ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

پێشبینی نوێیە
“سێیەمین جەنگی جیهان لە ساڵی 2019دا دەستپێدەكات”

وێرانكاریەكانی جەنگ لە سوریا

خەڵك-بەشی هەواڵ
“پێویستە كێشەكانی برێكست (چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا) و تەنگژەی كۆچبەران و جەنگی سوریا و یەمەن، لەیاد بكەین، چونكە سێیەمین جەنگی جیهانی خەریكە بەرپا دەبێت و كەس بە زیندوویی نامێنێت”، ئەمە قسەی دێڤید مۆنتێن، نوسەری ئەمریكاییە.

گۆڤاری (میترۆ)ی بەریتانی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە و تێیدا پێشبینییەكانی كۆتایی جیهان دەخاتەڕوو، كە لەلایەن دێڤید مۆنتێن، نوسەری ئەمریكاییەوە نوسراوە.

مۆنتێن دەڵێت: “سەرەتای كۆتایی نزیكە و سێیەمین جەنگی جیهان خەریكە بەرپا دەبێت لە ساڵی 2019 كە دواتر و بەشێوەیەكی خێرا جەنگی ئەتۆمی جیهانی بەدوادێت و ژمارەیەكی كەمی مرۆڤ بە زیندوویی دەمێننەوە، پاشان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ جیهان كۆتایی دێت”.

“دونیا ئاخر دەبێت”
ئەو نوسەرە ئەمریكاییە، دەڵێت: “لە تیۆرە نوێیەكەیدا پشت بەو زانیارییانە دەبەستێت، كە لە پەرتوكە پیرۆزەكان و پێشبینییەكانی نۆستەر ئەدامۆس و شارستانی مایاوە دەستەبەری كردوون”.
بە وتەی مۆنتێن، “ئەوروپا دەبێتە شانۆی سەرەكی سێیەمین جەنگی جیهان و ئەمەش لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕوودەدات و شەڕەكان بەدرێژایی ڕوباری بوریستینس (بەلاتینی پێی دەوترێت ڕوباری دنبەر) دەستپێدەكات، جەمسەرەكانی زەویش ئاوەژوودەبنەوە، كە وەك باوە پێی دەوترێت دونیا ئاخربوون”.

ئەو نوسەرە ئەمریكاییە، ئاماژە بە دەستخستنی زانیارییەكانی دەكات لە چاودێریكردنی فەلەك كە “لێوەی دەردەكەوێت تەمەنی هەسارەی زەوی لە كۆتایی نزیك بۆتەوە و ڕووداوی زەبەلاح لەڕێگەدایە لە ساڵی 2019دا ڕووبدات”.

لە كۆتایی قسەكانیدا، مۆنتێن دەڵێت: “لەگەڵ دەركەوتنی پرۆگرامە نوێیە فەلەكییەكان، دەتوانین بە ئاسانی ببینین، كە ساڵی 2019 ساڵێكی یەكلاكەرەوەیە لە مێژووی هەسارەی زەوی، بە تایبەتیش دوای ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پێگەی زەوی لەنێوان هەسارەكانی تری گەردون”.

درۆیە یان ڕاستە؟
ماڵپەڕی گۆڤارە بەریتانییەكە پرسیارێكی گەورە دەكات، كە ئەویش لەبارەی مەودای درۆ و ڕاستی ئەو پێشبینیانەوەیە، كە مۆنتێن باسیان دەكات.

میترۆ دەڵێت: “مۆنتێن تۆمارێكی دوورودرێژی هەیە لە پێشبینییە ناڕاستەكانی لەبارەی كۆتایی جیهانەوە، بە تایبەت، كە پێشتر لە ساڵی 2016دا ڕایگەیاندبوو، كە لەگەڵ تەوابوونی ساڵنامەی مایا، لە ڕۆژی قیامەت نزیكبوینەتەوە”.

هەروەها پێشتر مۆنتێن ڕایگەیاندبوو، “مەسیحی دەجال لە ساڵی 2016 لە قودسەوە دەست بە جموجۆڵ دەكات و پاشان وتبووی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا خودی مەسیحی دەجالە، بەڵام مەسیحی دەجال نەكەوتە جوڵە بەرەو قودس”.

بەڵام نوسەرە ئەمریكاییە دەڵێت، “ئەو درۆزن نییە لەو باسانەی لە هەندێك ڕاپۆرتدا دەیانخاتەڕوو، بەڵكو ڕووداوەكان ڕوودەدەن، بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز بە جۆرێك، كە زۆرێك دركییان پێناكات و لە كۆتاییدا درك بە كۆتایی دەكەن بەبێ‌ ئەوەی هەستی پێبكەن”.

راپۆرت

ئۆج ئالان، دوای 20 ساڵ لە دەستگیركردنی
خۆپیشاندان و مانگرتنەكان بۆ ئازادكرنی بەردەوامن

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ 20 ساڵە بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆج ئالان تێپەڕ دەبێت و لە ژمارەیەك وڵات خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ ئازادكردنی ئەنجام درا.

 

خۆپیشاندان و مانگرتن بۆ ئازادكردنی ئۆج ئالان دەكرێت
بەپێی زانیارییەكان لە هەرێمی كوردستان و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە ژمارەیەك لە ئەندام و هەواداری پەكەكە و عەبدوڵڵا ئۆج ئالان مانیان گرتووە و تا ئێستاش هیچ بەرپرسێكی توركیا بەدەم داواكاری ئەو كەسانەوە نەڕۆیشتووە و ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا ڕێگرییان لە پەڕلەمانتارانی هەدەپەو ژمارەك هاووڵاتی گرت كە سەردانی لەیلا گیوفەن بكەن كە نزیكەی 100 رۆژە مانی گرتووە.


هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ئازادكردنی ئۆج ئالان ئەنجام درا.

 

عەبدوڵڵا ئۆج ئالان كێیە؟
عەبدوڵڵا ئۆج ئالان لەدایكبووی ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە دێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا ڕحا لە باشووری ڕۆژھەڵاتی توركیا، سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستانە.

ناوبراو ئالان كۆلێجی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئەنقەرە خوێندووە، بەڵام تەواوی نەكردووە و گەڕاوەتەوە بۆ دیاربەكر، ھەستی نیشتمانی و كوردایەتی كاری تێكردووە و بۆی تێكۆشاوە تا لە ساڵی ١٩٧٨ پارتی كرێكارانی كوردستانی دامەزراندووە، ئەم پارتە لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی كرد بە كاری چەكداری لەناو توركیا و ئێران و عیراق بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.

 

دەستگیركردن و دادگاییكردنی
تاكو ساڵی ١٩٩٨ ئۆج ئالان لە وڵاتی سووریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریا تێكچوو، توركیا ھەڕەشەی لە سوریا كرد بەوەی پشتگیری لەم پارتە دەكات، بۆیە سوریا ئۆج ئالانی ناچار كرد سوریا جێبھێلێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی توركیا، پاشان ڕوویكردە ڕوسیاو دواتر ڕوویكردە چەند وڵاتێكی دیكە لەوانە ئیتالیا و یۆنان، لە ساڵی ١٩٩٨ لەوكاتەی لەوكاتەی لە یۆنان بوو، حكومەتی توركی داوای ڕادەستكردنەوەی ناوبراوی كرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە كینیا دەستگیر كرا، ئەویش لە پڕۆژەیەكی چەكداری ھاوبەش لە نێوان دەزگاكانی “سی ئای ئەی”ئەمریكایی و “ئێم ئای تی”توركی و “موساد”ی ئیسرائیلی، پاشان لە رێگەی ئاسمانەوە گوازرایەوە بۆ توركیا بۆ دادگاییكردنی.

دروستكردنی پەكەكە
ئۆج ئالان لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندێكی باكووری كوردستان پارتی كرێكارانی كوردستانی دروست كردووە و یەكەم كۆنگرەی لە ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باكوری كوردستان بەستووە و تا ئێستاش 11 كۆنگرەی بەستووە.

پەكەكە ئێستا لەژێر چەتری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كار دەكات و شێوەی بەڕێوەبردنی سیستمی هاوسەرۆكایەتییە، ستراتیژیی ئێستای پەكەكە كۆنفیدڕاڵیزمی دیموكراتیكە و بەپێی ئەو ستراتیژە هەموو گروپ، پێكهاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دەتوانن بەپێی تایبەتمەندییەكانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگای سەرەكی ئێستای سەركردایەتی پەكەكە لە زنجیرە چیاكانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەدان و لەلایەن پەكەكەوە بە ناوچەكانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت.

بەپێی زانیارییەكان، مەزەندە دەكرێت پەكەكە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلای لە شاخدا هەبێت، كە لە چوارچێوەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا ڕێكخراون و لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

ژمارەیەك لە حزبە كوردستانییەكان بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەكەكە دەناسرێن كە بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پژاك، كۆدار و هەدەپە، دەبەپە، كەجەدە، كۆنگرەی گەل، دەتەكە و كەژەئا و هێزە سەربازییەكانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ساڵانە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەست دەدەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن رێكخراوی “منداڵان رزگاربكەن save the children”، ساڵانە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییە چەكدارییەكان لە جیهاندا، زیاتر لە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەستدەدەن.

لە راپۆرتەكەدا كە لە پەراوێزی كۆنگرەی ساڵانەی ئاسایش لە میۆنیخ بڵاوكرایەوە هاتووە”لانی كەم 550 هەزار منداڵی ساوا لەماوەی ساڵانی 2013و 2017 لەو دە وڵاتەدا كوژراون كە گەورەترین زیانیان بەهۆی جەنگەوە بەركەوتووە، ئەمەش بەهۆی برسێتی یان كەمی پاكژی یان نەبوونی چاودێری تەندروستی یان بێبەشبوون لە پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان”.

بەپێی راپۆرتەكە”گەر منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانیش بخرێنە سەر ئەو ژمارەیە لەهەمان ماوەدا، ئەوا ژمارەی منداڵە كوژراوەكان بۆ 870 هەزار منداڵ بەرزدەبێتەوە، رێكخراوەكەش پێشبینی دەكات لە واقیعدا ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت”.

راپۆرتەكە لە زاری هێلی تۆرنینگ- شمیت، بەرپرس لە رێكخراوەكە بڵاویكردۆتەوە:”رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان ڕووبەڕووی هێرشی بەكۆمەڵی چەكداری و ئەو هێزە چەكدارانە دەبنەوە كە رێز لە یاسا و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان ناگرن”.

تۆرینگ-شمیت پێیوایە”كاتێك یاساكانی جەنگ پێشێل دەكرێن، پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی هەڵوێستی رون بێت و لێبوردەیی نەنوێنێت بەرانبەر بە پێشلكارەكان و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات”.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە”نزیكەی 420 ملیۆن منداڵ، واتا 18%ی منداڵانی جیهان، لە ساڵی 2017 لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی جەنگدا ژیاون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 30 ملیۆن منداڵ زیادی كردووە”.

ئەو دە وڵاتەی لە راپۆرتەكەدا ناوییان هاتووە و تێیاندا منداڵان ڕووبەڕووی كوشتن بونەتەوە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییەكان، بریتین لە ئەفغانستان، یەمەن، سودانی باشوور، كۆماری ئەفریقای ناوەند، كۆنگۆی دیموكرات، سوریا، عیراق، مالی، نەیجەر، نەیجیریا، و سۆماڵ”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە

خەڵك- ڤیان حەسەن

ئەمڕۆ 13 ی شوباتی 2019 ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە، كە لەلایەن ڕێكخراوی پەروەردە و زانست و كلتور- یونسكۆ-وە، دیاریكراوە.

هۆكاری دیاریكردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ، دەگەڕێتەوە بۆ 71 ساڵ بەر لە ئێستا، كە لەو ڕۆژەدا و لە ساڵی 1946 ئێزگەی ڕادیۆی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بە پەخش كردووە.


بۆ یەكەم جار یادی ئەو ڕۆژە، لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەكادیمیای ئیسپانیا بۆ ڕادیۆ كرایەوە و دواتریش لە ساڵی 2012دا كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕۆژەكەی بە فەڕمی بە ڕۆژی ڕادیۆ ناساند.

ڕۆژەكەش هاوكاتی یادكردنەوەی ئەو ڕادیۆیەی نەتەوەیەكگرتووەكانە لە ساڵی ١٩٤٦دا، بە ئامانجی زیندووكردنەوەی ئەو ڕۆژە و هۆشیاریی دەربارەی بەهای ڕادیۆ و باشكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتیی لە نێوان ئێزگەكاندا، هەروا هاندانی دروستكارانی بڕیار بۆ پێشكەشكردنی زانیاری لە ڕێگەی ئێزگەكانەوە.

لە ئێستاشدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەك بەسەر دروستكردنی ڕادیۆدا و لە ڕۆژی جیهانیی ئامڕازە كاریگەرەكەی ڕاگەیاندندا، میدیای بیستراوی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستیی بە پێداچوونەوەی وردی زانستی هەیە، بە جۆرێك لەگەڵ گیانی سەردەم و ژیانی دیموكراسی و پێداویستییەكانی كۆمەڵی كوردیدا یەكانگیر بێت.

لە هەرێمی كوردستانیشدا ئێستا ڕادیۆیەكی زۆری نێوخۆیی و هەرێمی هەن، ڕادیۆی (خەڵك)یش یەكێك لە ڕادیۆ هەرێمییەكانە و لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان پەخشی بەرنامەكانی دەكات.
ڕادیۆی (خەڵك) ڕووماڵی ڕووداوە نێوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەكان دەكات بە شێوەیەكی پیشەییانە و بێلایەنانە، وێڕای ژمارەیەك بەرنامە لە بوارە جیاوازەكان و پەخشكردنی گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەنی كوردی بۆ گوێگرەكانی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان