ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

ئینێستا: منیش هه‌ر ئه‌وه‌م ده‌کرد که‌ ئیداره‌ی به‌رشلۆنه‌ کردویه‌تی و پێویسته‌ گرنگی به‌ “لاماسیا” بدرێت !

خه‌ڵک سپۆرت – ڕۆژنامه‌ی سپۆرت

ئه‌ندرێس ئینێستای ئیسپانی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی ڤیسڵ کۆبی ژاپۆنی چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی “سپۆرت”ی که‌ته‌لۆنی ئه‌نجام ده‌دات، تیایدا ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ ده‌کات و داوا ده‌کات گرنگی زیاتر به‌‌ فێرگه‌ی “لاماسیا” بدرێت.

دینیس سوارێز ویستی وه‌ک تۆ له‌ بارسا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت به‌ڵام نه‌یتوانی، وادیاره‌ ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ هه‌موو جارێک له‌ به‌رشلۆنه‌ کار ناکات…

هه‌ندێجار بارودۆخه‌کان جیاوازن، تۆ ده‌ته‌وێت له‌ یانه‌یه‌ک جێگه‌ی خۆت بکه‌یته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش وا ده‌کات بڕیاری گرنگ بده‌یت، سوارێز خاوه‌نی به‌هره‌یه‌ و ئه‌زمونی باشی هه‌یه‌ له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ باردۆخانه‌دا، متمانه‌م به‌تواناکانیه‌تی و هیوادارم هه‌لی یاریی کردنی پێبدرێت.

ده‌رباره‌ی ئالینا و ڕیکی پۆیگ ڕات چییه‌؟

کاتێک لاوانی یانه‌که‌ ده‌بینم هه‌ستێکی ناوازه‌م ده‌بێت و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ڕووده‌دات وه‌ک خه‌ون وایه‌، پێویسته‌ سود له‌و چانسانه‌ وه‌ربگرن که‌ له‌پێکهاته‌ی یه‌که‌م پییان ده‌درێت و ده‌بێت به‌هه‌موو هێزی خۆیانه‌وه‌ مه‌شق و ڕاهێنان بکه‌ن.

هه‌موان باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ دووباره‌ پێکهاته‌ی سه‌رده‌می زێڕینی گواردیۆلا له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ کۆده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ وه‌ک ئیداره‌ی یانه‌، ئه‌وه‌ ڕاسته‌؟

ئه‌وه‌ بیرۆکه‌یه‌کی نایابه‌، داهاتو ده‌ریده‌خات چی بۆ ئێمه‌ هه‌ڵگرتووه‌، ئێمه‌ وه‌ک هانده‌رێک خۆشه‌ویستیمان بۆ یانه‌که‌ هه‌یه‌ و ماوه‌یه‌کی زۆرمان له‌وێ به‌ڕێکردووه‌، به‌نسبه‌ت منه‌وه‌ حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌ی فێری بووم له‌ بارسا بیبه‌خشم به‌ که‌سانی تر، نازانم به‌ چ شێوه‌یه‌ک ئه‌وکاره‌ بکه‌م و ئه‌ویش له‌کاتێکدا ده‌بێت که‌ ئاماده‌بم، ئه‌وه‌ی باس ده‌کرێت ته‌نها بیرۆکه‌یه‌ و ناشزانم کێ سه‌رۆکی یانه‌ ده‌بێت.

 

“بیرم له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ ببم به‌ یاریده‌ده‌ری گواردیۆلا، نازانم له‌چه‌ند ساڵی داهاتودا چی ڕووده‌دات”

 

له‌ داهاتودا خۆت وه‌ک یاریده‌ده‌ری گواردیۆلا ده‌بینیت؟

له‌ڕاستیدا بیرم له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ و نازانم له‌چه‌ند ساڵی داهاتودا چی ڕووده‌دات، له‌ئێستادا ته‌رکیزم له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ من یاریزانم له‌ یانه‌یه‌ک له‌ وڵاتێکی تر، که‌ی کۆتاییم به‌ یاریی کردن هێنا ئه‌وکات بیر له‌و بابه‌تانه‌ ده‌که‌مه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و گواستنه‌وانه‌ی ئیداره‌ی یانه‌ ئه‌نجامیداوه‌، ده‌کرێت بڵێین ده‌توانن نازناوی چامپیۆنز لیگ به‌ده‌ست ده‌هێنن؟

پێموایه‌ به‌رشلۆنه‌ هه‌میشه‌ له‌توانایدایه‌ نازناوه‌که‌ به‌ده‌ست بهێنێت، پێکهاته‌که‌ خه‌ون و حه‌زێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان بۆ نازناوه‌کان هه‌یه‌، کاته‌کان جیاوازن و جاری وا هه‌یه‌ به‌ کاتی ناهه‌موار و جاریش هه‌یه‌ به‌ کاتی خۆشدا تێپه‌ڕ ده‌که‌یت، هه‌ندێجار باشترین یانه‌ نازناوه‌که‌ به‌ده‌ست ناهێنێت، به‌بۆچونی من ئه‌م پێکهاته‌یه‌ی بارسا شایسته‌ی زیاتره‌، ڕاسته‌‌ له‌م چه‌ند وه‌رزه‌ی رابردودا به‌پێی پێویست ده‌رنه‌که‌وتون، به‌ڵام هیوادارم له‌ داهاتودا بتوانن.

سه‌یر نییه‌، ڕیاڵ مه‌درید له‌م چه‌ند ساڵه‌دا به‌جوانترین شێوه‌ یاریی نه‌کردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی نازناوه‌کان بووه‌؟

هه‌میشه‌ پێموابووه‌ یانه‌یه‌ک ده‌توانێت جوان یاریی نه‌کات و نازناوی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کان به‌ده‌ست بهێنیت، ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کان وه‌ستاوه‌، به‌ڕای من شتێکی هه‌ڵه‌یه‌ بڵێن یانه‌یه‌ک شایسته‌ی نه‌بووه‌ و به‌ده‌ستی هێناوه‌.

مان سیتی و پاریس سانت جێرمان ده‌توانن نازناوه‌که‌ به‌ده‌ست بهێنن؟

ئه‌م دوو یانه‌یه‌ وه‌به‌رهێنانی زۆریان له‌ پێکهاته‌کانیاندا کردووه‌ و چه‌ندین یاریزان و راهێنه‌ری به‌توانایان کڕیوه‌، بێگومان ده‌توانن نازناوه‌که‌ به‌ده‌ست بهێنن، هه‌روه‌ها ناوی لیڤه‌رپوڵیش ده‌خه‌مه‌ نێوانیانه‌وه‌ و ئه‌وانیش له‌م وه‌رزه‌دا ئاستیان ناوازه‌یه‌، کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کان خولێکی ئاڵۆزه‌ و له‌ یه‌ک یارییدا خراپ ده‌رکه‌ویت هه‌موو شتێک شکست ده‌هێنێت.

هه‌ڵسه‌نگاندنت بۆ مێسی چۆنه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌دوای تۆ شاره‌ی کاپیتانۆی پێبه‌خشرا؟

ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ مێسی نوێ نییه‌، به‌ڵکو‌ چه‌ندین ساڵه‌ وه‌ک سه‌رکرده‌ی پێکهاته‌ی بارسا ده‌رکه‌وتووه‌، له‌ئێستادا هیچ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ نه‌گۆڕاوه‌ و ته‌نها شاره‌یه‌ک کراوه‌ته‌ قۆڵه‌کانی، ئه‌وه‌ش پاڵپێوه‌نه‌رێکی باشه‌.

دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین کێشه‌ی دروست کرد، مێسی و بۆسکێتس وه‌ک سه‌رکرده‌کانی یانه‌ پاڵپشتی عوسمان دیمبیلی-یان کرد و لێبورده‌ییان به‌رامبه‌ری نیشاندا، ڕات چییه‌؟

من وه‌ک کێشه‌ نایبینم، مێسی و بۆسکێتس چاره‌سه‌ریان له‌به‌رده‌ستدابوو و توانیویانه‌ به‌ سه‌رکه‌وتویی دۆخه‌که‌ هێور بکه‌نه‌وه‌، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ کۆتایی هاتووه‌ و نامه‌وێت له‌وه‌ زیاتر گرنگی پێبده‌ن، دوو کاپتنه‌که‌ ئه‌وه‌یان کرد که‌ پێیان وایه‌ دروسته‌.

 

“به‌خته‌وه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌‌ مرۆڤ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، ژاپۆن وڵاتێکی مه‌زن و ناوازه‌یه‌ و هه‌رگیز له‌و وڵاته‌دا هه‌ست به‌ غه‌ریبی ناکه‌یت”

 

مێسی ده‌ڵێت لاوانی لاماسیا متمانه‌یان به‌خۆیان نه‌ماوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ پێکهاته‌ی یه‌که‌م، له‌گه‌ڵ بۆچونه‌کانی ئه‌ودایت؟

هاوڕام له‌گه‌ڵیدا، بێگومان ئه‌وه‌ی مێسی ده‌یڵێت راسته‌، پێویسته‌ پشت به‌ لاوانی یانه‌که‌مان ببه‌ستین و گرنگی زیاتر به‌تواناکانیان بده‌ین تا باشتر به‌ره‌وپێش بچن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێموانییه‌ که‌ نابێت یانه‌که‌ یاریزان بکڕێت و ته‌نها پشت به‌ لاماسیا ببه‌ستێت، به‌ڵکو ته‌نها پێویسته‌ لێکدانه‌وه‌یه‌ک بکه‌ین به‌ر له‌ گواستنه‌وه‌کان بزانین چ یاریزانێکی لاماسیا ده‌توانێت له‌ پێگه‌ی یاریزانی داواکراودا یاریی پێده‌کرێت، ئه‌گه‌ر یاریزانێکی باشمان هه‌بێت ده‌بێت چانسی پێبدرێت، ئه‌گه‌رنا ناچارین یاریزان بکڕین.

هه‌ستت به‌چی کرد کاتێک چاوت به‌ هاوڕێکانت که‌وته‌وه‌ له‌ به‌رشلۆنه‌؟

نایابه‌ کاتێک چاوت به‌ یاریزانان و راهێنه‌ران و ده‌سته‌ی هونه‌ری یانه‌ی پێشوت ده‌که‌وێت‌، هه‌ستێکی تایبه‌تم هه‌یه‌ هه‌رگیز وه‌سف ناکرێت، چونکه‌ من نیوه‌ی ژیانم له‌م یانه‌یه‌ به‌ڕێکرد، خۆشحاڵبووم بینیم هه‌مووان سه‌لامه‌تن.

سه‌ره‌ڕای دووری نێوان ژاپۆن و ئیسپانیا، له‌ ژاپۆن هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ری ده‌که‌یت؟

به‌خته‌وه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌‌ مرۆڤ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، ژاپۆن وڵاتێکی مه‌زن و ناوازه‌یه‌ و هه‌رگیز له‌و وڵاته‌دا هه‌ست به‌ غه‌ریبی ناکه‌یت، به‌خێرایی خۆم گونجاندووه‌ و خێزانه‌که‌شم به‌هه‌مان شێوه‌ خۆشحاڵن.

ئه‌گه‌ر تۆ راهێنه‌ری بارسا بویتایه‌، مۆریلۆی به‌رگریکارت ده‌کڕی؟ یان پشتت به‌ لاوانی لاماسیا ده‌به‌ست؟

بێگومان ئه‌وه‌م ده‌کرد که‌ ئیداره‌ی یانه‌ کردویانه‌، چونکه‌ ئیداره‌ی یانه‌ له‌من باشتر ئاگاداری ورده‌کارییه‌کانن و ڕه‌نگه‌ له‌ لاماسیا به‌رگریکارێکی وه‌ها باشمان نه‌بێت که‌ بتوانێت جێگه‌ی ساموێل ئومتیتی بگرێته‌وه‌.

چاوپێکەوتن

هازارد: لەبەردەم زێدان وەک منداڵێکی بچوک دەردەکەوم و هاندەران داوای زیاترم لێدەکەن !

خەڵک سپۆرت – پێگەی یوێفا

ئیدین هازاردی بەلجیکی ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پێگەی یەکێتی تۆپی پیی ئەوروپا ئەنجام دەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە، ئەمەش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

بۆچی یانەی ڕیاڵ مەدریدت هەڵبژارد؟

هەمیشە یانەی ڕیاڵ مەدرید لە پلانەکانمدا بووە، کە لەیانەی چێڵسی بووم هەمیشە حەزم دەکرد خەونەکانم بە یاریکردن بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید بهێنمە دی، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم ماوەی حەوت ساڵ لە چێڵسی بەردەوام بم، بەڵام هەموو وەرزێک دەستکەوتێکم هەبووو ئەوەش پاڵپێوەنەربوو بۆ بەردەوامبوونم لەو یانەیە.

چ شتێکی ڕیاڵ مەدرید سەرنجی ڕادەکێشایت؟

یانەیەکی ناسراوە و زینەدین زێدان یاریی بۆ کردووە، هەمیشە خەونم ئەوەبوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی بکەم، بە منداڵیش هاندەری یانەی شاهانە بووم و لەئێستادا خەونەکەم بەدیهێناوە، هیوادارم سود لەم تاقیکردنەوە گەورەیە وەربگرم.

پێتوایە ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ خولی یانە پاڵەوانەکان پەیوەندیەکی قوڵیان هەیە؟

بەڵێ بێگومان، کاتێک دێیتە ئەم یانە مەزنە و ئەو هەموو نازناوە ئەوروپیە لەمۆزەخانەی یانەکە دەبینیت، هەست دەکەیت هاندەران داوای زیاترت لێدەکەن بەتایبەت بۆ چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان.

لەگەڵ زێدان کارکردن چۆن بەڕێدەکات؟

زۆر خۆشحاڵم، هەست دەکەم منداڵێکی بچوکم لەبەردەمیدا، ڕۆژانە لەم ڕاهێنەرە و لە هاوڕێیانەوە فێردەبم، شتێکی ناوازەیە لەگەڵ ڕاهێنەرێک وەها گەورە کاربکەیت، کە قسەی لەگەڵ دەکەیت هەست بەخۆت دەکەیت، لێرە هەموو وەرزێک چەندین ئامانج دیاری دەکرێت، لەبەرئەوەیە خاوەنی زۆرترین نازناون.

بیری گۆڵەکەی زێدانت دەکەوێتەوە بەرامبەر لیڤەرکوزن؟

باوەڕ ناکەم بەشێوەی ڕاستەوخۆ بینیبێتم، چونکە منداڵ بووم و ناچاربووم لەو کاتەدا بخەوم.

بەڵام دواتر بینیوتە، وایە؟

بەڵێ، ڕۆژی دواتر لەگەڵ براکەم سەیرمان کردەوە، لە باخچەی ماڵەکەمان هەوڵماندا لاسایی بکەینەوە و سەرکەوتوو نەبووین، ئەوەش خۆی لەخۆیدا یادگارییەکی خۆش بوو.

جگە لە زێدان چ یاریزانێکی ئەو سەردەمەی ڕیاڵ مەدریدت لەبیرە؟

ڕائول، فیگۆ و ڕۆناڵدۆ، تەماشاکردنیان بەیەکەوە نایاب بوو هەر ئەوەش وایدەکرد سەرنجت بچێتە سەر یانەکە، ئەم ناوە گەورانە بەیەکەوە یارییان دەکرد و بەشێک لەمێژووی یانەکەیان نوسییەوە.

لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئامانجت چییە؟

لە یانەیەکی گەورەی وەک ڕیاڵ مەدرید پێویست دەکات ئاستێکی بەهێز پێشکەش بکەم و لەتۆمارکردنی گۆڵدا کەمتەرخەم نەبم، هەوڵدەدەم ئەو کارە بکەم.

ئەو ڕۆژەی بە هاندەرانی مەدرید ناسێنرای هەستت بەچی کرد؟

هەستێکی نایاب و بێوێنە بوو، کاتێک هاتمە نێو یاریگاوە هەستم کرد لە ماڵی خۆمدام، چونکە پێشتر تامەزرۆبووم و زۆر تەماشای ئەم یاریگایەم کردبوو، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەشدا هەستم بە شتێکی جیاواز کرد، بەتایبەت کاتێک ئەو هەموو هاندەرەم بینی و سەرۆکی یانە لەبارەی منەوە قسەی کرد.

هەست بە فشار دەکەیت؟

هەوڵدەدەم بەوپەڕی تواناوە لەنێو یاریگا تاموچێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و ئەگەر ئەو کارەش بکەم ئەنجامێکی باشم دەبێت، لەم یانە گەورەیە هەمیشە داواکراوە گۆڵ تۆمار بکەیت و یارییەکان ببەیتەوە، منیش ئەوەم دەوێت، لەچێڵسی بەهەمان شێوە ژیام و هەوڵدەدەم هەمان شت دووبارە بکەمەوە.

چ شتێک لە ئیسپانیا زۆر سەرنجڕاکێش بووە بەلاتەوە؟

هاندەران، هاندەران لێرە زۆر پاڵپشتی یاریزانان دەکەن، لە ئینگلتەرا لایەنگری بۆ یانەکان زۆرە لەلایەن هاندەرانەوە، بەڵام لێرە هەمووان گرنگی بە یاریزانان و یانەکان دەدەن لە گەنجەوە بۆ پیر.

لە ڕیاڵ مەدرید پێویستە چ شتێک لەخۆتدا باشتر بکەیت؟

زۆر شت پێویستیان بە باشترکردنە، یاریکردن لە خولێکی جیاواز واتای فێربونی زیاتر، شێوازی یاریکردن و ئامادەکاری بۆ یارییەکان لێرە جیاوازە، ڕۆژانە شتی زیاتر فێردەبم و خەسڵەتە هونەریەکانم باشتر دەکەم، بەڵام قورسە ئەگەر بڵێم لەڕووی تاکتیکی و هونەریەوە دەگۆڕێم.

جیاوازی نێوان چێڵسی و ڕیاڵ مەدرید چییە؟

لە چێڵسی کاتێک یارییەکمان دەدۆڕاند هەستمان بە نائارامی و خەمباری دەکرد، چ ئێمە چ هاندەران، هەرگیز هەستم نەکردووە کارەساتبارم، بەڵام لە ڕیاڵ مەدرید بارودۆخەکە جیاوازە، بەنسبەت هاندەرانەوە تۆپی پێ هەموو شتێکە و ئەوەش لەسەر پێی یاریزانان وەستاوە، لێرە دۆراندن کارەساتە.

جگە لە تۆپی پێ هیوایەتت چییە؟ خۆت بەچیەوە سەرقاڵ دەکەیت؟

حەزدەکەم کاتەکانم لەگەڵ خێزانەکەم بەسەربەرم و هەندێک وەرزشی جیاواز ئەنجام بدەم، هەروەها چونە دەرەوە لەگەڵ هاوسەرەکەم و بابەتی خێزانی تر.

لەدوای تۆپی پێ حەزت بە چ جۆرە وەرزشێکە؟

حەزم لە یاریی باسکەیە،بەڵام ئاساییە بەلامەوە ئەگەر ماوەی سێ هەفتەش یارییەکی باسکە نەبینم، ڕۆژانە یاریی تۆپی پێ دەکەم و شتێکی باشە هەندێجار بەهۆی وەرزشێکی ترەوە کەمێک داببڕێم.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

گنابری: لیرۆی سانی هاورێی نزیکمە، زۆر حەز دەکەم بەیەکەوە لە بایرن یاریی بکەین

خەڵک سپۆرت

سێرج گنابری ئەڵمانی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن چاوپێکەتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “لیبوتێ”ی فەرەنسی ئەنجام دەدات، تیایدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ و پەیوەندیدار بە یانەکەیی و هەڵبژاردەی مەکینەکانی ئەڵمانیا دەداتەوە.

ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

بایرن چەندین گۆڕانکاری بەسەردا دێت، سەرۆکی یانە دەڕوات و یاریزانە بە ئەزمونەکانیش وازیان هێنا، داهاتووی یانەکە چۆن دەبینیت؟

بەش بەحاڵی خۆم وای دەبینم یانەکەمان خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە، ڕاستە سەرۆکی یانە و ڕۆبن و ڕیبێری ماڵئاواییان کردووە، بەڵام ئەگەر تەرکیز لەسەر داهاتوو بکەین باشتر دەبین، ئەوەی ڕوودەدات ئاساییە و لەهەموو یانەیەک ڕوودەدات.

جیاوازی نێوان خولی ئەڵمانیا و خولی ئینگلتەرا چییە، لەکاتێکدا تۆ لەهەردوو خولەکە یارییت کردووە؟

خولی ئینگلیزی زیاتر پشت بە هێزی جەستەیی دەبەستێت، پێموابێت ئەوە تەنها جیاوازی نێوانیانە.

چانسی بایرن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا چەندە؟

خولی یانە پاڵەوانەکان پاڵەوانێتیەکی ئاڵۆز و قورسە، ئێمە هەمیشە یانەیەکی ململانێکار بووین و لەنێو چوارچێوەی پاڵێوراوەکانداین، وەرزی ڕابردوو لە قۆناغی نیوەی کۆتایی بەرامبەر لیڤەرپوڵی پاڵەوان شکستمان هێنا، لەم وەرزەدا دەمانەوێت هەنگاوی زیاتر بنێین.

 

“کۆتینیۆ یاریزانێکی ئازا و جوامێرە و لەهیچ ڕکابەرێک ناترسێت، لە داهاتوودا سودی بۆ بایرن دەبێت”

 

مۆندیالی داهاتوو لە وڵاتی قەتەر دەبێت، بەنیازیت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداری بکەیت؟ بۆچونت چییە کە بۆ یەکەمین جارە لە وڵاتێکی عەرەبی ئەنجام دەدرێت؟

قورسە وەڵامت بدەمەوە، چونکە مۆندیال دوای سێ ساڵی تر ئەنجام دەدرێت و نازانم تا ئەوکاتە چی ڕوودەدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە پەرۆشم بۆ بەشداریکردن تیایدا، ڕووداوێکی زەبەلاحە و خەونی هەمووانە، دەشزانم قەتەر خاوەنی توانایەکی زۆرە و لە ڕێکخستنی پاڵەوانێتیەکە سەرکەوتوو دەبێت.

ڕات چییە سەبارەت بە کڕینی کۆتینیۆ؟ لە سەرەتا دەرکەوتنەکانی بەدرێسی بایرنەوە لەخولی ئەڵمانیا چیت لێبەدی کرد؟

کۆتینیۆ یاریزانێکی ئازا و جوامێرە و لەهیچ ڕکابەرێک ناترسێت، هەمیشە دەیەوێت لەخزمەتی پێکهاتەکەدا بێت و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا خزمەتێکی زۆری بایرن میونشن دەکات.

 

“بەبێ زیاد و کەم محەمەد سەڵاح یاریزانێکی زۆر نایابە، خەسڵەتەکانی ناوازەن، ئەنجام و دەستکەوتی باشی هەبووە”

 

ئامۆژگاریت بۆ لیرۆی سانێ چییە؟

بەڵێ، لیرۆی هاوڕێیەکی نزیکمە ، زۆر حەز دەکەم بەیەکەوە و بەدرێسی بایرنەوە یاریی بکەین.

پێتوایە نیکۆ کۆڤاچ پیاوی قۆناغە سەختەکانە و بۆ بایرن گونجاوە؟

کۆڤاچ ئەوەی نیشانداوە کە دەتوانێت کارێکی گەورە ئەنجام بدات، هەموو تواناکانی خۆی لەپێناو بایرندا بەگەڕخستووە، هیوادارم بەزوویی بتوانین بەیەکەوە ئەنجامە باشەکان بەدەست بهێنین.

ڕات چییە لەسەر تواناکانی محەمەد سەڵاحی میسڕی؟

بەبێ زیاد و کەم یاریزانێکی زۆر نایابە، خەسڵەتەکانی ناوازەن، ئەنجام و دەستکەوتی باشی هەبووە و ئەوەش بۆ مێژووی تۆمارکراوی لە بوارەکەدا زۆر باشە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ڕۆبن: گواردیۆلا باشترین ڕاهێنه‌رم بووه‌ و ته‌مه‌ن و پێکان ڕێگه‌یان نه‌دا به‌رده‌وام بم

خه‌ڵک سپۆرت – بێلد سپۆرت

ئارێن ڕۆبنی هۆڵه‌ندی ئه‌ستێره‌ی ناوداری یانه‌ی بایرن میونشن له‌ هاوینی ٢٠١٩ وازهێنانی له‌ بواری تۆپی پێ ڕاگه‌یاند، حاڵی حازر یانه‌ ئه‌ڵمانیه‌ زه‌به‌لاحه‌که‌ له‌هه‌وڵدان پێگه‌که‌ی به‌ یاریزانێکی به‌توانا پڕبکه‌نه‌وه‌ و کڕینی فیلیپی کۆتینیۆ ده‌چێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا ڕۆبن خۆی چۆن بیر له‌و بابه‌ته‌ ده‌کاته‌وه‌؟ وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ڕۆژنامه‌ی “بێلد سپۆرت” چاوپێکه‌وتنێکیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا و به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌:

سه‌باره‌ت به‌ کڕینی کۆتینیۆ له‌لایه‌ن بایرن میونشنه‌وه‌ بۆچونت چییه‌؟

زۆر خۆشحاڵم به‌ کڕینی یاریزانێک به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ له‌لایه‌ن یانه‌ی بایرن میونشنه‌وه‌، یاریزانێکی ناوازه‌یه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین خه‌سڵه‌تی نایابه‌، هیوادارم له‌م وه‌رزه‌دا تواناکانی نیشان بدات و یاریده‌ده‌ری یانه‌که‌ بێت به‌وشێوه‌یه‌ی که‌ هه‌مووان چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن.

به‌درێژایی ماوه‌ی یاریکردنت، چ ڕاهێنه‌رێک له‌هه‌مووان زیاتر کاریگه‌ری له‌سه‌رت دروست کردووه‌؟

به‌درێژایی ماوه‌ی یاریکردنم له‌ یانه‌ی بایرن میونشن و چه‌ندین یانه‌ی گه‌وره‌ی تری ئه‌وروپا ژماره‌یه‌کی زۆر ڕاهێنه‌ری به‌توانا کاریان له‌گه‌ڵدا کردووم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌م لێده‌کیت کامیان به‌لامه‌وه‌ باشترینه؟‌ ڕاسته‌وخۆ پیپ گواردیۆلا هه‌ڵده‌بژێرم، به‌ کارکردن له‌گه‌ڵیدا زیاتر له‌ ڕاهێنه‌ره‌کانی ترتاموچێژم وه‌رگرت، ڕاهێنه‌رێکی نایابه‌.

بۆچی گواردیۆلا له‌ڕاهێنه‌ره‌کانی تر جیاوازه‌؟

کاتێک پیپ گواردیۆلا بووه‌ ڕاهێنه‌ری یانه‌ی بایرن میونشن من ته‌مه‌نم ٣٠ ساڵ بوو، له‌و ته‌مه‌نه‌دا یاریزان ته‌نها بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ پارێزگاری له‌توانا جه‌سته‌ییه‌کانی بکات، گرنگ به‌لای یاریزانه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ئاستێکی دیاریکراو به‌ره‌وخوار نه‌یه‌ن و خۆیان له‌ پێکان بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گواردیۆلا ڕوویدا شتێکی تر بوو، ئاستم به‌ره‌وسه‌ر ڕۆشت و تواناکانم زیاتر به‌ره‌وپێش چوون، هه‌روه‌ها له‌چه‌ندین پێگه‌ی جیاواز له‌نێو یاریگا یارییم کرد که‌ هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم ڕۆژێک له‌ڕۆژان له‌و پێگانه‌دا یاریی بکه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ پێموایه‌ گواردیۆلا باشترین ڕاهێنه‌ره‌ له‌گه‌ڵیدا کارم کردووه‌.

 

“دوای وازهێنان له‌ جیهانی تۆپی پێ زۆر دوورناکه‌ومه‌وه‌، به‌نیازم تاقیکارییه‌کی تر له‌ژیانمدا ئه‌نجام بده‌م”

 

هه‌ست به‌چی ده‌که‌یت که‌ چیتر به‌ یه‌کجاره‌کی واز له‌یاریی تۆپی پێ ده‌هێنیت؟

هه‌ست و سۆزی تۆپی پێ و هه‌ستکردن به‌وه‌ی که‌هێشتا ده‌توانیت له‌بواری تۆپی پێدا شتێک بکه‌یت به‌ر واقعێکی به‌ئازار ده‌که‌وێت، بۆم ده‌رده‌که‌وێت که‌ من هێشتا ئه‌و لاوه‌ ١٦ ساڵه‌ نه‌ماوم گوێ به‌ پێکان نادات و به‌گڕوتینه‌وه‌ خه‌ونی ده‌رکه‌وتنی زیاتره‌، به‌ڵکو له‌به‌ر پێکان و ته‌مه‌ن‌ بڕیارمدا وازبهێنم.

به‌ته‌مایت له‌دوای وازهێنان چی بکه‌یت؟

دوای وازهێنان له‌ جیهانی تۆپی پێ زۆر دوورناکه‌ومه‌وه‌، به‌نیازم تاقیکارییه‌کی تر له‌ژیانمدا ئه‌نجام بده‌م که‌ کاری ڕاهێنانه‌، ده‌بمه‌ ڕاهێنه‌ری ئه‌و تیپه‌ی کوڕه‌ بچوکه‌که‌م یاریی بۆ ده‌کات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان