ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

پارەی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە زیاد دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی بودجەی فیدڕاڵی عیراق بۆ ساڵی نوێ‌ بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە هەناردەی نەوتی هەرێم جیادەكرێتەوە و لەحاڵەتی پەسەندكردنی پارەی مووچە زیاد دەبێت.

بەپێی بڕگەی دووەم لە مادەی 10ی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2019ی عیراق، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، گۆڕانكاری لە پشكی بودجەی هەرێم كراوە و پشكی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی بڕی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە جیاكراوەتەوە.

بەپێی بڕگەی (أ)ی ئەو مادەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە نادرنی ئەو بڕە نەوتە و داهاتەكەی بۆ حكومەتی عیراق بێت، ئەوا هەرێم پشكی تەواوی خۆی لە بودجە وەردەگرێت و بەوەش پارە زیاتر بۆ مووچە لە بەغداوە دەگاتە هەولێر، بەڵام بەپێی بڕگەی (ج) ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتەش نەنێرێت، ئەوا حكومەتی عیراق مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە “ئەو ژمارە فەرمانبەر و پێشمەرگەیەی لای عیراق تۆماركراوە” بنێرێت.

هاوكات، بەپێی بڕگەی (ب)ی هەمان مادە، پشكی پێشمەرگە دەخرێتە سەر بودجەی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەك بەشێك لەو سوپایە هەژمار دەكرێت.

لای خۆشیەوە، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، بڕگەیەكیان لەبودجەدا زیادكردوە، كە حكومەتی عێراق پابەند دەكات بەناردنی مووچەی فەرمانبەران ‌و پێشمەرگە، تەنانەت ئەگەر هەرێمی كوردستانیش پابەند نەبێت بەناردنی نەوتەكەیەوە.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق، پشكی هەرێم بە 12.67% دیاری كراوە و لەئێستاشدا پەرلەمانتارانی كورد بە پشت بەستن بە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق دەیانەوێت ڕێژەكە بە 14% دیاری بكرێت و بەوەش پشكی هەرێم زیاد دەكات.

ئابوری

“دوای پێكھێنانی كابینەی نوێ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی جێبەجێ دەكرێت”

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی تایبەت بە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەكە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.

ئـازاد ڕەسوڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەسەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی پێكھێنرابوو، ڕاپۆرتەكەی تەواو كردووە و پێشكەش بە جێگری سەرۆكی حكومەتی كردووە و دوای لێكۆڵێنەوە لە ڕاپۆرتەكە وەڵامی لیژنەكە دەدرێتەوە.

ئـازاد ڕەسوڵ وتیشی، جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەوێتە دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم، لە ڕاپۆرتەكەدا چەند ئەلتەرناتیڤێك لەسەر دەرخستەی پڕۆژەكە ئامادەكراوە، كام لەو ئەلتەرناتیڤانە لە توانای دارایی حكومەتدا بێت ئەوەیان جێبەجێ دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“ژمارەیەك كۆمپانیای نەوتیی لە عیراق گەندەڵن و پاڵپشتی تیرۆر دەكەن”

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەك كۆمپانیای نەوتيی لە عیراق گەندەڵن و پاڵپشتی تیرۆر دەكەن.

سادق سڵێتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ژمارەیەك لەو كۆمپانیا نەوتییانەی لەعیراق كاردەكەن تۆمەتبار كرد بە گەندەڵیی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و پشتیوانی كردنی تیرۆر.

سڵێتی ڕایگەیاند، لیژنەی نەوت و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی ئەنجومەن بەنیازی بەدواداچوونە بۆ ئەدای وەزارەتی نەوت و بەدواداچوونی گومانی گەندەڵیی لەڕێگەی داواكردنی زانیاری و پرسیاری پەرلەمانی و بانگهێشتكردنی بەردەوامی لێپرسراوانی باڵای وەزارەتی نەوت.

ناوبراو ڕوونیشیكردەوە، بەردەوامن لەبەدواداچوونی دۆسیەی پێشێلكارییەكان و گەندەڵیی و بەهەدەردانی پارەی گشتی بەتایبەت گرێبەستی كۆمپانیای عەرەبی و كۆمپانیای بارهەڵگرەكانی نەوت كە داشكاندنیان لەنرخ بۆ كراوە و ئەوە بووەتە هۆی بەهەدەردانی پارەیەكی زۆر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ڕاستەوخۆ پارەكە خەرج دەكرێت
سبەینێ‌ وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران دەستپێدەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سبەی دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سنوری سلێمانی دەكەن و جگە لە كەلار لە سەرجەم سایلۆكان گەنم وەردەگرن، دەشڵێت: “بەزارەكی بەڵێنمان پێدراوە لەدوای دوو هەفتە، عیراق پارەی گەنمی جوتیاران ڕەوانە بكات”.

محەمەد حەسەن ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سبەی یەك شەممە 16ی حوزەیران لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهەردوو ئیدارەكە و پارێزگای هەڵەبجە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكرێت.

وتیشی، “جگە لە كەلار بە هۆی بوونی كێشە لە كشتوكاڵ، سەرجەم سایلۆكانی پیرەمەگرون و چەمچەماڵ و ڕانیە و سەیدسادق گەنم وەردەگرن و تا بڕی دیاریكراو گەنم وەرنەگیرێت پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، نووسراومان بۆ عیراق كردووە بۆ ئەوەی لە هەڵەبجەش بنكە بكرێتەوە، ئەگەر ڕەزامەندی هاتەوە ئەوانیش دەتوانن لەوێ گەنمەكەیان تەسلیم بكەن، ئەگەرنا دەبێت ڕەوانەی سایلۆی سەیدسادق-ی بكەن.

ئاشكراشیكرد، هەرچەندە بە فەرمی و نووسراو بەدەستمان نەگەیشتووە، بەڵام بە زارەكی بەڵێنمان پێدراوە لەدوای دوو هەفتە لە كۆتایی پڕۆسەی وەرگرتن، پارەی جوتیارانی هەرێم لە لایەن عیراقەوە ڕەوانە دەكرێت وەك ئەوەی لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق بەوشێوە بوو.

بڕیارە بۆ ئەمساڵ، عیراق 100 ھەزار تۆن لە ھەولێر و 112 ھەزار تۆن لە دھۆك و 80 ھەزار تۆن گەنم لە سلێمانی و 20 ھەزار تۆن لە ھەڵەبجە و 28 ھەزار تۆن گەنم لە گەرمیان وەربگیرێت، كۆی گشتیش دەكاتە 340 ھەزار تۆن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان