ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

بەرازیل، ئازارشکێن بە قاوە و تۆپی پێ

بەرازیلیەکان زۆرینەیان لاتینۆسی هەژارن، ڕۆژانە پێیەکانیان لەسەر خاکێکی جادویی دادەنێن، جگە لە پەیکەرە گەورەکەی حەزرەتی مەسیح لە رێۆ دی جانێرۆ، خاوەنی خاکێکی تەڕی کشتوکاڵین کە باشترین جۆرەکانی قاوە لە نمونەی روبۆستا و ئارابیکا بەرهەم دەهێنێت، لەسەدا 35ی قاوەی جیهان بەرهەم دەهێنن، زانستی سەردەم بە بەڵگەی زانستیەوە سەلماندویەتی قاوە تاڵ و تفتەکەیان هاوشێوەی مۆرفین ئازارشکێنە.

وڵات وڵاتێکی کراوەیە و خەڵکەکەی وەک ناوی خۆیان شارەزای سەمای سامبان، ئەو سەمایەی منداڵ تا پیریان جوڵە بە جوڵە نمایشی دەکەن، لە ماڵەوە، کۆڵان، سەرشەقامەکان بۆنی قاوە دەکەیت و نمایشی ئەفسانەیی سامبا دەبینیت، ژیان لەم خاکەدا برییتیە لە ژیانی شاهانەیی یان هەژاری و ناوەند بونی نییە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەگاتە ئاستی وەرزش ڕوحەکان یەکدەگرن، نەهەژار دەمێنێت نە زەنگین.
تۆپی پێ لە ئەوروپا تەشەنە دەکات بەرەو ئەمریکای لاتین، بەرەو ئۆرۆگوای بۆ کەناراوەکانی ریڤەرپلەیت لە ئەرجەنتین پاشان بۆ کەنار دەریاکانی ساوپاولۆ و ریۆ، لێرەدا دەوڵەمەندان فێری کلتورە وەرزشیەکەی ئینگلاند و نەمسا و ئەوروپیەکان دەبن، بەڵام زۆرینەی هەژاران ئەم ئسوڵی یارییکردنە نە فێر دەبن و نە لێی دەزانن بەهەوای شانی خۆیان سەمای سامبای تێکەل دەکەن، بەشێوەیەک کە ئێستاش پێوەیان دیارە و ناتوانن لێی بترازێنن.
بەرازیلیەکان بەدرێژایی مێژوو بەهۆی داگیرکەران و هەژاریەوە لەزۆر شت بێبەش بوون، بۆیە کە شتێکی بەردەستیان خۆشبوێت مەحاڵە بەئاسایی بیگرن یان دەستبەرداری بن، دەگێڕنەوە پورتوگالیەکان کۆنگفو و کاراتێیان لێ قەدەغە دەکەن، ئەمان دێن تێکەڵەی سامبا و باراناوی لەگەل هونەرە جەنگییەکان تێکەڵ دەکەن ئەوەش دەبێتە کۆپۆێرا کە لە زۆرینەی یارییە قیتالیەکان بەهێزترە، بەوشێوەیە داگیرکاری پورتوگال دەخەڵەتێنن گوایە سەما دەکەن، بەڵام لەکاتی پێویستدا سەما دەکەنە کۆپۆێرا و حەسیر مەیدانی سەربازەکانیان دەکەن.
پێلێ دەڵێت: بنەمای تۆپی پێی ئێمە فوتساڵ و یاریی کەنار دەریاکانە، پێویستە گرنگی پێبدەین، بەوشێوەیە مۆرکە بەرازیلیەکە بەردەوامی دەبێت، ئەو شێوازەی هەموو قوتابخانەکانی تر ئیرەیی پێدەبەن لەهەمان کاتدا سودی لێوەردەگرن.
کەواتە نمایش و نازناو بنەمای تۆپی پێی دامەزراوی بەرازیلە.
