ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

تەڤگەری ئازادی: هەركەسێك دژایەتی پەكەكە بكات دەچێتە بەرەی توركیاوە

سلێمانی ـ نزار جەزا

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی هەڵوێستی خۆی لەسەر ڕێگرییەكانی ئەم دواییەی چالاكییەكانیان لەشاری سلێمانی ڕادەگەیەنێت.

محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هۆكاری ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییە، نزیكبونەوەی یەكێتییە لە توركیا، واتە بابەتی نەبوونی مۆڵەتی فەرمی ڕاست نەبوو.

وتیشی”سنووردانان بۆ ئازادییەكان و ڕێگریكردن لە نمایشكردنی فیلمی ساكینە جانسز و چواردەی تەموز و داخستنی سینەما سالم و ناوەندی غەزەلنوس و ڕێگری لە یادكردنەوەی ساكینەجانسز و دەستگیركردنی نزیكی 70 كەس و ڕێگریكردن لەبڵاوكردنەوەی كتێبەكانی ڕێبەر ئۆجەلان ئەوپەڕی زەوتكردنی ئازادی و پێشێلكردنی مافی نەتەوەیی و دیموكراسییە”.

ئاشكراشیكرد، بەم هەڵوێستانە كوردستان بەرەو تاریكستان دەبەن، ئەم هەرێمە دەبوو خزمەتی دۆزی كوردی بكردایە، بەڵام دەچێتە خزمەتی داگیركەرانەوە، ئەگەرنا هەموان دەزانن گەورەترین دوژمنی گەلی كورد توركیا و هەركەسێكیش دژایەتی پەكەكە بكات دەچێتە بەرەی توركیاوە.

باسی لەئەوەشكرد، كەس ناتوانێت خەبات و تێكۆشانیان بوەستێنێت، لەكوێدا زەخت لەسەریان توندتر بێتەوە، ئەوكاتە بوونیان گرنگتر دەبێت، نەهاتوون بۆئەوەی خۆش بژین، بەڵكو هاتوون بۆ خەبات و خزمەت، لەكوێدا هەڵوێستی دیموكراسی و نەتەوەیی نەبێت لەوێ پێویستن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەم هەڵوێستانەی یەكێتی نەك داخوازی گەلی كورد نایەتەدی، بەڵكو داخوازی یەكێتیش نایەتەدی، تەنانەت ئاگادارن لەناو یەكێتیشدا ناڕەحەتییەكی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە و بەرەو بچوكبونەوە دەچێت، بۆیە داوا لەهەموو لایەك دەكام بەهانای یەكێتییەوە بچن، بۆئەوەی نەكەوێتە ئەو دۆخەوە و هیچ تاكێكیش نەكەوێتە بەرەی توركیا و دوژمنی كوردەوە.

هێمای بۆئەوەشكرد، ئەگەر سەرت بۆ دووژمن نەوی كرد، ئەوا دەبێت وردە وردە هەموو داواكارییەكانی دوژمن جێبەجێبكەیت، بەڵام خوابكات نەگاتە ئەوەی خراپتربێت.

ئابوری

“دوای پێكھێنانی كابینەی نوێ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی جێبەجێ دەكرێت”

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی تایبەت بە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەكە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.

ئـازاد ڕەسوڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەسەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی پێكھێنرابوو، ڕاپۆرتەكەی تەواو كردووە و پێشكەش بە جێگری سەرۆكی حكومەتی كردووە و دوای لێكۆڵێنەوە لە ڕاپۆرتەكە وەڵامی لیژنەكە دەدرێتەوە.

ئـازاد ڕەسوڵ وتیشی، جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەوێتە دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم، لە ڕاپۆرتەكەدا چەند ئەلتەرناتیڤێك لەسەر دەرخستەی پڕۆژەكە ئامادەكراوە، كام لەو ئەلتەرناتیڤانە لە توانای دارایی حكومەتدا بێت ئەوەیان جێبەجێ دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

“ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی ڕاپۆرتێكی كەركوكییەكان ناداتەوە”

خەڵك – بەشی هەواڵ

ماوەی سێ مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق وەڵامی راپۆرتی لیژنەی چارەسەركردنی كێشە كشتوكاڵییەكانی كەركوكی نەداوەتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش گومانی لە پەراوێزخستنی راپۆرتەكە ھەیە.

لەوبارەیەوە، جەمال شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، سێ مانگ لەمەوبەر لیژنەی چارەسەری كێشە كشتوكاڵییەكانی كەركوك كەنوێنەری سەرجەم پێكھاتەكانی كەركوك و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تێدابوو، ڕاپۆرتی خۆی ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ڕاپۆرتەكە نەدراوەتەوە.

ڕوونیشیكردەوە سەرجەم پێكھاتەكانی كەركوك كۆكبوون لەسەر ڕاپۆرتی لیژنەكە بۆ چارەسەری كێشە كشتوكاڵییەكانی كەركوك، بۆیە داوا لەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن بەزووترین كات بڕیار لەوبارەیەوە بدات.

جەمال شكور وتیشی، گومانیان ھەیە ئەو ڕاپۆرتەی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كراوە، ھاوشێوەی ڕاپۆرتی لیژنەكانی پێشووتر پەراوێز بخرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بەوێنە؛ ئۆتۆمبێلێك لەسەر پردێكی نزیك سلێمانی كەوتەخوارەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دەربەندیخان ئاشكرای دەكات، كە ئۆتۆمبێلێك لەسەر ڕێگای كەلار- دەربەندیخان لە پردی (قەترە)ەوە كەوتۆتە خوارەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دەربەندیخان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیران، ئۆتۆمبێلێك لە جۆری (نیسان سێنترا) دوای لەدەستدانی كۆنتڕۆڵ لەسەر پردی (قەترە) كە دەكەوێتە سەر ڕێگای گشتی كەلار- دەربەندیخان كەوتۆتە خوارەوە.

ڕاشیگەیاندووە، شۆفێرەكەی بە سووكی بریندارە بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان