ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەریتانیا: لەسەر رێكخستنەوە و بەمۆدێرنكردنی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە راوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری تێرێزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆبۆوە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژەنەراڵ سیر جۆنز لۆریمەر گەورە راوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری تێرێزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، بە یاوەریی جۆن وێلكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و مارتن وار كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كاری هاوبەشی ئەمنیی نێوان بەغداد و هەولێر و هاوپەیمانان و پڕۆسەی رێكخستنەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان تاووتوێكران و لەوبارەیەوە شاندی میوان جەختیان كردەوە كە لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر رێكخستنەوە و بەمۆدێرنكردنی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
هاوكات، هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغداد و هاوپەیمانان بۆ جێگیركردنی سەقامگیری و ئاسایش لەو ناوچانەی كە لە تیرۆر رزگار بوون كردەوە، هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق كە لە رابردوودا ئەنجامی باشی هەبووە‌ دووپات كرایەوە و شاندی میوان پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو هەماهەنگییە نیشاندا.
لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازییەكانی بەریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر هەماهەنگی و هاوكارییەكی سەربازی لەگەڵ بەغداد و هاوپەیمانان بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دووپات كردەوە.

کوردستان

بڕی 26 تۆن سێو لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیرا

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەهۆی خراپبوون و نەشیاوی بۆ خواردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێكی زۆر سێوی زەردیان لەناو برد.

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامێتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە لایەن لیژنەی عەلوەی سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەت‌ لە دوو قاتعی عەلوەی سلێمانی دەست بەسەر‌ زیاتر لە (26) تۆن سێوی زەرددا دەگرن كەبەهۆی خراپ عەمبار كردنییەوە خراپ بووە و شیاوی خواردن نییە‌.

ئاشكراشیدەكات، سێوە دەست بەسەردا گیراوەكە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەكراوە، خاوەنەكانیان بەشێوەی ناتەندروست عەمباریان ‌كردووە و ساردكەرەوەیان بەكارنەهێناوە، بەهۆی ئەوەشەوە سێوەكان‌‌ تەپیون و بۆنیان ناخۆش و خراپ بوون.

بەپێی زانیارییەكان، بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی سێوە دەست بەسەردا گیراوەكە لەناو دەبرێت و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مستەفا چاوڕەش: تائێستا یەكێتی كاندیدی بۆ كابینەی نوێ‌ دیاری نەكردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ

هەرچەندە ناوی چەند كەسێك بۆ ژمارەیەك پۆستی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە نێو یەكێتییدا دەهێنرێن، بەڵام تائێستا یەكێتی بەفەڕمی كەسی بۆ پۆست دیاری نەكردووە و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش دەڵێت”لەوانەیە پێكهێنانی كابینەی تازە بكەوێتە مانگی حەوتەوە، بۆیە ئێمەش پەلەمان نەبووە”.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی ئەو حزبە بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، تائێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی كابینەی نوێ‌ نەكراوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر كاندیدەكان نەدراوە.

وتیشی”ئەوانەی لەبارەی دیاریكردنی هەندێك كەسەوە دەوترێت، نافەڕمین یەكێتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدەكان دیاری دەكات”.

سەبارەت بەوەی دەوترێت لەوانەیە پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ڕێككەوتن بكرێت، ناوبراو ڕەتیكردەوە و وتی”لە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیار دەدرێت، ڕێككەوتن لە دەرەوە ناكرێت”.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ژمارەیەك پۆست وەردەگرێت، كە هەندێكیان سیادین، لەوانە جێگری سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەڕلەمان، وەزیری پێشمەرگە و چەند وەزارەتێكی دیكە.

مستەفا چاوڕەش، یەكێكە لەو ئەندامانەی یەكێتی باس لەوەدەكرێت بكرێتە كاندیدی ئەو حزبە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە، ناوبراو لەوبارەوە دەڵێت”لەبەرئەوەی پێكهێنانی كابینەی تازە لەوانەیە بكەوێتە مانگی حەوتەوە، ئێمەش پەلەمان نەبووە بۆ دیاری كردنی كاندیدەكان و بەوەش هیچ كەسێك تائێستا كاندیدی یەكێتی نییە، هەندێك ناودەهێنرین و ناوی ئێمەش دەهێنرێت، هەموو ئەوانە ماونەتەوە”.

مستەفا چاوڕەش، یەكێك بووە لە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتییدا لە هۆڵەنداوە گەڕاوەتەوە كوردستان،  لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا لە شارباژێر و قەرەداغ فەرماندە بووە و دوای ڕاپەڕینیش یەكەم پارێزگاری كەركوك بووە لە دەربەندیخان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لەسەر یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ كابینەی داهاتووی حكومەت ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرچاوەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلایی نەكراونەتەوە.

سەرچاوەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا ئێستا ناوی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان لە كابینەی داهاتوو یەكلایی نەكراونەتەوە.

وتیشی”لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ و پڕ لەسەر ئالیەتی دیاریكردنی كاندیدەكان دەكرێت و تا ئێستاش كاتێك دیاری نەكراوە بۆ كۆتاییهێنان بە بابەتەكە.

ئەمەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كۆتایی مانگی داهاتوو كابینەی داهاتووی حكومەت پێكدەهێنرێت و تا ئێستا لایەنەكان كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان یەكلایی نەكردوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان