نهۆمه‌كان له‌ به‌رزترین ناوه‌ندی خوێندنی جیهانی، به‌شی زۆری مامۆستاكان له‌ وڵاتانی بیانین راهێنه‌ره‌ به‌ئه‌زموونه‌كانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكای باشووور و ئاسیاو ئه‌فریقیای تێدا كۆبووته‌وه‌، له‌وێ فێرخواز كاتێك ده‌چێته‌ پۆلی هه‌شته‌م ئیدی بۆی هه‌یه‌ ئه‌كادیمیاكه‌ وه‌ك به‌شی ناوخۆی بمێنێته‌وه‌و بۆ كۆششكردن و پشوودانیش بمێنێته‌وه‌ .
به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌كادیمیای ئه‌سپایه‌ر بوونی ده‌یان یاریگه‌ی مۆدێرنه‌ دوو یاریگه‌ی تایبه‌تی جامی جیهانی 2022 له‌وێیه‌ یاریگه‌یه‌كی ستانداری گۆره‌پان و مه‌یدان هۆڵی مه‌له‌وانی و ده‌یان هۆڵی داخراو له‌و ئه‌كادیمایه‌ هه‌یه‌ به‌جۆرێك له‌ راره‌وێك یانه‌ له‌ به‌شێكه‌وه‌ بچیته‌ به‌شێكی تر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌گه‌ر شاره‌زا نه‌بیت بتوانی بگه‌ڕێیته‌وه‌ .
له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوو ئه‌كادیمیای ئه‌سپایه‌ر گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به‌ قه‌ته‌ر كردووه‌، نزیكه‌ی 13 ده‌رچووی ئه‌كادیمیاكه‌ له‌ پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی قه‌ته‌ر بوون كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار توانیان جامی ئاسیا ببه‌نه‌وه‌ ، به‌ده‌ر له‌وه‌ش موعته‌ز عیسا برشمی پاڵه‌وانی بازی به‌رزی جیهان و باشترین یاریزانی گۆره‌پان و مه‌یدانی جیهان بۆ ساڵی 2017 له‌ ئه‌سپایه‌ر گه‌وره‌ بووه‌ .

له‌وێ ئامانج ته‌نیا تۆپی پێ نییه‌و زۆرترین گرنگی به‌ یارییه‌ تاكیه‌كان دراوه‌و خه‌ریكه‌ به‌رهه‌می ئه‌وانه‌ش ده‌چننه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ یارییه‌ رێكته‌كان .

له‌وێ له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌ فێرخوازه‌ ته‌نیا كوردێك هه‌یه‌ كه‌ دانیشتووی قه‌ته‌ره‌ ئه‌ویش ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌باره‌ كه‌ نزیكه‌ی 21 ساڵه‌ ژیان له‌وێ به‌سه‌ر ده‌به‌ن خانه‌واده‌كه‌یان ، ئه‌حمه‌د خوێندكاره‌ هاوكات یاریزانێكی باشی تۆپی سه‌رمێزه‌و له‌پاڵ خوێندنه‌كه‌شی بۆ یانه‌ی غه‌رافه‌ی قه‌ته‌ری یاریده‌كات.

ئه‌سپایه‌ر به‌رهه‌مێكه‌ ئێسته‌ مۆركی شانازی قه‌ته‌رییه‌كانه‌ ، به‌ده‌ر له‌و وێنه‌ راسته‌قینه‌یه‌ی باسم كرد هه‌ر له‌و ناوه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ نزیكی نه‌خۆشخانه‌ی سپیتار هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتوترین نه‌خۆشخانه‌كانی جیهان داده‌نرێت ئه‌وه‌تا ده‌یان ئه‌ستێره‌ی وه‌ك نه‌یمار دێنه‌ سپیتار بۆ قۆناغی چاكبوونه‌وه‌و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ره‌كانیان، هاوین و زستان یانه‌ گه‌وره‌كان كه‌مپی مه‌شقه‌كانیان له‌ ئه‌سپایه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ .

ستۆریه‌ك له‌ده‌وحه‌وه‌-هه‌رێز جه‌مال

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

شكستی میسی له‌ ئه‌رجه‌نتین

ئه‌و شه‌وه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ به‌رامبه‌ر ئیشبیلیا تووشی شكست هات، دوای یارییه‌كه‌ و له‌ژووری جل گۆڕینی یانه‌كه‌ كاتێك میسی ده‌گاته‌ ده‌رگای ژووره‌كه‌ یه‌ك شه‌قی تووند ده‌دات له‌ بۆكسی جل و به‌رگی یاریزانه‌كان و پێیان ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ كه‌ی یارییه‌ ده‌یكه‌ن، وابڕوات ناتوانین نازناوی لالیگاش به‌رینه‌وه‌، ئه‌وكاره‌ی لیۆ به‌ته‌واوی ترسی خسته‌ نێو دڵی هاوڕێكانی و ناچاریكردن به‌ته‌واوی وابه‌سته‌ی پلانی تیپه‌كه‌ بن، چونكه‌ هه‌موویان به‌ باشی درك به‌و ڕاستییه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ به‌رشه‌ و پاڵی میسیدا نه‌بن چاره‌نووسیان وه‌كو نیمار ده‌بێت و به‌ته‌واوی له‌ گۆڕه‌پان و میدیاكان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سیزار میۆنتی له‌ چه‌ند ڕۆژی پێشوودا داوایكرد میسی بانگی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین نه‌كرێت، تا زیاتر ده‌رفه‌ت به‌ لاوه‌كان بدرێت، وته‌كانی ئه‌و گه‌وهه‌ر بوون، كه‌چی هه‌رای دنیایان له‌سه‌ری كرد، كه‌ ئێستا هه‌ردوو نموونه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕوون ده‌كه‌مه‌وه‌.

سه‌ره‌تا میسی له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌زانێت له‌گه‌ڵ كێدا یاریی ده‌كات و به‌ته‌واوی خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئاستی هاوڕێكانی هه‌یه‌ و ئیداره‌ی تیپه‌كه‌شی ناچار كردووه‌ ته‌واوی بۆنده‌كانیان له‌ ئاستی ئه‌ستێره‌دابن و گه‌شته‌كه‌یشیان یه‌ك وه‌رزی ته‌واوه‌ نه‌ك یه‌ك هه‌فته‌، بۆیه‌ لیۆ كه‌متر له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌ست به‌كه‌وتن ده‌كات.

لایه‌نی دووه‌م قسه‌كانی مینۆتییه‌: ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ له‌ (1978) جامی جیهانی  بۆ ئه‌رجه‌نتین برده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ باشی ده‌زانێت ئاماده‌كاری هه‌ڵبژارده‌كان چۆنه‌ و ده‌بێت چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی تیپێكی باش دروست بكرێت، هه‌روه‌ها پێشتر میسی كه‌ له‌گه‌ڵ تانگۆ باشبوو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بوو ته‌واوی هاوڕێكانی ئه‌ستێره‌بوون و له‌ یانه‌كانی ئه‌وروپا و كه‌شو هه‌وای ئه‌وێ‌ یاریانده‌كرد و كه‌متریش ده‌بوونه‌ سه‌رئێشه‌ بۆ ئه‌و، كه‌چی ئه‌م پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ هه‌یه‌تی هیچیان له‌ گرنگی و تێگه‌یشتنی یاریی میسی ناگه‌ن و ڕه‌نگه‌ زۆریش نه‌توانن به‌ كۆمه‌ڵ یاریی بكه‌ن، ئه‌و كه‌شه‌ گه‌رمه‌ پڕ له‌ پلانه‌ی له‌ ئه‌وروپادا ڕێچكه‌ی به‌ زانستی بوونی وه‌رگرتووه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له‌ ئه‌مریكا زۆر پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، ئه‌وانیش زۆر خۆیان سه‌رقاڵی ئه‌و بابه‌ته‌ ناكه‌ن و زیاتر پشت به‌ ئه‌ستێره‌كانی ئه‌وروپا وه‌كو قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی ستاره‌كانیان ده‌به‌ستن، له‌ ئه‌رجه‌نتینیش به‌ته‌واوی مانا یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌و وڵاته‌ تووشی داڕمان بووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌دواین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتین كاتێك ده‌نگه‌كان هه‌ژماركرا ته‌ماشاكرا ده‌نگی زیاده‌ له‌ سندوقی هه‌ڵبژاردن و ئه‌ندامه‌كاندایه‌، ئه‌مانه‌ش ڕێگا نادات ئه‌و تیپه‌ پلانی درێژ و ئارامی زۆریان هه‌بێت، كه‌ له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ ئارامی به‌شێكی زۆری سه‌ركه‌وتنی تیپ و یانه‌كانه‌، هه‌روه‌ها میسی له‌م دوایانه‌ گیرۆده‌ی ئه‌فكاری چه‌ندین ڕاهێنه‌ر بووه‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و به‌جۆرێك دێن و هه‌ندێك گۆڕانكاری ده‌كه‌ن و چه‌ند یاریزانێكی لاو تێست ده‌كه‌ن و پاشان به‌هۆی نه‌ ناسراوی ئه‌وان زۆربه‌ی تانه‌كان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی لیۆ. مینتۆتی پیره‌ پیاو قسه‌كانی له‌بیرێكی قوڵه‌وه‌ كردووه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی میسی لێ‌ زیاد بێت، له‌ كاتێكدا ئه‌و خۆی پێشتر ئه‌م ئه‌زموونه‌ی له‌گه‌ڵ ماڕادۆنا له‌ مۆندیالی (78) تاقیكردۆته‌وه‌، كه‌ بۆچوونه‌كانی ئه‌و پێمان ده‌ڵێت: هه‌م میسی گه‌وره‌یی خۆی له‌كه‌دار نه‌كات كه‌ پێشتر له‌ مۆندیال و كوپادا به‌ چاوی خۆی بینوێتی و هه‌میش ئه‌رجه‌نتین چیتر به‌هۆی ئاستی كێجه‌كه‌وه‌ گیرۆده‌ نه‌بێت، پاشان ناوبراو ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ كه‌ته‌لۆنیا دژی به‌ هیچ كلوجێك ئاگاداری ڕه‌وشی یاریی و یانه‌ و یاریزانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی نییه‌، له‌ هه‌مانكاتدا ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ بۆته‌وه‌ له‌ پێشوودا گه‌وره‌ ئه‌ستێره‌كانی هاوڕێی هیچ یارمه‌تیان نه‌ده‌دا، هه‌روه‌ها تازه‌ لاوه‌ هاتووه‌كانیش میسی گرنگ نییه‌ بۆیان له‌ یاریگا و ده‌ره‌وه‌ گوێی بۆ ڕانادێرن، چونكه‌ خودی خۆیان له‌ حاڵه‌تی تێست كردندان و ڕه‌نگه‌ ته‌نیا بۆ یارییه‌ك بانگی تانگۆ بكرێن، بۆیه‌ هه‌موو كات میسی به‌ ته‌نیایه‌ و كه‌س له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی خه‌می لێناخوات و خه‌ریكه‌ گومانیش ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ ئاستی و گه‌وره‌یی و مێژووی یاریكردنی به‌هۆی ئه‌رجه‌نتینه‌وه‌، له‌ كاتێكدا لانیكه‌م له‌ تیپی تۆپی پێدا ده‌بێت پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تی چه‌ند یاریزانێكی سه‌ره‌كی تێدا بێت ماوه‌یه‌كی زۆر پێكه‌وه‌ یاریانكردبێت و هیچ كات هه‌ست به‌ غه‌ریبی شێوه‌ پلانی ڕاهێنه‌ر نه‌كه‌ن، كه‌چی لیۆ هه‌موو جارێك به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌ له‌ یاریگادا ده‌بینرێت و ڕۆژی یارییه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌وه‌ ده‌كات و دواتر نه‌ ئه‌و تیپه‌كه‌ی ده‌ناسێت و نه‌ هاوڕێكانی حه‌ساب بۆ یاریی ئه‌و ده‌كه‌ن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ستۆریەکم لەگەل سەرۆکی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئاسیا

ستۆریەکم لەگەل سەرۆکی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئاسیا
قه‌ته‌ر ده‌یه‌وێت مێژوودارترین ساڵ بۆ گۆره‌پان و مه‌یدان دروست بكات

له‌ په‌راوێزى یارییه‌كانى ئاسیا له‌ جاكاتارى پایته‌ختى ئه‌نده‌نوسیا له‌ هاوینى ساڵى رابردوو ، هه‌لێكى باش بوو بۆ ئه‌وه‌ى ده‌یان پاڵه‌وان و به‌رپرسى باڵاى وه‌رزشى و كارگێرى كیشوه‌ره‌كه‌ له‌ یارییه‌ جیاوازه‌كان له‌ نزیكه‌وه‌ ببینم چونكه‌ ئه‌و دیداره‌ گه‌وره‌ترین كه‌رنه‌ڤاڵى كیشوه‌رییه‌ هه‌روه‌ها دووه‌م چڕوپرترین دیدارى وه‌رزشى سه‌ر گۆزیه‌وه‌ له‌ رووى به‌شداربوونى وڵاتانه‌وه‌ .

ئێواره‌یه‌ك به‌ره‌و كۆتایى یارییه‌كان ده‌رۆیشت له‌ نێو یاریگه‌ى ئۆلۆمپى پایته‌خت ركاربه‌رییه‌كانى گۆره‌پان و مه‌یدان به‌رێوه‌ده‌چوو ، نوخبه‌ى پاڵه‌وانه‌كانى كۆكردبۆووه‌ ئاخر پڕ چێژترین ركابه‌رى له‌و یارییه‌ هه‌بوو ، جار نا جارێك له‌ به‌رزترین قاته‌وه‌ بۆ نزمترین قات ده‌چوومه‌ خواره‌وه‌ى یاریگه‌كه‌ تاوه‌كو له‌ میدیا زۆن دیدارى یاریزانان و راهێنه‌ران بكه‌م .

له‌و كه‌ین و به‌ینه‌دا له‌ یه‌كێك له‌ نهۆمه‌كان تووشم بوو به‌ تووشى پیاوێكى ره‌ش تاڵه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ زه‌ینى ئه‌و له‌ من باشتر بووبێت راسته‌وخۆ ناسیمیه‌وه‌ چونكه‌ پێشتر دوو جار به‌ دیدارى شادبووم, نزیكترینیان پاڵه‌وانێتى ئاسیا بوو بۆ یارییه‌كانى گۆره‌پان و مه‌یدان كه‌ له‌ هندستان له‌ ساڵى 2013 به‌رێوه‌چوو ، ئه‌ویش سه‌رۆكى یه‌كێتى گۆره‌پان و مه‌یدانى ئاسیاو جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى گۆره‌پان و مه‌یدانی جیهان لیوا ده‌حلان حه‌مه‌د بوو .

زۆر مه‌به‌ستم بوو دیدارى ئه‌و پیاوه‌ چونكه‌ ئه‌و نه‌ك هه‌ر له‌ یه‌كێتییه‌كى ده‌ستى باش ده‌روات و باڵا ده‌سته‌ به‌ڵكو له‌ لیژنه‌ى ئۆلۆمپى جیهانیش ژماره‌یه‌كى قورسه‌و هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت باشترین خزمه‌ت بكات .

به‌ ته‌نزه‌وه‌ وتى گه‌یشتیته‌ ئێره‌ش! بۆیه‌ منیش ئه‌و نێوانه‌ كه‌مه‌ رۆیشتنه‌ى خۆم و سه‌رۆكى یه‌كێتى گۆره‌پان و مه‌یدانم قۆسته‌وه‌ بۆ چه‌ند پرسیارێك كه‌ دڵنیابووم له‌م كاته‌دا بڵاوكردنه‌وه‌ى گرنگ ده‌بێت .

ئه‌مساڵ له‌ وڵاتى قه‌ته‌ر زۆرترین پاڵه‌وانێتى گرنگى گۆره‌پان و مه‌یدانى تێدا به‌رێوه‌ده‌چێت ، له‌ ماوه‌ى رابردوو پاڵه‌وانێتى وڵاتانى كه‌نداو بەرێوەچوو؛ مانگى چوارى ئه‌مساڵ پاڵه‌وانێتى گۆره‌پان و مه‌یدانى ئاسیا دواى ئه‌ویش دیدارى ئه‌ڵماس و له‌ گرنگترین پاڵه‌وانێتیش له‌ كۆتایى مانگى سێپته‌مبه‌رى ئه‌مساڵ پاڵه‌وانێتى جیهان بۆ گۆره‌پان و مه‌یدان به‌رێوه‌ده‌چێت .

له‌ سه‌رۆكم پرسى، ئاسیادى 2018 له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانى ئێوه‌ له‌ قه‌ته‌ر سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت✌️ئه‌و وتى؛ ده‌مێكه‌ ئاماده‌كاریمان بۆ كردووه‌ چونكه‌ پێش ئه‌وه‌ى یه‌كلاى بێته‌وه‌ قه‌ته‌ر كه‌ میواندارى پاڵه‌وانێتى جیهان ده‌كات ته‌واو پرۆژه‌كانمان وپرۆسه‌ى ئاماده‌كارى و ستادیۆمى خه‌لیفه‌ حازره‌ ئێمه‌ كێبركێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌مساڵ مێژوودارترین ساڵ بۆ مێژووى گۆره‌پان و مه‌یدان ئاماده‌ بكه‌ین .

پرسیارێكى ترم له‌ رووى رێژه‌ى به‌شدارى هانده‌رانه‌وه‌ بوو ، ده‌حلان وتى چاوه‌روانى زۆرترین هانده‌ر ده‌كه‌ین له‌ یاریگه‌كان هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه‌ ، قه‌ته‌ر هه‌ر پاڵه‌وانێتنیه‌كى ئاسایى له‌ ئامێز ناگرێت به‌ڵكو هه‌زاران گه‌شتیار دێن هه‌مووى پلانى بۆ دانراوه‌ ، زیاتر له‌ 100 وڵات به‌ بێ ڤیزه‌ دێنه‌ ده‌وحه‌و پێش پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش ئاماده‌كارى و هاوكارى ده‌كه‌ین بۆ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ى ده‌بێت ڤیزه‌یان هه‌بێت .

سه‌رۆكى یه‌كێتى گۆره‌پان و مه‌یدانى ئاسیا وتیشى له‌ رووى به‌هێزى ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ به‌هێزترین پاڵه‌وانێتى ده‌بێت چونكه‌ ساڵى 2020 ئۆلۆمپیادى ژاپۆنه‌ و ده‌بێته‌ تاقیكارییه‌كى به‌هێزیش ئه‌و ئۆلۆمپیاده‌ .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان