هەزار و ٣٠٠ بیری ئاو لە هەولێر ڕادەگیرێن



پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بە گوژمەی ٤٧٩ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی کەمئاویی چارەسەر دەبێت.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێک بیست هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، نزیکەی هەزار و ٣٠٠ بیری ئاو لە شاری هەولێر ڕادەگیرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی.

هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر ڕاگەیاند.

– بەرهەمهێنانی ئاو لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، رایگەیاند”ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، ماوەی چەند مانگێک کاری لەسەر کرا، دواتر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران هەموو بەڵگەنامەکان پێشکەشکران، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیایەکی ناوخۆیی ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە، سەرەتا وا بڕیاربوو پڕۆژەکە ١٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم بهێنێت لە هەر کاتژمێرێکدا، بەڵام دواتر پێداچوونەوەی بۆ کرا و فراوانی هەولێر و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان بەشێوەیەکی دوورمەودا لەبەرچاو گیرا، بۆیە پڕۆژەکە گەورەترکرا و بووە ٢٠ هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا، کە دەکاتە ٤٨٠ هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا”.

لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئاو هەیە کە بریتییە لە ئیفراز یەک، دوو و سێ، هەر سێ پڕۆژە لە یەک کاتژمێردا هەزار و ٣٠٠ مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکەن و، بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوازیش تێکڕای دابینکردنی ئاو دەبێتە زیاتر لە ٣٠ هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، لەمبارەیەوە ئاری ئەحمەد گوتی: “پڕۆژەی فریاگوزاری، بەرهەمهێنانی ئاوی لە سەدا ٦٠ بۆ ٧٠ی لە ئاوی ئیفراز زیاترە، سەرچاوەکەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە، زێی گەورەیە، لە نزیک ناحیەی کەورگۆسک وەرگری ئاوەکە دروست دەکرێت، دواتر بە دوو هێڵی هەزار و ٦٠٠ مەتری لە جۆری کاربۆن ستیل ئاو دەگوازێتەوە بۆ ناو وێستگەی پاڵاوتن لە نزیک گوندی گاینج، لەوێش دوو پڕۆژەی گەورە و دوو وێستگە هەیە لەیەک شوێن، هەر وێستگەیەک ١٠ هەزار لتر ئاو بەرهەمدەهێنێت، لەم دوو وێستگەیە هەر کاتێک یەکێکیان کێشەی هەبێت ئەوەی دیکە کار دەکات، ئاوەکە بە گوێرەی ستاندەراتی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەپاڵێورێت و، ئینجا بە دوو بۆڕی دوو مەتر و نیو، ئاوەکە دەگوازرێتەوە تا کۆمەڵگای سێبیران لەسەر شەقامی ١٥٠ مەتری و، لەوێ وێستگەیەکی دیکە هەیە، کە بڕی ١٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو لەخۆدەگرێت، پاشان لەوێ بە چوار هێڵ ئاوەکە دەگوازرێتەوە ناو شاری هەولێر”.

– دابەشکردنی بۆڕییەکانی ئاو

ئەو ئاوەی لە وێستگە ١٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشەکە دەردەچێت، بە دوو هێڵی جیاواز، بە ئاراستەی ڕاست و چەپی شارەکە دەڕۆن تا نزیک ناحیەی کەسنەزان لەیەکتر نزیک دەبنەوە و، ئاو دەگەیەننە سەرجەم ئەو شوێنانەی کە دەکەونە سەر هێڵەکە و بەمەش کێشەی کەمئاویی کە لە ساڵانی ڕابردوو هەبووە، نامێنێت.

لەبارەی شێوازی دابەشکردنەکە، ئاری ئەحمەد وتی: “لەم چوار بۆڕییە، دوو دانەیان هەزار و ٢٠٠ ملیمەتر و، دوو دانەکەی دیکە ٨٠٠ ملیمەترە، یەکێک لەو هەزار و ٢٠٠ ملیمەترە دێتە سەر شەقامی ١٥٠ مەتری، لەوێیەوە بە ئاراستەی کۆمەڵگەی سێبیران، گەزنە، بەحرکە، شەقامی پیرمام و تا کەسنەزان دەڕوات، ئەم بۆڕییە ئاو دەگەیەنێتە لای ڕاست و چەپی ئەم هێڵەی کە پیاییدا دەڕوات، هێڵێکی دیکەی ٨٠٠ ملیمەترەکە بەپێش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆلای قەزای عەنکاوە تا دەگاتە شەقامی بەحرکە لەوێیەوە تێپەڕ دەبێت تا شەقامی پیرمام لەوێ دەوەستێت”.

لەبارەی هێڵەکەی دیکەشەوە، رایگەیاند:”دوو هێڵی دیکە دەچنە سەر شەقامی ١٢٠ مەتری، ئەوەی هەزار و ٢٠٠ ملیمەترەکە لە دیووی دەرەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری بە ئاراستەی شەقامی مووسڵ، شەقامی مەخموور و کەرکووک دەڕۆن و، لە نزیک شوقەکانی نەورۆز ستی لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک دەوەستێت، لەوێیەوە هێڵێک بەسەر دەکەوێت بۆ کەسنەزان، هێڵێکی دیکە بە گەڕەکی فەرمانبەران، گەلاوێژ تا دەگاتە شەقامی زەیتوونە، لەوێشەوە بۆ ناحیەی دارەتوو، قەزای دەشتی هەولێر درێژ دەبێتەوە، ئەو گەڕەکەکانی وەک فەرمانبەران، زیلان هاوکاری و هەشتی حەسارۆک و ئەو گەڕەکانی دەکەونە سەر ئەو هێڵە ئاویان پێ دەگات، هەروەها ئەوەی ٨٠٠ ملیمەترەکە، لە دیووی ناوەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری، بەرەو شەقامی مووسڵ، مەخموور و کەرکووک دەڕوات و لەوێ دەوەستێت، ئەمیش بە هەمانشێوە ئاو دەگەیەنێتە ئەو شوێنانەی کە لێیەوە نزیکن”.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، بیرەکانی ئاو لە شاری هەولێر ڕادەگیرێن و بەمەش ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرزدەبێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: “ئامانجی دووەمی پڕۆژەکە، ڕاگرتنی تەواوی ئەو بیرانەیە کە پێشتر لەو سنوورانە بەکاردەهاتن کە ژمارەیان هەزار و ٣٠٠ بیر دەبێت، ئەم هەنگاوە بە چەند قۆناغێک دەبێت، بەجۆرێک ساڵی یەکەم ٥٠٠ بیر و ساڵی دووەم ٥٠٠ بیری دیکە ڕادەگیرێن، هەروەها لە حاڵەتێکی لەناکاو دەتوانرێت بیرەکان بەکاربهێنرێن چونکە بیرەکان داناخرێن بەڵکو ڕادەگیرێن، بێگومان لە کاتی ڕاگرتنی بیرەکان ئاو دەرنایەت و بەمەش ئاوی ژێرزەویی لەو ناوچانە دەبووژێتەوە و کاریگەری باشی لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی هەیە، سەدا ٧٥ی ئەو بیرانەی لە سنووری شاری هەولێر و دەوروبەرن ڕادەگیرێن، سەدا ٢٥ی بیرەکانیش بۆ بابەتی سەوزایی و پیشەسازی بەکاربهێندرێت”.

– هەنگاوەکانی پاڵاوتن
لەبارەی هەنگاوەکانی پاڵاوتنی ئاو لە پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد: “سەرەتا ئاوەکە لە زێی گەورە وەردەگیرێت و دەگاتە بەشێک پێی دەڵێین نیشتەنی کە چوار حەوزی گەورەن و بەشێک لەو خڵت و خاڵانەی هەیە لەوێ دەنیشێت، دواتر دەچێتە شوێنێکی دیکە و لەوێ ماددەی کیمیایی تێدەکرێت و ئەمەش وا دەکات ئەو قوڕ و لیتەیەی هەیە هەمووی بنیشێت و سەدا ٩٩ی ئاوەکە پاک دەکاتەوە، دواتر ئاوەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکە کە بە فلتەردا تێدەپەڕێت و بەمەش سەدا ١٠٠ی ئاوەکە پاک دەبێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان، هەروەها بەر لەوەی بچێتە حەوزەکانی دابەشکردن، ئەوا ماددەی کلۆری تێکەڵ دەکرێت، ئەم ماددەیە بۆ پاراستنی ئاوەکەیە بۆ ئەوەی کاتێک بەناو بۆڕییەکاندا دەروات هیچ کێشەیەکی نەبێت، ئەگەریش کێشەیەکی هەبێت ئەم کلۆرە هەمووی پاک دەکاتەوە و هەر ماددەیەکی بایۆلۆجی هەبێت، لەناوی دەبات”.

– ماوەی پڕۆژەکە
بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ماوەی پڕۆژەکە ساڵ و نیوێکە بەڵام بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتووە کەمتر لەماوەی خۆیدا جێبەجێ بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: “جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٢٤ تا ٣٦ مانگە، بەڵام بە پێی ئەو گرێبەستەی هەیە، ٥٥٠ ڕۆژی تەقویمی بۆ ئەم پڕۆژەیە دانراوە دەکاتە ساڵێک و شەش مانگ، هەروەها بەڵێنی ئەوەمان وەرگرتووە کە کەمتر لە وادەی خۆیدا تەواو بکرێت، تێچووی پڕۆژەکەش ٤٧٩ ملیۆن دۆلارە”.

بۆ بەردەوامبوونی ناردنی مووچە تەیف سامی داوایەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەکات
پێت بۆ بەردەوامبوونی ناردنی مووچە تەیف سامی داوایەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەکات
چوار ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە كۆكە و پەتای وەرزی پاییز
دوات چوار ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە كۆكە و پەتای وەرزی پاییز
پەیوەندیدر