29.6.1958 کاتژمێر 5:09 بەکاتی کوردستان، کۆتایی مۆندیالە و تۆپێک لە زاگالۆوە دەگاتە پێیەکانی ڤاڤا و ئەم ئەفسانەیە لە شاری سۆلنای سویدی لەبەردەم 49 هەزار سویدی سەرکێشدا گۆلی یەکسانبون تۆمار دەکات (1-1), لێرەوە مێژووی تۆپی پێی بەرازیل لە چیرۆکێکی ئەفسانەییەوە دەبێتە مێژووی نوسراو و بە سیحری گارینشا جارێکی تر ڤاڤا و پیلێ و زاگالۆ مێژوو بە پێنج گۆڵ دەنوسنەوە و یەکەم نازناوی مۆندیال بەدەست دەهێنن.
مێژوو بە پێکهاتەیەکی کەم ئەندامەوە دەنوسنەوە!!!
قاچ کورتێک و پەنجە براوێک و بربرەیەکی خوار و مێردمندالێک کە تائێستاش بەهێزترین ئەفسانەکان نەیانتوانیوە هاوکێشەی ڕیکۆردەکانی شیتەڵ بکەن (پێلێ).
ئەگەر ئەوە جادوی پێکهاتەیەکی کۆڵەوار بێت، دەبێت 1994 بە بونی ڕۆماریۆ و بایانۆ و دۆنگا و تافارێل، لە 2002 بەبونی ڕۆناڵدۆی دیاردە و ڕیڤاڵدۆ و کافو چ هێزێک لە جەستە و ڕوحیاندا کارلێکی کردبێت؟!
دەبێت سەردەمەکانی سوکرات و زیکۆ و تۆستاو و جێرزینهۆ و ئەلبێرتۆ و دیدی چۆن تێپەڕیان کردبێت؟!
کێ دەتوانێت لێدەرکردنەکانی “فینۆمینۆ” بە جەستە دووبارە بکاتەوە؟ کێ دەتوانێت هونەرەکەی ڕۆناڵدینهۆ و لیۆنایدس هەڵگرێتەوە مەگەر نایمارێکی بەرزایلی نەبێت؟
ڕۆماریۆ دەڵێت: ڕووم نەکردۆتە گۆڵێک و بە دڵتەنگی گەڕابێتمەوە.
ئایا هێرشبەرەکانی ئێستا و ئەوساش بەو کوالیتیەن؟! ئەو ڕۆماریۆ ئەسمەرەی ڕقی لە پێلێیە و ئاشقی درێسە زەردەکەشیەتی.
دۆمینگۆس دا گۆیای بەرگریکار دەڵێت: لەیاریی کردن و لێدانی یاریزانان دەترسام، لەسەردەمی ئێمەدا رەش ئەسمەرەکان دەکەوتنە بەر لێشاوی شەق و تێهەڵدانی ڕکابەران، جارێک براکەم پێی وتم: تۆ سەمای سامبا نازانیت؟ بەراستی ئەوە بیرۆکەیەکی نایاب بوو، وەک سەمای میۆدینهۆ ران و قاچم دەجولاند و بەتۆپەوە لە لێدانەکان دەرباز دەبووم.، کاتێک زانیم ئەم سەمایەی من دەیکەم داهێنانە لە هونەری لێدەرکردندا.
بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، تۆ ڕووبەڕوی پێیەک دەبیتەوە پێی دەڵێن پێیە بەرازیلیە نەسرەوتەکان، بە سەماوە یارییت لەگەل دەکات و زەردەخەنە لەسەر لێوانیەتی، چاوەڕێی بردنەوە دەکەیت؟ نەخێر، لە خراپترین ساتەکانیاندا تەنها بەرگری چارەسەری تۆی ڕکابەرە.
لەکۆتایدا دەگەمە ئەو بیرکردنەوەیەی خاکی بەرازیل تەنها بۆ قاوەکانی رۆبۆستا و ئارابیکا لەبار نییە، بەڵکو سیحرەکەی بۆ پێی خەڵکەکەشی دەگوێزرێتەوە، زەویەکەی زەوی بەرهەمهێنانی تۆپی پێیە، ئەگەر قاوەکەی ئازارشکێن بێت ئەوا تۆپی پێیەکەی ئازاردەری ڕکابەران و ئازارشکێنی هاونیشتیمانەکانیەتی، هەر لەبەرئەوەشە بەرازیلیەکان بەبێ تۆپی پێ ناژین، ئازارەکانیان بە تۆپی پی کەم دەکەنەوە.
بپرسە بۆ خاوەنی لەشفرۆشی بێشومارن؟ هۆکارەکەی تەنها نەبونی نییە، بەڵکو خەمی پەیداکردنی نان لەلایان هاوتای تەماشاکردنی فلۆمینێز ی و سانتۆس و فلامینگۆیە.
خەم، ئازار، ئازارشکێن، قاوە و تۆپی پێ، سامبا و لێدەرکردن…
ئەوە بەرازیلە ” ئو میلۆرا دی هیستۆریا دو فوتبۆڵ”، هاندەرتان نیم، بەڵام ناتوانم تەماشاتان نەکەم.، ئێوە ئەوکرێمەن دەکرێت بەسەر کێکەکەدا، بەبێ ئێوە تۆپی پێ تامی نییە، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە ئێوە هەمیشە هەن، لە یانەکان، لە مۆندیالەکان…

پێگه‌ی نوسه‌ر له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک…

وتار

فه‌ره‌نسیه‌کی دووڕه‌گی لاواز، ئه‌فسانه‌کانی ئیتاڵیای ناچار کرد شێوازی یارییکردنیان بگۆڕن!

ئه‌فسانه‌کانی فه‌ره‌نسا زۆرن، له‌نمونه‌ی زێدان و کۆپا و هێنری و فۆنته‌ین و پاپین و کانتۆنا، به‌ڵام هه‌موویان خاوه‌نی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ نین که‌ له‌ میشێل پلاتینی “پادشا”دا هه‌یه‌.
بیهێنه‌ به‌رچاوی خۆت، هونه‌ری تۆپی پێی ئیتاڵیای دێرین و فه‌ره‌نسای سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌یه‌ک بده‌یت چی ده‌رده‌چێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ته‌نها یه‌ک ناو هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌ویش پلاتینی ئه‌فسانه‌یه‌.
پلاتینی ئه‌ستێره‌یه‌کی دووڕه‌گه‌ و ڕه‌گه‌ ئه‌سڵیه‌که‌ی که‌ دایکو باوکیه‌تی هه‌ردوو ئیتاڵین و بۆ بژێوی ژیان هاتونه‌ته‌ فه‌ره‌نسا (جیۆف)، ڕه‌گی دووه‌می فه‌ره‌نسیه‌، واتا‌ پێیه‌ ئیتاڵیه‌کانی له‌سه‌ر‌ شێوازی فوتباڵی فه‌ره‌نسی موتوربه‌ کراوه‌.
سه‌ره‌تاکانی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی جیۆف به‌ڕێکردووه‌ و هێنده‌ به‌هره‌مه‌نده‌ له‌ یانه‌ی میتز له‌کۆی دووجار جارێک تاقیکردنه‌وه‌ ده‌کات و ڕاسته‌وخۆ وه‌رده‌گیرێت‌، سه‌یر له‌وه‌دایه هاوشێوه‌ی به‌رازیلیه‌ هه‌ژاره‌کان‌ له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا زۆر جه‌سته‌ لاواز بووه‌ و پزیشکی میتز له‌دوای پشکنین له‌ راپۆرته‌که‌یدا ده‌نوسێت: ئه‌م منداڵه‌ کێشه‌ی له‌ (دوره‌ تنفسی – سوڕی هه‌ناسه‌دان) و دڵیدا هه‌یه‌… ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌ !
باوکی مامۆستای وه‌رزش و ڕاهێنه‌ری تۆپی پێیه‌، بێگومان ڕێگه‌ نادات به‌هره‌ی کوڕه‌که‌ی به‌وشێوه‌یه‌ به‌فیڕۆ بچێت و ده‌یگوێزێته‌وه‌ بۆ نانسی، ژیانی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ هێنده‌ ئاسان نییه‌ به‌ بابه‌تێکی کورت ئاماژه‌ی پێبکه‌م، به‌ڵام هێنده‌ بزانه‌ که‌ یاریزان نییه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ و سه‌رده‌می پێشوشدا پێیه‌کانی هێنده‌ ئه‌ڵماسی بوبێت له‌ هێڵێکی ناوه‌ندی ئه‌ڵماسی(پلاتینی، فێرناندێز، تیگانا، گیریسی)، ته‌نانه‌ت لێدانه‌ ڕاسته‌وخۆکانی هێنده‌ به‌هێز و ڕاستڕه‌و بوون له‌باره‌یه‌وه‌ بۆبی چارڵتۆنی ئه‌فسانه‌ی ئینگلیزی ده‌ڵێت: ئه‌م یاریزانه‌ ده‌توانێت تۆپ به‌ کونه‌ ده‌رزیدا ڕه‌وانه‌ی تۆڕی گۆڵ بکات‌”.
ئیتاڵیا (٥٠) ساڵ به‌ فه‌ره‌نسا نه‌دۆڕا، به‌ڵام له‌یارییه‌کی دۆستانه‌دا پلاتینی “سکوادرا ئازۆرای” زێدی باو باپیرانی به دوو گۆڵ و لێدانی ڕاسته‌وخۆ شکست پێهێنا، ته‌نانه‌ت ئیتاڵیه‌کانیش خه‌ونیان پێوه‌ بینیوه‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م به‌هره‌مه‌نده‌ گوێ به‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نادات و ئینته‌رمیلان بۆ سانت ئیتیانی‌ گه‌وره‌ی سه‌رده‌م ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌.
به‌هه‌رحاڵ، چیرۆکه‌که‌ دوور و درێژه‌ و یوڤانتۆس به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت ده‌توانێت دابینی بکات…. به‌ره‌و ئیتاڵیا
یوڤانتۆس له‌و سه‌رده‌مه‌دا خاوه‌نی دینۆ زۆف و پاولۆ ڕۆسی و تراپاتۆنی ڕاهێنه‌ره‌، تراپاتۆنی شێوازه‌که‌ به‌ پلاتینی ده‌گۆڕێت و به‌وهۆیه‌وه‌ وه‌ک یاریزانێکی ئاسایی ده‌رده‌که‌وێت و پاش شه‌ش مانگ نزیکه‌ ماڵئاوایی بکات، لێره‌دا جیۆڤانی ئانێللی (باپیری ئه‌ندریا ئانێللی سه‌رۆکی ئێستا) فشار له‌ تراپاتۆنی ده‌کات و شێواز به‌هه‌موو ئه‌فسانه‌کان بگۆڕێت له‌به‌رخاتری چاوه‌کانی پلاتینی، وه‌ڵامی ئه‌م چاکه‌یه‌ی سه‌رۆکی له‌لایه‌ن که‌ڵه‌شێره‌که‌ی فه‌ره‌نساوه‌ نازناوه‌کان و ئاستێکی خه‌یاڵی ده‌بێت.
چانس و ئه‌ڵمانیا نه‌بێت ده‌کرا بڵێین پلاتینی خاوه‌نی نازناوی مۆندیالی ١٩٨٦، پێشتریش نازناوی جامی یانه‌کانی ئه‌وروپا و جامی نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌وروپا به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام که‌ باس له‌ چانس ده‌که‌ین، بێگومان ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ پێکانه‌کان بکه‌ین، ئه‌ستێره‌ی ژماره‌ (١٠) هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ کوشته‌ی پێکانه‌کان و پێکانه‌کانی بووه‌، هه‌ر کاتێک ده‌گاته‌ لێواری مێژوو ئه‌ژنۆیه‌کی په‌کی ده‌که‌وێت، بیری لێبکه‌ره‌وه‌، منداڵێکی ١١ ساڵ جارێک قاچی بشکێت و جارێک شانی، ده‌بێت له‌ گه‌وره‌ییدا چی به‌سه‌ر هاتبێت، هۆکار چییه‌؟ یاریزانێکی جموجۆڵکاره‌ و یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی به‌رگریکاران به‌ لێدان نه‌بێت بۆیان ڕاناگیرێته‌وه‌.
ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌سه‌رده‌مێکدا نازناوی تاکه‌ که‌سی هیچ نه‌بووه‌ سێ نازناوی باشترینی ١٩٨٣ و ١٩٨٤ و ١٩٨٥ی فرانس فوتباڵ و ١٩٨٤ و ١٩٨٥ی باشترینی جیهان به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ کۆی ده‌نگی فه‌ره‌نسیه‌کان باشترین ئه‌فسانه‌ی وڵاته‌، ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ ته‌نها زێدان و تێری و ڤیێرا و جۆرکاێڤ و تیگانا و دوسایی و چه‌ندینێکمان له‌نێو که‌ڵه‌شێره‌کاندا به‌رچاو که‌وتبێت، به‌ڵام هه‌رگیز دووڕه‌گه‌ به‌هێزه‌که‌مان نه‌دیوه‌ که‌ مێژووی به‌ گواستنه‌وه‌ و لێدانه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌ڵماسییه‌کانی شه‌رمه‌زار کردووه‌، تاکه‌ یاریزانه‌ له‌ خولێکی ئه‌وروپیدا نۆ گۆڵ تۆمار بکات (١٩٨٤ و نازناوی جامی نه‌ته‌وه‌کانیش به‌ده‌ست ده‌هێنێت).
ژماره‌ (١٠)ی ئه‌فسوناوی به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ که‌سێکی گاڵته‌جاڕه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پێشوی (یوێفا) دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ که‌ له‌ گرنگترین ساته‌کاندا نوکته‌ی خۆی کردووه‌، کوڕه‌که‌ی ده‌رچوی کۆلێجی یاساییه‌ و کاروباری یاسایی ده‌کات، به‌ڵام کچه‌که‌ی (مارین) ئه‌کته‌رێکی کۆمیدیای فه‌ره‌نسیه‌ و له‌چه‌ندین فیلمدا به‌شداری کردووه‌.
ئه‌م پیاوه‌ به‌رامبه‌ر پاره‌ وا دیاره‌ خۆڕاگر نییه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی (یوێفا) توشی هات، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می لاوێتیشدا به‌درێسی یانه‌ی سانت ئیتیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆجێ ڕۆشێی سه‌رۆکی یانه‌ به‌خواردنی ٩٠٠ هه‌زار دۆلار تۆمه‌تبار ده‌کرێت، به‌ڵام له‌و جاره‌دا هیچی به‌سه‌ردا ساغ نابێته‌وه‌.
له‌کۆتاییشدا ده‌گه‌مه‌ ئه‌و بۆچونه‌ی پێیه‌ک نییه‌ له‌فه‌ره‌نسا له‌ پێیه‌کانی پلاتینی به‌هێزتر، وره‌یه‌کی فه‌ره‌نسی نییه‌ له‌ وره‌ی پلاتینی به‌هێزتر، ئه‌فسانه‌یه‌ک مارادۆنا له‌نێو یاریگادا به‌ ترسه‌وه‌ رووبه‌ڕوی بوبێته‌وه‌ و له‌باره‌یه‌وه‌ بڵێت: به‌هێزترین و ئاڵۆزترین یاریزانه‌ که‌ رووبه‌ڕوی بومه‌ته‌وه‌. چی ده‌مێنێته‌وه‌ منێک له‌باره‌یه‌وه‌ بیڵێم؟!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

هەندێ جیاوازی لە نێوان گواردیۆلا و یۆرگن کڵۆپ دا

دوو ڕاهێنەری گەورەی تۆپی پێ کە لە ئێستادا زۆرترین ڕکابەری لەنێوانیان دا هەیە و هەریەکەیان بەشێوازی تایبەت بەخۆی دەیەوێ زۆرترین داهێنان لە تاکتیکی تۆپی پێدا بکات.
گواردیۆلا ڕاهێنەرێکە کار لەسەر فەلسەفەو شێوازێکی دیاریکراو دەکات کە تیکی تاکایە،توانیویەتی زۆرترین داهێنانی تێدا بکات و تاکتیکەکەی بگەیەنێتە لوتکە،گواردیۆلا بۆ جێ بەجێ کردنی تیکی تاکا پێویستی بە کۆمەڵە یاریزانێکە کە لە لوتکەی ئاستی هونەری دابن،بۆیە ئەم ڕاهێنەرە دەچێتە هەر یانەیەک چاکسازی تەواو لە پێکهاتەی یاریزانەکانی دا دەکات،چونکە ئەم ڕاهێنەرە ئامادە نیە پەنا بۆ شێوازی جۆراو جۆر لە یاریکردن بەرێت بەڵکو پێویستە یاریزان توانای جێ بە جێ کردنی ئەم شێوازەی هەبێت،بەڵام یۆرگن کڵۆپ هەرچەندە بەگشتی پەنا بۆ فشاری بەرز دەبات بەڵام ڕاهێنەرێکە پەنا بۆ چەندین شێوازی جیاواز دەبات بۆ سەرکەوتن،هەمیشە پلانەکانی بە گوێرەی توانای یاریزانەکانی دادەنێت زۆر ڕۆناچێتە ناو شێوازێکی دیاریکراو بەڵکو بە پێی بارودۆخی یارییەکان و تیپی ڕکابەر پلانەکانی دادەنێت،یۆرگن کڵۆپ جگە لە ئەنجام هەمیشە ئامانجی چێژبەخشین بە بینەرو لەگەڵی دا بە دەستهێنانی ئەنجامی باشە بۆ تیپەکەی،بەڵام گواردیۆلا جگە لە ئەنجام کار بۆ ئەوە دەکات کە فەلسەفەکەی وەک داهێنانێکی گەورە بمێنێتەوە لە مێژووی تاکتیکی تۆپی پێدا،
وە گواردیۆلا هەمیشە لە یارییەکاندا پشت بە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ دەبەستێت لە بنیات نانی هێرش داو تیمەکەی وەک یەک جەستە بەشداری لە هێرشەکان دا دەکەن،بەڵام کڵۆپ زۆربەی کات پشت بە پەستانی بەرز دەبەستێت بۆ بنیات نانی هێرشەکانی وە کڵۆپ پێی وایە ئەنجامدانی پەستانی بەرز تەنانەت باشترە لەوەی کە باشترین یاریزانی یاری دروست کەرت لەگەڵ دابێت.
وە گواردیۆلا بۆ تێگەیاندنی یاریزانەکانی لە جێ بە جێ کردنی فەلسەفەکەی پێویستی بەوەیە کە ڕوون کردنەوەی زۆر بۆ یاریزانەکانی بکات تاوەکو بە تەواوەتی مەبەستەکەی بگات و یاریزانانەکانی لە لوتکەدا پلانەکە جێ بە جێ بکەن،بەڵام کڵۆپ پێی وایە ئەو شێوازەی کە ئەو دەیەوێت پێویست ناکات زۆر لەسەری بدوێت چونکە کڵۆپ پلانەکانی لەسەر شێوازی یاریزانەکانی دادەنێت، وە پێی وایە قسەکردنی زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانەکانی تووشی بێزاری ببن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بواتینگ له‌گه‌ڵ میسی چی بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌كه‌ن؟

به‌ڕه‌چاوكردنی باریداری یانه‌كه‌ و نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش له‌ ڕێزه‌كانی پێشه‌وه‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ بواتینگی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ گواسته‌وه‌، كه‌ به‌ بۆچوونی من: ئه‌مجۆره‌ گرێبه‌ست و مامه‌ڵانه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر سوودی بۆ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ هه‌یه‌، كه‌ پێشتر توانیانه‌ له‌ ڕێگای پاولینهۆ و خه‌رجنه‌كردنی پاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ سوود له‌ڕووه‌ ته‌كتییكه‌ی ئه‌م ستاره‌ به‌ڕازیلییه‌ ببینن، كاتێك به‌ باشی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌هۆی ئه‌زموون و ته‌مه‌نی یاریكردنی خۆی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تیدا گونجانێكی باشی له‌گه‌ڵ سیانه‌ی پێشه‌وه‌ به‌ یارمه‌تی لیۆ میسی دروستكرد، هه‌رچه‌نده‌ ئیداری بلوگرانه‌ له‌وه‌دا ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌ خواستن ده‌یانهێنن زیاتر په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ لیۆدا هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی سه‌ركه‌وتنی باشی تێدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، چونكه‌ كاتێك پاولینهۆ هاته‌ نێو یاریگا به‌بوونی بۆسكێتس و ئینێستا زۆربه‌ی كات یارمه‌تی لایه‌نی خێرایی و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی تۆپی له‌گه‌ڵ میسی و سوارێزدا ده‌دا و به‌وه‌ش كه‌مترین هه‌ڵه‌ی ته‌كتیكی له‌ شوێنی ناوبراو به‌ده‌ی ده‌كرا، چونكه‌ سیانه‌ی پێشه‌وه‌ی به‌رشه‌ هێنده‌ به‌هێز و یارمه‌تیده‌رن ناهێڵن به‌ هیچ كلوجێك نه‌نگی به‌ ئاستی كۆی هێزی تیپه‌كه‌وه‌ دیار بێت. هه‌رچی ئه‌ستێره‌ی تازه‌ی تیپه‌كه‌یه‌ (كیڤن برینس بواتینگ) هه‌ر ده‌ڵێی یاریزانی یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ یانه‌ی ساسۆلۆی ئیتاڵی به‌ ته‌نیا و چه‌ندین جار به‌هۆی ئاستی خۆیه‌وه‌ گۆڵی كردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ زیاتر له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌یدان به‌ هه‌ردوو پێی یاریی ده‌كات و وه‌كو هێرشبه‌ری خه‌یاڵی ده‌بینرێت، زۆر به‌كه‌می له‌نێو چڕی یاریزانانی تیپی ڕكابه‌ر جوڵه‌ ده‌كات، هه‌ركات گوشار بكه‌وێته‌سه‌ری ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌كشێت بۆ لاكانی یاریگا و له‌وێوه‌ به‌هۆی خێرایی یاریكرن و ئاڵوگۆڕی تۆپه‌كان به‌ هه‌ردوو پێی به‌ ئاسانی فریووی به‌رگری تیپی ڕكابه‌ر ده‌دات و خۆیو تۆپه‌كان ڕزگار ده‌كات، یاخود زۆر به‌ باشی له‌ شێوه‌ی كه‌وانه‌یی تۆپه‌كان و قه‌وسكردنه‌وه‌ی خۆی بۆنێو بۆكسی ڕكابه‌ر هیچی له‌ دیمبڵی كه‌متر نییه‌. به‌وجۆره‌ بواتینگ ده‌توانێت له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچی له‌ ئه‌ستێره‌كانی دیكه‌ی به‌رشه‌ كه‌م بێت په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌كتیكی و هونه‌ری به‌رز دروست بكات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شووت لێده‌رێكی به‌هێزه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا، له‌ هه‌مانكاتدا به‌هۆی باڵا به‌رزییه‌كه‌ی سه‌ر لێده‌رێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌كاتی نه‌بوونی ئه‌لبا و لا باڵه‌كان ڤالڤێردی ده‌توانێت خێرایی و هێرشی تیپه‌كه‌ی له‌و بنكه‌یه‌ پێ‌ چالاك بكات، یاخود هه‌ركاتێك میسی نه‌یتوانی له‌ پشتی هێرشبه‌ره‌كانه‌وه‌ بوونی هه‌بێت ئه‌م كوڕه‌ ڕه‌شه‌ به‌بێ‌ گرفت و به‌پێی ئاستی خۆی له‌وێشدا مامه‌ڵه‌ ده‌كات، بۆیه‌ پێم وایه‌ هاتنی بواتینگ له‌ شه‌ش مانگ زیاتر ده‌خایه‌نێت بۆ یانه‌ ئیسپانییه‌كه‌، چونكه‌ له‌مكاته‌دا تیپی به‌رشه‌ پێویستی زیاتری به‌ ئارامی لایه‌نی هێرشبه‌ری و ناوه‌ڕاستی مه‌یدانه‌، تا خۆی لابدات له‌ هه‌ڵه‌ و گرفته‌كانی به‌رگری تیپه‌كه‌.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین